لە گفتوگۆیەکی دەنگی زیاتر لەیەک کاتژمێریدا، ئەدهەم بارزانی باسی چەند پرسێکی تایبەت بەخۆیی و بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی دەسەڵات لە سی ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیوە نمونەیەکی جوانی حیزبایەتی و حوکمداری پێشکەش بکەن، ئەو دەشڵێت لە هەرێمی کوردستاندا ئەمن و ئاسایشی هیچ کەسێک پارێزراو نییە.
لەو گفتوگۆیەدا کە ڕۆژنامەوان و چالاکوان" قادر نادر" کە لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە لەگەڵیدا سازیداوە، ئەدهەم بارزانی دەڵێت:
،،
" من دوژمنایەتی هیچ کەسێک ناکەم، من لەبەرەی میللەتدام، میللەتیش دیاری دەکات کێ باشەو کێ خراپە، میللەت بڕیار دەدات کێ ڕاستەو کێ هەڵەیە".
دەربارەی ئەوەی کە لە ماوەی ڕابردودا بەرانبەری کرا، بەتایبەت چاودێریکردنی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی بە فڕۆکەی درۆن، ئەدهەم بارزانی دەڵێت:" ئەوە کارێکی باشنەبوو بەرانبەر من کرا، بەداخەوە هەندێک شت کرا بەرانبەرم، بڕوام نەدەکرد بگاتە ئێرە، لەم وڵاتە ئەمن و ئاسایش بۆ هیچ کەسێک باش نییەو منیش زۆر ئارام نیم".
ئەدهەم بارزانی، ڕەخنە لە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی دەگرێت و دەڵێت:" حیزبەکانی دەسەڵات نەیانتوانیوە نمونەیەکی جوانی حیزبایەتی و حکومداری پێشکەش بکەن".
لە گفتوگۆ دەنگییەکەدا، ئەدهەم بارزانی باس لە هۆکارەکانی نیگەرانبوونی و وازهێنانی لە پارتی دەکات و دەڵێت:
،،
" من تێبینییەکانم لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستانە، کارێکی عاقڵانە نییە من لەسەر پارەو پۆست و دەسەڵات خۆم نیگەران بکەم".
ئەدهەم بارزانی لەو گفتوگۆیەدا دەشڵێت، هەرچی بەرانبەر من کرابێت گەردنیان ئازاد بێت، هەرکەسێک ڕق و عینادی لە دڵیدا بێت هیچکات سەرکەوتوو نابێت، ئەوکەسەی عینادی بکات خوا تووشی بەڵای دەکات.