نێچیرڤان بارزانی نایەوێ سەرۆکێکی ماوە بەسەرچوو بێت

2022-04-11

تەنیا کوردی

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەر لەوەی وادەی ھەڵبژاردن دیاری بکات، پەیامی داوەتە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان کە نایەوێ یەک رۆژیش سەرۆکێکی ماوە بەسەرچوو بێت، بۆیە رێک لە تەوقیتی دیاریکراودا مەرسومی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا دەرکرد.

ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی کوردستانە، ئەوەی لەسەر سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت بێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ئەرکەکەیان جێبەجێ کرد،

،،

ئێستا ئەرکی پەرلەمانە بە ئەرکی سەرشانی خۆی ھەڵسێت بابەتی کۆمسیۆن و شێوازی ھەڵبژاردن یەکلا بکاتەوە.

 


لە ماوەی رابردوو ئەو ھێزە سیاسییانەی کە لە ھەڵبژاردن دەترسن، ھێرشێکی ناڕەوایان لە دژی کاک نێچیرڤان دەستپێکرد، کە مەبەستی سەرەکیان ئینتقام بوو لە نێو رای گشتی بەتایبەت کە سەرۆکی ھەرێم ھیچ دەرفەت و کەڵێنێکی نەھێشتەوە بۆ ھێزە سیاسییەکان کە خۆیان لە نێو رای گشتی لە بابەت ھەڵبژاردن بدزنەوە و بابەتی بەغدا تێکەڵ بە بابەتی نێوخۆی ھەرێم بکەن، ئێستا بیانوو بە کۆمسیۆن و شێوازی ھەڵبژاردن لە یەک بازنە یان فرە بازنە دەگیرێت، بۆ ئەم مەبەستەش فراکسیۆنی پارتی بەیانی کرد کە لەگەڵ ھەڵبژاردنن لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا و لەگەڵ یەک بازنەی ھەڵبژاردنن، ھەرخۆی کێشەکە بازنە نییە، بەڵکوو کێشە ترسە لەو بازنەی کە دۆخی ھەندێ حزبی سیاسی لە تەسفیەی حساباتی یەکتردا لە ھەڵبژاردن بەرامبەر یەکتر ھەیانە و دەترسن لەوەی باڵانسی ھێزیان لە نێو رای گشتی بگۆڕێت، ناکرێت لەبەر ترسی حزبێک چارەنووسی ھەرێم لە ڕووی شەرعیەتی دیموکراسی و ھەڵبژاردن بخرێتە مەترسییەوە، ھەر خۆی لە کاتی جەنگ و باری لە ناکاو دەکرێت ھەڵبژاردن دوابخرێت، بۆیە ئەم ھێزەی لە ھەڵبژاردن دەترسێت ئەگەر بۆی نەچوویە سەر ئەوا دەیەوێ بارێکی وا لە نێو رای گشتییدا دروست بکات کە تەوقیتی ھەڵبژاردن گونجاو نییە و دەیانەوێ لە داھاتوو بە چیرۆکی نوێ قورسایی بابەتەکە لە نێو رای گشتی ون بکەن.


ئەوەی لەسەر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ رای گشتی پەیامی راشکاوانەو واجباتە یاساییەکانیان جێبەجێ کرد، ئەوەی لەسەر پەرلەمان و خەڵکیشە پێویستە لەسەر ئەم بابەتە جدیتر بن،

،،

چونکە لە دونیای ئازاد و دیموکراسییدا ئەوەی لە ھەرێم دەخوازرێ بەردەوامییە بە بەھێزکردنی پێگەی دیموکراسی و ھەڵبژاردن و ئەو مۆدێلە حوکمڕانییەی کە لە ھەرێم جێگیربووە لە بابەت ھەڵبژاردنەوە.


یوئێن و وڵاتانی پێشکەوتوو و ئەوانەی کە خۆیان بە دۆستی ھەرێم دەزانن، لەگەڵ رێکخراوە جیھانییەکان گشتی لەگەڵ ئەوەن کە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا لە ھەرێم بەڕێوەبچێت، ناکرێت ترسی حزبێکی سیاسی پێچەوانەی رای گشتی ھەرێم و جیھان بێت، ئەگەر ترسەکەش لە رای گشتی دەشارنەوە فەرموون وەرنە سەر مێزی گفتوگۆ لەبابەت ئەم ترسە دیالۆگێکی کراوە دەکەین و لەوێدا چارەسەری ئەم شلەژانە دەروونییە دەکرێت.