بەهۆی کۆڕەوی گەورەی خەڵکی کوردستانەوە، مشتومڕێکی فراوان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دروستدەبێت و کۆنگرێسمانان، " جۆرج بۆش"ی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا تۆمەتبار دەکەن و ڕەخنەی لێدەگرن بەوەی کە کوردەکانی بۆ ڕاپەڕین دنە داوەو دوای ئەوەش لە هێرش و پەلامارەکانی حکومەتی عێراقی نەیپاراستوون.
لە ڕۆژی ۹ی مانگی نیسانی ساڵی ۱۹۹۱ و چەند ڕۆژی دواتریش لە کۆنگرێسی ئەمەریکا مشتومڕو گفتوگۆی فراوان دەربارەی کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بۆ سنوورەکانی ئێران و تورکیا دروستدەبێت.
ناورۆکی ڕەخنەو گفتوگۆی کۆنگرێسمانان لە کتێبی " کوردو کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنیەکانی ئەمەریکا"دا بڵاوبووەتەوەو " وریا ڕەحمانی" لە ئینگلیزییەوە کردویەتی بەکوردی.
بەپێی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە کۆڕەو لە کتێبەکەدا، کۆنگرێسمان " لیڤین" کە نوێنەری ویلایەتی کالیفۆرنیایە، بڕیارنامەیەک ئامادە دەکات و داواش لەسەرۆککۆماری ئەوکاتەی ئەمەریکا " جۆرج بۆش" دەکات کە دەستبەکاربێت بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی کوردەکانی عێراق بوەستێنێت.
لیڤین لە کۆبوونەوەی ۹ی نیسانی کۆنگرێسی ئەمەیکادا دەڵێت:" سەدان هەزار کورد لە زێدی خۆیان هەڵهاتوون، هەزاران کەس مردون، هەزارای دیکە بەهۆی برسیەتی و نەخۆشی و سەرماو سۆڵەو هێرشی زەمینی و ئاسمانی سەددام حسێنەوە لە مەرگ نزیک بوونەتەوە،
ئەگەر ئەمەریکا دەستەوەستان بوەستێت و کۆپتەرەکانی سەددام نەخاتە خوارەوە کە بەشێوەیەکی دڵڕەقانە هێرشدەکەنە سەر کوردەکان، ئەوا هیچکەس بەزیندووی نامێنێت".
،،
کۆنگرێسمان " کۆستمایر"ڕەخنە لە جۆرج بۆش دەگرێت و پێیدەڵێت، ئەمەریکا کوردەکانی هاندا تا ڕاپەڕین بکەن، بەڵام ئێستا شەرمە بۆ ئەمەریکا کە لەبەرانبەر کوشتنی کوردەکان بەدەستی سەددام بێدەنگە.
بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمەریکا، تایبەت بە کۆڕەوی خەڵکی کوردستان، کۆنگرێسمان " لیهەی" لە کۆنگرێسدا بەمجۆرە باسی کۆڕەو و بارودۆخی کوردە ئاوارە بووەکان دەکات:" کوردو شیعەکان بە هاندانی ئەمەریکاو حکومەتی بۆش ڕاپەڕینیان دژی سەددام کرد، ئەوە ڕاستییەکی تاڵەو ئەوانەی ڕاپەڕینیان کردووە، بەهایەکی یەکجار زۆریان داوە بۆ بوێری و ئازایەتی خۆیان، مانەوە لەژێر دەسەڵاتی سەدام بەواتای کوشتنی زیاترو ئەشکەنجەو برسێتی زیاترە، بۆیە ئەوان جگە لە هەڵهاتن هیچ چارەیەکی دیکەیان نییە، ئەمە یەکێکە لەو کاتە مێژووییانەی بۆ ئەمەریکا بێتە پێشەوەو نیاز پاکی خۆی نیشان بدات".
کۆنگرێسمان لیهەی دەشڵێت:" لەگەردەلولی بیاباندا " مەبەست هێرشی ئەمەریکاو هاوپەیمانانە بۆسەر عێراق کاتێک وڵاتی کوێت ی داگیر کرد" ئێمە ڕۆژانە ملیۆنێک دۆلارمان سەرف دەکرد، با ئێستا پارەی ڕۆژێکی ئەو شاڵاوە تەرخان بکەین بۆ ڕزگارکردنی ئەوکەسانەی کەئەوەندە بوێرییان هەبووە بەرانبەر دەوڵەتەکەیان ڕابوەستن بەو هیوایەی دیکتاتۆرێک بڕوخێنن".
