گۆبلزە نوێیەکان

2022-04-09

محمد خۆشناو


گۆبلز وەزیری ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندەی نازی هیتلەر بە بیردۆزە بەناوبەنگەکەیەوە ناسراوە کە دەڵێت : «درۆبکە و درۆبکە هەتا خۆت بڕوا دەکەیت و خەڵکیش پێت بڕوادەکەن» ناوبراو لەسەروبەندی جەنگی دووەمی جیهاندا توانی کار لەسەر شوشتنەوەی مێشکی ئەڵمانەکان بکات و ، هەموو ڕاگەیاندنی تەرخانکرد بۆ یەک ئامانج خزمەتکردنی ڕابەر ، گۆبلز هەرتەنها وەزیری ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندە و سینەما نەبوو ، بەلکە وەزیفە ڕاستەقینەکەی سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی هۆشیاری ئەڵمانەکان بوو بۆ ئەوەی هیتلەر ببێتە تاکە ڕابەر کە دەتوانێت نەبەردیەکانی ئاڵمانیا بەدیبێنێت ، بەکردیی توانی ئەم وێنەیە لە مێشکی ئەلمانەکان بچەسپێنێت و ، هیتلەر وکو پاڵاوانێکی ئەفسانەیی لێهات و ، نزیک بووەوە لە بیری پیرۆز« موقەدەس».

پسپۆرانی ڕاگەیاندن پێیان وایە کە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی زانیاری درۆ وادەکات کە زیاتر قابیلی باوەڕکردن بێت

،،

ئەمە ئەوە دەردەخات کە چەتەکانی ئەمڕۆی ئەنتەرنێت ئامرازی سەرلێشێواندن و گەمەکردن بە مێشکی مرۆڤ و درۆی جێی باوەڕی وا سەرسوڕهێنەریان لەدەست دایە کە ئەگەر گۆبلز زیندووبا بە هەردوو دەستی لەچۆکی خۆی دەدا!!

بۆ نموونە ئێستا جەنگێکی گەورە لەنێوان ڕوسیا و ئۆکرینا لەئارادایە ، ئەوەی لەو جەنگەدا بۆتە قوربانی ڕاستیە ، خۆرئاوا بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا باڵادەستە بەسەر میدیا و نیومیدیا و سۆشیالمیدیا واتە هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆ و ژمارە ، واسەریان لەخەڵک شیواندووە کە بەتەواوی کەس نازانێت چی لەوێ دەگوزەرێت!« پۆتین» بۆتە شەیتان «بایدن» بۆتە فریشتە «زیلینسکی»ی گەمژەی سیاسیش کە وڵاتەکەی وێرانکرد و گەلەکەی دەربەدەر کرد بۆتە پاڵەوان.


بەڵام کوا ڕاستی!؟
درۆ و پڕوپاگەندەی ڕەش سیحرێکی وایان هەیە کە خۆش و بەتامترە لە ڕاستی ، وەک ئەوەی ئەگەر باینجان لەناو ڕۆن سوور کەیتەوە خۆشترە لە باینجان بەکوڵاوی ، بڕواکردن بەدرۆ یان دیاردەی پاش ڕاستی« ما بعد الحقيقة» کە کاریگەری هەواڵ و زانیاری وورد لە پاشەکشەدا دەبێت و ، ڕاستیە بابەتیەکان بایەخێکی ئەوتۆیان نابێت ، کە ئامرازەکانی سۆشیالمیدیا سەرچاوەکانیەتی ، لەوانە مەیخانەکانی فیس بوک و کۆمیدیاکانی توییەر دەبنە ئامرازەکانی سەرلێشێواندن و درۆ کە بەجۆرێک جیهانی بەرەو درۆیەکی وابردووە کە زۆر قورسە باوەڕ نەکەیت.


