دۆست دروستکردن….دوژمن پەیداکردن!

2022-04-17

محمد خۆشناو


ئەگەر ئنسکلۆپیدیایەکی نوێ هەبێت بەناوی«چۆن بێ مامۆستا دۆستەکان دەکەینە دوژمن» ئەوە هەرێمی کوردستان جێیەکی باشی لەو ئینسکۆپیدیایە تۆمار دەکات.
ئێمە لەئاستی ناوخۆدا ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر خەریکی دروستکردنی دوژمنین ، گوشاری ژیان لە بێزاری و ناڕەزایی خەڵک و کێشەوململانێی ناشەریفی حزبەکان و بەرپرسەکان کە هەر خەریکی بەرژەوەندی خۆیانن و لەبیربردنی خەون و ئاواتەکانی گەلەکەمان کە وایکردووە رقوکینە و لێکترازان و تووڕەیی و بێمتمانەیی فراوانتر بێت کە ئەمە دروستکردنی دوژمنە لەناوخۆدا ، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە لە دروستکردنی دۆست لاوازین.


دەرگای کەناری ئارامی کۆمەڵگە و وڵاتان بەدروستکردنی دۆست و هاوڕێ لەناوەخۆ و دەرەوەدا دەکرێتەوە

،،

دۆست پەیداکردن ئاسان نیە و قورسە چونکە دروستدەکرێت واتە«صناعەیە» ، بۆئەوەی دڵنیابیت لەو دۆستایەتیە کە دروستی دەکەیت ، دەبێت کەسەکە یا حزبەکە یا بەرپرسە باڵایەکە لەخۆشی و ناخۆشی و تەنگانە و ئەو شتانەی کەبەسەری دێت بەسەرکەیتەوە.


نیکۆلۆ مکیاڤیلی لە کتێبی « الامير»دا ئامۆژگاری دەسەڵاتدار دەکات و دەڵێت : دۆستەکانت بپارێزە و ، هەمیشە هەوڵبدە دوژمنەکانت بۆخۆت ڕابکێشیت.
دروستکردنی دوژمن ئاسانە دەتوانیت بەچاوتروکانێک دوژمن دروستبکەیت…ئێمەی کورد زیاتر دوژمنمان دروستکردووە لەوەی دۆست دروستبکەین لەهەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا….ئاسانی دوژمن دروستکردن وەک ئەو نموونەیە : جاری واهەیە بێ مەبەست و نیەت دوژمن دروست دەکەیت ، کە دەچیتە شوێنێک سڵاو لەهەموویان دەکەیت بەڵام بێ ئەوەی ئاگات لەخۆت بێت بەسەر یەکیان تێپەڕ دەبیت و سڵاوی لێناکەیت ، کەسەکە یەکسەر بارگەیەکی سلبی بەرانبەرت لەکنەخۆی جێدێلێت ، لەسەر ئاستی حزبەکانیش کاتێک بەربەرەکانی حزبێک دەکەیت و فرامۆشی دەکەیت و بچووکی دەکەیتەوە و یا کە دووچاری ناخۆشی هات ڕوویلێوەردەگێڕێت ئەمە خۆی لەخۆیدا دروستکردنی دوژمنە.


دروستکردنی دۆست و دوژمن وەکو دروستکردنی بونیاتنان و تێکدانە ، بیناکردن پێویستی بە نەخشە و پلان و دیدگا و کات و خۆماندووکردن هەیە ، بەڵام تێکدان ئاسانە پێویستی بەوانە نیە کە باسمانکرد ، هێنانەدی دۆست پەیداکردن قورس و زەحمەتە بەڵام دەبێتە مایەی هێز و ئەمانەتی زیاتر…کەیەکێک رەخنە لەحزب یا دەسەڵات دەگرێت یا ئۆپۆزۆسیۆنێکی ڕاستەقینەیە بەرانبەر دەسەڵات ، نابێت تەخوین بکرێت یا بەخراپترین تۆمەت تاوانبار بکرێت ، بەمە تۆ دوژمن بەدەستی خۆت بۆخۆت دروستدەکەیت.

،،

ئێستا ئێمە لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە دروستکردنەوەی دۆستایەتی و دەستلەملانێی گەلەکەمان هەیە و ، پێویستیمان بە ئاشتەوایی حزبەکان و دۆستایەتی دەرودراوسێ و وڵاتان هەیە.


تێکەڵکردنی دۆست و دوژمن زەرەری گەورەی بەدوادادێت ، تۆ ناتوانیت دیندارێک و تووندڕەوێک تێکەڵی یەکتری بکەیت ئەمە دوژمن بۆ ئیسلام زیاتر دەکات ، ترساندنی تاک یا کۆمەڵەگا یا برسیکردن و ڕق ئەستووری بەرانبەری دروستکردنی دوژمنە کە ئاکامی ماڵوێرانی دەبێت و ئەوکاتە هەموو دۆستەکانی جیهان دادت نادات و بەهانەتەوە نایەن پشتت تێدەکەن وەک ئەو پشتێکردنەی ئەمەریکا لە شای ئێران-ی کردوو و دەیان نموونەی تر.


ڕاگەیاندن لەهەموو وڵاتانی جیهاندا گەلان کۆدەکەنەوە و لەنێوخۆیاندا یەکیان دەخەن لەبەردەمایاندا و ، هۆشاری و بیر و ڕاستی بڵاودەکەنەوە ، بەڵام ئێمە دەبێت دان بەوە بنێین کە ڕاگەیاندنی ئێمە بەهەموو ئامرازەکانیەوە بە دەستلەپشدانی حزب هانی دروستکردنی دوژمن دەدات ، ڕاگەیاندن دەتوانێت بە ڕۆلی ڕاستەقینەی خۆی هەڵسێت لە ڕوونکردنەوەی ڕاستیەکان و خستنەڕووی بۆ گفتووگۆکردن و بڕواپێهێنان لەهەر کارێکی نەخوازراودا بۆ ڕێگەگرتن لە دروستکردنی دوژمن.