چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد کاکە حەمە تۆمەتێکی گەورەی وا بداتە پاڵ مامۆستا عەلی باپیر

2022-03-28

دڵشاد گەرمیانی

چەند سەرنج و تێبینیەک لەسەر ئەو چەند لاپەڕەیەی کەبەڕێز کاکە حەمەی حاجی مەحمود لەکتێبی (ڕۆژ ژمێری پێشمەرگەیەک دەربارەی کۆمەڵی ئیسلامی نوسیویەتی...

سەرەتا ئێمە لەگەڵ بەڕێز کاکە حەمەدا پەیوەندیەکی باشمان هەبووەو هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد کاکە حەمە تۆمەتێکی گەورەی وا بداتە پاڵ بەرێز م. علی باپیرو شتانێک بڵێ و بنووسێ کەپێچەوانەی حەقیقەت و ڕاستی بێت.

یەکێک لەحیکمەتەکانی نوسینی ڕۆژانەی یادەوەرییەکان ئەوەیە کەبیر نەچێ و وەکو خۆی بیگێڕدرێتەوە...ناشبێ ویست و ئارەزووی خۆتی تێکەڵ بکرێ ،بەڵام دیارە ((ڕۆژ ژمێرەکەی کاکە حەمە تایبەتە!! حەزو بۆچوون و خەیاڵاتی خۆیشی لەگەڵ ڕوداوەکان دەژمێرێ))!!!


سەرنج و تێبینیەکان:

١ــ کاکە حمە دەڵێت(( نامەیەکی تەفسیلیم بۆ م.علی باپیر ناردووە و لەپاش نامەکەی من بەپەلە کۆبوونەوەیەکی سەربازی کردبوو هەمووهێزەکانی خۆیانی لەوناچەکانی دیکەوە هێنا بۆ خورماڵ،وەبڕوای وابوو ئەوە پلانی یەکێتییە بۆئەوەی دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت، نەک هاتنی ئەمریکاو لێدانی ئەنصارو کۆمەڵ))...

ئەمەی کاکە حەمە نوسیویەتی گومان و بۆچوون و شیکاریەکی هەڵەی خۆی بووە، ڕاستیەکەی ئەوە بوو لەوکاتەدا م.عبد اللەی قەسرێ و پاسەوانەکانی بەغەدرو ناڕەوا شەهید کرابوون، ئێمەش وەکو کۆمەڵ هێزەکانمان کۆکردبوەوەو لەئینزاردا بوین، ئامادەکاری تەواومان کردبوو بۆ شەڕو تۆڵە کردنەوەی خوێنی بەناهەق ڕژاوی شەهیدەکانمان، بەڵام نەمان دەویست پەلەبکەین و هەوڵمان دەدا هۆکاری پشت ڕوداوەکە بزانین، خەریکی لێکۆڵینەوەو بەدواداچون بوین بۆ زانینی ئەوەی ئایە ئەو تاوانە کارێکی شەخسی و دەستی باڵێکی ناو یەکێتیەو یەکێتی ئامادەی هەموو ئیجرائاتێکە لەگەڵیان یان تەڵەیەکەو بەبڕیارێکی مەرکەزی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو تەوقیتە ئەنجام دراوە کەحەڤدە ڕۆژێکی مابوو بۆ ئەوکاتەی ئەمریکیەکان دیاریان کردبوو بۆ لێدانی عێراق ،

،،

بەمەبەستی تێوەگلان و زەبرلێدانمان بەچەپۆکی گڵاوی ئەمریکیەکان،پاشان ئەمریکیەکان لەکاتە دیاری کراوەکە لەئێمەشیان داو هەموو حسابەکان تێکەڵ بوو.

٢ــ پاشان کاکە حەمە دەڵێت: ڕۆژی ٣/٢٤ ئێرانییەکان و سۆشیالیست علی باپیریان هێنا بۆگوڵەخانەو ژورێکمان پێداو بە عەبداللەی برامم وت نەهێڵی کەس بیبینێ...

ئەم دەربڕین و شێوازی نوسینە جۆرێکە لە چەواشەکاری و کەم تەماشاکردنی بەرانبەر، لەسەرکردەی سیاسی و پیاوی بەئەزموون ناوەشێتەوە، هەموو لایەک ئەوە دەزانن کە ئەوکات م.علی باپیر هێزێکی گەورەی لەپشت بووەو بەویستی و خۆی لەپێناو بەرژەوەندی کۆمەڵ و خەڵکی ناوچەکە ڕۆشتبوو بۆ دانیشتن، نەک بەوشێوەیە کاکە حەمە وێنای کردووە، هەرکەسێکی بێ ئاگا لەڕوداوەکان نووسراوەکەی ببینێ وا تێدەگات کەبەزۆر برابێتە گوڵەخانەو لەوێ دیل و دەسبەسەر کرابێ.

