گۆڕینی ناوی کۆمەڵ خەڵکێکی زۆری لێ ڕەنجاندین

2022-04-19

دڵشاد گەرمیانی

چاکسازی کار ئەگەر لە هەنگاوی یەکەمدا، بەهەڵە گرفت و کەم و کوڕییەکانی دەستنیشان کرد، سروشت و پێناسی کارەکەی دەگۆڕێت و لەسنوری چاکسازی دەردەچێت، بە پێچەوانەوە هەنگاوەکانی دەبێتە مایەی کێشەی گەورەتر و ئاڵۆزی زیاتر، ئەو بنەمایەشی پڕاوپڕ بەسەردا جێبەجێ دەبێ (ما بني على الفاسد فهو فاسد).

،،

چاکسازی دروست و بەرهەمدار لەکاری هەر کۆمەڵێکی ئیسلامی، گێڕانەوەی ڕێڕەوی کاروانەکەیانە بەئاراستەی ئەو ئامانجە شەرعیانەی کە دینەکەیان داوایان لێ دەکات و کارەکەیان لەسەر ئەو بناغەیە دامەزراندووە .


خۆ سەرقاڵکردن بە شتی لاوەکی و نادیدەگرتنی ئەنجامدانی ئەو هەموو قەدەغە کراوانەی کەئاشکران لەدیندا و سەرتاپای کاری ئیسلامی خستۆتە ژێر پرسیارەوە جێگای ئەوپەڕی نیگەرانیە!!! لەهەمووی سەیرتریش ئەوەیە ئەوەی ڕێگری دەکات لەو مونکەرانەی کەجوانی و ڕەونەقی کارەخێر و چاکەکانی کۆمەڵی شێواندووە، لەجیاتی دەستخۆشی و هاندان و نزای خێر بۆ کردن، بەقسەی سارد لەلایەن خۆشەویست و دڵسۆزەکانمانەوە نائومێد دەکرێن و ناچار بە خۆ دورخستنەوە دەکرێن!!!
کەسێک کاری ئیسلامی وەک ئەرکێکی شەرعی تەماشا بکات، دورکەوتنەوەش کاتێک لەپێناو بەرژەوەندی و سەلامەتی دینەکەی بێت بەهەمان شێوە بەئەرکی شەرعی دەزانێت و پێشوازی لێ دەکات.

لێرەدا هەندێ سەرنج و چەند پرسیارێک دەخەینە ڕوو :
١. ئەو برایانەی ئێستا ئەنجوومەنی باڵان هیچ کامیان ئەندازیاری ئەو پرۆژەیە نەبوون کە سێ ئەنجوومەن درووست بکرێ و ناوی مەکتەبی سیاسی بگۆڕدرێت؟؟؟ گەر ئەم خاڵە یەکێک لە گرفتەکان بێت؛
چ پەیوەندیەکی بەئەندامانی ئەنجوومەنی باڵاوە هەیە !!!

٢. ژمارەی ئەنجوومەنی باڵاو گۆڕینی ناوەکەی چ کێشەیەکی دروست کردووە؟؟
وە چ گرفتێکی پێ چارەسەر دەبێ !؟

٣.ئایا باشترین و کورتترین ڕێگا ئەوە نیيە ڕاستیيەکان بەجەماوەری خۆمان بڵێین و دان بە هەڵەکانی خۆماندا بنێین و بڵێین: ئەو ناوگۆڕینەی کە لەکۆنگرە بەئومێدی زیادکردنی کورسی و فراوانبوونی کۆمەڵ کردمان و خەڵکانێکی زۆری لێ ڕەنجاندین، بەهەڵەدا چووبووین و باشمان نەکرد، فەرموون با یەکێک لەبەخۆدا چوونەوەکانمان گێرانەوەی ناوەکەو، ئاشتکردنەوەی جەماوەرەکەمان بێت.
٤. بە چ بەڵگەو پێوەرێک بەبێ دیاریکردنی چەند خاڵێکی لاوازو سەلماندنی، هۆکاری سەرەکی شکست بدرێتە پاڵ برایانی ئەنجوومەنی باڵاو لەکەدار بکرێن، کەلە ڕاستیدا کۆمەڵە برایەکی دڵسۆزو خاوەن ئەزموون و مێژووی پاکی خۆیانن.

