ڕووسیا شکاوە یان ستراتیژی شەڕ دەگۆڕێت؟

2022-04-08

ڕەوا موسا

ئەوکاتەی خەڵکێک دەیاننووسی ئەگەر ڕووسیا هێرش بکات سوپا بەسەر جادەی قیڕدا دەنێرێت و ئۆکرانیا داگیردەکات، ئەوکات من باسی ئەوەم دەکرد وەرزی سەرما و قوڕ و لیتە کاریگەری گەورەی دەبێت و ئاستەنگی درووستدەکات. بەڵام کەسانێک هەبوون گاڵتەیان پێدەهات هەر ئەوکاتە مانگی دوو بوو بەر لەهێرشەکە وتمان ئەو سوپایە وێران دەبێت و قوڕ دەکاتە سەری خۆی کە بەسەر جادەی قیڕدا پێشڕەوی بکات!

ئێستاش خوێنەربن با بەکورتی باسی ئەوەتان بۆ بکەم چی ڕوودەدا. (هەڵە تێنەگەن ناڵێم فەرماندە سەربازیەکانی ڕووسیا نەزانن! ئەوان لەبەرزترین ئاستی ئەکادیمیای سەربازی جیهان خوێندنی سەربازیان تەواوکردووە، بەس لەم جەنگەدا کەوتنە هەڵەیەکی ستراتیژی کوشندەوە. شەرت نییە ڕای هەمووانی لەسەربووبێ بێگومان دەبێت فەرماندە و ڕاوێژکاری سەربازی ڕووسی هەبووبێت ئەم شێوازی هێرشەی پێ هەڵەبووە بەڵام گوێی بۆ نەگیراوە!)...

سوپای ڕووسیا هێزێکی گەورەی لۆجیستی لەناو خاکی ووڵاتەکەیدا هەیە ئەمەش توانای ئەوەی پێدا قەبارەیەکی وەها گەورەی هێز و کەرەستەی سەربازی لە ناوچە دوورەکانی خاکە فراوانەکەی خۆیەوە بگوازێتەوە بۆ ناو بیلاڕووس و سنورەکانی ئۆکرانیا، ئەوەی ئەم توانایەی پێداوە هێزی ئاسنینی ڕووسیایە کە خاوەنی 30 هەزار ئەندام و سەربازە، ئەوان بەرپرسبوون لەبەکارهێنانی ڕێگا ئاسنینەکانی ڕووسیا و بیلاڕووس بۆ گواستنەوەی سەرباز و کەرەستە و ئامێر و بارهەڵگرە گەورەکانی سوپای ڕووسیا لە هەموو قوژبنێکی خاکی وڵاتەوە بۆ یەلنیا و بێرناسک و کۆرسک و گۆمێلی سەر سنوری باکور و باکوری خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا. سەربازەکان لەسەر سنور جێگیرکران و خرانە حاڵەتی هێرشبردنەوە.

پێشتر گووتمان دەزگای هەواڵگری ڕووسیا زانیاری هەڵەی داوەتە فلادمیر پۆتینی سەرۆک دەربارەی وویستی شەڕکردنی ئۆکرانیەکان، دەزگای هەواڵگری ڕووسیا بە پۆتینی ڕاگەیاندبوو کە ژمارەیەکی زۆر لەسەربازانی سوپای ئۆکرانیا شەڕناکەن و دڵیان بەلای ڕووسیادایە و خەڵکی ئۆکرانیاش پێشوازی لە سوپای ڕووسیا دەکات وەکو ڕزگارکەر! چونکە ڕووسیا بە ووڵاتی باوکی ڕەگەزی سلاڤی دادەنرێت ئۆکرانیەکانیش سلاڤن پۆتین بە زانیاری هەڵەی هەواڵگری ووڵاتەکەی کەوتە هەڵەوەوە و وایزانی ئۆکرانیەکان هاوشێوەی سڕبیەکان کە ئەوانیش سلاڤن وڵاتی ڕووسیا بە ووڵاتی باوکی خۆیان دەزانن! لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە 30 ی مانگی سێدا پنتاگۆن ڕایگەیاند بەڵگەیان هەیە فلادمیر پۆتین زانیاری هەڵەی پێدراوە لەسەر ئۆکرانیا.