٣ــ پاشان کاکە حەمە دەڵێ((علی باپیر وتی یەک دینارمان نییە، منیش لەسەرداوای خۆی بەمام جلالم وت کەشتێکی واهەیە، مام جلال 250 هەزار دۆلاری نارد، بەئامادەبوونی مەلا ناسیح بامۆکی و محمد حکیم و حامیدی حاجی خالید و مامۆستا عەزیزی دەزگای زانیاری و مستەفای سەیدقادر 250هەزار دۆلارەکەمان تەسلیم بە م.علی باپیرکرد، لا338)).
دواتریش دەڵێ((وادیاربوو بەشێکی کۆمەڵ ڕازی نەبوون ناوچەکە چۆڵ بکەن و کێشەیان لەوبارەوە هەبوو، بۆیە مام جەلال تەلەفۆنی بۆمن کرد کە با م.علی باپیر پارەکەمان بداتەوەو شەڕەکەبکەین))

گریمان ئەوەی دەیڵێیت وایە و جەنابت بەمام جەلالت وتووە کۆمەڵ بێ پارەن و مام جەلال 250 هەزار دۆلاری بەتۆدا ناردووە.
یەکەم: کوێی ئەو وتەو دەربڕینە ئەوە دەگەیەنێ کەئەو مەبلەغە پارەیە بەرانبەر چۆڵکردنی ناوچەکە دراوە؟
دوو: ئەگەر ڕێکەوتنی لەسەر کراوە وەک دەڵێیت بۆچی دەقی ڕێکەوتن نامەکەت بڵاو نەکردۆتەوە؟ ئەگەر ئەوکات بیرت چووە یان بەپێویستت نەزانیوە، فەرموو ئێستا وێنەیەک لەڕێکەوتن نامەکە بڵاو کەرەوە !بۆ ئەوەی هەموو لایەک ڕاستیەکان وەک خۆی ببینن.
٤ــ پاشان دەڵێیت((پاش وەرگرتنی پارەکە ناردیان بەدوای ناڕازییەکانی کۆمەڵدا کەبڕوایان وابوو نابێت پشتی براکانی خۆیان بەردەن بۆ یەکێتی مەبەستیان ئەنصاربوو، کاک دڵشاد کەلاری و چەند کەسی دیکە هاتن بۆ گوڵەخانەو چونە ئەو ژوورەی بۆ م.علی باپیر ئامادەکرابوو، پاشان مەلاناسیح بامۆکی بە م.علی باپیری وت، مامۆستا ئێمە قەرارمان وانەبوو ئەم کارەبکەین و برا دینییەکانی خۆمان(ئەنصار)بەپارە بفرۆشین، وەکارێکی خراپت کرد....لا٣٣٩)).

نازانم لێرەدا لەم بەناو یادەوەری و ڕۆژ ژمێرە کە باسی دوو ڕۆژی ئێمەشی لەخۆ گرتووە کوێی ڕاست کەینەوە
جارێ یەکەم: بەهیچ شێوەیەک لەوکاتەدا نەچوومەتە گوڵەخانەو، لەو ماوەیەدا بەزۆری لەناوبازاڕی خورماڵ بووم و هەموو هەوڵێکم ئەوە بوو نەهێڵم شەڕو بەریەک کەوتن لەنێوان هێزەکانی ئەنصارو یەکێتی ڕووبدات، چونکە لەوکاتەدا هێزەکانی ئەنصارو یەکێتی لەنزیک خورماڵ بەتەواوەتی لێک نزیک بوبونەوەو وەزعەکە زۆر زۆر ئاڵۆز بوو،

،،

دەمزانی ئەگەر شەڕ ڕوو بدات و خەڵکێک لەو نێوانەدا بکوژرێت بەئاسانی وەزعەکە کۆنتڕۆڵ ناکرێت و نەدەتوانین ئەو هەموو خێزان و ژن و منداڵانەی کەلەو ناوچە بەرتەسکەدا کۆبوبونەوە ڕزگار بکەین

نەدەشتوانین هێزەکانمان پاشەکشە پێ بکەین، بۆیە لەو کاتەدا هیچ کارێکی گرنگتر لەوکارەم نەبوو، سوپاس بۆ خودای گەورەش توانرا هەرچی خێزان و ژن و منداڵ هەیە لەو شەڕگەیە بەژن و منداڵی ئەنصاریشەوە لە مەترسی ڕزگار بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش برادەرانی یەکێتیش هاوکارو ڕەزامەند بون بەتایبەت کاک مصطفی سيد قادر هەڵوێستی زۆر جوامێرانەبوو...
پاشان منێک کەبەهیچ شێوەیەک نەچووبم بۆ گوڵەخانە، دیارە ئەو قسەیەش ڕاست نیە کەلەگەل م.علی باپیریشدا لەماڵی کاکە حەمە دانیشتنمان کردبێ و، هەروەها ئەو زانیاریەش ناڕاستە کە م.علی باپیر پارەی وەرگرتبێ و پارەکەی بەمندا ناردبێتەوە.