٥. ئایا ئەوانەی ئێستا دەڵێن ئەنجوومەنی باڵا هۆکاری سەرەکی شکستن، و نائومێدی لەناو ئەندامانی کۆمەڵ درووست دەکەن، دوای ئەنجوومەنی باڵا پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی کەسی یەکەمی کۆمەڵ ناکەن؟؟ بەئیعتیباری ئەوەی جگە لەوەی کەسی یەکەمە، بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەنجوومەنی باڵاشەو بەشێکە لەهۆکاری شکست؟؟ ئایا ئەوکات کێشەو ئاڵۆزی و نائومێدییەکان گەورەتر و فراوانتر نابن؟؟؟.

٦. ئایا ئەم هەڵبژاردن و بەشداریکردنی کۆمەڵ هێندە موقەدەس و پڕخێرو بەرەکەتە بۆ هەمووان وا کۆمەڵی لەسەر تێک بدرێ؟؟ پێشتر دەگوترا تەنها ئامرازە، دواتر بۆ خەڵکانێک بوو بە ئامرازی دەوڵەمەندی و خۆش گوزەرانی، ئێستاش هێندەی نەماوە بکرێتە ئامانج و!!! وەک ئەرکەکانی ئیمان و عەقیدە تەماشا بکرێت!! ئەگەر کەسێک باوەڕی پێی نەبێ کردەوەکانی تری بێ بایەخ تەماشا بکرێت و ماندوو بوون و مێژووی لە بیر بکرێت و هیچ کردەوەو چاکەیەکی لەبەرچاو نەگیرێت !! لێرەدا دەپرسین ئایا لەکاتی سەرپێچی کردنی بنەماکانی بیروباوەر و بەزاندنی سنوورە شەرعیەکان ئاوا هەڵوێستی توندو قسەی سارد بەرانبەر ئەنجامدەرانی دەگوترێت ؟؟!

٧.ئەوانەی کار بە پرانسیپەکانی دیموکراسی دەکەن و باوەڕیان وایە دەبێ بڕیارەکان بەزۆرینە یەکلایی بکرێنەوە، نابێ چاویان لەوەبێ کاتێک ئەندامانی خوار خۆیان کۆدەکەنەوە و سەبارەت بەهەر پێشهات و پرسێک ئەندامەکانیان هەمان ڕاو بۆچوون و قەناعەتی ئەوانیان هەبێ و وەک بەبەغا قسەکانیان دووبارە بکەنەوە!! هەروەها ناشکرێ بەڕاجیاوازەکانیشیان قەڵس و دڵگران بن!! یان ئەگەر دەرئەنجامی دەنگەکان بەویستی ئەوان نەبوو هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان بدەن!!

٨ . گەر گۆڕانی مونکەرو ناشەرعی مەرجی مانەوە بێت لە ئەنجوومەنی باڵا ئەوا دەبێت هەر هەموو ئەوانەی گۆڕانکاریان پێ ناکرێت نەمێننەوە، بەڵام بە پێی تێگەیشتنی پێشینی چاکمان( بەیان و ڕوونکردنەوە پێویستە و نابێ دوا بخرێت) ؛ بەڵام گۆڕانکاری بە پێی توانایە ؛ ئەوەتا هەندێ لە پێغەمبەران سەلامی خوایان لەسەر بێت لە دوا ڕۆژدا تەنهان و کەس وەڵامی بانگەوازەکەیانی نەداوەتەوە لە گەڵ ئەوەشدا پەیامەکەیان بە ئەوپەری ئەمانەتەوە گەیاندووە و پێشەوایانی بەشەریەتن .

،،

 وە گۆڕانکاریش بە پێی خاوەنێتی بڕیارە، تا وەکو خاوەن بڕیار بیت زیاتر بەرپرسیارییەتیت دەکەوێتە سەر.

