ئایا بەڕاستی تۆڵستۆی موسوڵمان بوو بوو؟

2022-04-16

ئەم ڤیدیۆ دۆکیومێنتاریە باس لە نووسەری ناوداری ڕووسی لیۆ تۆلستۆی دەکات کە یەكێك لە گەورەترین نووسەری ڕووسیایە و بە درێژایی مێژوو بە ڕۆمانە گەورەکانی بەناوبانگە، بەناوبانگترینیان ڕۆمانی "جەنگ و ئاشتی" بوو کە لە داستانی ئیلیادە دەچێت. ئەم ڤیدیۆ دۆکیومێنتاریە وەڵامی چەند پرسیارێك لەبارەی تۆڵستۆی دەداتەوە کە گرنگترینیان ڕاستی گۆڕانێتی بۆ ئیسلام.
تۆلستۆی یەكێك لە گەورەترین نوسەرانی مێژووە و خەیاڵیکی فراوانی هەبوە و ئازادیخواز و ئاشتیخواز بووە، خاوەنی ئیلیادەی سەردەمی هاوچەرخە، عاشقی چیرۆک و مێژووی ڕۆژهەڵات بووە و زمانەکانی بەباشی دەزانی. بەگەنجی لەناو ڕیزەکانی سوپای روسیدا لەدژی موسڵمانان شەڕی کردوە، بەڵام بە گەورەیی ستایشی ئیسلام و پێغەمبەر و هاوەڵەكانی پێغەمبەری دەکرد.
لیۆ تۆلستۆی کێیە؟ چون بووە مەزنترین نوسەری روسیا، چیرۆکی لەگەڵ پێغەمبەری خودا و وەسیەتەکەی كە داوا دەكات لەسەر نەریتی ئیسلام بینێژن چیە؟ بۆچی هاوسەرگیریەکەی بە خراپترین هاوسەرگیری لە مێژوودا ناودەبات؟

تۆلستۆی لە ساڵی ١٨٢٨دا لە یاسنا پۆلیانای ناوچەی تۆلا لە روسیا لەدایک بووە، لە دواییدا دەبێتە یەکێک لە مەزنترین نوسەرانی ئەدەبی روسی. لەناو باوەشی خێزانێکی ئەرستۆکراتیدا چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، باوکی و دایکی لە بنەچەی یەکەم بنەماڵەی فەرمانڕەوابوون لە مێژووی ڕووسیادا، بەڵام هەرزوو منداڵیەكەی بوو بە تراژیدیا، لە تەمەنی دوو ساڵیدا دایکی و لە نۆ ساڵیدا باوکی مرد.
تولستۆی و خوشک و براکانی لە لایەن خزم و کەسوکاریانەوە بەخێوکران، ئەمەش وایکرد، هەم لە خوێندن و هەم لە سەرپەرشتیدا سەقامگیر نەبێت، كە لە خوێندنی زانکۆ شکست دەهێنێت بڕیاردەدات واز لە زانکۆ بێنێت و بگەڕێتەوە ماڵی باوکی بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ئەو زەویە کشتوکاڵیانە بکات کە بۆیان بەجێ مابوو، بەڵام لەوەشدا شکست دەهێنێت، بۆیە بڕیاردەدات پەیوەندی بە سوپای روسیاوە بکات لە ئۆکرانیا.

تۆلستۆی حەزی لە بیرکردنەوەی قوڵ بوو، باوەڕی بە هەموو ئەو شتانە نەبوو کە دەیبیست و پێیاندەوت ، هەمیشە بەشوێن مانای ژیان و بەهای مرۆڤەوە بوو.

لە کتێبێکیدا بەناوی "دانپیانان" ئازایانە باسی نیگەرانیەکانی لەسەر پیاوانی ئایینی دەکات و ڕەخنە لە ئاینی مەسیح و کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی دەگرێت، بۆیە بڕیارێک دەدرێت بۆ دورخستنەوەی لە کەنیسە و بە نهێنی چاودێری دەکەن.
تۆڵستۆی وەك سەربازێكی روسی شەڕی لەگەڵ ڕۆژهەڵات کرد و لەدڵیشەوە خۆشی دەویست
نیگەرانیە فیکریەکانی و گەڕانی بەردەوامی بەشوێن ڕاستیدا و ڕاکردنی لەهەموو واقیعێکی سەپێنراو، وایان لێدەکرد هەمیشە لە ریتمی باو دەرچێت.
لەكاتی خوێندنی لە کۆلیژی دراساتی رۆژهەڵاتی، عاشقی دەنگوباس و مێژوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، لەو کۆلیژەش فێری زمانی عەرەبی و تورکی بوو.
لەو ڕۆمانانەی کەلە ماوەی جەنگەکەدا نوسیونی، سەرسامی خۆی بە داب و نەریت و ئازایەتی خەڵکانی رۆژهەڵاتی دەربڕیوە.


