دارێكم بەدەستەوەیە.....!؟

2022-03-25

د.مھدی قادر

سبەینێ شەممە بەرەی زۆرینەی ھاوپەیمانی سێ قۆڵی جاڕی ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لێداوە و كاندیدی بۆ حكومەتیش ئامادەیە و بەھەموو توانای دەیەوێت نیسابی دانیشتنەكە تەواو بكات.
لە ئێستادا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەری دووبەرەی دژ بەیەك، و بەرەیەكی ئۆپۆزۆسێۆن دا دابەشبووە.

پارتی و ھاوپەیمانەكانی « سەدر و حەلبوسی» ھەوڵی بەستنی كۆبونەوەكە ئەدەن و دەیانەوێ نیساب تەواو بكەن، چونكە نیساب تەواو بێت كاندیدەكەی پارتی دەبێتە سەرۆك كۆمار.

چوارچێوەی ھەماھەنگی - یەكێتی و ھاوپەیمانەكانی «مالكی و عامری و ...»- دەیانەوێت كۆبونەوەكە نەكرێت و پەكی بخرێت، لە جەلسەی داھاتوترا خۆیان كۆبكەنەوە و بەرھەم ساڵح بكەنە سەرۆك كۆمار ، و وەك كوتلەی سەركەوتوو ھەوڵی جوڵەی تریش بدەن.

ئەم دوو بەرەیە ھیچیان بێ پەرلەمانتارانی ئۆپۆزۆسێۆن « نەوەی نوێ و یەكگرتوو و كۆمەڵ و تشرینیەكان و .....» ناتوانن نیساب تەواو بكەن.

دەنگۆ ھەیە ھەردوولا دەیانەوێت بەرەی سێھەم «ئۆپۆزۆسێۆن » بەھەر نرخێك بێت- ھەڕەشە و ھەریسە- بۆلای خۆیان ڕابكێشن.

جا ئێستا بچیتە ژورەوە ئەچێتە بەرژەوەندی پارتی و ھاوپەیمانەكانی.
نەچیتە ژورەوە ئەچێتە بەرژەوەندی یەكێتی و ھاوپەیمانەكانی.
جا ئەمەیە كورد ئەڵێ دارێكم بەدەستەوەیە ھەردوو سەری عەمبەروەریە!

جا ئەوەی وەزعەكەی زیاتر شڕكردوە، وەك ھەندێك سایت باسی دەكەن ھەردولا ھەریسەی تێدایە

،،

بچیتە ژورەوە پارەی خۆت لەولا وەربگرە ، ناچیتە ژورەوە لەملا پارەی خۆت وەربگرە.

ئەڵێن نرخی ئەندام پەرلەمانێك گەیشتوەتە ٥٠٠ دەفتەر، كە پێنج ملێۆن دۆلار دەكات.
ھەرچەندە ئەو پەرلەمانتارانەی تا كۆتایی خۆیان ساغ ناكەنەوە دورنیە نرخ بگاتە «١٠٠٠ »ھەزار دەفتەر دۆلار.

بیستم خولی پێشوتر پەرلەمانتارێك لەبەرژەوەندی مالكی «١٠٠٠ » ھەزار دەفتەر دۆلاری وەرگرتبوو، چونكە ڕازی كرابوو كە ئیمزا نەكات بۆ لێپرسینەوەی مالكی لەسەر دۆسیەی موسڵ.

ئینجا وەزعەكە ئاوا شڕە گوڵم، ھەردوولا چەورە، بەڵام ئەوە ھەموو سینارێۆكە نیە.
ڕاستە قورسترین ھەڵوێست ڕێگەی سێھەم و ھەنگاوی سێھەم و ھەڵوێستی سێھەمە. كە دەكرێ لە بەرژەوەندی خەڵك بێت، ئەویش سەپاندنی مەرجی قورس لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و عێراق. وەك موچە و نرخی بەنزین و نەوت و نرخی دۆلار و چاكسازی سیاسی، بەڵام ھیچ بەڵێنێك گرەنتی نیە.

من دڵنیام پەرلەمانتاری زۆر بە ھەڵوێست ھەیە كە بۆ كڕین و فرۆشتن نیە، بەڵام دواجار ھەر دەبێت لەیەكێك لەم دوو ھەڵوێستە یەكێكیان ھەڵبژێرێ ئەگەر بە مەرجی قورسیشەوە بێت لەبەرژەوەندی خەڵك. بەڵام ئایا خەڵك بەوە دەزانێت كە پەرلەمانتاری فڵانی نەخۆی و نە حزبەكەی لەو ملێۆنان دۆلارە ھیچیان وەرنەگرتوە و دەبێت سوپاسیان بكەین، بەدەنگ پێدان پاداشتیان بدەینەوە.

ڕاستە لەدونیادا عورف وابوە ئەوەی ناڕازی وئۆپۆزۆسێۆن بوبێت بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كردوە، ئیتر ئەچێتە بەرژەوەندی كێوە ئەوە شتێكی ترە، و ھیچ ھەڵوێستێك لەمە بەدەر نیە.
بایكۆت واتە پشتگیری نەكردنی ھیچ لایەك، نە ئەم دانیشتنە و نە دانیشتنەكانی داھاتوو. بەتایبەت بایكۆت بەرامبەر یەكێتی و پارتی كە یەكڕیزی كوردیان تێكدا و بەیەك كاندید نەچونە بەغدا و عێراق و كوردستانیان وا تێك داوە بە ھەزار حەكیم چارەسەر نەكرێت.

،،

بەڵام لایەنی سلبی بایكۆت ئەوەیە نە مەرجت ھەیە بۆ بەرژەوەندی خەڵك، نەبۆ دروستكردنی حكومەتی داھاتوو، كە دوورنیە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و باڵادەستی میلیشیاییشی بەدوادا بێت.


بۆیە دارەكە سێ سەری ھەیە و ھیچیشی پاك نیە.

ڕای من بۆ پڕۆسەی سیاسی بەدەر لەم بابەتە: لەمێژە ڕامگەیاندوە كە حكومەتی بنكەفراوان واتە دابەشكردنی كێكەكە لەنێوان ھەمواندا و زیانی گەورە بەر خەڵك كەوتوە. كاتێك باسی گەندەڵی دەكرێ دەڵێن خۆ ھەموتان بەشداری حكومەت بوون.
بۆیە بۆ عێراق و بۆ كوردستانیش لەوانەیە حكومەتی زۆرینە چارەسەرێكی گونجاو بێت، بەلای كەم دەبێت تاقی بكرێتەوە و بەشێك لەدەسەڵاتدارەكانی دوێنی ببنە ئۆپۆزۆسێۆن و بەمەش زۆر نھێنی شاراوە ئاشكرا دەبێت. حكومەتی زۆرینە مەترسی جۆرێك لە دیكتاتۆری لێ دەكرێت، بەڵام نابێتە تاكڕەوی، چونكە ھیچ حیزبێك بەتەنھا نە لە عێراق و نە لە كوردستان ناتوانێت حكومەت دروست بكات.
با چاوەڕوان بین و دەكرێ كۆمەڵێك پێشھات ڕووبدەن كەھیچ كەس بیری لێ نەكردوەتەوە.
د.مھدی قادر
٢٥ی ئازاری ٢٠٢٢