هەروەک ئەوەی پێشتر باسمانکرد!. ئەمەش یەکێک بوو لەهۆکارە سەرەکییەکانی ناردنی سوپای پیادەی گیراو(نەک سوپای پیادەی هەمیشەیی!) لەگەڵ چەکی سوک و ئامێر و کەرەستەی سەربازی کۆن کە سوک و ئاسانن بۆ جوڵە و بەکارهێنان لەچاو ئامێر و کەرەستە نوێیەکان کە ئاڵۆز و قورسن بۆ سوپای پیادەی گیراو (کە ئەزموونی باشیان نییە لەبەکارهێنانی چەکە مۆدێرنەکان و شەڕکردندا!) ئەمەش چونکە پۆتین و فەرماندە سەربازییەکان پێیان وابوو ئۆکرانیا بەرگری ئەوتۆ ناکەن بۆیە چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد بەخێرایی بگەنە سەنتەری شارەکان و جەنگەکە کۆتایی پێبێت، بۆ ئەم مەبەستەش کە ئۆکرانیا وڵاتێکی فراوان و گەورەیە پێویستیان بە هێزێکی خێرا دەبێت بۆ جوڵان بەمەش هێزی پیادەی گیراو بە چەکە سوک و کۆنەکانەوە باشترین هێزن بۆ جوڵانی خێرا بۆناو شارەکان و گەیشتن بە خاڵ و گوند و شارۆچکە دوورەکانی ئۆکرانیا کە لەناو خاکێکی فراوانی زیاد لە 600 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەدا بڵاوبوونەتەوە.

سوپای زەمینی گەیشتنە سنورەکانی باکوری ئۆکرانیا لەبیلاڕووسیاوە، ڕووسیا لە یەکەم شەوی ڕاگەیاندنی جەنگدا نزیکەی سەد موشەکی ئاراستەی پێگە سەربازییەکانی ئۆکرانیا کرد لەکاتێکدا سوپای کەشتیگەلی دەریایی ئەمریکا لەیەکەم شەوی ئۆپراسیۆنی ڕزگاری عێراقدا زیاد 320 موشەکی ئاراستەی پێگە سەربازییەکانی سوپای عێراق کرد! ئەمەش هەم شکستی دەزگای هەواڵگری ڕووسیا دەردەخات لەدیاریکردنی پێگەکانی ئۆکرانیا و هەمیش ئەوە دەردەخات ڕووسیا هێزی ئۆکرانیایان بەکەمزانی و بەتەواوی پێیان وابوو پێویستیان بە هێرشی موشەکی و ئاسمانی چڕ و پڕ نییە بۆلەناوبردنی سوپای ئۆکرانیەکان بە چەپۆکێکی زەمینی ڕادەماڵدرێن! ستراتیژی سەربازیی گرێی ڤێتنامیان پشت گوێ خست کە ئەم ستراتیژە بریتییە لە هێرشی موشەکی و ئاسمانی چڕ و توند بۆ سەر ووڵاتی دوژمن بەر لەدابەزاندنی هێزی زەمینی، بەبێ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە لەهەر ئەگەرێکی بەرگریکردنی بەرامبەر سوپای زەمینی وڵاتەکەت دەکەوێتە جەنگێکی درێژخایەن و تاقەتپڕوکێنەوە و هێزە لۆجیستیەکەی لەدەستدەدات.


ڕووسیا ستراتیژی گرێی ڤێتنامی فەرامۆش کرد، پێی وابوو بە چەپۆکێکی زەمینی دەتوانێت تەواوی هێزەکانی ئۆکرانیا ڕابماڵێت!

،،
لەدوای ئەو هێرشە موشەکیانەی ئەمجامیدا کە بێگومان هێرشێکی چڕ و خەست نەبوو، دەبوایە بەر لەناردنی هێزی زەمینی لەشکرکێشییەکی گەورەی ئاسمانی لەجۆری ئۆپەراسیۆنی sead و dead ئەنجامدابا.

هێرشی ئاسمانی sead بۆ دۆزینەوە و وەستاندن و جامکردنی سیستەمە بەرگری و ڕادارییەکانی ووڵاتی دوژمنە کە ئەمریکا فڕۆکەی f-16cj تایبەت بۆ ئەم جۆرە ئۆپراسیۆنانە درووستکردووە، ڕۆڵی گەورە ئەو موشەکانە دەیگێڕن کە لێی دەبەسترێت نەک خودی فڕۆکەکە و بەگرووپی موشەکی دژە تیشکدانەوەکان ناسراون "ARMs"، تایبەت بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی سیستەمە ڕادارییە کارۆموگناتیسیەکان و دەزگا تەکنۆلۆژیەکانی جامکردنی سیستەمی ڕاداری و سیگناڵی موشەک و فڕۆکەکان درووستکراون، هێرشی ئاسمانی dead زۆر جار لەگەڵ هێرشی seadدا پێکەوە ئەنجامدەدرێت کە هاوشانی ئەو فڕۆکانەی موشەکی دژە ڕاداریان لێبەستراوە کۆمەڵێک فڕۆکەی بۆمبەر و شەڕکەر لەگەڵیان هەڵدەستن و گەشتی ئاسمانی دەکەن تا لەوای دیاریکردنی هەر سیستەمێکی بەرگری ڕاستەوخۆ بە موشەکێکی وێرانکەر هێرشی بکەنەسەر و لەناوی بەرن.