تۆلستۆی جیهانێکی بێوێنەی ئەدەبی بۆخۆی دروستکردبوو، جێ پەنجەی خۆی لەڕیی ڕۆمان و چیرۆک و ژیاننامەکانەوە لەناو ئەدەبی روسی و جیهانیدا بەجێهێشتوە. هەرچەندە روسیای قەیسەر دوژمنایەتی ئیسلام و موسڵمانانی دەکرد، بەڵام تۆلستۆی هەر لە گەنجیەوە سەرسام بوو پێییان، ئەمەشی هەم بە ئەدەب و هەم بە وتنیش دەربڕیوە.

مەبەستی ژیان و پەیامی مرۆڤایەتی و ئەخلاق ئەو پێوەرانەن کە تۆلستۆی لە ژیانیدا بایەخی پێداوە. پاش وازهێنانی لە کەنیسە و ڕاکردنی لێی، لەناو ئەو شتانەی دەویست لێی بکۆڵیتەوە و بەقوڵی بچێتە ناویەوە، ئیسلام جێگایەکی دیاری هەبوو. نامە گۆڕینەوەی لەگەڵ شیخ محمد عەبدە و زۆر کەس لە جیهانی ئیسلامیدا هەبوو، لەگەڵ چەندین کەسایەتی موسڵمانی ڕوسیش پەیوەندی هەبوو، لە کتێبخانە تایبەتەکەی خۆشیدا سەرچاوەی زۆری لەسەر ئیسلام هەبوو، بایەخێکی زۆری بە ماناکانی قورئانی پیرۆز دەدا و بایەخی زۆریشی بە ژیاننامە و فەرمودەکانی پێغەمبەر دەدا، بەئاشکرا ڕایگەیاند کەلەناو قورئان و فەرمودەکانی پێغەمبەردا زۆر شتی تێدان باوەڕی پێیان هەیە، ئەمەشی لە نامیلکەیەکدا بە ناوی "حیکمەتەکانی محمدی پەیامبەر" بڵاوکردووەتەوە.
لەو كتێبەیدا چەندین فەرموودەی پێغەمبەری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی روسی و لە پێشەکیەکەیدا باسی سەرسامی بە بنەماکانی ئیسلام کردووە و دەڵێت: کرۆکی ئەم ئایینە لە شایەتوماندایە کەدەڵێت "بێ لە خودا هیچ پەرستراوێکی دی نیە"

هەروەها دانی بە ئاکاربەرزی هاوەڵەکانی پێغەمبەردا ناوە، هەموو ئەوانەش وادەکەن هەندێک وا بیربکەنەوە کە تۆلستۆی پێش مردنی باوەشی بۆ ئیسلام کردوەتەوە.
لە کۆتاییەکانی ژیانیدا تۆلستۆی دەگەڕێتەوە شوێنی بنەڕەتی خۆی بۆ شارەکەی خۆی و دوا ساتەکانی ژیانی بەتەنیا بەسەردەبات تا لەساڵی ١٩١٠ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات.
لە پاش مردنی، پاش ئەوەی پیاوانی کەنیسە ڕەتیدەکەنەوە بەڕێگەی مەسیحی بینێژن،هەر لەبەر ئەوە بەڕێگەی ئیسلامی لە باخچەی ماڵەکەیاندا دەنێژرێت، دەوترێت خۆی وەسیەتی کردووە بە ڕێگەی ئیسلامیانە بینێژن، هەربۆیە توێژەرە روسەکان دەڵێن ڕەنگە ئەمە بەڵگە بێت کە بە موسڵمانی مردووە.

ئەوەی ئەوە ئەگەری مسوڵمانبونی تۆڵستۆی زیاتر دەكات نامەیەكە بۆ ئیمام محمد عەبدەی نوسیوە، كە تیایدا دەڵێت:
خودا ڕێنمایی کردم بۆ زانینی نهێنی سروشت، بۆم دەرکەوت کە مرۆڤ هاتۆتە ئەم بوونە بۆ ئەوەی بە مەعریفە گەشە بکات، بۆیە منیش سەیری ئاینەكانم کرد و پەردەی نەریتەکانم دڕاند و گەشتمە ڕاستی یەكتاپەرستی.