" جۆرج"ی کۆنگرێسمان، لەگەڵ باسکردنی تراژیدیای خەڵکی کوردستان لەکاتی کۆڕەوەکەدا، هاوکات ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ڕێگەی بەسەددام داوە تا کۆمەڵکوژی کوردەکان بکات، ئەو کۆنگرێسمانە وتوویەتی:" سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر عێراق مافێکی تایبەت دەدات بە سەددام تا کۆپتەری جەنگی بەکاربێنێت بۆ کۆمەڵکوژی کوردەکان، ئێمە دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە نەهێڵین ئەو کۆپتەرانە بفڕن، هەموو کەسێک ئاگادارە کە چی مەترسییەک لەپێشە، بەڵام کەس هیچناکات، لەبەر ئەوەی سەرۆککۆماری ئەمەریکا دەترسێ و دەڵێت ئەگەر ئێمە ئەو کۆپتەرە سەربازیانە بخەینە خوارەوە دەکەوینە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە".
جۆرج داواش دەکات کە پێوویستە ئەمەریکا پێش لە فڕینی کۆپتەرە جەنگییەکانی عێراق بگرێت و دەبێت بیری عێراقی بهێنێتەوە کە گوێڕایەڵنەبوون بە بڕیارنامەی ٦٨٨ لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیارێک تەسلیم بە ئەنجومەنی گشتی بکات بۆ هەڵپەساردنی ئەندامێتی عێراق لە ئەنجومەنەکە، یان هەڵوەشانەوەی تەواوەتی ئەندامێتی عێراق لە ئەنجومەنەکە.
ئەو ڕێوشوێنی زۆرتری پێشنییار کردووە بۆ ئەوەی ئەمەریکا وەکو فشار دژی سەددام بەکاری بێنێت:" ئێمە لە ۲۰٪ی هەرێمی زەمینی عێراق و ۱۰۰٪ی هەرێمی هەوایی عێراقمان لەبەردەستایەو دەتوانین ڕێگە لە هەناردەی نەوتی عێراق بگرین و دەتوانین بەتەواوەتی کۆنترۆڵی بکەین، من پێشتر دەنگمدا لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەمەریکا شەڕی عێراق بکات و کوێت ئازاد بکرێت، ئێستا دەنگ دەدەم بەوەی کە سەددام حسێن لەناوببرێت، ئەخلاقی نێونەتەوەیی لە مەترسیدایە، سەرکەوتنی سەددام سەرکەوتنی شەڕە بەسەر ئاشتیدا، سەرکەوتنی بێئەخلاقییە بەسەر ئەخلاقدا".
هەر لەباسکردنی کۆڕەودا، کۆنگرێسمان " جۆرج" لەناوبردنی دەسەڵاتی سەددام حسەینی وەکو چارەسەری بنەڕەتی بۆچارەسەرکردنی کێشەی کەنداو خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە:" زیاتر لە سێ ملیۆن کورد ئاوارەبوون، ژمارەیەکی زۆریان لەبرسانا دەمرن، ژمارەیەکی زۆریشیان لە سەرماو بەهۆی نەخۆشییەوە دەمرن، لەبەرانبەر ئەم هەواڵە پڕئێش و ئازارانە، دەبێت ئەوە بڵێین چارەسەری کۆتایی لە کەنداو کۆتایی نایەت، مەگەر ئەوەی سەددام لەسەر دەسەڵات نەمێنێت".
بەپێی بەڵگەنامەکان، ئەو کۆنگرێسمانە زیاتر دەربارەی بەرپرسیارێتی ئەمەریکا دواوەو وتوویەتی:" ئێمە هەرەسمان بە سوپای سەددام هێناو کوێتمان ئازاد کرد، بەشێک لە عێراقمان داگیرکردو خەڵکی عێراقمان هاندا تا دژی سەددام ڕاپەڕین بکەن، ئایا ئێمە مافی ئەخلاقی ئەوەمان هەیە لەبەرانبەر کومەڵکوژی هەزاران منداڵ و ژن و پیاوی بێگوناهی عێراقی بە دەستی سەددام بێدەنگبین".
کۆنگرێسمانێکیتر بەناوی" ویڵسۆن" وتوویەتی:" بەتاوانی ڕاپەڕینێکی کورتخایەن، خەڵکی کورد لە زێدی خۆیان دەرکراون و بەدەستی هێزەکانی سەددام کوژراون، سەدان هەزار کورد، هەوڵدەدەن لە دەستی جینۆسایدی سەددام هەڵبێن، ئەو ئاوارانەی لەسەر سنووری عێراق کۆبوونەتەوە، خۆراکیان نییە، دەواو دەرمانیان نییەو سەرماو ترس هیلاکی کردوون.
،،
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێشتر کاردانەوەیان نیشان نەدا، کاتێک سەددام حسێن کوردەکانی عێراقی کۆمەڵکوژ کرد".
