لە هەشت قۆناغی جیاوازی ئەنفالداو لە ماوەی پێنح مانگدا، سوپای عێراق بە دڕندانەترینو ترسناكترین شێوە پرۆسەی جینۆسایدكردنی گەلی كوردی لەناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا ئەنجامداو لە قۆناغی سێیەمی ئەنفالیشدا كە ناوچەكانی گەرمیانی گرتەوە، دڕندایەتی سوپای حیزبی بەعس گەشتە لوتكەو خوێناویترین قۆناغی پرۆسەی جینۆسایدەكە ئەنجام درا.
ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش، كە لە سەردەمی ڕٍژێمی بەعسدا، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردان بوو لە عێراق، لە رێكەوتی ٢٩ی ئازاری ١٩٨٧ بڕیاری ژمارە ١٦٠ی دەركردو بە پێی ئەو بڕیارە پرۆسەی ئەنفال ئەنجامدراو هەر بەپێی نێوەرۆكی بڕیارەكە " عەلی حەسەن مەجید" دەكرێتە ئەمینداری گشتتی بیرۆی باكوری حیزبی بەعسو نوێنەری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش، بۆ سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی ئەنفال.
لە 20- 3- 1988 بە نوسراوی نهێنی ژمارە أ- 13- 177 " عەمید روكن عەلائەدین كازم حەماد، سەركردایەتی گشتی هێزەچەكدارەكانی عێراق، جێگری سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان ئاگادار دەكاتەوە بۆ ئامادەكاری پرۆسەی ئەنفال.
ئەنفالی دۆڵی جافایەتی
لە قۆناغی یەكەمی ئەنفالداو لە بەرەبەیانی 22-2- 1988دا سوپای عێراق، بە نەخشەو پیلانی سەربازی وردو بە سەرپەرشتی، لیوا ڕوكن " سوڵتان هاشم" كە سەركردایەتی فەیلەقەكانی یەكو پێنجو زیاتر لە بیست لیوای سەربازیو چەند لیوایەكی مغاویرو فەوجی قوات خاسەی دەكرد، بە پشتیوانی دیان فڕۆكەی جەنگیو هەزاران جاش، پەلامارو هێرشی سەربازی بۆسەر دۆڵە جافایەتی دەستپێكرد.
لە ئەنفالی یەكدا ڕژێم چەكی كیمیایی بەكارهێناو گوندەكانی " سەرگەڵو، بەرگەڵو، یاخسەمەر، چوخماخ، هەڵەدن، گوێزیلە، چاڵاوە" بەتۆپی دورهاوێژی تێكەڵ بە كیمیایی بۆردومانكرد.
ئەنفالی یەك كە لە 22 شوبات تاكو ۱۹ئاداری ۱۹۸۸ی خایاند، پرۆسەكە بە درێژایی (۸۰)كم لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی دوكانو شارۆچكەی دوكان، لە وێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچكەی ماوەت و چوارتای گرتەوە. ئامانجی ئەم هێرشە لەناوبردن و وێرانكردنی (۲٥-۳۰) گوندی دۆڵی جافایەتی بوو لە سنوری ناوچەكانی " سورداش، دوكان، سەرچنار، قەڵاچوالان، چوارتا".
ئەنفالی قەرەداغ
ڕۆژی 23ی ئازاری1988 سوپای عێراق بەهێزێكی زۆرو بەچەكی قورسەوە، بەسەرپەرشتی لیوا ڕوكن" ئەیاد خەلیل زەكی"و بەهاوكاری دەیان فەوجی جاش، لەچەند قۆڵێكەوە هێرشی سەربازی كردە سەر ناوچەی قەرەداغ.
لە ڕۆژی یەكەمی هێرشەكەدا، كە بە ئەنفالی دوو ناسراوە، گوندی سێوسێنان بەچەكی كیمیایی بۆردومان كراو 61 هاووڵاتی شەهید بوون.
دە ڕۆژ پاش دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفالی قەرەداغ، لە 2ی نیسانی 1988دا، حیزبی بەعس بەلاغی كۆتایی قۆناغی دووەمی ئەنفالی بڵاوكردەوەو سەرجەم گوندەكانی ناوچەی قەرەداغی خاپور كرد.
