سوتاندنی قورئان لەبەرژوەندی کێدایە ؟

2022-04-17

عادل باخەوان


دیسانەوە هێزە ڕادیکاڵەکانی ڕاستی توندڕەو پەلاماری سوتاندنی قورئانیان دایەوە و دیسانەوە دۆخێکی نائاساییان لە جیهاندا دروستکردەوە. من بەخێرایی ئەم تێبینیانەم لێرەدا دەنوسم و هەوڵدەدەم دواتر بە وتارێک بگەڕێمەوە سەری.


یەکەم : ژمارەی موسوڵمانان لە جیهاندا نیزکەی دوو ملیار مرۆڤن و 24 % لە سەدی دانیشتوانی سەر زەوی پێکدەهێنن.


دووهەم : ئەم موسوڵمانانە هەرچیبن لە یادەوەری تۆدا، هیچ لەوە ناگۆڕێت مرۆڤن و خاوەنی چەند موقەدەسێکن. ئەم موقەدەسانە لای تۆ هەرچیبن و هەرۆچۆن بن، ناتوانیت سوکایەتیان پێبکەیت و هەستی دوو ملیار مرۆڤ برینداربکەیت.


سێهەم : ئەم جۆرە لە سوکایەتیکردن و پەلاماردانەی موقەدەسی موسڵمانان، گەورەترین گرفتە لەڕێگای توێژینەوەی بابەتی و زانستی لەسەر خودی ئەو موقەدەسانە و بەربەستن لە ڕێگای بەرهەمهێنانی مەعریفەی بابەتی لەسەریان.


چوارهەم : ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە تەبەنی کولتوری سوکایەتی بە موقەدەسەکانی ئیسلام و موسڵمانان دەکەن، بەشداریی زیندوودەکەن لە ئامادەکردنی هەلومەرجی ڕادیکالیزمی نەوەیەک کە هەست بەوەدەکات بریندارکراوە و سوکایەتی پێکراوە.


پێنجەم : ئەم نەوەیە گەر بێت و کەناڵی شەرعی بۆ نەکرێتەوە بۆئەوەی گوزارشت لە توڕەبونەکانی خۆی بکات، بەدڵنیاییەوە ڕێگای کەناڵە ناشەرعیەکانی وەک تیرۆریزمی ئەلقاعیدە و داعش دەگرێتەبەر.


شەشەم : سەبارەت بە ستراتیژی موسوڵمانان. باشترین ستراتیژێک لە ئێستا و داهاتوشدا لەبەرامبەر ئەم جۆرە مامەڵانەدا بریتیە لەوەی کە خودی موسوڵمانان ئەم کارتە لەدەستی ئیسلامۆفۆب و توندڕەوەکانی ڕاستی ڕاسیست دەربێنن، بەوەی کە هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی توندوتیژیان نەبێت، چونکە لەکۆتایدا موقەدەسی دوو ملیار مرۆڤ بەم جۆرە لە ڕەفتار نەک لاواز نابێ، بەڵکو بەهێزتر دەبێت.


حەوتەم : ڕۆشنبیر وەک نەخۆشیە گەورەکەی کۆمەڵگا. من وشیارم بەوەی بەشێکی گرنگ لەو ڕۆشنبیرانەی کە بوون بە سەرەتانی تێگەشتن لە دنیای ئێمەدا، دیسان لەم تێبینیانەی منیش تێناگەن و وەک هەمیشە لەسەر پێ، ڕیزێک بڕیار و جنێو و بوهتان دروستدەکەن. ئەم چاپە لە ڕۆشنبیر، هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئەوەی کە لە سوید قورئانی سوتاند و هەردوکیان دوو کارەساتن لە نێو مێژوودا، بەڵام بەیەک سروشتی نەگۆڕەوە کە بریتیە لە : جەهلێکی کوشندە.