مەترسییە گەورەکە چییە؟

2022-03-18

لوقمان حەوێز

گۆڕانی ئاو و هەوای هەسارەکەمان ڕاستیەکی مەترسیدارەو بەڕێوەیە..

بەر لە پترە لە دوو ساڵ ڤایرۆسێکی نوێی کۆڕۆنا سەریهەڵدا کە ناوە زانستیەکەی SARS-CoV-2 یە و هەندێک لە مرۆڤە بەرکەوتوەکان توشی نەخۆشی COVID-19 دەکات، ڤایرۆسی کۆڕۆنا تاوەکو ئێستا بۆتە هۆی مردنی پتر لە 6 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان و هێشتا گەلێک لە کۆمەڵگاکان بەدەستیەوە دەناڵێنن، جگە لەو هەموو قوربانیەش، کەوتنەوە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بووە هۆی نانەوەی زیانی ئابووری زۆر گەورە کە پتر بووە لە ترلیۆنەها دۆلار، بازدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئاژەڵە کێویەکان بۆ مرۆڤ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەهۆی ڕەفتارە نامۆیەکانی مرۆڤ و زێدەڕۆییەکانی بوو بۆ سەر سروشت، بۆیە ئەگەر مرۆڤ چاو بەو ڕەفتارانەیدا نەخشێنێتەوە ئەوا دور نیە لە داهاتوودا ڤایرۆسی تری هاوشێوە یان کوشندەتریش باز بدەن بۆ مرۆڤ...


بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا لە کۆڕۆنا مەرسیدارتر بەڕێویە..!

ئێستا دیاردەیەکی گەلێک مەترسیدارتر بەڕێوەیە لەسەر هەسارەکەمان کە دەیەها ساڵە تێکڕای زانایان لە بواری کەشناسی و ژینگە حکومەتەکان و کۆمپانیاکانی وزە و سەرمایەدارانی لێ ئاگادار دەکەنەوە ئەویش دیاردەی گۆڕانی ئاو و هەوای سەر هەسارەکەمانە، ڕاستە تا ئێستا ئەو دیاردەیە ئەوەندە خێرا نەبووە بۆ نمونە وەکو سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا مرۆڤەکان و حکومەتەکانی توشی ڕاچڵەکین کردبێت، بەڵام دیاردەکە بەڕێوەیە و بەخێراییش بەرەو هەڵکشانە...


بە کورتی دیاردەی گۆڕانی ئاو و هەوا بەهۆی بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەکانی گەرمای سەر ڕووی زەوی و بەرگە هەوایەکەی ڕوودەدات ئەویش بەهۆی زۆربوونی بێ وێنەی چالاکیەکانی مرۆڤە کە خۆی بە پلەی یەکەم لە سوتاندنی بڕێکی ئێجگار زۆر لە سوتەمەنیە بەبەردبووەکان دەبینێتەوە وەکو خەڵوزی بەردین و نەوت و گازی شل، تاوەکو ئێستا مرۆڤ پشکی شێر لە وزە دەست دەکەوێت لەڕێگەی سوتاندنی ئەو سوتەمەنیە دژە ژینگانە کە دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی بڕێکی ئێجگار زۆر لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئۆکسیدی نایترۆجین و ئۆکسیدی کبریت هەروەها گازی میسان و هەندێک گازی تر، هەموو ئەو گازانە گەرمی بەبڕێکی زۆر زیاتر لە گازە سروشتیەکان قەتیس دەکەن لەنێو بەرگە هەوای سەر هەسارەکەمان و ئەمەش لە ماوەی دەیەها ساڵی ڕابردوو بۆتە هۆی زۆربوونی تێکرای پلەکانی گەرما لەسەر هەسارەکەمان، بەو هۆیەشەوە دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا سەریهەڵداوە...


کاریگەریەکانی دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا چی بووە و چی تر دەبێت..؟

سەرهەڵدانی دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا بۆتە هۆی توندبوونی دیاردەکانی تری نێو کەش و هەوا، بۆ نمونە کەمبوونەوەی دابارین بەگشتی بۆتە هۆی زۆربوون و توندبوونی ووشکی لە گەلێک ناوچەی جیهان وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەراستی ئاسیا، لەهەندێک شوێنی تری جیهان دابارینەکان زۆرتر و توندتر بوون و لافاوەکان لە زۆربوون بوون بۆ نمونە لە هەندێک لە ناوچەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ووڵاتەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هەروەها ئەو دیاردەیە بۆتە هۆی توانەوەی بڕێکی زۆر لەبەفری جەمسەری باکور و گرینلاند ئەمەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زەریاکان، یەکێک لە کاریگەریەکانی تری ئەو دیاردەیە بریتی بووە لە زۆربوونی ڕێژەی هەڵمی ئاو بە گشتی لە نێو بەرگە هەوا ئەمەش بۆتە هۆی زۆربوونی بارانی بەخوڕ و بەلێزمە، گۆڕانی ڕێڕەوەکانی تەوژمەکانی با jet.stream یەکێک بووە لە کاریگەریەکان ئەمەش بۆتە هۆی تێکشێوان و گۆڕانی کەش و هەوای گەلێک ناوچە لە جیهان کە ئاکامە درێژخایەنەکانی هێشتا دیار نیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کاریگەری خراپی لەسەر کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک دەبێت ئەمەش لەوانەیە کێشە و قەیرانی گەورەتر بەدوای خۆیدا بهێنێت لە چەند دەیەی داهاتوو...

