بۆ شاسوارعەبدولواحید چەند خاڵێک لەوەڵامى پەیامەکەتدا

2022-04-05

بێستون فایەق


١ . ئەو نوسراوە ئیمزاکراوەى رۆژى بەشدارى کردنتان لە دانیشتنى تەواونەکراوى پارلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار ناچێتە چوارچێوەى رێککەوتنەوەوهەڵگرى هیچ خەسڵەتێکى رێککەوتنى رەسمى نێوان دوو یان چەند لایەنێکى پارلەمانى نیە ، ئەو نوسراوە کە ١٧ خاڵى تێدایەو وەک دەسکەوتێکى گەورە وێناى دەکەن ، بە سەرپێ ى و نارەسمى ئیمزاى کەسانى کەم دەسەڵاتى لایەنى بەرانبەریان خراوەتە سەر، کاتێک ئەتوانرێ بەو جۆرە نوسراوانە بوترێ رێککەوتن کەپابەندى (التزام) ى سیاسى و یاسایی بەرانبەرى تیدا دەستەبەربکرێ، کات و چۆنێتى جێبەجێکردنی دیارى بکرێ و کەسانى یەکەم یان پێگەى سەرەوەى لایەنەکانى رێککەوتەکە ئیمزاى بکەن .


٢ . ئەو نوسراوە جگە لەبیانویەک بۆ بەشداریتان لەو کۆبونەوەى پارلەمان هیچى تر نیە ، ئەگەرنا ئەتوانرا ئەو خاڵانەو خالى تریش لەوەرەقەیەکى رەسمیدا بە موقتەدا سەدر و پێکهێنەرە سەرکیەکانى بەرەى ئینقاز ئیمزا بکرێ ، یان ئیمزاى کەسى ناولێنراو بۆ پێکهێنانى حکومەتى بخرێتە سەر بەمەرجى ئەوەى خاڵەکانى رێکەوتنەکە دواتر بخرێنە نێو کارنامەى کابینەى حکومەتى داهاتوەوە ، یان لانى کەم لە برى چەند پەرلەمانتارێک ئەکرا ئیمزاى سەرۆک و جێگرى سەرۆکى پارلەمان بخەنە سەر نوسراوەکەو پابەندیان بکەن بەجێکردنەوەى ئەو خاڵانە لە پرۆژەى داهاتوى بەڕێوەبردن و حکومڕانى ئەو بەرەیدا کە ئێوە بۆ تەواوکردنى نیسابى دانیشتنەکە چونە پاڵیان .


٣ . بێ ئاگایی و ئەوپەڕى زیادەڕەوی کردنە کە لە عێراقێکدا دستوربە مافەکانى کورد و پێکهاتەکانى ترەوە جێبەجێنەکرێ ، یاساو بڕیارە تەشریعیەکان فەرامۆش بکرێ و رێکەوتنەکانى چەند ساڵەى بەرە جیاواەکان لە تەپوتۆزى شەڕى بەرژەوەندى مەزهەبى و تایفیدا ون بوبن و هیچ کەس پابەندى هیچ نەبێ نوسراوێکى بەردەم دەرگاى هۆڵى دانیشتنەکانى پارلەمان بە ئیمزاى پەلەپەلى چەند کەسێکى کەم دەسەڵاتەوە بە جوانترین هەڵوێستى کوردى دواى ساڵى ٢٠٠٣ ى عێراق دابنێ ى و بە دەسکەوتى گەورە بیفرۆشیتەوە .


٤ . ئەوەشى کە جموجۆڵ و هەڵویست و ئاراستەى کارکردنى سیاسى گومان و پرسیارى لەسەرە بەڕێزتانن بە تایبەت دواى بەشدارى بێ مەرجتان لەو دانیشتەى پارلەماندا ، نەک هەڵویستى ئەو کەسانەى کە پەیامەکەت ئاراستەکردون .
لەگەڵ رێزدا