بەرتیل و لۆبیەكانی پارتی بە پارەی خەڵكی كوردستان

2022-04-10

دانا حەمە عەزیز

ڕۆژنامەی دەیلی تێلێگراف ی بریتانی، ماسکی لەسەر دەموچاوی یەكیکی تر لە سیاسیەکانی خۆرئاوا هەڵماڵی، کە ساڵانە دەیان هەزار دۆلار بەرتیل لەپارتی وەردەگرێ بۆ بەرگریکردن لە سیاسەتی سەرکوتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردوستان. پارتی، ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار ئەکاتە بەرتیل و دیاری بۆ بۆ لۆبیکردن لەپێناو بەرگریکردن لە سیاسەتی داپڵۆسین و حەرامکردنی ئازادیی لە کوردوستان.


گاری کێنت، یەکێکە لەو ڕوخسارە ناشیرینانە ی کە بۆ دوو دەیە دەچێت لەسەر پارەی دزراوی خەڵکی کوردوستان ئەلەوەڕێ، ئەرکەکەشی تەنیا بەرگریکردنە لە دەسەڵاتی خێڵەکی دوژمن بە ئازادی ی هەرێمی کوردوستان لەناو پارلەمانی بریتانیا. هاوڕێم کاوە بێسارانی Kawa Besarani ، لە دڵسۆزیی و بۆ پشتیوانیکردن لە پرسی کورد، سالی ٢٠٠٣ " گاری" هێنایە ناو کایەی پەیوەندی بەستن لەگەڵ کورد، بەڵام پارتی وەك سەدان سیاسی دیکەی خۆرئاوایی، بۆ بەرگریکردن لە زوڵم و دزیی، هەر زوو کڕیی.

،،

بۆ بیرهێنانەوە، ١٤ ساڵ لەمەوبەر ڕوبەڕوو بە "گاری" م وت " تۆ ئەشێ بەرژەوەندیت هەبێ لەگەڵ دەسەڵاتدارنی هەرێم، ئەگەرنا بەو حەماسەتەوە بەرگریی لە زوڵم و ناشیرینیەکانیان ناکەیت"، ئەوکات بە گژم دا هاتەوە کە گوایە ئەو دۆستی گەلی کوردە!


گاری، بە بەراورد لەگەڵ هەندێ کەسایەتیی ناشیرین و سیاسیی قێزەونی بەرتیلخۆری تری بیانی، هێشتا زۆر بچوکە، گاری بە ئاشکرا تەنها ساڵانە کەمتر لە دە دەفتەر لە کۆمپانیای "کارگروپ" ی بارزانی وەردەگرێت و دەشێت چەند موڵکێکیشی لە هەولێر هەبێت، بەڵام سیاسی و کۆمپانیا هەیە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار وەردەگرن. ئاخر نەدیم زەهاوی وەزیری خوێندنی بریتانیا کە خۆی بە پارتی و هاوڕێی بارزانی یەکان دەزانێت، خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلارە کە بە ناوی کوردەوە بە بەرتیل و لە سایەی نەوتی کوردوستاندا کۆیکردۆتەوە، ئێستا ئەم وەزیرە کوردەی ناو حکومەتی بریتانیا، دەوڵەمەندترین سیاسەتمەدارە بە درێژایی هەموو مێژووی بریتانیا!