پژاک لەسەر هەواڵی رفاندنی سێ گەنجەکەی ماوەت هاتە دەنگ

2022-03-29

پژاک لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە "بە مەبستی تەشهیر کردن و ناو زڕاندان و رەش کردنی پژاک لە ناوچەکە دەستیان داوەتە بڵاو کردنەوەی هەواڵی دوور لە راستی و ئەخلاق و ئینسانیەت و بەو کارەشیان بە هەستی خانەوادە و کەسووکاری ئەو گەنجانە یاری ئەکەن و زۆر بە بێ ئەخلاقانە رای کۆمەڵگا بە ئاراستەیێکی خراپدا دەبەن".

روونکردنەوەیێک لەسەر خنکانی سێ گەنج لە شارباژێڕ بۆ رای گشتی
بە داخ و پەژارەیێکی زۆرەوە لە رێکەوتی ٢١ – ٠٣ – ٢٠٢٢ سێ گەنجی ناوچەی شارباژێڕ بە مەبستی گەشت و سەیران دەچنە سەر چەمی خەمەلۆکە لە سنووری قەزای ماوەت بەڵام زۆر بە داخەوە ئەکەونە ناو ئاوەکە و تا ئێستاش نە دۆزراوەنەوە.
بۆ روودانی ئەم کارەساتە خەفەتبارە هاوخەمی خانەوادە و کەسوو کاری ئەو گەنجانەین و هیوادارین دوایین خەم و ناخۆشییان بێت.
لە رۆژی یەکەمی رووداوەکە ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک بەئەرکی خۆمان زانیوە و بەهەستی بەرپرسیارانەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت بوین بە مەبەستی هاوکاری پێویست بۆ گەڕان و دۆزینەوەی جەستەی ئەو گەنجانە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە هێزەکانی خۆمان لەو ناوچانە راگەیاندوە کە لە گەڕان و دۆزینەوەی تەرمەکانیان یارمەتیدەر بن و بە دۆزینەوەی بچووکترین سەرەداو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
ئەمە لە حاڵکدایە هەندێک لایەن بە مەبستی تەشهیر کردن و ناو زڕاندان و رەش کردنی پژاک لە ناوچەکە دەستیان داوەتە بڵاو کردنەوەی هەواڵی دوور لە راستی و ئەخلاق و ئینسانیەت و بەو کارەشیان بە هەستی خانەوادە و کەسووکاری ئەو گەنجانە یاری ئەکەن و زۆر بە بێ ئەخلاقانە رای کۆمەڵگا بە ئاراستەیێکی خراپدا دەبەن. هەر بۆیە بە پێویستمان زانی سەرەتا بۆ خانەوادە و کەسووکاری ئەو گەنجانە دواتر بۆ رای گشتی کۆمەڵگا روونکردنەوەیێک سەبارەت بەو رووداوە بدەین و ئاگادارتان بکەینەوە کە بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئەویکە ئەو کەسانە لای ئێمە بن دورە لە راستی و هیچ بنەمایێکی نییە و لێرەشەوە دڵنیاتان ئەکەینەوە کە ئێمەش هاوخەم و دڵنیگەرانی ئەو کارەساتەین و ئومێدوارین بە زووترین کات تەرمەکانیان بدۆزرێتەوە و ئەم چاوەڕوانیە کۆتایی پێ بێت.
لەگەڵ رێز و حورمەتمان
پەیوەندیەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
٢٩ – ٠٣ – ٢٠٢٢