كوردی بێ كەرامەت هەمان مرۆڤی بێ كەرامەتە، كە كۆیلایەتی لە ئازادی و شەرەفمەندی بەلاوە پیرۆزترە، هەمان مرۆڤی ناڕەسەنە، كە لە پێناوی سەلامەتیی خۆیدا دەسەڵاتی داگیركەری پێ قەبوڵە. مرۆڤێكی گرگن و نزمە و، ئەو بوونەیە لەسەر پاشەڕۆی ئەویتری بێگانە ئەژی، لەناو پاشەڕۆی ئەویتری بێگانەدا ئەمێنێتەوە و، هەر لە پاشەڕۆی مێژووی بێگانەشدا بە هیچێتی و نەبوونی خۆیدا گلۆر گلۆردەبێتەوە.
،،
كوردی بێ كەرامەت ئینسانی بێ كەرامەتە، بەڵام زۆربەیان لەوە تێنەگەیشتوون، كە كوردێكی بێ كەرامەت بیت ڕاستەوڕاست ئەبیتە ئینسانێكی بێ كەرامەتیش.
كوردبوون دروستكراوی دەستی ئێمە نییە، كوردبوون دۆخێكی ئۆنتۆلۆژیی بوونی مرۆڤە، پێدراوێكە بە مرۆڤی كورد دراوە، بێ ئەوەی دەستی لە هەڵبژاردنیدا هەبێت، كتومت وەك خەسڵەتە ئینسانییەكەیە، ئەوەی ئینسانە و وەك ئینسان لەدایكبووە و خۆی لە هەڵبژاردنی ئەوەی وەك مرۆڤ بێتە دونیاوە هیچ دەستێكی نییە، ئەوهایە ئێمە خۆمان پێش ئەوەی بێینە دونیاوە پرسمان پێ نەكراوە وەك ئینسان لەدایكبین، یان وەك زیندەوەر و گیانلەبەرێكی تر. كوردبوونیش هەمان دۆخە، كوردبوون پێدراوە و خەسڵەتێكی بنچینەیی بوونە، ئەتوانیت نكوڵیلێبكەیت و خۆت بخزێنیتە سەنگەری ئەویتری بێگانەوە، بەڵام ئەمە ڕەوشی بوونت بە قووڵایی خەرەندی ناڕەسەناێتیدا گلۆردەكاتەوە. خۆدزینەوە و هەڵگەڕانەوە لەو خەسڵەتە بوونەوییە، واتە دەستبەرداربوون لەو پێدراوە بنچینەییە، یان بە واتایەكی تیۆلۆژی هەڵگەڕانەوە لەو كوردبوونە، هەڵگەڕانەوەیە لەو پێدراوە یەزدانی و خواییەی بە مرۆڤی كورد وەك كورد دراوە.
،،
بە ڕوونی دەردەكەوێت، ئەمەش دەركەوتنی سروشتیانەی ڕۆحی كوردی بێ كەرامەتە، كە كوردێكە دوژمنی ڕەسەناێتی و شكۆمەندی ئەو بوونەیە خودا پێی بەخشیوە.