دەرباز كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: دیداری یەكێتی دیدگای یەكێتی بۆ ئێستاو داهاتوو دیاری دەكات و پێویستە دیدێكی هاوبەشمان بۆ هەموو پرسەكان هەبێت، دەشڵێت:لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا زۆربەی هێزە سیاسیەكان گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد كە یەكێتی كورسی بەدەستەهێنێت، بەڵام یەكێتی بەهەوڵی جەماوەرەكەی خەونی نەزۆكی هێزو نەیارەكانی تێكشاند.
ئەوەشی ئاشكراكرد: ئێستا یەكێتی كارەكتەری سەرەكی پرۆسەی سیاسی عیراقەو ئەو هێزە سیاسیەشی بیەوێت ئیرادەمان بشكێنێت، نەخۆمان و نەجەماوەرەكەشمان قبوڵی ناكەن.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ عەلی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری پارێزگای هەولێر لەدیداری یەكێتیدا لەهەولێر وتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی پێشكردو رایگەیاند: ئەم دیدارە دیدگای یەكێتی بۆ ئێستاو داهاتوو دیاری دەكات، لەكۆنگرەی چوارەمی یەكێتیشدا بەرنامەكە وابوو ساڵانە یەكێتی كۆنفرانس ببەسێت بۆ پێداچوونەوە سیاسەتەكانی و ئەدای كاركردنی ساڵانەی دیاری بكات، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی كۆرۆنا هێنایە پێش نەتوانرا بكرێت، بەڵام ئەم دیدارەش دیداری یەكێتیانەی بۆ دیاریكردنی ستراتیژی یەكێتی بۆ داخوازییەكانی یەكێتییەكان.
وتیشی:
،،
ئەوكاتەی سەرۆك مام جەلال لەشامەوە لەگەڵ هەڤاڵەكانی دەستپێكردنەوەی شۆڕشی راگەیاند، بۆیە بۆ ئەمڕۆ گرنگ و پێویستە كە دوای كۆمەڵێك رووداوی گەورە لەناوچەكەو خودی یەكێتی، دیدێكی هاوشەمان بۆ هەموو پرسەكان هەبێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەكاری حزبی و داخوازی خەڵكی كوردستانەوە هەیە.
،،
یەكێتی هیچ كاتێك پۆستی لا گرنگ نەبوە، بەڵكو داخوازییەكانی خەڵك لای ئێمە گرنگ بوو، مەسەلەی خاك، داهات، پێشمەرگە، لەسەروشیانەوە كەركوكی قودسی كوردستان كە بەهیچ شێوەیەك یەكێتی سازشی لەسەر ناكات
و بەشێكی سەرەكی گفتوگۆكانمان بووە لەبەغدا، لەچەند رۆژی رابردوشدا بینرا كە ئامادەبوونی یەكێتی و قورسای یەكێتی لەگفتوگۆكانی بەغدا چۆن بووە، باسی لەوەشكرد: گرنگە هێزە سیاسیەكان بەخۆیاندا بچنەوەو پێكەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و پرۆژەیەكی كوردانە كە لەئاست داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بێت بۆ خولی داهاتووی گفتوگۆكانی بەغدای ئامادە بكەین و دەستكەوتی باشمان بۆ خەڵكی كوردستان هەبێت.