گلەیی لە عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات

2022-03-27

کەریم ئەحمەد، سکرتێری پێشووتری، حیزبی شیوعی کوردستان، بیستوچوار ساڵ لەمەوبەر نامەیەکی دورو درێژ بۆ عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەنێرێت و لە نامەکەدا گلەیی ئەوەی لێدەکات کە " پەکەکە" پابەندی ئەو ڕێکەوتنە نەبووە کە سەبارەت بە شەڕو ناکۆکی نێوان پەکەکەو پارتی پێشتر لەگەڵ حیزبی شیوعیدا لەسەری ڕێکەوتوون.

لەو نامەدا کە دەقەکەی لەژمارە " ۳۲۱"ی ڕێکەوتی ۷ ــ ۱۰ ــ ۱۹۹٨ی ڕۆژنامەی " ڕێگای کوردستان"دا بڵاوکراوەتەوە، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعی کوردستان،

،،

پێشەکییەکی دورودرێژ دەربارەی مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کرد لە هەر چوارپارچەکەی کوردستاندا بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان دەنووسێت و هەر لەو پێشەکییەدا باسی کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم شۆڕشە کوردییەکان لە سەدەی ڕابردودا دەکات.

 

لەپاش سەربوردە مێژووییەکە، کەریم ئەحمەد بە ئۆجەلان دەڵێت، دەمەوێت لەم نامەیەدا سەرنجتان بۆ ئەو ڕێکەوتنە دوو قۆڵییەی نێوانمان حیزبمان و حیزبتان ڕابکێشمەوە کە تێیدا پێکەوە بڕیارمانداو ئەوەمان دووپاتکردەوە کە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە هەر پارچەیەک لەپارچەکانیتر تایبەتمەندی خۆی هەیەو پێوویستە لەبەرچاو بگیرێت.

کەریم ئەحمەد لە شێوەی پرسیاردا بە ئۆجەلان دەڵێت:" ئەی ئەوە ئێمەو ئێوە نەبووین لەو ڕێکەوتننامەیەدا ئەوەمان دووپاتکردەوە کە بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانەی لەنێوان حیزبە کوردستانییەکاندا دروست دەبێت، حەرام بکەین؟".

ئەو بە گوزرارشتی پرسیارلێکردن دەشڵێت، ئەی ئەوەمان دووپات نەکردەوە لە پێناو ئاشبوونەوەی پارتی و یەکێتی دا کاری هاوبەش بکەین؟

پاش ئەو پرسیارانە، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعی لە نامەکەیدا بۆ ئۆجەلان پێیدەڵێت:" لەسەرەتای ساڵی ۱۹۹٨ەوە پرۆسەی ئاشتی و ئاشتبوونەوە لە کوردستانی عێراقدا دەستیپێکردووەو کۆمەڵێک هەنگاوی بۆ پێشەوە ناوە، کەچی ئێوە لەم کاتەدا شەڕی خۆتان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان توندتر کردوەتەوەو لێرەو لەوێش لێدوانی ڕۆژنامەوانی وا دەدەن کە پێچەوانەی ئەو خاڵانەیە کە هەردولامان لەبارەیانەوە ڕێکەوتین".

لە درێژەی نامەکەیدا، کەریم ئەحمەد درێژە بە گلەییەکانی لە ئۆجەلان دەدات و دەڵێت:" ئێوە لەکاتێکدا ئاگربەستی یەک لایەنە لەگەڵ تورکیا ڕادەگەیەنن و لەڕێی گفتوگۆوە داوای داوای چارەسەری ئاشتیانە دەکەن، کەچی شەڕی ئێرەتان شەڕی کوردو کورد توندوتیژتر دەکەن و تەنانەت سنوری شەڕ بەرانبەر هێزە چەکدارەکانی دەبەزێننو بەرەو شەڕکردن لەگەڵ خەڵکی بێدیفاعی کوردستانی عێراقیش هەنگاو دەنێن، ئەو هەواڵانەی لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانمانەوە پێماندەگەن زۆر دڵتەزێن و جەرگبڕن کە هێزە چەکدارەکانی حیزبی ئێوە ناوچە شاخاوییەکانی ئێرەو ڕێگاکانی هاتووچۆی هاووڵاتیان و نزیک لەوەڕگاو کێڵگە کشتوکاڵییەکان مینڕێژ دەکەن و بیری ئاوەکان دە تەقێننەوەو ڕێگای هاتوچۆی گوندنشینان دەبڕن".

کەریم ئەحمەد، لەنامەکەیدا بۆ ئۆجەلان گلەیی زۆرتری لێدەکات و پێیدەڵێت:

،،

خەڵکی ئێمە گلەیی و گازندەتان لێدەکەن سەبارەت بە منداڵەکانیان کە گوایە لە لایەن ئێوەوە ڕفێنراون.

لەمیان و درێژەی نامەکەیدا، کە جگە لە ڕۆژنامەی " ڕێگای کوردستان" لە کتێبی " وشەی سوور"ی کەریم ئەحمەدیشدا بڵاوکراوەتەوە، سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعی هۆشداری دەداتە ئۆجەلان و بۆی دەنووسێت:" دەوڵەتە هەرێمییەکان، بێئەوەی ناویان بێنم، دەیانەوێت ئاڕاستەی جەنگی ئێوە لەگەڵ هێزەکانی تورکیای شۆڤێنی، بگۆڕن بەرەو جەنگ لەنێوان ئێوەو پارتیدا، واتە جەنگی کوردو کورد، هەربۆیە تورکیا بەو شەڕەی نێوان ئێوەو پارتی زۆر شادومان و خۆشحاڵە".

لە کۆتایی نامە دورودرێژەکەیدا کەریم ئەحمەد بە عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت برای ئازیزو ڕێزدارم، سەرکەوتنی ئەزموونی کوردستانی عێراق، سەرکەوتنە بۆ پارچەکانیتری کوردستان و سەرکەوتنی کورد لە باکوور ئاوێتەی سەرکەوتنی کوردە لەباشوور.

لە دوا دێڕەکانی نامەکەیدا بۆ ئۆجەلان، کەریم ئەحمەد دەنووسێت:" تکام وایە ئەم نامەیە بەوردی بخوێننەوەو دوور لە سۆزو هەڵچوون و دوور لە کاریگەری هەوڵە ڕۆژانەییەکانی شەڕی نێوان خۆتان و پارتی، بە ئەقڵیەتی نیشتیمانپەروەری و شۆڕشگێڕی شرۆڤەو شی بکەنەوەو هەنگاوی پێوویست بۆ تەرجەمەکردنی واقیعیانە بنێن".