دزی و تاڵانکردن لە هەڵەبجە بە گێڕانەوەی محەمەدی حاجی مەحمود

2022-03-24

محەمەدی حاجی مەحمود، لە بەرگی سێهەمی کتێبی " ڕۆژ ژمێری پێشمەرگەیەک"دا، باسلە گرتنی شاری هەڵەبجەو کیمیایبارانکردن و دزی و تاڵانی چەکدارە کوردەکان لە شارەکە دەکات و دەڵێت ناوی هەموو ئەو کەسانەم لایە کە دزی و تاڵانیان دەکرد

ئەو لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت، بەر لە هێرشکردن بۆ گرتنی شاری هەڵەبجە، قیادەی هاوکاریکردنی حیزبە کوردییەکان لەگەڵ ئێراندا دانراو " شێروان شێروەندی" سەرکردایەتی هێزەکانی حیزبی سۆسیالستی دەکرد بۆ هاوکاریکردنی ئێران و لە یەکێتیش فەرەیدون عەبدولقادر سەرکردایەتی هێزەکانی یەکێتی بۆ هاوکاریکردنی ئێرانییەکان پێسپێردرابوو، بەڵام وەکو محەمەدی حاجی مەحمود باسیکردووە، شەوکەتی حاجی مشیر بە مەیدانی هێزەکانی یەکێتی هەڵسوڕاندووە.

بەپێی بیرەوەرییەکانی ئەو، مەلا عەلی عەبدولعەزیز، سەرکردایەتی هێزەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی کردووە بۆ هەمانگی ئێرانییەکان و ملازم بابەکریش لە پارتی ئەو ئەرکەی پێسپێردراوە، بەڵام بە مەیدانی " حەمید ئەفەندی" سەرکردایەتی هێزی پارتی کردووە.

بەپێی گێڕانەوەی محەمەدی حاجی مەحمود، لەکاتی هێرشکردن بۆ سەر هەڵەبجە، " بەفری میرو هاوارو عەبابەیلێ و دەڵەمەڕو باوەکۆچەک و ڕێشاو" سپێردراوە بە هێزەکانی یەکێتی و " چنارو مۆردین و گردەناوێ" بۆ بزوتنەوەی ئیسلامی دانرابوو، وەکو ئەو باسیدەکات هێزەکانی پارتیش لە سنوری " ئەحمەد ئاواو گوڵپ و بیارەو خورماڵ"ەوە هاوکاری هێزەکانی ئێرانیان کردووە.

وەکو لە بەرگی سێیەمی "ڕۆژ ژمێری پێشمەرگەیەک"دا، محەمەدی حاجی نووسیویەتییەوە، هێزەکانی حیزبی سۆسیالست بەسەرکردایەتی خۆی کە سەد پاسداریان لەگەڵدا بووە، لە " ئەحمەد ئاواوە بۆ ئاوایی ڕۆستەم بەگ و میری سوورو تەپەکوڕەو شەشک و ڕیشێن و قوڵخوردو قەدەفەری" هێرشیان کردووەتە سەر جاش و جەیشی عێراقی.

محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژە بەوەش دەدات کە لە ۱٥ ــ ۳دا، واتە ڕۆژێک بەر لە کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە

،،

هێزەکانی عێراق و جاش و جەیشی عێراقی شکاون و هێزەکانی حسک لەو ڕۆژەدا سێ هەزار کەسیان لە جاش و جەیش بەدیل گرتووە.

دەربارەی ڕۆڵی هێزە کوردییەکان لە هێرش بۆ سەر هەڵەبجەو گرتنی شارەکەو دەوروبەریدا، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت ئەگەر هێزە کوردییەکانیش بەشدارییان نەکردایە، ئێران هەر هێرشەکەی دەکرد، بەڵام عێراق ئەوەندە زەرەری لێنەدەکەوت و ئێرانیش نەیدەتوانی هێندە خاکی عێراق دەستبەسەردا بگرێت.

ئەو لە بیرەوەریەکانیدا، زیاتری دەربارەی ڕۆڵی هێزە کوردییەکان نووسیوەو وتوویەتی:" هەموو هێزە کوردییەکان نەیاندەتوانی هێرشی ئێران ڕابگرن، نەیاندەتوانی ستراتیژی شەڕەکە بگۆڕن، بەڵام ئەگەر هێزە کوردییەکان بەشدار نەبوونایە، خەڵکی هەڵەبجە لەشارەکەدا نەدەمانەوەو بەرەو سلێمانی و ناوچەکانیتر هەڵدەهاتن".

محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت:" یەکێتی ڕێگەی لە چوونە دەرەوەی خەڵکەکە گرت، بە موکەبەرە پێیدەوتن و داوای لێدەکردن کە لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوەو نەترسن و عێراق نەماوە".

