پاراستن عومەری سەید عەلی دەستگیر دەکات

2022-04-05

نیو سەدە لەمەوبەر لە گوندێکی نزیک شارۆچکەی " تەیناڵ"ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، عومەری سەید عەلی، لە لایەن دەزگای پاراستنەوە دەستگیر دەکرێت و دەبرێت بۆ زیندانی سورداش.

ساڵی ۱۹۷۳، ئەو ساڵەی کە دەزگای پاراستن عومەری سەید عەلی دەستگیردەکات، پارتی لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا لە ڕێکەوتنی ۱۱ی ئازاردا بووەو لەوکاتەدا " عەلی عەبدوڵا" پارێزگاری سلێمانی و هەم بەرپرسی لقی چواری پارتیش بووە لە سلێمانی.

بە فەرمانی دەزگای پاراستن کە ئەو دەمە " محەمەد ڕەحیم" کە دواتر بە " خاڵە حاجی" ناسرا، بەرپرسی دەزگاکە بووە لە سلێمانی، چەند کەسێک لە سلێمانییەوە بەرەو شارۆچکەی تەیناڵ بەڕێدەکەون بۆ دەستگیرکردنی عومەری سەید عەلی کە لەوێ مامۆستا بووە.

مستەفا چاوڕەش، کە یەکێکبووە لەوانەی کە لە سلێمانییەوە ڕۆشتوون بۆ شارۆچکەی تەیناڵ بۆ گرتنی عومەری سەید عەلی، لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا چۆنیەتی دەستگیرکردن و هۆکاری دەستگیرکردنەکەی دەگێڕێتەوە.

وەکو خۆی باسیکردووە، ئەوکاتەی کە دەزگای پاراستن فەرمانی دەستگیرکردنی عومەری سەید عەلی دەردەکات، مستەفا چاوڕەش تازە وازی لە حیزبی شیوعی هێنابوو، بووبوویە پارتی.

وەکو خۆی باسیدەکات دوای وازهێنانی لە حیزبی شیوعی دەچێتە لای " فرەنسۆ هەریری"و ئەویش پێشنیاری بۆ دەکات کە سەردانی مەسعود بارزانی بکات، وەکو خۆی دەیگێڕێتەوە لە کوێستانەکانی حاجی هۆمەران مەسعود بارزانی بینیوەو نامەیەکی بۆ نووسیوە بۆ " عەلی عەبدوڵا" کە پارێزگاری سلێمانی بووەو هەم بەرپرسی لقی چواری پارتی و کەسی یەکەمی ئەو حیزبە بووە لە سلێمانی.

،،

مستەفا چاوڕەش وەکو خۆی لە یادەوەرییەکانیدا باسیدەکات مەسعود بارزانی لە نامەکەیدا بۆ عەلی عەبدوڵا پێیووتووە کە مستەفا چاوڕەش ڕەبت بکات بە " محەمەد ڕەحیم"ی بەرپرسی دەزگای پاراستنەوە لە سلێمانی.

مستەفا چاوڕەش دەڵێت:" ڕۆژێکی هەینی لە شەقامی مەولەوی چاوم بە کاک بەکری حاجی فەرەج و بێستوونی مەلا عومەر کەوت، پاش چاکوچۆنی وتیان ئیشمان هەیە، ئەمرمان پێکراوەو دەچین کەسێک دەگرین، من نەمزانی ئەوکەسە کێیە، وتم منیش ئیشم نییەو لەگەڵتان دێم، وتیان نابێت کەس بزانێت".

ئەو لە میانی گێڕانەوەی چیرۆکی دەستگیرکردنی عومەری سەید عەلی لە لایەن دەزگای پاراستنەوە، زۆرتر باسدەکات و دەڵێت، سواری جێبەکەی محەمەد ڕەحیم بووین، ڕۆشتین و لە تەیناڵ تێپەڕین، وتیان دەچین بۆ دێی " هەیاسی"، لەوێ وتیان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، ئیتر ئێمەش گەڕاینەوە، پێش ئەوەی بگەینە " تەیناڵ" چەند کەسێک بە پێ دەڕۆشتن، دیاربوو بەکری حاجی فەرەج و بێستوون دەیانزانی کێیە، کە پێیان گەشتین، بە عومەری سەید عەلییان وت سەرکەوە لەگەڵمان، بردمان بۆ سورداش بۆلای هێزی ڕزگاری.

مستەفا چاوڕەش ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئەوکاتەش و پاش دەستگیرکردنەکەشی ئەو نەیزانیوە عومەری سەید عەلی کێیەو دەشڵێت:" بەکری حاجی فەرەج دەستیکردە ملی و سەرکەوت، چونکە پێیووترابوو نابێ کەس بزانێ، ئێمە گەڕاینەوە بۆ سلێمانی، وتیان بڕۆن بیهێنن بۆ چوارتا، من خۆم لێپرسراوی بنکەی چوارتابووم، گەڕاینەوەو چوینە سورداش، لەوێ لەسجن دانرابوو، هەر ئەو شەوە هێنامان بۆ چوارتا، تا ئەوساتە عومەری سەید عەلیم نەناسیوەو چییەو کێیە، من لەبەر هاوڕێیەتی لەگەڵ بەکری حاجی فەرەج و بێستوونی مەلا عومەر چووم بۆ تەیناڵ".

،،

هەروەک مستەفا چاوڕەش لە یادەوەرییەکانیدا باسیدەکات، عومەری سەید عەلی لەناو زیندانی سوورداشدا وتوویەتی نازانم بۆچی منیان هێناوە بۆ ئێرە، " جەمال قاسم" کە یەکێکبووە لەبەرپرسانی زیندانەکە پێیووتووە بەهۆی مارکسیەتەکەتەوەیە.

مستەفا چاوڕەش دەڵێت:" کە جەمال قاسم وایووت من لام سەیربوو، چونکە پێشتر وتیان خەتەرەو پیاوی حکومەتە، ئیتر کە هاتە دەرەوە من خۆم قسەم لەگەڵدا کردو وتم بۆچی تۆ لەسەر مارکسیەت گیراوی؟ وتی بەڵێ، وتم گوێ مەدەرێ من خۆم هەمووی مانگێک دەبێت لەحیزبێکی مارکسی وازم هێناوە، یانی چی خەڵکی مارکسی بگرم، وتم گوێ مەدەرێ، من براتم لێرە".

ئەو لە یادەروەرییەکانیدا، دەیگێڕێتەوە کە لەزیندان هاوکاری عومەری سەید عەلی کردووەو کتێبی بۆ بردووەو نەیشیهێشتووە ئیش پێبکەن و نامەیەکیشی لێوەرگرتووە بۆ شێخ حامیدی خزمی و بەهۆی ئەو نامەیەشەوە لە زیندان ڕزگاری بووەو ڕەوانەی بارەگای بارزانیان نەکردووە.