بەڵام ڕووسیا هیچ هێرشێکی کاریگەری لەم شێوەی ئەنجامنەدا و لەجیاتی ئەوە هێرشی سەرتاسەری زەمینی دەستپێکرد! ئەمەش دەکرێت دەرخەری کەم ئەزموونی هێزی ئاسمانی ڕووسیابێت کە توانای ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەرتاسەری و ئاڵۆزی وەک sead و deadیان نەبێت. لەیەکێک لەڤیدیۆکاندا بینیم فڕۆکەیەکی سۆخۆ-35ی ڕووسی لەفڕۆکەخانەیەکی سەربازیدا دەنیشتەوە لەکاتێکدا هێشتا یەکێک لەو دوو مووشەکە KH-31ی پێوەمابوو کە تایبەت بۆ ئۆپراسیۆنی sead بەکاردەهێندرێت واتا فڕۆکەوانەکە فڕینی خۆی بەسەر ئاسمانی ئۆکرانیادا تەواوکردووە هێشتا موشەکەکەشی نەهاویشتووە.

بەهۆی دۆخی ئابوری و کەمی بودجەی تەرخانکراوی سەربازی ڕووسیا فڕۆکەوانەکانی هێزی ئاسمانی ناتوانن ساڵانە بەپێی پێویست مەشق و ڕاهێنانی چڕ و ئاڵۆز ئەنجامبدەن، بەشێوەیەک هەر فڕۆکەوانێکی ناتۆ ساڵانە نزیکەی 200 کاتژمێر مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆر پێدەکرێت لەسەر فڕۆکەکەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن و هێرش و تاکتیکە جیاوازەکانی ئاسمان، بەڵام لەبەرامبەردا بەهۆی کەمی خەرجیەوە فڕۆکەوانەکانی ڕووسیا ساڵانە تەنها 60 بۆ 100 کاتژمێر مەشقی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن! کەچی لەولاوە ئەمریکا هێزی تایبەتی ئاسمانی هەیە ئەرکیان بەتەنها و تەنها ئەنجامدانی هێرشی seadە لەئاسماندا و ساڵانە فڕۆکەوانەکانی ئەم هێزە 200 کاتژمێر مەشق و ڕاهێنانی ئاسمانی تەنها لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشی sead دەکات!! ئەمەش کاریگەرییەکی گەورە لەسەر گۆڕەپانی واقعی جەنگی ئاسمانی درووستدەکات.

ئەگەرچی کوالێتی ئامێر و چەکەکانت بەرز و بەهێز و نایاب بن بەڵام کە تۆ هێزێکی ڕاهێنراو و لێهاتوو و کارامەت نەبێت بۆ بەکارهێنانیان هەر کەرەستە و چەکێکی زیرەک و نایاب وەکو پارچە ئاسنێکی شکاو دەردەکەون لەمەیدانی شەڕدا! هەتا ئەم ساتە فڕۆکەکانی ڕووسیا لەئاسمانی ئۆکرانیا بە کۆمەڵ و بەیەکەوە دەرنەکەوتوون کە زۆر پێویستە فڕۆکەی شەڕکەر و بۆمبەر و مەڵتیڕوڵ بەیەکەوە و بەکۆمەڵ بەسەر ئاسمانی دوژمندا بفڕن بۆ ئەنجامدانی sead و dead بەڵام فڕۆکەکانی ڕووسیا زۆرجار تاک تاک و جووت جووت دەردەکەون، ئەمەش ئەوە دەردەخات بەهۆی کەمی ئەزموون و مەشق و ڕاهێنانی پێویستەوە هێزی ئاسمانی ڕووسیا توانای ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ئاڵۆزی نەبێت! زائیدەن متمانەبەخۆبوونی تەواوی ڕووسیا بە خۆی و بە کەمزانینی هێزی سوپای ئۆکرانیا هۆکاری سەرەکی پشتی زوو دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بوون بەرلەوەی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانیەکانی ئۆکرانیا پەکبخرێن و ئاسمان کۆنترۆڵبکرێت.

هەموو ئەمانە بەمانای چی دێن؟ بەکورتی و موختەسەری کۆماری فیدڕاڵی ڕووسیا بڕیاری ناردنە پێشەوەی هێزی زەمینی گیراوی سوپاکەیدا بەچەک و کەرەستە و ئامێری سوک و کۆنەوە بۆناو مەیدانێکی فراوانی شەڕ بەبێ پاڵپشتی ئاسمانی!! هەمان گەمژایەتی و هەڵەکەی ئەمریکای دووبارەکردەوە لە جەنگی ڤێتنام!...