سەرباری باسی تاڵانکردنی فەرمانگەو شوێنەگشتییەکان لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە، محەمەدی حاجی مەحمود، باس لە دزی و تاڵانی چەکدارانی هێزە کوردییەکان دەکات لەناو هەڵەبجەداو لە بەرگی سێیەمی بیرەوەرییەکانیدا کۆمەڵێک دیمەنی دزیکردنی پێشمەرگەو بەرپرسەکانی یەکێتی و پارتی و حیزبی سۆسیالست دەخاتە ڕوو.

محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت:" ڕۆژی ۱٨ ــ ۳ ــ ۱۹٨٨، مەسئولێکی یەکێتی بە دوو لاندکرۆزەر لەدوکانێکدا قوماشی ژنانەیان بار دەکرد، ئێستا ئەو مەسئولە ئەمە بخوێنێتەوە دەزانێت کە ئەوکاتە ئێمە بەدزییەکەیمان زانیوە، ئەندام لقێکی پارتیش لەولای ئەوەوە خەریکی دزی بوو".

وەکو ئەو دەیگێڕێتەوە، هەر لەو ڕۆژەدا، ئامر هەرێمێکی یەکێتی و کۆمەڵێک پێشمەرگەی تری بینیوە کە خەریکی تاڵانکردنی ماڵێک بوون، دوایی دەرکەوتووە کە ئەو ماڵە ماڵی " عومەری حاجی عینایەت"ە.

،،
دیمەنێکی تری دزیکردن کە محەمەدی حاجی مەحمود لە ڕۆژەدا بینیویەتی و دەیگێڕێتەوە، دیمەنی دزیکردنی پێشمەرگەیەکی حیزبی سۆسیالستە

پێشمەرگەیەکی حیزبی سۆسیالستمان بینی دزی دەکردو کۆمەڵێک شتی بەکۆڵەوە بوو، پێشمەرگەکە زۆر ترساو پەشۆکاو وتی ئەوە کەلوپەلی ماڵی براکەمە کە بەهۆی کیماییەوە مردووە، من ماڵەکەی کۆ دەکەمەوە، بەڵام درۆی دەکرد، براکەی ساڵێک لەوەوبەر کوژرابوو".

ئەو لە بەرگی سێهەمی بیرەوەرییەکانیدا دەیگێڕێتەوە کە ئێوارەی ڕۆژی ۲٤ ــ ۳ ــ ۱۹٨٨، واتە هەشت ڕۆژ دوای کیمیایبارانکردنی شارەکە، بە بازاڕی هەڵەبجەدا تێپەڕیوەو بینیویەتی کە کۆمەڵێک بەرپرسی یەکێتی و هەندێک پاسدار به کۆسەرەو مەکینەی لەحیم خەریکی شکاندنی بانکەکەی هەڵەبجە بوون.

هەر سەبارەت بە بانکی هەڵەبجە دەشڵێت، ڕۆژی دواتر سەردانی " ڕەزائی" کردووە، کە ئێران وەکو قایمقامی هەڵەبجە دایانناوە، بینیویەتی کە ڕەزائی بۆڵەبۆڵ دەکات، وەکو ئەو دەڵێت کاتێک لێی پرسیوە چیبووە، ڕەزائی وتوویەتی بانکەکەیان بڕیوە.

محەمەدی حاجی مەحمود، باسی دزی و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی هاووڵاتیانی هەڵەبجە لەلایەن دوو بەرپرسی ئەوکاتەی
حسکەوە دەکات و دەڵێت:" مەلا هەژار کە خۆی بە کەسێکی چەپ و مارکسی دەزانی و باسی عەدالەتی دەکرد، لۆرییەکی بارکردبوو لەکەل و پەل، ناوی " عەتاو پشتیوان" لەسەر دوو سۆپاو موبەریدە نوسیبوو، ( عەتاو پشتیوان" ناوی دوو کوڕی محەمەدی حاجی مەحمودن و وەکو هێمایەک بۆ ئەوەی کە ئەو دوو سۆپاو موبەریدە بۆ محەمەدی حاجی مەحمود بێت).
وەکو خۆی دەیگێڕێتەوە، محەمەدی حاجی مەحمود لە مەلا هەژاری پرسیوە ئەو لۆرییە هی کێیە، مەلا هەژاریش وتوویەتی هی منە، فڵانە حیزب و فڵانە مەسئول دەیبات بۆ ئێمەش نەیبەین.

هەر لەوکاتەدا کە محەمەدی حاجی مەحمود مەلا هەژاری بە لۆرییەکی پڕ لە کەلوپەلەوە بینیوە، لەولاوە دیویەتی کە " نوری حەمە عەلی"یش کە ئەوکاتە حسک بووەو ئێستا ئەندامی سەرکردایەتی پارتییە، لۆرییەکی پڕ کردووە لە کەل و پەل، کاتێک لێی پرسیوە، ئەوە چییە، ئەویش بە تەریقبوونەوەوە وتوویەی مەلا هەژار پێیکردم.