شێخ نەهرۆ كەسنەزانی خەریكی چییە؟

2022-04-07

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی جارێكی دیكە بە ئاشكرا هێرش دەكاتەوە سەر هاوەڵانی پێغەمبەر و دەڵێت " هەموو هاوەڵانی پێغەمبەر موقەدەس نین،تەنها ئەوانەیان نەبێت كە شوێنكەوتەی پێغەمبەر ئیمامی عەلین"
هەروەها دەڵێت" هەر هاوەڵێكی پێغەمبەر بەیعەتی بە عەلی نەدابێت لای ئێمە حسابی بۆ ناكرێت"

هەفتەیەك لەمەوبەر دەنگێكی دزەپێكراوی شێخ نەهرۆ هەرای نایەوە كاتێك ووتی" ئێمە تەنها رێزی عەلی دەگرین،هاوەڵانی دیكە پەیوەندیان بە ئێمە نییە"

هەرچەندە هەفتەی پێشوو شێخ نەهرۆ لەدوای بڵاوبونەوەی قسەكانی جاری یەكەمی ووتی قسەكانم شێوێندراوە

،،

بەڵام ئەم جارەیان بە ئاشكرا و لەبەردەم سەدان لە موریدەكانی بە تۆنێكی بەرزتر و بە ئاشكرا تر ووتی" هەر هاوەڵێكی پێغەمبەر بەیعەتی بەعەلی نەدابێت لای ئێمە ئیعتباری نییە".


وادەردەكەوێت كارەكە لەوە گەورەتربێت ناوی بنرێت قسەكردنی پەنهانی ژوورە داخراوەكان.
بەڵكو پرۆژەیەكی نوێی دینی و سیاسییە كە شێخ نەهرۆ دەیەوێت لەمەودوا بە ئاشكرا بانگەشەی بۆ بكات لەژێر ناوی پرۆسەی راستكردنەوەی عەقیدەی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان.

شێخ نەهرۆ ،دەڵێت ماوەی چەندین ساڵە دوركەوتنەوە هەیە لە عەقیدەی ئیسلامی راستەقینە لە هەرێمی كوردستان تووشی لادان بووە و پێویستە لەسەرمان راستی بكەینەوە و راستیەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكەین.

هەروەها دەڵێت"دەرگامان كراوەیە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت عەقیدەی راستەقینە بزانن

ئاماژەی بەوەشكردووە تەریقەتی قادری كەسنەزانی لە هەناوی كۆمەڵگەی كوردییەوە هەڵقوڵاوە و ئەبێت گەلی كورد پێشەنگ بێت لە راستكردنەوەی ئەو عەقیدەیە"

هەفتەی پێشوو بڵاوبونەوەی قسەكانی شێخ نەهرۆ روبەڕووی كاردنەوەی توندی جەماوەری بووەوە هەڵمەتێكی فراوانی كرایە سەر.
بەڵام قسەكانی ئەم دوایەی شێخ نەهرۆ لە میدیای عەرەبیدا نەبێت لە كوردستان هیچ كاردانەوەیەكی لێنەكەوتەوە،لەكاتێكدا قسەكانی ئەم جارەی توندترن و بە ئاشكراش كراون.


زۆركەس پێیان وایە پڕۆژە نوێیەكەی شێخ نەهرۆ كە بەناوی راستكردنەوەی عەقیدەی ئیسلامیەوە بانگەشەی بۆ دەكات پڕۆژەی بە شیعەكردنی كۆمەڵگەی كوردییە،لەڕێگەی خۆدانە پاڵ ئالوبەیتی پێغەمبەر و تەعزیمكردنیان بەسەر هاوەڵانی دیكەدا.

،،

لەوەڵامی ئەو بانگەشانەدا كەباس لەوەدەكەن شێخ نەهرۆ شیعەگەرایی بڵاودەكاتەوە شێخ نەهرۆ دەڵێت ئێمە سونەی عەلین،وەك چۆن شیعەی عەلی هەیە ئاوا سونەی عەلیش بوونی هەیە.

هەرچەندە زۆرینەی خەڵكی كوردستان سونی مەزهەبی شافعین، بەڵام دەمارگیری مەزهەبی لەناو كورددا زۆر كەم بووە.

هەروەها لەناو كورددا هەرچەند بە خەڵكی سونی مەزهەبی سەرسەخت دەناسرێن بەڵام رێزی زۆریان بۆ ئیمامی عەلی هەبووە و شانبەشانی ناوی عومەر هەزاران عەلی ناویش هەبووە زۆرجاریش هەرماڵێك ناو عومەرێكی هەبوبێت عەلیەكیشی تێدابووە یان بە پێچەوانەوە.

هەرێمی كوردستان بەدەست سەدان كێشەی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت،بەڵام تائێستا كێشەی مەزهەبی لەناو كوردا نەبووە و زۆرینەی خەڵكیش نیگەرانن بە جوڵە و قسەكانی ئەم دوایەی شێخ نەهرۆ و پێیان وایە خەریكە فیتنەیەك لە كوردستان هەڵدەگیرسێنێت كە پێشتربونی نەبووە و كوردستان هەر لەمەی كەمە.