خودایە لەم ڕەمەزانەدا داواکارم ئەم دوعایانەم قبوڵ بکەیت!

2022-04-02

محمد خۆشناو


هەموو ئایینە ئاسمانیەکان ڕۆژوویان هەیە و پێڕەوانی بەڕۆژوو دەبن ، ئاژەڵەکانیش بەڕۆژوو دەبن ، هەموو ئاینەکان بەڕێزەوە سەیری ڕۆژوو دەکەن ، لەکن موسڵمانەکان مانگی ڕەمەزان مانگێکی پیرۆزە ، خوایە داواتلێدەکەم لەم مانگەدا ئەم نزایانەم قبوڵ بکەیت.


-خوایە دڵی سەرکردەکانمان نەرم بکەیت و ئاشتەوایی لەنێوانیاندا بەرقەرار بکەیت و ، وایانلێبکەیت واز لەبەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و کەسی دوور بکەونەوە و بێنەوە باوەشی میللەتەکەیان و متمانە بەدەست بهێننەوە و واز لە تووڕەیی بێن و بە لێبوورەدیی باوەش بەیەکتری بکەن و ، ئازایەتی ئەوەیان بدێ کە دان بەهەڵەکانیان بنێن و پەند لە ڕابردوو وەرگرن و ، فێرمان بکە بەخۆمان و هەڵویستەکانماندا بچینەوە و داوای جۆرێک لە نێبوونەوە بکەین و لەژێر چەترێکدا کۆمانبکەیتەوە و پشت بەخۆمان ببەستین و ڕقوکینە تووڕ هەڵدەین.


-خوایە ڕاویژکار و دەورەوبەری بەرپرسان والێبکەیت نەبنە مایەی شاردنەوەی ڕاستی و بۆمبێکی تەوقیتکراو بۆ دۆخەکە و ئابڕووی بەرپرسان و ، وایانلێبکەیت ببنە ڕووناکی لەناو دۆخێکی گشتیدا و لەبەردەم بەرپرسەکانیاندا شاهێدی هەق بدەن و خۆیان دووربخەنەوە لە دووڕویی و ماستاو و پیاهەڵدان بۆیان و، تیشک بخەنەسەر ئەو شوێنە ترسناکیەی کە بەرپرسان مومارەسەی دەکەن و لێی غافڵن و باچاک بزانن کە لە دونیاش بەهەشت و دۆزەخ هەیە ، بەهەشت لەدونیادا بە بەخشینی بەختەوەری و خزمەتکردن و خۆشەویستی فەرشکراوە و ، دۆزەخیش بە ئازاردانی خەڵک و ئاگری تووڕەیی و ڕقوکینە و لووتبەرزی.


-خوایە کلتووری لێبوورەییمان بەهێزبکە کە ئێستا زۆر لاوازە و ڕق ئەستووری زاڵە ، ئەم کلتوورە هۆکارێکی بنچینەییە بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەلگا ، لێبووردەیی خەسڵەتێک نیە لە خەسڵەتی کەسی لاواز ، بەڵکە هی کەسی بەهێزە کە داوای لێبووردن بۆ ئەو هەڵەی لە کارەکەی یا قسەکەی دەکات ، مرۆ بە لێبووردن بەهێز دەبێت نەک تۆڵەسەندنەوە کە تووندوتیژیە ،

،،

خوایە فیری ڕێزگرتن لە مەوعید-مان بکە کە ئەمە ڕیزگرتەنە لە بەنرخترین شت لەژیاندا ئەویش کاتە و ، ڕیزگرتنی خۆتە بەرلەوەی ڕیزگرتنی ئەوەی دیکە بێت و ، توانای دانبەخۆداگرتن لەکاتی هەڵچوونی تووند و ئاگری تووڕییمان کپ بکە.