بە وێنەی کۆنگرێسمانەکانیتر، ویڵسۆن، وڵاتەکەی خۆی خستووەتە ژێر پرسیارەوەو هەم ڕەخنەشی لە حکومەتی ئەمەریکا گرتووەو لە کۆنگرێسدا ڕایگەیاندووە:" ئەمەریکا کوردو شیعەکانی هاندا کە دژی سەددام ڕاپەڕن، سەرۆک بۆش هۆکاری بێدنگبوونی ئەمەریکا بەرانبەر بە کۆمەڵکوژییەکانی سەددام بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە نایەوێت دەستوەردان لەکاروباری عێراقدا بکات، بەڵام ئێمە بەتوندی دەستێوەردانمان کردووە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەشێوازێکی بەرفراوان عێراقی بۆردومان کردووەو سەد هەزار سەربازو هەزاران خەڵکی سیڤیلی کوشتووە، ئێستا هێزەکانی ئەمەریکا ۲۰٪ی خاکی عێراقیان داگیرکردووەو کۆنترۆڵی لە ۱۰۰٪ی هەرێمی هەوایی عێراقیان لەدەستدایە، ئێمە دەتوانین هەموو داهاتە نەوتییەکان و کڕین و فرۆشتنی چەک لە لایەن عێراقەوە کۆنترۆڵ بکەین، ئێمە بەتەواوی تێوەگلاوین، بۆیە هیوادارم ئەمەریکا ڕێ لەم تراژیدیایە بگرێت".
سەبارەت بە هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر کوردستان و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کوردو ڕوودانی کۆڕەوی ملیۆنی، کۆنگرێسمان " کنێدی"و داوای لەبەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە کە هەڵە ئەخلاقییەکە ڕاستبکەنەوەو ڕێگە لە تراژیدیای کوردەکان بگرن، ئەو وتوویەتی:" ئەمەریکا سەرزەنشت دەکرێت بەبۆنەی ئەو نەهامەتییەی کە بەسەر ئەو خەڵکە بێگوناهەدا هاتووە، ئێمە هەنگاومان هەڵگرت بۆ ڕووخاندنی سەددام، بەڵام نەمانتوانی ئەو خەڵکە ئازایە بپارێزین کە دژی سەددام ڕاپەڕینیان کرد، هەڵەیەکی ئەخلاقی ڕوویداوە، ئێستا ئێمە بەرپرسیارین ئەو هەڵەیە ڕاست بکەینەوە.، ئەگەر پێش بەم تراژیدیایە نەگرین، هۆڵۆکۆستێکیتر دووبارە دەبێتەوە، ئەگەر کارنەکەین بۆ سڕینەوەی ئەم ڕیسواییە ئەخلاقییە، خەڵکی سەد ساڵیتر باسی فیلمێکی نوێ دەکەن بەناوی " هەڵپەڕین لەگەڵ کورد"دا.
لە کۆبونەوەی ۱٦ی نیسانی ساڵی ۱۹۹۱، کۆنگرێسمان "مەکوین" لە سەرۆکی ئەنجومەنی پیران دەپرسێت ئەرێ ئەمەریکا لە کوێیە، ئێمە توانای ئەوەمان هەیە کۆتایی بەم دۆخە بێنین، بەڵام نایکەین، بەریتانیاو فەرەنسا هاوکاری دەنێرن بۆ کوردەکان و ئەمەریکا دانیشتووەو من نازانم هۆکارەکەی چییە؟ئەگەر بهێڵین سەددام لە هێزی هەوایی کەڵک وەرگرێت ئەوا گوناهبارین.
هەر لە هەمان کۆبوونەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکادا، کۆنگرێسمان" گلیکمان" ڕایگەیاندووە:"
وادیارە کوردەکان بەلای ئەمەریکاوە گرنگ نین، ئێوە دەتوانن بۆ ڕزگارکردنی کوردەکان هەمان بەرپرسیارێتیتان هەبێت کە بۆ ڕزگارکردنی کوێت هەتانبوو".
" دیکۆنسینی" کۆنگرێسمان، بەهۆی کۆڕەوی خەڵکی کوردستانەوە، توندتر دواوەو وتوویەتی:" سەرۆک بۆش خۆی کردووەتە کەڕو کوێرو لاڵ، چاوی ئەوەی نییە ئەو هەزاران ژن و منداڵە ببینێ کە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە هێرشیان کراوەتە سەر، گوێی ئەوەی نییە هاواری کوردەکان ببیستێ، زمانی ئەوەی نییە کە وەڵامی ئەو پرسیارەی جیهان بداتەوە کە بۆچی وەڵامی دەستدرێژییەکانی سەددام ناداتەوە"