تەدمیکردنی کەسایەتی مرۆڤ جۆرێکە لە پڕوپاگەندەی ڕەش کە گۆبلز دایمەزراندووە و ، نەوەکانی ئێستا بە شێوازێکی هاوچەرخ و مۆدێرن درێژەی پێدەدەن ئەویش تیرۆرکردنی مەعنەویە ، کە کەسەکە لە سۆشیالمیدیا بەدەنگ و وێنە و هەواڵ لەلایەن کەسێکی نەخۆشەوە لەڕێگەی تویتی درۆ و وێنەی دروستکراو و هەڵبەستراو بڵاودەکرێتەوە و کەسەکە تیرۆر دەکەن یان ئابڕوی کەسە بەوە دەبەن کە ئەمە موڵکەکانی ناوبراوە لە دەرەوە بای سەدان ملیۆن دۆلارە ، یان دەچن وێنەیەکی هەڵبەستراوی کەسەکە لەگەڵ ژنێک بڵاودەکەنەوە و دەیان سەخافاتی دیکە و، هەر لەوێ ترسناکترین ڤایرۆسی کۆمەڵایەتی لە قووڵکردنەوەی ڕقوکینە و دابەشکردنی کۆمەڵگە و شاردنەوەی هەڵە و شکستی بەرپرسان و تاوانبارکردنی یەکتر… هتد بڵاودەکرێنەوە ، ئەمانە لەلایەن ماشینەیەک لە هەلپەرست و دووڕو و ماستاوچی نێو دەسەڵات و خیزان و کۆمەڵگە بەڕێوەدەبردرێن ، کە بەداخەوە توانیویانە کەریگەریەکی خەراپ بخەنە ناو کۆمەلگە ، کە وامالێبێت بڵێین : کورد دوژمنی هاوبەش یەکینەخستوون یان هەتا هیوای هاوبەشیش یەکینەخستوونە ، بەلکە کێشەکانیان بۆتە جێی گاڵتە و تەماشاکردنی هەمووان.


«ئەمبرتۆ ئیکۆ»فەیلەسوف و ڕۆمانووسی بەناوبانگی ئیتالیا زۆر بەباشی هەقیقەتی ئەوانەی ناسیووە و دەڵێت : بەکارهێنەرانی تویتەر و فیس بوک ڕێگەی بە قسەکردنی لەشکرێک گیل و نەفام داوە ، ئەوانەی تەنها لە چایخانە و مەیخانەکاندا دوای خواردنەوەی چەند بەرداخێکی یەک لەدوای یەکی مەی قسەدەکەن و ، پێشتر یەکسەر بێدەنگ دەکران ، بەڵام ئێستا مافی قسەکردنیان هەیە وەک ئەوانەی خەڵاتی نۆبڵ-یان وەرگرتووە…ئەمە هێرشی گەمژەکانە.

،،

سۆشیالمیدیا بۆ ئەوەیە کە بەشداریەکی چالاک لە پەرەپێدانی زانیاری و مەعریفە و خەلقکردنی حالەتی پەیوەندی چڕ و ڕاستەوخۆدا هەبێت ، بەڵام لە واقیعدا بۆتە سەرئێشە بۆ زۆربەی وڵاتان و ، لەکن ئێمەش بۆتە مایەی لێکترازان و خۆلەبۆسەدانان و چاودێریکردن و سەرلەدوونان و هەراوهۆریای قسەکردن.


دەشێت ڕاگەیاندن بە هەموو ئامرازەکانیەوە داوای چاکە و خێر بکات و ، هەروەها دەشێت داوای تێکدان و جەنگ بکات ، ڕاگەیاندن بەهەموو جۆرەکانیەوە ئەوەیە کە ویژدانی گەلان پێکدەهێنێت و ، ئێستاش لەگەڵ پێشکەوتنی شۆڕشی تەکنۆلۆجیادا ئەرک و ڕۆلی خۆی لە دروستکردنی هۆشیاری و ویژدانی خەڵک دەبینێت و تا ئێستاش ڕاگەیاندن ڕۆلی گۆبلز لە ئەڵمانیای نازیدا دەبینێت.