-خوایە وامالێبکە روحی هەمەڕەنگی و هەمەجۆر و جیاوازی و خۆشەویستی حیوار و هونەری گوێگرتن لە ئەوانی دیکە و دانبەخۆداگرتن بەرانبەر ئەوانی جیاوازن لەگەڵماندا پێببەخشە و خۆشەویستی فرەییمان بدێ و ، وامانلێبکە هەر تەنها یەک ڕێگا نەگرینەبەر و ، جیاوازی لەنێوان ئەزموونی مرۆڤایەتیدا وا لەژیان دەکات بەرەو پێش بچێت ، ئەمە جیاوازیە زیندوێتی دەداتە ژیان.


-خوایە مامۆستاکانمان فێربکە کە روحی جوانی و خۆشەویستی باش کارکردن و زەوقی بەرز و پاک و خاوێنی بڵێنەوە ، فێری چاندنی گوڵ و پاراستنی درەخت و پاریزگاری لە ژینگەی خاوێن و ، نەهێڵانی ئەو حاڵەتی تەمبەڵیەی کە لە ڕەمازاندا دووچاری هەندێک کەس دێت بکە و مانگەکە دەکەنە مانگی بێکاری و پەککەوتنی کارەکان وەک ئەوەی کە ژیان لە ڕەمەزاندا چەقی بەستبێت ، ساختە و چڵێسی و چاوچنۆکی و بێویژدانی ئەو بازرگانانە ڕیسوا بکە کە بەسەر بازاڕدا زاڵن و هەردوو پەتای ئیستیغلاکردن و گرانکردنی کەلوپەل و شمەکیان بڵاوکردۆتەوە و دەستیان خستۆتە خنخنۆکی هاوڵاتی و ، خوایە مامۆستاکانمان والێبکە کە خەڵک فێرکەن ڕێژەی بەکاربردنی خۆراک کەمبکەنەوە و ، سنوورێک بۆ فڕەدانی پاشماوەی خۆراک دابنێن و ، ئەو دێرە شیعرەی چینیەکانیان بیربهێننەوە ، کە لەناو دڵیان لەبەریان کردووە کە دەڵێت:« هەر دنکە برنجێکی چێشت لەدوای ماندووبونێکی قوورسەوە بۆمان دێت» مەبەستی شاعێر دنکە برنجی پێش خواردن نیە ، بەڵکە دوای خواردن کاتێک چارەنووسی دەچێتە نێو تەنەکەی زبڵ.


-خوایە وامانلێبکە هەست بە ماندوبوون و ئازاری ئەوانی دیکە بکەین و ، دڵی دەوڵەمەندەکان ئارام و سۆزدار بکە تا لەو مانگەدا هاوکاری کەمدەرامەت و نەدارەکانی کوردستان بە ئیسلام و مەسیحی و ئێزیدی و ئەوانی دیکە بکەن ، پارە خۆشیەکی کاتیە و دەڕوات و ، ئەوەی دەمێنیتەوە چاکەیە کە بەخیەوەری دەبەخشێت ، ئایین ئامرازە و ئامانج نیە ، ئامانجی باڵا بریتیە لە چاکە و ، ئایین یەکێکە لەو ڕیگایانەی کە دەتبات بۆ چاکە ، با مرۆڤ هەموو تەمەنی لە مزگەوت و کەنیسە و پەرستگا بۆ نوێژ و ڕۆژووکردن بباتەسەر

،،
بەڵام کە مرۆڤێکی چاکەخواز و بەزەیی و هاوچەرخ و زمان شیرین نەبوو ، ئەوە جەدوای خۆچەماندن و سوجدە و برسیبوون و توێنیبوون نابێت.


-خودایە من دەزانم کە ئەو وانەیەی کە پێویستە فێری بیین ئەوەیە کە : باوەڕ کارێکی تایبەتیە لەنێوان مرۆڤ و خوداکەیدا ، بەڵام کارە گشتیەکە بریتیە لە مامڵەی باش لەنێوان خەڵکدا ، مرۆڤی دڵپاک و ، دادپەروەر و ، بێلایەن بریتیە لە جوانترین باڵوێزی باوەڕەکەی.
امين والسلام عليكم و رحمة الله و بركاته