بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، ئێستا کاتی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانیە...

2022-04-27

پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) هەنگاوی یەکەمی بڕیوە و کاتی ئەوەیە بخرێتە ڕاپرسی و بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە لە ژێردەستی پارتیدایە، وەبەرهێنانی تەنها لە زۆنی زەردا کردوە؛ لە بەرامبەردا موچە و خانەنشینی و پارەی خزمەتگوزاری و بەشە بەنزین و نەوت و گازی سنوری سلێمانی بڕیوە.

لەم زۆنەدا پارەی دەرمان و نەخۆشخانەکان و نەسریەی فەرمانگەکان و ئاوی باخچەکان لەلایەن حکومەتەوە بڕاوە. حکومەتی بەناو هەرێم هیچ مافێکی ئەم سنورە نادات و لە بەرامبەریشدا داوای هەموو ئەرکێکی لێدەکات؛ باج و پارەی ئاو و کارەبای چەندین قات زیاد کردوە.

،،

فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە کە لە ژێردەستی پارتیدایە، ٩٩% ی وەبەرهێنانی دەرەکی ڕاکێشاوە بۆ زۆنی زەرد و ئەم دەڤەرەی لێبێبەش کردوە و سەرەنجام بێکاری و هەژاریەکی زۆر لەم ناوچەیەدا بڵاوبۆتەوە.

پارتی وەکو دوژمن و بە چاوی ڕق و تۆڵەکردنەوە سەیری ئەم دەڤەرە دەکات و هاوڵاتیان بە گەنج و پیرەوە دەچەوسێنێتەوە؛ گەنجەکان بێکار دەکات و بەتەمەنەکانیش بە ئیهانەوە خانەنشینیان دەداتێ. حزبەکانی تریش هەتا ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردوە.

پارتی سوپای تورکیا پەلکێشی خاکی هەرێم کردوە و چاوپۆشی لە بۆردومانی گوندەکان و بڕینەوەی درەختەکان دەکات. هاوکات نەوتی هەرێمی تەسلیمی تورکیا کردوە بۆ ٥٠ ساڵ و هەر بە نەوتەکەی خۆمان، تورکیا پەلاماری سەربازی هەرێمی کوردستان و برا کوردەکانی تورکیا و سوریا و ئێران ئەدات. هەموو ئەمانەشی ناوناوە کوردایەتی.

ئەگەر لێگەڕێین پارتی گازەکەش وەکو نەوتەکە تەسلیمی تورکیا بکات، یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە کە شتێک نەمێنێت بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە و ئێرە ببێت بە مەیدانی جەنگ لە نێوان (تورکیا و ئێران) لە لایەک و (ئەمریکا و ڕوسیا) لەلایەکی ترەوە.

،،

ئەگەر ئەم وڵاتەش کاول بێت ئەوان هیچ کێشەیەکیان نیە، چونکە بە ملیارەها دۆلاریان بردۆتە دەرەوە و وڵاتەکە بە کاولی بۆ خەلکی بەشمەینەتی کوردستان بەجێدەهێڵن. بەهەر نرخێک بێت خەلکی ئەم دەڤەرە نابێت ڕێگەبدەن پارتی دەستبەسەر گازی چەمچەماڵدا بگرێت.

ئێستا کاتی ئەوەیە یەکێتی و حزبەکانی تر فریای دۆخەکە بکەون و لەم حکومەتە شکستخواردوە بکشێنەوە. ئەگەر ئەو هێزانە خۆیان بە خاوەنی ئەم دەڤەرە دەزانن، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون و گاز لە ڕێی بەغداوە بفرۆشن و مەترسی جەنگ دوربخەنەوە و موچە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ ئەم دەڤەرە بەدەستبێنن.

هەروەها پارەی پەترۆدۆلار بەکاربهێنن بۆ بوژانەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار لەم دەڤەرەدا و خەلک لە برسێتی و سزادان ڕزگاربکەن.