مەترسییە گەورەکە چییە؟

ئەگەر تاوکو ساڵی 2030 هەنگاوی جیددی نەگیرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی سوتاندنی بڕی ئەو سوتەمەنیە بەبەردبووانەی سەرەوە کە باسم کرد و دەرهاویشتنی گازە دژە ژینگەییەکان کەم نەکرێنەوە کە بەداخەوە هیچ پێناچێت ئەوە بکرێت، ئەوا ئەگەری زۆری ئەوە هەیە ئەو دیاردەیە زۆر خێراتر بێت و بەتەواوی لە دەست دەربچێت، ئەو کاتە تێکڕای زۆربوونی پلەکانی گەرما تا ناوەڕاسی ئەم سەدەیە لەوانەیە بگاتە نێوان 3 بۆ 4 پلەی سەدی، ئەمەش ئاکامەکانی زۆر خراپ و مەترسیدار دەبێت

،،

زۆربەی ناوچەکانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و باشوری ئەمەریکا دەبن بە بیابان

تێکڕای پلەکانی گەرما لە هاویندا زۆر زیاتر دەبن لەو شوێنانە، ووشکیەکی بێ وێنە باڵ دەکێشێت بەسەر هەندێک لەو شوێنانە بەشێوەیەک بەکەڵک ژیان نەیەن، ئەگەر دیاردەکەش تا کۆتایی سەدە بەردەوام بێت ئەوا تەنیا هەندێک لە پانتایی سەر هەسارەکەمان بەکەڵک ژیان و کشتوکاڵ دێت کە ئەویش ناوچەکانی سیبیریا و باکوری ئەوروپا و ناوچە نزیکەکانی جەمسەری باکور و کەنەدا و ئەنتارکتیکا دەگرێتەوە، دەبێت ئەو مرۆڤانەی دەمێنن لە ژیان بەرەو ئەو ناوچانە کۆچ بکەن، پێش ئەوەش شەڕ و ئاژاوە و کۆچکردنی بەکۆمەڵ باڵ بەسەر هەموو یان زۆربەی ناوچە زیان لێکەوتووەکانی جیهاندا دەکێشێت...

ئایا تا ئێستا مرۆڤ دەزانێت سروشت زۆر لەو زیرەکترە..؟ ئایا دەزانێت سروشت کاردانەوەی دەبێت لەبەرانبەر گۆڕینی تەرازوەکانی نێو سیستەمی ژینگەیی..؟


ئایا مرۆڤ دەزانێت باجی کارەکانی زۆر قورس دەبێت..؟

سیستەمی ژینگەیی سەر هەسارەکەمان و بەرگە هەوایەکەی و زەریاکان کۆمەڵێک پێکهاتەی پێکەوە گرێدراوی زۆر ئاڵۆز و هەستیارن، هەر گۆڕانکاریەک لە هەر بەشێکیدا ڕووبدات کاریگەری دەبێت لەسەر هەموو زیندەوران و ژیان، زۆربوونی چالاکیەکانی مرۆڤ بەهۆی زۆربوونی خێرا لە ژمارەی دانیشتوان لە سەدەی رابردوو و ئەم سەدەیە بووە هۆی سوتاندنی ئەو هەموو بڕە لە سوتەمەنیە بەبەردووەکان، بووە هۆی تێکدانی ڕێژەی گازەکانی نێو بەرگە هەوا ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی کەش و هەوا کە ئاماژەم بە کاریگەریە مەترسیدارەکانی کرد لە چەند دەیەی داهاتوو، لەهەمان کاتدا بڵاوبوونەوەی مرۆڤ لەسەر هەموو پانتاییەکانی سەر هەسارەکەمان بووە هۆی تەختکردنی پتر لە 40% ی هەموو دارستانە سروشتیەکان و داگیرکردنی شوێنی ژیان و حەوانەوەی گەلێک لە باڵندەو و ئاژەلە کێویەکان، ئەمەش بۆتە هۆی قڕکردن و لەناوبردنی بەکۆمەڵی دەیەها هەزار لە جۆری زیندەوەران، هەموو ئەمانە لەگەڵ دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا ئاکامی زۆر مەترسیداریان دەبێت لەم سەدەیەدا لەسەر ژیانی خودی مرۆڤەکانی ئێستا و نەوەکانی داهاتووش، بەداخەوە تا ئێستا گەلێک لە مرۆڤەکان لە سەرتاسەری جیهان دەرکیان بەو هەموو مەترسیانە نەکردوە کە بەڕێوەیە لە چەند ساڵ و چەند دەیەی داهاتوو..