نهێنی سەركەوتنی نەوەی نوێ ئەم. دێڕەیە نە مەلۆینە نە جەلۆینە

2022-04-06

عەبدولڕەزاق شەریف


ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩/٧/٢٥ و دەرکەوتنی هێزی جەماوەری ب گ، مام جەلالی توشی شۆک کرد، چونکە بۆ خۆی و هاوڕێکانی چاوەڕوان نەکراو بو . بەدوایدا هەمو هەوڵێکی خۆی بۆ راستکردنەوەی بڵانس و گەڕانەوەی هێزی جەماوەریی یەکێتی خستە گەڕ، چەندین کۆڕوکۆبونەوەی لەگەل کەسانی شارەزای کورد و بیانی ئەکرد، هەمو پرسیارەکەشی ئەوەبو کە چۆن یەکێتی لەگەڵ جەماوەرەکەیدا ئاشت بکەینەوە؟
بە دیوێکی تردا چۆن شکست بە ب گ بهێنرێت؟


لە سەردانێکیدا، بۆ ئەمریکا ئەم باسەی لە کۆشکی سپی کردبۆوە، بە روخسەتی سەرۆک ئۆباما داوەتی بەرپرسی تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی سەرۆکی ئەمریکای بۆ شاری سلێمانی کرد، ژنێک کەمتر لە نیوەی تەمەنی تێپەڕیبو، هات و دوای وەرگرتنی داتا و زانیارییەکانی رێکخراوێکی تایبەت، لەسەر راسپاردەی مام جەلال کۆرسێکی وانە وتنەوەی بۆ ئەندامەکانی م س لە هۆڵی کۆبونەوەکان رێکخست، وەک قوتابی سەرەتایی هەموان گوێگر و ئامادەبون، بەندەش بەحوکمی ئیشەکەم ئامادەبوم و کۆنوسی دەرس و گفتوگۆکان لای خۆم پارێزراوە .


- یەکەم رۆژی هەڵمەتی راگەیاندن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا وتارێکی کورتم بۆ سەرۆک ئۆباما ئامادەکرد و زیاتر لە جارێک ئەم دێڕە « سەرۆک بۆش هیچ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا نازانێ و کەسێکی فاشل بوە » م دوبارە کردبۆوە، وتارەکانی رۆژانی دواتریش بەهەمان شێوە ! دوای هەفتەیەک سەرۆک پێی وتم تۆ چیت بەمنکرد ؟ هەفتەیەکە و هەرچی نوخبەی ئەمریکایە لەسەرم ئەنوسن و ئەڵێن ئۆباما لەو قسەیە زیاتر هیچیتر نازانێ ! بۆم رونکردەوە کە تا کۆتایی هەڵمەتەکە ئەبێ ئەو دێڕە بڵێتەوە، هەتا لە هەست و نەستی تەواوی خەڵکی ئەمریکادا، جێگیر ئەبێت ! پێشم وت کە گوێ بەو نوخبەیە نەدات کە یەک لە سەدی دەنگدەرەکانی ئەمریکا نابن .


ئەوە یەکێ لەوانەکانی راوێژکارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بو بۆ چۆنیەتی راکێشانی دەنگەکانی خەڵک لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانا، دروست تەواوی گەلی ئەمریکا تا رۆژانی دوای هەڵبژاردنیش ئەو رستەیەی ئۆبامایان ئەوتەوە و سەرکەوتنیشی بەدەست هێنا، هەر لەو وانەیەدا و مەلا بەختیار لە کۆمێنتێکدا وتی :
ئێمە پێچەوانەی ئێوە هەمو رۆژێک قسە ئەکەین و پێمان عەیبەیە هەر رۆژەی شتێکی تازە نەڵێین .
پێش ئەوەی بیمە سەر باسی پێناس و پەیامەکەی نەوەی نوێ، بۆ هەمو ئەوانەی سەبارەت بە پشتیوانی من بۆ نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید پرسیاریان لا دروست ئەبێت پێویستە بڵێم :
هیچ پەیوەندیەکی ئۆرگانی، رێکخراوەیی و سیاسیم بەو جوڵانەوەیەوە نیە،

،،

چۆن لەناو یەکێتی بوم و بە نوسین و ئەدەبیات پشتیوانی بیر و بەرنامەی نەوشیروان مستەفام بۆ گۆڕانکاری ئەکرد، پێم وابو دواجار مام و کاکە نەوە لەسەر پڕۆژەی گۆڕانکاری رێکدەکەون، ئەوانەشی کوێرانە بەرد ئەگرنە نەوشیروان مستەفا شەرمەزار ئەبن .