ئەنفالی دوو، بوویە هۆی ئاوارەبوونی خەڵكی ناوچەكەو بەشێكیان بەرەو سلێمانی ڕایانكرد، ئەمانە زیانیان كەمتبوو، بەڵام ئەو خەڵكەی بەرەو خوارووی گەرمیان ڕایانكرد ژمارەیەكی زۆریان دەستگیركرانو دواتر شوێن بزركران.
لە ئەنفالی قەرەداغدا، ئەو هاوڵاتییانەی كە گیران، یان خۆیان دا بە دەستەوە، بۆ سەربازگەی "قۆرەتوو" گواسترانەوە، كە نزیكەی هەشت هەزار كەس بوون، لە ژنو منداڵو پیرو گەنج، پاشان گواسترانەوە بۆ سەربازگەی "تۆبزاوا" لە نزیك كەركوك . لەوێ گەنجەكان لەوانیتر جیاكرانەوەو بەرەو شوێنی نادیار ڕەوانەكران، خەڵكەكەیتر لە ژنو منداڵو كچی گەنج خرانە زیندانەوە، بەڵام پیرەژنو پیرەمێردەكان بۆ "نوگرەسەلمان" ی بیابانی سەماوە گواسترانەوە، لەوێ ژمارەیەكی یەكجار زۆریان لە برسانو تێنوێتیو بەهۆی نەخۆشییەوە مردن.
ئەنفالی گەرمیان
ئەنفالی ناوچەكانی گەرمیان، كە قۆناغی سێیەمی ئەنفالە، بە ترسناكترینو خوێناویترین قۆناغەكانی پرۆسەی ئەنفال دێتە ئەژمار.
لە بەرەبەیانی 7-4- 1988دا، سوپای عێراق بە سەرپەرشتی عەمید ڕوكن " بارق عەبدوڵا"و بەهێزێكی گەورەو فراوانەوە كە پێكهاتبوون لە فەیلەقەكانی یەكو چەندین لیوای مغاویرو چەندین فەوجی جاشو بە پشتویانی دەیان فڕۆكە لە چەند لایەكەوە پەلاماری ناوچەكانی " دوزخورماتو، چەمچەماڵ، قادر كەرەم، سەنگاو، نەوجول، لەیلان، كفری، كەلار، سەرقەڵا، جەبارە، باوەنور، تیلەكۆ، دەربەندیخان" دەستیپێكرد.
لە ئەنفالی سێدا، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی گوندەكانی ئەو ناوچانە دەستگیركرانو لە " ملە سورەو لەیلانو قەرەتامورو سەرقەڵای سەنگاو" كۆكرانەوە.
لە ڕۆژی 14ی نیسانی 1988دا لە گوندی ملە سورە، زیاتر لە 20 هەزار كەس لە ژنو پیاو و منداڵ بەرەو ناوچەی قۆرەتوو برانو بێسەرو شوێنكران، هەر لەبەر ئەمەشە كە ڕۆژی 14ی 4 كراوەتە ساڵیادی كارەساتی ئەنفال.
ئەنفالی ناوچەی كەركوكو كۆیە
ڕۆژێك بەر لە دەستپێكردی پەلاماری قۆناغی چواری ئەنفال، حكومەتی بەعس بۆ ترساندنی خەڵكی گوندەكانی ناوچەكە، چەكی كیمیایی بەكار هێنا.
لە ڕۆژی 3- 5- 1988دا، حكومەتی بەعس گوندەكانی " گۆپتەپەو عەسكەر"ی بە چەكی كیمیایی بۆردومانكرد، قوربانیانی ئەم گوندانە بە نزیكەیی "۳۰۰" كەس دەخەمڵێنرێن.
بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتوای گوندەكانی گۆپتەپەو عەسكەرو حەیدەربەگ، ڕژێمی بەعس، ئاوی بەنداوی دوكانی بەردایەوە، تاوەكو خەڵكی ناتوانن لە زێیەكە بپەڕنەوەو ڕزگار ببن
لە ڕۆژی 4- 5- 1988دا، سوپای عێراق بە پشتیوانی دەیان فەوجی جاش، لەچەندین قۆڵەوە هێرشی كردە سە ناوچەكانی " شوان، شێخ بزێنی، قەڵاسێوكە، خاڵخاڵان، دەشتی كۆیە، تەقتەق، خەلەكانو چەمی ڕێزان".
