ئەو خورمایەی لە کوردستان دەفرۆشرێت مەترسیدارترین جۆرە لە دونیادا ..!

2022-04-16

ــــ خورمای فەیک کامەیە و بۆچی شیلەی شەکر دەکرێت بەسەر خورمادا ؟
ـــ نھێنیەکانی خورمای فەیک لە بازاڕەکاندا ، ئەنجامی پشکنینی تاقیگە چی بوون ،؟
ــ کێ لە پشت ھێنانی خورمای ژەھراویە و بۆچی حکومەت ڕێگری ناکات ؟!


لە مانگی ڕەمەزاندا ئەو خۆراکەی زۆرترین فرۆش و خواستی لەسەرە خورمایە بە ھەموو جۆرەکانیەوە ، چونکە لە بیرو باوەڕی موسڵماندا جگە لە سودەکانی خێر و سەدەقەشە خواردنەکەی ،
بەڵام ئەوەی خەڵک نایزانێت و نھێنیە دیپلۆماتیک ئاشکرای دەکات و مەترسیەکانی بڵاودەکاتەوە .

ھێندێک زانیاری ھاتنە دیپلۆماتیک باسیان لەوە دەکرد کە چەند جۆرێک لەو خورمایەی لە بازاڕەکانی کوردستان دەفرۆشرێت زۆر مەترسیدارن چونکە لە بناغەدا خۆیان خورمای وشک بوەوەو خراپ بون و بە قاچاخ لە ئێرانەوە بەشێوەی ئیتیفاق داخل دەکرێن بێ پشکنین .

ئەو خورمایە لە نێو باخە خورماکانی ئەھواز ئامادە دەکرێن بۆ تەلەف و فڕێدان بەڵام چەند بازرگانێکی کورد بە نرخی زۆر ھەرزان و بەقاچاخی و ئیتیفاق دیوی دووەمی قاچاخ دەیھێننە سلێمانی و ھەولێر و ھەڵەبجە ،
خورماکە وشک و خراپ بوە یان ھێندێکی بەھۆی نەخۆشی دارەکان گەنیوو ترشاون و بۆ چارەسەر کردنی ئەمە و فرۆشتنی بازرگانەکان فێڵێکی گەورە دەکەن کاتێک خورماکە دەبەنە کۆگایەکی گەورە و بە نھێنی شیلەی شەکر و جۆرێک دەرمان کە پێکھاتوە لە تێکەڵ کردنی دوو دەرمان و گیراوە دەکەن بەسەر خورما خراپ بوەکەدا تا سەرنجی کڕیارەکە ڕابکێشێت ،

شیلە شەکرە بەسەردا کراوەکە ڕوی خورماکە جوان و درەوشاوە دەکات و فێڵ لە چاوی کریار دەکات بێ ئاگا لە زیانە مەترسیدارەکانی و لەبەرئەوەی ھیچ جۆرە پشکنینێکیشی بۆ ناکرێت زۆر بەئاسانی بەسەر ڕۆژوەوانان و مزگەوتەکاندا سەرف دەکرێت .
دیپلۆماتیک جێگای سەرنجی بوو لێکۆڵینەوەیەکی وورد بکات لەو خورما تا بگات بەو باوەڕەی ئایا ژیان و تەندروستی ڕۆژوەوانان لە مەترسیدایە یان ئاساییە و گرفتێک نیە ..!!

تیمی دیپلۆماتیک بۆ بنکۆڵ کردن و سەلماندنی دروستی باسەکە چەند جۆرێکی جیاوازی خورمایان برد بۆ دوو تاقیگەی پێشکەوتووی حکومی و چەند ڕۆژێک خورماکەیان لە تاقیگە ھێشتەوە ..

پشکنەر و دکتۆرە پسپۆرەکان شۆک بون کاتێک بینیان ئەنجامی پشکنینەکان شتی سەیر و سەرنج ڕاکێشیان تێدایە بە تایبەت کە ئەنجامی تاقیگە گوتی ٨٢ لەسەدی ئەو خورمایانەی لە بازاڕەکانی باشوری کوردستان دەفرۆشرێن نەک شیاو نین بۆ خواردن بەڵکو مەترسیداریشن و زیانی قورسیان بۆ شەکرە و پەستانی خوێن و زوو قەڵەوبون و گیرانی سەمامەکانی دڵ ھەیە .

لێدوان

بەپێی ئەنجامی تاقیگەیی و گوتەی پسپۆڕان ئەو شیلەیەی دەکرێت بەسەر خورماکەدا کە بۆ خەلەتاندن و ڕەونەقدارکردنە زۆر مەترسیدارە چونکە شیلەی شەکرەکە دوای دوو ڕۆژ مانەوە دەبێتە ژەھرێکی لەسەر خۆی کوشندە جگە لەوەی دەبێتە ناوەندێکی قورسی گەرای ژەھراوی بەکتریاکان و گەدەی خاڵی ڕۆژوەوانیش ھۆکاری خێرای توش بونی چوار نەخۆشیە کە نزیکترینیان گرفتەکانی گەدەو خراپی ھەرس و توش بونە بەشەکرە و تێکچونی خەوو زوو قەلەوبوون .

ھێنان و داخل کردنی خورما بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکالی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە شێوەی سەدا سەد قەدەخەیە بەڵام ھەر بارھەڵگرێک بەشێوەی ئیتیفاق لە ئێرانەوە داخل دەکرێت کە بۆ ھەر بارھەلگرێک ٦٠٠٠$ دەسەندرێت جگە لەوەی ڕێگا نادرێت خورما قاچاخ و خراپ بوەکەش بەھیچ جۆرێک بپشکنرێت .

٢٨ جۆر خورما لە پێنج وڵاتی جیاواز جگە لە خورمای ناوخۆیی عێراق داخڵی کوردستان دەکرێت کە ٧ جۆری عێراقی و ٢١ جۆریشیان ئێرانی و ئیماراتی و سعودی و فەلەستینین و ساڵانەش بەبەھای ١١٠ ملیۆن دۆلار خورما لە کوردستان ساخ دەکرێتەوە و تەنھا لە مانگی ڕەمەزانیشدا بایی ١٢ ملیۆن دۆلار خورما دەفرۆشرێت و لە مەرزەکانی حاجی ھۆمەران و باشماخ و پەروێزخان مانگی ١٧٥ بارھەڵگری خورما بە قاچاخ داخل دەکرێن .

لەو بیست و ھەشت جۆرە خورمایە ھیچ جۆرە خورمایەکیشیان پشکنینی دروستیان بۆ ناکرێت و وەزارەتی کشتوکال و تەندروستیش تا ئێستا خۆیان نەداوە لەم پرسە ھەستیارە چونکە وا دەردەکەوێت کەسانی پلە باڵا و گەورە لە پشت ئەم بازرگانیەوە بن و لەوەیە زیاتریش پەیوەندی بەوەشەوە ھەبێت کە ھەر بارھەڵگرێک بۆ داخل بونی ٦٠٠٠ $ لێ وەردەگیرێت .