سوپای ڕووسیا خاوەنی نزیکەی 900 هەزار سەربازی ئامادە و دوو ملیۆن سەربازی یەدەگە. لەو 900 هەزار سەربازە ئامادەیەی دایمەزراندووە نزیکەی 25% بۆ 33% بریتین لە سەربازی گیراو(ئەو سەربازانەن تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 27 ساڵە و بانگهێشتی خزمەتی سەربازی کراون بەشێوەیەکی کاتی ، جیاوازن لەهێزی هەمیشەیی کە سەربازی فەرمین و بەردەوامن لەخزمەت تا کاتی خانەنشین بوونیان) جگە لە سەربازی گیراو نزیکەی چوارسەد هەزار سەربازی تریان سەربازی گرێبەستن کە بەزۆری بۆماوەی سێ ساڵ خزمەت دەکەن، سەربازی گیراو بەپێی یاسای ڕووسیا دەبێت بۆ ماوەی نۆ مانگ لەژێر مەشق و ڕاهێناندابێت تاوەکو داخلی یەکە سەربازییەکان ببێت و پاشان بۆ ماوەی سێ مانگ خزمەت بکات بەمەش کۆی گشتی خزمەتە سەربازییەکەی دەگاتە یەک ساڵ، ڕووسیا نزیکەی 190 هەزار سەربازی بۆ جەنگی ئۆکرانیا نارد کە هەروەک پێشتر باسمان کردووە زۆرینەی هەرە زۆریان سەربازانی گیراو بوون کە هەندێکیان تەنها چوار مانگ مەشقیان پێکرابوو.

هێرشی زەمینی دەستیپێکرد بەبێ پاڵپشتی ئاسمانی! لە سەرەتادا سەربازەکان بە وورەیەکی بەرزەوە بەرەو سەنگەری ئۆکرانیەکان پێشڕەوییان کرد پێیان گووترابوو بە زووترین کات سەربازە ئۆکرانیەکان لەبەردەمیاندا نامێنن و خۆیان دەدەن بەدەستەوە و لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیتان لێدەکرێت! ئەمەش پەلەکردنێکی گەورە و نائاسایی لەنێوان سەربازەکان درووستکرد بۆ پێشڕەوی و جوڵان بۆ پێشەوە! فەرماندە سەربازیەکانیش لەجیاتی ئەم جوڵانە کۆنتڕۆڵ بکەن و فەوزای لێنەبێتەوە، کەچی زیاتر هانی سەربازە گیراوەکانیاندا بە هەڵدانی ئاڵای یەکێتی سۆڤیەت و قەیسەریەتی ڕووسیا لەلایەن ئەفسەرەکانەوە وەک پەمپی پەرەمێز سەربازە کەم ئەزموونەکانی وەک پڕیشکەی ئاگر بۆ پێشەوە پاڵنا! ئاگریان لە هەست و سۆزی سەربازەکان بەردا بێئاگا لەوەی هەرکەسێک گرەو لەسەر ورەی هێزێکی کەم ئەزموون بکات دەیدۆڕێنێت!


ئەوان زیاتر تەرکیزیان لەسەر بەرزکردنەوەی وورە کردەوە(دەفعکردن) لەجیاتی دامەزراندنی وورەیەکی پۆڵایین، چونکە وورەی بەرز و وورەی پۆڵایین دوو دەستەواژەی لەیەکدی جیاوازن لەجیهانی سەربازیدا، وورە بەرزکردنەوە (دەفعکردن) دەکەوێتە ژێر کاریگەری سۆزداری کاتی دۆخی ژینگەوە لەهەرکاتێکدا شتەکان بەو ئاراستە نەڕۆیشتن کە پێشبینی دەکرا یاخود هەر هەڵەیەکی بچوک ڕیزەکان تێکدەدات و ورە کاتیەکە سفر دەکاتەوە و سەربازەکان تووشی شۆک دەبن زۆر خراپ بەسەر سوپادا دەشكێتەوە.

بەڵام ورەی پۆڵایین زیاتر بۆ هێزێکی ڕێکخراو و مەشقپێکرای توند و تۆڵ و پڕۆفیشناڵ بەکاردەهێندرێت، لێرەدا زیاتر سوپای هەمیشەیی(نەک گیراو و گرێبەست) دەگرێتەوە، کە خاوەنی متمانەیەکی بەهێزترن بە فەرماندەکانی خۆیان و باوەڕیان بەئامانجەکانی جەنگ هەیە و خۆڕاگرن لەکاتی ڕووداوە نەخوازراو و پێشبینینەکراوەکان یەکڕیزی خۆیان لەدەستنادەن و تووشی شۆک نابن.

