لەم کورتە بابەتە باس لە سیاسەت دەکەم لەگەڵ تێگەیشتنی سیاسەتوانانی هەرێم بۆ سیاسەت.
سیاسەت چەندین پێناسە و تێگەیشتنی بۆکراوە. ئەریستۆ پێیوایە مرۆڤ گیانەورێکی سیاسییە، واتە بێ سیاسەت ژیانی مرۆڤەکان نەدەبێت و نەڕێکدەخرێت. هاوکات دەڵێت سیاسەت کردەیەکی کۆمەڵایەتییە بۆ باشترکردنی ژیانی کەسەکان و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی باش.
لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە ئیدی قسەکردن لەسەر سیاسەت و چییەتی سیاسەت جێگەی گفتوگۆ و مشتومڕی فەیلەسوف و توێژەر و ئەکادیمی و خەڵکان بووە. بەگشتیی مرۆڤەکان چەند تێگەیشتنێکیان بۆ سیاسەت هەیە، ئەم چوارەیان لە هەمووان گرنگترن:
یەکەم، سیاسەت واتە ھونەری حوکمکردن کە دەکاتە هونەری داڕشتنی سیاسەتی پەروەردەیی و تەندروستی و ژینگەیی هتد... لەگەڵ پلاندانان و بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکان.
،،
سیاسەتوانانی ھەرێم لە سی ساڵی ڕابردودا نەشارەزایی خۆیان لەو ھونەرە لە هەموو بوارەکانی هونەری حوکمکردندا نیشانداوە.
دووەم، سیاسەت واتە گفتوگۆ و دانوستان و پێکھاتن، سیاسەتوانانی ھەرێم سی ساڵە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ ئەوانی دیکە دەکەن. لەگەڵ یەکدی قەت بە پێکھاتن نەگەیشتوون، دابەشکردنی سامانی نیشتیمانی لێدەرچێت، لەگەڵ ئەوانی دیکەش زۆربەی جار دۆڕاون.
سێیەم، سیاسەت واتە جیاکردنەوەی پرسە گشتیی و تایبەتییەکان. بەپێی ئەم تێگەیشتنە بێت دەبێت سیاسەت لە دەوری خەمە گشتییەکان بخولێتەوە و خۆی لە پرسە تایبەتەکان هەڵنەقورتێنێت. لە سی ساڵی ڕابردودا بەشی هەرە زۆری سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم دوورکەوتنەوە بووە لە خەون و خەمە گشتییەکان ئەوە ئەگەر نەڵێم لە گۆڕنانی خەون و خەم و پرسە گشتییەکان.
چوارەم، سیاسەت واتە دابەشکردنی هێز و سامان. سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە سی ساڵی ڕابردودا بەچڕی بەپێی ئەم تێگەیشتنە ئیشیان لەسەر سیاسەت کردوە بەڵام بە سەراوژێریی چونکە مەبەست لە دابەشکردنی هێز واتە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ خوارەوە. مەبەستیش لە دابەشکردنی سامان واتە کۆکردنەوە و دابەشکردنەوەی داهاتەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، بەشێوەیەک کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی نایەکسانییەکان و هەژاری و نەداری بێت. کەچی لە هەرێم دەسەڵاتەکان نەک لە دەست حکومەت بەڵکو لە دەست چەند کەسێک کۆکراونەتەوە و سامانەکان و داهاتەکانیش هەر لە گیرفانەکانی هەر ئەو چەند کەسە.
سیاسەت لە هەرێم ئەگەر کەم تا زۆر وەک لەم چەند خاڵەدا بەکورتی ئاماژەی پێکرا کاری لەسەر کرا بێت،
،،
ئەوە بەتایبەتی چەند ساڵێکە، لەوانەی پێشتوتریش مەترسیدارتر توڕەیی و ڕق و تۆڵە بوون بە بنەماکانی تێگەیشتن و پراکتیزکردنی سیاسەت.
سیاسەتێک کە لەسەر بنەمای توڕەیی و ڕق و تۆڵە داڕێژرابێت، سیاسەتی دیوەخانە کە پێشئەوەی شکست بە نەیارەکانت بێنێت کۆتایی بە سیاسەت دێنێت. ئەو سیاسەتەی لە باشوری کوردستان دەبینرێت بەشی ھەرە زۆری، لانیکەم لە ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە سێ کۆڵەگەی هەیە: توڕەیی و ڕق و تۆڵە. بۆیە ھەرێم لە بێھێزییەوە بۆ لاوازیی ھەنگاو دەنێت، ئەمڕۆ لەناوەوە و لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لەوانەیە زەنگی کۆتایی لێبدرێت. یەک ئەگەر ھەیە کە ھەرێم بھێڵێتەوە ئەویش شەڕی ناوخۆی عێراقە.