بەهەمان شێوە کە لیستی نەوەی نوێ راگەیەندرا، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی ب گ بوم و لە کۆبونەوەیەکدا داوام لە جڤات کرد هەمان هەڵە دوبارە نەکەینەوە، بە پێکهاتن یان بە هاوپەیمانی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید رێکبکەوین، چونکە خۆی موبادەرەیەکی هاوشێوەی بۆ کردبوین .
جڤاتی نیشتیمانی زۆر بەتوندی ئەم بۆچونەی منیان رەتکردەوە، تەنانەت یەکێ لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆم وتی :
- پێم سەیرە بەم ئاخیری تەمەنەوە کاک رەزاق ئەیەوێ بمانکات بە هاوڕێی شاسوار …
- ئەوانە هەمویان هاوڕێی ئێمە بون، بەڵێ من ئەمەوێ بتانکەم بە هاوڕێی دەنگدەرەکانی نەوەی نوێ، شانازیش ئەکەم هاوڕێی ئەوان بم نەک هاوڕێی کوڕەکانی مام جەلال و مەسعود بارزانی کە ئێستا ئێوە کار بۆ ئەوە ئەکەن .
بەم شێوەیە وەڵامی هاوڕێکەی خۆمم دایەوە و کۆنوسی کۆبونەوەکەش ماوە .

ئەو دو حیکایەتەم بە دەرگایەکی گرنگ زانی بۆ چونە ژورەوەی باسەکە …
بە درێژایی مێژوی مرۆڤایەتی زۆرینەی رەهای کەسانی نوخبە لە دەرباری دەسەڵاتدارانا بون، زۆر لە داهێنانە گەورەکانیش لە سایەی دەسەڵاتا بەرهەم هاتون، لە ناو کۆمەڵی کوردەواریشا، بە تایبەت لەم سێ دەیەی حوکمڕانی خۆماڵیا، لە گشت وێستگەکانی نارەزایی دەربڕین و قۆناغەکانی ئۆپزسیۆن بونیشا و هەتا ئێستاش، بەرەی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی زۆرترین کەسانی (حاکم و یاساناس، مامۆستای زانکۆ، نوسەر، ئەدیب، رۆژنامەنوس، دکتۆر و ئەندازیار و شەهادەداریتر …هتد) یان لەگەڵدایە .
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەبێت هەمیشە پەیامەکانی بۆ خەڵک و دەنگدەرەکانی بێت، کاری دەستە جەمعی بۆ پارێزگاریکردنی دەنگەکانیان بکەن، ئەوەش نهێنی یان ئەفسونێکی شاراوە نیە، بەردەوام بون لەسەر شەپۆلەکانی جیاوازیەکان و خەسڵەتەکانی جوڵانەوەکە و خودی سەرۆکەکەی، کەشتیەکە بە کەناری سەرکەوتن ئەگەیەنێت، زۆر گرنگیشە خۆیان و خەڵک ئەم هەقیقەتانە بزانن و پارێزگاری لێ بکەن :

*شاسوار لە دەوڵەمەندی، پارەداری و ژیانێکی خۆشگوزەرانەوە هاتوە و مل لە چەقۆی دەسەڵاتداران ئەسوێ، بەرەنگاریان ئەبێتەوە و دژی ئەو مەنزومە سیاسی و ئابوریەیە کە خۆیشی لە ناویا دەستکەوتگەلێکی مادی گەورەی بەدەستهێناوە، پێچەوانەی گشت کارەکتەر و خێزان و بنەماڵە سیاسیەکانی ئەم سێ دەیەی حوکمڕانی کوردستان کە بە لاتی و شەڕواڵ و کراسێکەوە هاتن و سەدان ئەوەندەی شاسوار و گشت دەوڵەمەنەکانی پێشوی کوردستان سەروەت و سامانیان چنیوەتەوە و جگە لە تفەنگچیەکانی دەرماڵیان هیچ سودێکیان بۆ کەسیتر نەبوە !

،،

ئەو تەنانەت پێچەوانەی سەرمایەدارەکانیتریشە کە دەستیان بە کڵاوی بەرژەوەندیەکانیانەوە گرتوە و بە هەر رێگەیەک بێت لەگەڵ کۆمپانیاکانی حیزب و خێزانە سیاسیە تازە پێگەیشتوەکان خەریک و شەریکن .


* دامەزراوەی نالیا و میدیاکەیان رۆڵێکی گرنگی لە بواری راگەیاندن، ئەدەب، هونەر، پەروەردە و رۆژنامەوانی کورد گێڕاوە، مانەوە، پاراستن و گەشەپێدانی ئەرکێکی نیشتیمانی گەورە و گرانە .
* ماندوبون و بێزاربونی کورد لە هەمو ئەو نەهامەتی و دەردەسەریانەی بە هۆی دوبەرەکی (مەلایی و جەلالی) یەوە، نیو سەدەیە بەرۆکی گرتوە . نەوەی نوێ جیاواز لەوانیتر توانیویەتی تەجاوزی ئەم یان ئەویان بکات و نەبۆتە شەریک