هێرشە زەمینییەکە زۆر بەخێرایی ئەنجامدرا سەربازەکان بەبێ وەستان بەرەو قوڵایی سەنگەرەکانی دوژمن پێشڕەوییان کرد ئەم جوڵە خێرا و ناڕێکخراوە فەوزایەکی گەورەی لەڕیزەکانی سوپادا درووستکرد، ئەم چوونەپێشە نا ڕێکخراوە لە هێرشی سوپایەکی تەنزیمکراوی دووەمین دەوڵەتی زلهێزی جیهان نەدەچوو! شتێک هەیە لە جیهانی سەربازیدا پێی دەڵێن combined arms واتا کۆکردنەوەی چەک و ئەسڵەحە جیاوازەکان لەیەکتری، لەژێر ڕۆشنایی ئەم بنەمایەدا دەبێت لەکاتی هێرشی سەرتاسەریدا هەریەکە لە هێزە جیاوازەکانئ پیادە و هێزی زرێپۆش و هێزی تانک و فڕۆکە و تۆپخانە و سیستەمە بەرگرییە ئاسمانیەکان بەهاوکاری و ئاگاداری یەکتری جوڵە بکەن نەک سەربەخۆیانە.

ئەم پەلەپرووزێیەی لەناو سەربازە گیراوەکانی ڕووسیا درووستبوو (کە فەرماندە باڵاکانی سوپا لێی بەرپرسیاربوون) وایکرد هێزەکان لەیەکدی جیاببنەوە و ڕیزەکان تێکبچن، بەشێوەیەک لە وێنە و ڤیدیۆکاندا دەردەکەوت چەند تانکێک بەتەنها بەبێ پاسەوانی هێزی پیادە لە زۆنێکدا پێشڕەوی دەکرد و شەڕی دەکرد! لەلایەکی ترەوە چەند سەربازێکی هێزی پیادە دەردەکەون بە ئۆتۆمبێلێکەوە بەجیا ملیان بە ناوچەیەکەوە نابوو! تەنانەت ڤیدیۆی سەمەرەی وامان بینی تەنها یەک زرێپۆش بەتاقی تەنها لەشەقامێکدا بەرەو پێشەوە دەچوو!

،،

ئەو مشەوەشی و سەرلێشێوانە لەپای چی!! هەموو بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک سەربازی کەم ئەزموون دەفعکران!


لەکاتێکدا هێزی بەرگریکاری وا هەیە بەتایبەت ئیش لەسەر ئەوە دەکا هێزە هێرشبەرەکان لەیەک بترازێنێت و دایانبڕێنێت و ڕیزەکانیان تێکبدات تاوەکو ببنە کۆمەڵەی بچوک بچوک و بەئاسانی یەک یەک پەلاماربدرێن و لەناوببرێن کەچی سەربازە ڕووسیەکان خۆیان لێکترازانی خۆیان کردە گەورەترین خەڵات و پێشکەشی دوژمنەکانیان کرد، بەمەش جەنگەکە لە گۆڕەپانی شەڕ و کوشتارەوە گۆڕا بۆ مەیدانی قەسابخانە و ڕاوکردن! سکوادەکانی بەرگریکار دەرچوون بۆ شەڕ وەک ئەوەی بۆ ڕاوکردنێکی ئاسایی بڕۆن! لەهەر ناوچەیەک هێزێکی بچوکی دابڕاویان دەبینی لەهەموو لایەکەوە پەلاماریاندا و تووشی شۆکیان کردن ئەوەی کوژرا کوژرا ئەوەشی مایەوە ناچاریان کردن ڕابکەن لەزۆنی شەڕەکە یاخود خۆیان بەدەستەوە بدەن.


وەک گوتمان دوای تێکچوونی ڕیزەکان بۆ ڕێکخستنەوەی سەربازە پەرش و بڵاوەکان، فەرماندە ڕووسییەکان وویستیان کۆنتڕۆڵ بگرنەوە دەست و بەشێوەی گرووپی بەتالیۆنی تاکتیکی بۆناو گۆڕەپانی شەڕ پێشڕەوی بکەن. گرووپی بەتالیۆنی تاکتیکی شێوەیەکی ڕێکخستنی سوپای زەمینی ڕووسیایە بۆ پێکەوە گرێدانی هێزە زەمینیەکان لەیەکدی لەحاڵەتی هێرشدا، کە هەر بەتالیۆنێک بەشێوەیەکی گشتی لە نزیکەی 10 تانک و 33 زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی شەڕکەری سەربازی و 18 تۆپخانەی جۆراوجۆر و 6 هاوێژەری گەلە موشەکی (ئەوەی ئێمە پێی دەڵێن کاتیۆشا) و دوانزە سەکۆی جوڵاو و بارهەڵگری بەرگری دژە ئاسمانی لەگەڵ کۆمەڵێک یەکەی پیادە بۆ پاسەوانی پێکدێن!

