هەموو شتێک پێوەری خۆی هەیە ، پێوەری زمانی شەقام و جەماوەر بۆچوون و هەستەکانیانە ، د. على وەردی زانای کۆمەڵناسی عێراق دەڵێت : هەستی جەماوەر بریتیە لەو قسەوگوتانەی کە لەناو خەڵکدا لە شوێنە گشتیەکان وەکو چایخانە ، گازینۆ و ، ناو باس و ، قسەی ژنانی بەر دەرگای گەڕەکە میللیەکان بەرانبەر دەسەڵات بەزارایان دادێت ، ئێستا تا دێت ئەو هەستە لەکن ئێمە بەرانبەر دەسەڵات تووڕە و لە هەڵکشان دایە ، ژیان بۆتە خۆڵەمێشی ، خەڵک گللەیی هەیە و هەست بە نیگەرانی و شپرزەیی ترسێکی بارگاوی بە تووڕەیی دەکات بەهۆی خەرجی ژیان بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک ، خۆ ئەگەر بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە نەبا دۆخەکە مەترسیدارتر دەبوو و ، ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە هەندێک لە سوودمەندانی ناو حزبەکان لە دەسەڵات ئەوانیش ناڕازین و گللەیان هەیە ؟!، ئیستا بەهۆی ئەو دۆخە و پڕوپاگەندەی ناحەزان بەدرێژەکێشانی دۆخەکە وورە و ووزەی هاوڵاتی دەروخێنێت و تروسکایی ئومێدیان بەرەو کزی دبات
،،
سروشتی مرۆڤ لەکن زۆر کەسان وایە لەحالەتی ڕوبەڕووبونەوەی ناهامەتی و ناخۆشی و تەنگدەستیدا یەک کیلۆ گۆشت یا دەبە ڕۆنێک یا ڕۆژانەی منداڵەکانی وادەکات ئامانجە گەورەکانی گەلەکەیان نەیەتە بەرچاو
هەستی هەنوکەی جەماوەر بریتیە لە ( ژیانی ئەوڕۆم بۆ دابین بکە ، سبەی با بمرم) خەریکە خەڵک توانا و ووزەکانیان بەرگەی ئەو گووشارانە ناگرێت کە ڕۆژانە بەروەڕوویان دەبنەوە و ، خەراپترین شت کە نەتەوەیەک یا گەلێک لە گەلان دووچاری دەبن بریتیە لە ونبوونی هیوا لە روحی گەنج و لاوانماندا ، گەنج چەقی ڕاگرتنی هاوسەنگی کۆمەڵایەتیە لە ئایندەدا و پێویستە دەرفەتی کاریان بۆ دابین بکرێت و ، ئەو نەوەیە ئێستا زمانەکەی خۆی بە باشی نازانێت و ئاگای لە جوگرافیا و مێژووی خۆی نیە و هەست بە نامۆبوون دەکاتت و کەوتۆتە ناو حالەتی دابەشبوونی گەلەکەمان و ڕقلێبوونەوە و تووڕەیی و خەم و خەفەت و بێمتمانەیی و خەمۆکی و بەجێمانهێشتوون بۆ ئەو ئایندە نادیارە ، سەرەڕای ئەوەی بمانەوێت یا نەمانەوێت ئەوان سامانی ڕاستەقینە و ئایندەمانن کە بەدیلیان نیە.
،،
«هیچ شتێکم نیە پێشکەشی بکەم تەنها خوێن و ماندبوون و فرمێسک و ئارەقە نەبێت»
تشرشل لەچاندنی هێز لە گەلەکەی سەرکەوت ، پابەندبوونی خستەسەر خۆی بەرانبەر پابەندبوونی گەلەکەی بۆئەوەی پێکەوە بتوانن ئەو خەونە بێنینەدی کە هێنانەدیەکەی قورس بوو.