٩. من وەکو خۆم باوەڕم وایە بەرپرسی یەکەم لەهەر حزب و کۆمەڵێکی ئیسلامیدا، دەبێ لەبابەتە ئیجتیهادیەکاندا گوێڕایەڵی تەواوی بکرێت، ئەگەرنا بەدەست بەسراوی نەهیچ بڕیارێکی بۆدەچێتە سەرو نەهیچ ناشەرعیەکی پێ دەگۆڕدرێت، کاتێک ئەم بنەما شەرعیە پشتگوێ دەخرێت، بەهۆی ئەوەی ئەوانەی ئەو کۆمەڵە ئیسلامیە دادەمەزرێنن ، هەندێکیان بەهۆی ئەوەی کاری ئیسلامییان پەیوەستە بەبەرژەوەندی دونیایان و یەکلانین بۆدینەکەیان و لەبەرژەوەندییەکانیان دەترسن و ناتوانن بڕیاری گوێڕایەڵی تەواو لەخۆشی و ناخۆشیدا بدەن، هەندێکیشیان باوەڕیان وایە کەسێک لەناویاندا دەست ناکەوێت یان هەیەو ناتوانن لەسەری رێک بکەون لەهەموو ڕوویەکەوە متمانەی پێ بکەن، بەتایبەت متمانە بوون لەڕووی((زانستی شەرعی و توانای ئیدارەدانی حزب و عەقڵیەتی سیاسی و تەقواو و دادگەرییەوە)) کەبتوانن بەبێ ترس و بەڕەهایی بەڵێنی ((گوێگرتن و فەرمان جێبەجێ کردنی پێ بدەن)).

ئەوکات ناچار دەبن براگەورەیەکی شەکلی پرۆتۆکۆڵی بۆ ماوەی نێوان دوو کۆنگرە بەدەسەڵاتێکی لاوازەوە هەڵبژێرن. کە من بەش بە حاڵی خۆم باوەڕم بەو جۆرە حزب و کۆمەڵانە نییە هیچ کات بتوانێت ببێتە خاوەنی مەشروعێکی ئیسلامی که جێگای چاوەڕوانی و ئومێدی باوەڕداران بن، وە باوەڕم وایە ئەو جۆرە حزبانە بەردەوام بەئازاری کێشە جۆراو جۆرە کەڵەکە بووە نەبڕاوە کانیانەوە دەناڵێنن.

،،

لەکۆتاییدا بەپێویستی دەزانم ئەوەش بڵێم م.دلێر گەرمیانی پاش بینینی دیمەنی چەپڵە ڕێزانی خەڵکانێکی ناو کۆنگرە کە لەخۆشی ناوگۆڕین و دەربازبوون لەمۆرکی ئیسلامی بوون

بڕیاری دابوو بەبێ کێشە درووست کردن و خەڵک سارد کردنەوە دەست لەکاربکێشێتەوەو خودا حافیزی لەکۆمەڵ بکات، بەڵام دواتر کەیەکترمان بینی وەکو حورمەت و متمانەیەکی براگەورەیی بەرپرسیاریەتی بڕیارەکەی خستە ئەستۆی من، منیش ئەوکات پاش ئیستخارەو مەشورەت کردن و بینینی پەرۆشی خەڵکانێکی زۆر، بەتایبەت برایانی ئەنجومەنی باڵاو زۆرێک لەبرایانی سەرکردایەتی بەباشم زانی هەتا ئەم چوار ساڵەی تر دان بەخۆیدا بگرێت و بەردەوام بێت، بەڵام لەئێستادا دوای (ماجەرای)کۆبونەوەی گشتی قەناعەتم گۆڕاوە، پێم وایە ئەوەی بە زار دەربارەی قبووڵکردنی ڕای جیاواز دەگوترێ حەقیقەتی نییەو، دووبارە بوونەوەی ئەو قسە ساردانە سەر دەکێشێ بۆ ناکۆکی زیاترو دڵ ئێشانی گەورەتری لێ پەیدا دەبێت، باشتر وایە لەبەر پاراستنی مافی برایەتی و ڕێزو حورمەتی مێژوویەکی ڕابردووی دوور و درێژمان لەگەڵ ئەو برا بەڕێزو زۆرخۆشەویستانە دا ، هەتا کۆنگرەی داهاتوو بەشداری دانیشتنەکان نەکات، وە لەکۆنگرەش قسەو بڕیاری یەکلا کەرەوەی خۆمان دەکەین.

تێبینی: قسەکانم بەشێوەیەکی گشتی کردووە تایبەت نیە بەهیچ کەسێکەوە.