لەئێستادا سوپای زەمینی ڕووسیا 168 گرووپی بەتالیۆنی تاکتیکی هەیە کە بەتایبەت بۆ شەڕی وێرانکەر درووستکراون! ئەم بەتالیۆنە هێزێکی نایاب بە سەربازانی زەمینی دەدا چەپۆکی توند و جەرگبڕ بوەشێنن و هێرشی چڕ و سەختی خێرا ئەنجامبدەن هەم ڕێگا خۆشدەکات سەرجەم کەرەستە و ئامێرە سەربازیەکان بەیەکەوە بەرەو یەک خاڵ و ئامانج بجوڵێن. بۆ ئەوە درووستکراون لە پێدەشت و ناوچەکانی دەرەوەی شاردا لە سەنگەرەکانی دوژمن بدەن و هێزێکی بێ وێنەی وێرانکەر بەکاربهێنن لە لوولەی تانک و کاتیۆشا و تۆپخانەکانەوە سەدان تۆپ و ڕۆکێت و موشەک ئاراستەی بنکە و بارەگا و سەنگەرەکانی دوژمن بکەن و هێزەکانی پیادە و ئۆتۆمبێلە سەربازیەکانیش هاوشانی تانکەکان بەخێرایی بەرەو پێشەو هێرش بکەن و بچنە قوڵایی خاکی دوژمنەوە و لەیەکیان داببڕێنن.

ئەمە شەڕی دەشت و گیا و خۆڵەکانە نەک ڕۆیشتن بەسەر جادەی شار و شارۆچکەکان! ڕووسیا دوای شڵەژانە گەورەکە بەچەند ڕۆژێک لەسەر شێوەی نزیکەی 120 گرووپی بەتالیۆنی تاکتیکی دووبارە هێرشی سەرتاسەری ئەنجامدایەوە، بەڵام دیسانەوە بەهەمان هێزی سەربازانی گیراو و کەرەستە کۆنەکانی! هەڵەکەی ڕووسیا لێرەدا ئەوەبوو لای نەدایە سەر خۆڵ! ئەم وەرزە کە خۆڵی پێدەشتە کراوەکانی ئۆکرانیا بەستبوونی کاتێکی گونجاو بوو تاوەکو هێرشی مەیدانی ئەنجامبدا چونکە هەرگیز ئۆکرانیا توانای شەڕی میحوەری ڕووسیای نەبوو.

ئەم گرووپانەی بەتالیۆنیش بۆ شەڕی گۆڕەپان و مەیدان درووستکراون نەک لێخوڕینیان لەسەر جادەی قیڕ! ڕووسیەکان چاویان لەوەبوو بەزووترین کات جەنگەکە کۆتایی پێبهێنن بۆ گەیشتن بەم مەرامەش باشترین ئامراز پەلاماردانی شارە گەورەکان و ڕووخاندنی حکومەت و فەرماندەیی فەرماندەییەکانە!(وەک لە ڕاپۆرتی "نەخشەی سەربازی جەنگی مۆدێرن"ی سەنتەری ڕۆشنبیری و هۆشیاری پێشمەرگە باسمان کرد سێ ڕۆژ پێش دەسپێکردنی جەنگەکە) هەر لەبەر ئەم پەلەکردنەی سەرکردایەتی ڕووسیاشبوو بەتالیۆنی تاکتیکیان پەلکێشی بێگارییەکی تاقەتپڕوکێن کرد کە بۆی درووستنەکراون، ئەویش پێشڕەوی کردن بوو لەسەر جادەی قیڕ بۆناو سەنتەری شارەکان!