ئەنفالی ناوچەكانی پارێزگای هەولێر
لە ڕۆژی 24- 5- 1988، سوپای عێراق بە سێ قۆناغی یەك لە دوای یەك، پەلاماری ناوچەكانی سەر بە پارێزگای هەولێری دا.
لە قۆناغەكانی پێنجەمو شەشەمو حەوتەمی ئەنفالدا، ڕژێمی بەعس بەهاوكاریو چاوساخی دەیان فەوجی جاش، هێرشی سەبازی كردە سەر ناوچەكانی " هەولێر، شەقلاوە، ڕەواندز، چۆمان، كۆیە، دێگەڵە، ئاڵتون كۆپری، ڕانیە، چوارقوڕنە، هیزۆپ".
بەهۆی بەرگری هێزی پێشمەرگەوە، ڕژێمی بەعس نەیتوانی لە هێرشو پەلاماری یەكەمدا پیلانەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە قۆناغی شەشو حەوتیشی تێكەڵكرد.
لە سەرەتای هێرشەكەدا كە دوا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو، چەند فڕۆكەیەك كەوتنە كیمیابارانكردنی گوندەكانی "وەرە، نازەنین، كاموسك، سپیندارە، عەلیاوە، سماقولی"و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی ئەو گوندانە.
سەرەتای ئەنفالی شەش لە ۲٦ی تەمووز، بە بۆردومانكردنی ناوچەكانی دۆڵی بالیسانو دۆڵێ مەلەكانو دۆڵی وەرتێو دۆڵی هیرانو سماقولی بە چەكی كیمیاوی دەستی پێكرد.
ئەنفالی ناوچەكانی بادینان
لە ڕۆژی 28ی ئابی 1988دا، ڕژێمی بەعس دوا قۆناغی پرۆسەی ئەنفالی ئەنجامداو بە پاڵپشتی دەین هەزار جاش، پەلاماری گوندو چیاو دۆڵەكانی ناوچەی " زاویتە، ئەتروش، ئامێدی، سەرسەنگ، چیای مەتین، چیای گارەو هەردوو بەری زێی گەورە"ی دا.
سوپای حیزبی بەعس بە چەكی كیمیایی گوندەكانی" بیگۆڤە، كانی ماسی، رووسی، زیوی، بیرجینی، گیزی، میرگیتی، بالوكە، تیلاكرۆ"ی بۆردومان كرد.
ئەنفالی هەشت، پاش وەستانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراقو ئێرانبوو، سوپای عێراق دەستی واڵاتر بوو بۆ ئەنفالكردنی ناچەی بادینان.
ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەكانی "زاخۆ، ئامێدی، شێخانو ئاكرێ"ی گرتەوە، سەرەتا ناوچەكە لە لایەن سوپای عێراقەوە بە بۆمبی هێشووییو كیمیایی بۆردومان كراو لە 24ی ئابدا گوندی سپینداری قەد پاڵی چیای گارە بە درێژایی 30 كیلۆمەتر بۆردومانكرا.
گوندنشینەكانی ناوچەی بادینان زۆربەیان توانیان خۆیان بگەیەننە سنورەكانی توركیاو ئێرانو بەشێكی تریشیان لەشاخو ئەشكەوتەكاندا خۆیان حەشارداو بەشێكی زۆریشیان دەستگیركرانو پیاوەكان بێسەروشوێنكرانو ژنو منداڵەكانیشیان ئازاد كران.
لە 6ی ئەیلوولی 1988دا، حكومەتی عێراق بەلاغی كۆتایی قۆناغی هەشتەمی پرۆسەی ئەنفالی بڵاوكردەوە.
سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە.
یەك: باشوری كوردستان- ڕووداو و دەستكەوتەكان- نەجم سەنگاوی- چاپی یەكەم 2017.
دوو: ئەنفالی ناوچەی قادر كەرەم- محەمەد قەیتولی- 2014- سلێمانی.
سێ: ئەنفال لە مەنفاكانی ناسیۆنالیزمەوە بۆ كوشتنی زمانو جەستە- حسێن سۆران- 2010- سلێمانی.
چوار: ئەنفال جینۆسایدی گەلی كوردستان- سالار مەحمود- 2013- كەركووك.