کەمتر لە مانگێک بەسەر ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱دا تێپەڕیبوو، حکومەتی عێراقی هێرشی کردەوە سەر کوردستان و گەڕایەوە ئەو شوێنانەی کە لە ڕاپەڕینەکەدا لێی وەدەرنرابوو.
بەهۆی ئەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکان نەیانتوانی ڕووبەڕوویان ببنەوە، سوپای عێراق بەخێرایی ناوچەکانی دەگرتەوەو هاتنەوەی سوپای عێراقیش بۆ کوردستان، کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە.
هێزەکانی سوپای عێراق لە ٤ی نیسانی ساڵی ۱۹۹۱دا شاری هەولێریان داگیرکردەوەو هێزەکانی " بەرەی کوردستانی" کە پێکهاتەی حەوت حیزبی کوردستانی بوون، بەرەو پیرمام پاشەکشەیان کردو چەند ڕۆژ دواتریش هێزەکانی سوپای عێراق پیرمامیشیان گرت.
لە ۷ی نیسان و ۱۱ی نیسانی ساڵی ١٩٩١دا، لە دەربەندی " کۆڕێ"، پێشمەرگەکانی هێزە کوردییەکان ڕووبەڕووی سوپای عێراق بوونەوەو تێکیان شکاندو ئەو شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەیە کە ۱۱ پێشمەرگەی تێدا شەهید بوو، ناوی داستانی " کۆڕێ"ی لێنراوە.
پارتی و یەکێتی هەریەکەیان خۆیان بەخاوەنی داستانی کۆڕێ دەزانن و دەڵێن سەروەرییەکانی و سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە لەشەڕەکەدا بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە.
پارتی دەڵێت " داستانی کۆڕێ" بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسعود بارزانی ئەنجامدراوەو ئەو ڕابەرایەتی پێشمەرگەی لەو شەڕەدا کردووە.
لەبەرانبەریشدا، یەکێتی " داستانی کۆڕێ" بە سەروەری خۆی دەزانێت و دەڵێت کۆسرەت ڕەسووڵ سەرپەرشتی داستانەکەی کردووە.
محەمەدی حاجی مەحممود لە لاپەڕە ( ۲۹۹)ی " ڕۆژ ژمێری پێشمەرگەیەک"دا دەڵێت:" لەشەڕی کۆڕێ دا، هێزی پێشمەرگەی سۆسیالست و یەکێتی و پێشمەرگەی پارتیشی لێبوو لەگەڵ دکتۆر سەعید ناوێکدا، هەمووی هەڵهاتبوون".
محەمەدی حاجی مەحمود، باسی بێزاری مەسعود بارزانی دەکات و دەڵێت:" کاک مەسعود وتبووی حیمایەکانی خۆیشم ڕۆشتوون و نازانم بۆ کوێ چوون، خۆیشی چووبوو بۆ گوندی سارداوی نێوان هاودیان و ڕێگای بارزان ــ مێرگەسوور، لەو گوندە کاک مەسعود زۆر بێزار بوو لە پێشمەرگە بەتایبەتی هی خۆیان کە چۆن هەڵهاتوون و شەڕیان پێنەکراوە"
وەکو محەمەدی حاجی مەحمود باسیدەکات، مەسعود بارزانی هێندە بێزاربووە کە وتوویەتی" خەریکە لە داخی پێشمەرگە جامانەکەم بسووتێنم".