گرووپەکانی بەتالیۆنی تاکتیکی بەسەر جادەکانی ئۆکرانیادا دەستیان بەپێشڕەوی کرد کە جادەی تەسک و تروسکن و پانتاییەکی ئەوتۆیان نییە، بەمەش بینیمان چۆن تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلەکان یەک لەدوای یەک بەڕیز دەرۆیشتن لەکاتێکدا ئەمە شێوازی شەڕکردنیان نییە و دەیانکاتە ئامانجێکی ئاسان لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانیان پێدرابوو هێزە وێرانکەرەکەی خۆیان بەکارنەهێنن بۆ خاتری ئەوەی قوربانی مەدەنی لێ نەکەوێتەوە! ئۆکرانیەکانیش ئەمەیان باش قۆستەوە و ڕووسیا جەنگی گەریلایی و پارتیزانی بە خەڵات پێ بەخشین، هێزەکانیان بردنە لاپاڵی ڕێگای شار و شارۆچکەکان و گوندەکانی سەر ڕێگایان، دەستیان کرد بە دانانی کەمین و لێدانی کاروانە سەربازیەکان بە موشەکی دژە تانکی javelin و NLAW، هەر کاروانێک دەهاتە پێشەوە لەچەند تانک و زرێپۆشێکیان دەدا و دەیانووستاندن و تیمەکانی تانک و زرێپۆشەکانی تری دوای ئەوان کە وەک گووتمان سەربازی کەمئەزموونی گیراوبوون تووشی شۆک دەبوون و ئامێرەکانیان جێدەهێشتن! دەستیان لەشەڕ هەڵدەگرت و بۆدواوە هەڵدەهاتن! سەربازانی پیادەش کە ئەرکیان زیاتر پاسەوانی بوو بۆ هەر بەتالیۆنێک تەنها دوو سەد سەربازیان تەرخانکردبوو ، کەئەمیش ژمارەیەکی زۆر کەمە بۆ پاراستنی کاروانێکی وا گەورە و پڕ لە ئامێر و کەرەستەی جۆراوجۆر.

هەر بەتالیۆنێک کە 79 تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی و تۆپخانە و هەڵگری سیستەمی دژە ئاسمانی تێدابوو لەسەر ڕێگا تەسکەکان درێژبووبوونەوە و لەدوای یەکتری دەڕۆیشتن، دوو سەد سەربازی پیادە توانای پاراستنی چەپ و ڕاستی ئەم کاروانە درێژانەی نەبوو لە هێرشی دژە تانکی ئۆکرانیەکان کە لەناو بینا و خانوو و پشتی دار و کەڤەر و سەنگەری ڕێگاکانەوە دەردەچوون، نەیاندەتوانی باڵەکان بشکێنن و فراوان و پەرت ببن ، سەربازانی ناو تانک و زرێپۆشەکانیش زۆرجار بەرگریان نەدەکرد و هەڵدەهاتن، ئەوە جگە لە بۆردوومان و هێرشی ئاسمانی درۆنەکانی ئۆکرانیا کە تەواو کاروانەکانی هەراسان کردبوو(بەڵام ئێستا ڕووسیا هەڕەشەی درۆنەکان بەتەواوی کەم کردۆتەوە) بەمشێوەیە لە دەرووبەری کیڤ و چیرنیهۆڤ و سوم جادەی قیڕ شکستێکی گەورەی دەرخواردی ڕووسیەکاندا!.


لەناو تانک و زرێپۆشە شکاوەکانی ڕووسیادا جلی تایبەتی سیرینۆمی بەجێمابوون ،کە ئەم جلانە لەکاتی ئاهەنگ و نمایشە سەربازیەکاندا لەبەردەکرێن، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی هەر بەڕاستی ڕووسیەکان چاوەڕێی سەرکەوتنێکی خێرا و بەپەلە بوون لەکیڤ بۆیە جلی ئاهەنگ گێڕانی سەربازیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو تاوەکو نمایشی سەربازی لەسەر شەقامەکان ئەنجامبدەن! ئەمەش چاوی کوێکردن و ئەم هەڵە زەقە گەورەیەی پێکردن کە گرووپەکانی بەتالیۆنی تاکتیکی تایبەت بە شەڕی گۆڕەپان و مەیدان بهێننە سەر جادەی قیڕ و بەکوشتیان بدەن! لەم شەڕانەدا نزیکەی 22 گرووپی بەتالیۆنی تاکتیکی لەناوچوون!...



لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە ڕووسیا هێزە لۆجیستیەکەی لەدەستدا! چۆن؟! سوپای زەمینی ڕووسیا دە لیوای تایبەتی هەیە بۆ زامنکردنی هێزی لۆجیستی کە هەریەکەیان خاوەنی نزیکەی هەزار سەرباز و چوارسەد بارهەڵگر و لۆرین! ئەمانە بۆ ئەوەن هێزەکانی پێشەوەی بەرەکانی جەنگ پڕچەک بکەنەوە لەکاتی شەڕی دەستەویەخەدا، بەڵام چونکە ڕووسیا چاوەڕێی سەرکەوتنێکی خێرای دەکرد(کە ئەمە سەرچاوەی زۆرینەی کێشەکانی سوپای ڕووسیا بوو) ئیدی وایزانی پێویستی بەهێزێکی لۆجیستی مەزن نابێت،لەبەرئەوەی هێزەکانی سوپای زەمینی ڕووسیا دەتوانن بەبێ هاوکاری لۆجیستی و پڕکردنەوەی بەنزین و مەخزەنی چەک و پڕکردنەوەی تۆپخانە و سەکۆ موشەکیەکان و ناردنی خواردن و خواردنەوە دەتوانن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەهێرش بەردەوام بن.
بەڵام لەبەر ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە و لە دوو بەشی ڕابردوودا باسمان کردن چەندین سێ ڕۆژ تێپەڕین و ڕووسیا شاری کیڤی نەبینی! ئیدی هێزەکانی زەمینی بەشێوەیەکی کوشندە پێویستیان کەوتەوەسەر هاوکای لۆجیستی کە لەڕووسیاوە بەناو خاکی بیلاڕوسدا بۆیان بنێردرێت لە سوتەمەنی بۆ تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلەکان و فیشەک بۆ چەکەکانی دەستیان و موشەک و تۆپ و ڕۆکێت بۆ تۆپخانە و سەکۆ دژە ئاسمانی و هاوێژەرانی گەلە ڕۆکێتی (کاتیۆشا)کان و خواردن و خواردنەوە بۆ پڕکردنی سکی سەربازەکان.

بەڵام ئەو هاوکاریانە زۆر درەنگ دەکەوتن و جاری واش هەبوو هەرگیز نەدەگەیشتن! چونکە لیواکانی پاڵپشتی تەکنیکی ڕووسیا لۆری و بارهەڵگری پێویستیان نییە و توانای ئەوەیان نییە سوپاکەیان لە دووری زیاتر لە 120 کیلۆمەترەوە پڕچەک بکەنەوە! لەو حاڵەتی شەڕە سەختەدا دەبێت هەر لۆرییەک ڕۆژانە سێ بۆ پێنج گەشت ئەنجامبدات لەکاتێکدا لەم دوورییە زۆرەدا تەنها توانای دوو گەشتی هەیە ئەویش ئەگەر بەسەلامەتی لێی دەربچێت! سوپای ڕووسیا لە کیڤ بەتەواوی لە خاکی ڕووسیا دوورکەوتبۆوە و لەبیلاڕووسەوە داخلی ئۆکرانیا بووبوو، بەشێکی زۆری لۆری و بارهەڵگرەکانیش بۆ خزمەتی تۆپخانەکان بەکاردەهاتن نەوەک هێنانی سوتەمەنی و خواردن بۆ سەربازەکانی تیمی تانک و زرێپۆشەکان، تۆپخانەکان حوتی لۆجیستین و پێویستیان بە لۆری و بارهەڵگری زۆرە تاوەکو پڕدەکرێنەوە و ئامادەدەکرێنەوە بۆ جەولەیەکی تری بۆردوومانکردن بەشی هێزەکانی تر دەخوات.

لەهەمووشی خراپتر بەشێک لەهێزە ئۆکرانیەکان لەکاتی پێشڕەوی ڕووسیەکاندا خۆیان حەشاردابوو ڕێگەیان دابوو بەسەریاندا تێپەڕن تاوەکو دووبارە لەپشتەوە هەستنەوە لە کاروانی هاوکارە لۆجیستیەکانی سوپای ڕووسیا بدەن!(ئەمەشمان پێشتر لەهەمان ڕاپۆرتی پێش جەنگەکە باسکردبوو چاوەڕێی ڕوودانیمان کردبوو)، بەو هەزاران موشەکە دژە تانکەی لەلایەن ناتۆوە پێیان درابوو لەگەڵ ئەو هەزاران مۆلۆتۆڤەی خۆیان دروستیانکردبوو توانیان لەهێڵەکانی پشتەوە نزیکەی 500 لۆری و بارهەڵگری لۆجیستی ڕووسیا بسوتێنن و لەناوی بەرن کە قەبارەکەی زیاترە لە لیوایەکی تەواو لەناو دە لیواکەی پاڵپشتی لۆجیستی ڕووسیا!
لەئەنجامی ئەمەشدا بینیمان چۆن دەیان تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبیل لەبێ سوتەمەنیدا جێهێڵدران و سەربازەکانی ڕووسیا بێ فیشەک کەوتن و لەبرساشدا پەلاماری مارکێتی گوند و شارۆچکەکانیان دەدا! بۆیە فەرماندەکانی ڕووسیا هیچ چارەکیان بۆ نەمایەوە جگە لە پاشەکشەیەکی سەرتاسەری لەبەرەی باکور کە باش دەیانزانی هیچ بنجێکی لێ شین نابێت و هەتا درێژتر بێتەوە زیاتر ئابڕووی ڕووسیا دەشکێت!