حكوكەتی هەرێم لەسەر كاغەز، دوو ئیدارەیی لەسەر ئەرزی واقیع

2022-04-27

نوسینی عەلی حەمە ساڵح


ڕێککەوتنێكی رانەگەیەندراو هەیە لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆ دوو ئیدارەیی لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا
بەردەوامیدان بەم ڕێککەوتنە، کە ئێستا لە بواری جێبەجێکردندایە، ئیدارەی سلێمانی لە دوو لاوە دەخاتە ژێر گەمارۆوە.
هەرچەندە ئەم ڕێککەوتنە ڕانەگەیندراوە و نەخراوەتە سەر کاغەز، بەڵام تەنیا ڕێککەوتنە لە کورستاندا كە بەتەواوەتی جێبەجدەکرێت..
چاوەڕێ‌ دەكرێت لە ئەنجامی ئەم رێكەوتنەدا لەماوەیەکی کورتدا سلێمانی تووشی داڕوخانی گەورە دەبێت.
ئەم دوو ئیدارەیەش مووچە و پرۆژە و خزمەتگوزاریەكان دەگرێتەوە

لە بواری مووچەدا، ئەو پارەیەی نەوت کە دەگەڕێتەوە، ٤٣٪ بۆ موچەخۆرانی ئیدارەی سلێمانیە و ٥٧٪ بۆ ئیدارەی هەولێر و دهۆکە…
بۆ نمونە: مانگی ٢ی ئەم ساڵ، داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی بڕەکەی (٤٨٨ ملیۆن دۆلار) بوە. بڕی( ٢٠٩ ملیۆن دۆلار) بۆ ئیدارەی سلێمانی و ئەوی دیکە بۆ هەولێرو دهۆک..
ئەگەر پارەی نەوت بەشی موچەی نەکرد… هەر سنورە و تەواوکردنی موچە لە داهاتی خۆی بدات.. بۆ نمونە مانگی ٢ی ئەم ساڵ، ئیدارەی سلێمانی دەبێت( ٤٨ ملیۆن دۆلار ) بدات، هەولێریش( ٦٤ ملیۆن دۆلار) ..

هەرچی پەیوەندی بە پرۆژەکانەوە هەیە، سەرۆکی حکومەت، بڕیار لە هەمو پرۆژەکان دەدات بەوانەی ئیدارەی سلێمانیشەوە، بەڵام پرۆژەکانی سلێمانی دەبێت بەداهاتی سلێمانی خۆی جێبەجێبکرێت و حكومەت لەە هەولێرەوە هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ رەوانە ناكرێت. بەرپرسانی سلێمانیش، دەڵێن داهات نیە،هەر لەبەر ئەوەش ئێستا هەرچی پرۆژەیەی سنوری سلێمانیە وەستاوە..

سەرۆکی حکومەت و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئێستا قسە لەسەر قاچاخی و گەندەڵی و دۆسیەی زەوی سنوری سلێمانی و بێ پرۆژەیی ناکەن، چونکە زیانەکە تەنیا لەسەر خەڵکی سلێمانییە، نەک کۆی هەرێمی کوردستان..

بەرپرسانی سلێمانیش لە حکومەت قسە لەسەر داهاتی نەوت و فیشخابورو ئیبراهیم خەلیل و باج و زەوی و هیچ شتێکی سنوری هەولێر و دهۆک ناکەن.. ئەمیش پەیوەندیدارە بەخۆیانەوە، تەنانەت: حکومەت ڕۆژانە نزیکەی ملیۆنێک لیتر بەنزینی هەیە.. پشکی سلێمانی چوارسەد هەزار لیترە و هەموو دەدرێتە کۆمپانیای( سەن ئۆیڵ) و بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان لەحکومەت دێڕێک ناڵێن لەبارەیەوە

‏‎سەبارەت بە دەرمان و نەسریەو خەرجی فەرمانگەکان
هەر سنورەو دەبێت خەرجی هێزی ئەمنی و سەربازی و نەسریەی سەرجەم فەرمانگەکان و خواردنی نەخۆشخانەو زیندانەکان و دەرمان و پێداویستی تەندروستی و کۆکردنەوەی خاشاک لە داهاتی خۆی دابین بکات.. ئەگەر ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت لەداهاتی خۆی دابینی بکات ئەوا ئەم خزمەتگوزاریانە لە سنوری سلێمانی دەوەستن و پەكیان دەكەوێت.. تەنانەت کڕینی چەک و فیشەکییش بۆ پێشمەرگە هەر دەبێت لە داهاتی ئیدارەی سلێمانی خۆی بێت..
لە ئێستادا بەرپرسانی سلێمانی دەڵێن: داهاتی پێویست نیە بۆ ئەمانە، بۆیە لەبەر نەبوونی دەرمان نزیکەی ١٠٠ توشبوی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە ژێر هەرەشەی مەترسی مردندان.

کێ بەرپرسە لەم دۆخە:
ئەوەی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی بەسەر خاڵی سنوری و ئیدارەدانی سنوری سلێمانی هەیە هەریەک لە( بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) یە.. ئەگەر دەڵێن: داهاتی ئەم سنورە خۆی کەمترە! ئەی چۆن لە حکومەتی هەرێم بەم فۆڕمەی دوو ئیدارەیی ڕازین.
هەروەها سەرۆکی حکومەت لەڕوی یاسایی و حوکمڕانیەوە بەرپرسی یەکەمە. لە کوێی یاساو کارنامەی حکومەت هاتوە بڵێت: خەزێنەی گشتی نەبێت.. لەچەک و تەقەمەنیەوە هەتا کۆکردنەوەی خاشاک و دەرمان هەر سنورەو لە داهاتی خۆی بیکات؟
راستە لە باشماخ و پەروێزخان قاچاخی هەیە، بەڵام لە واقعدا داهاتی خاڵەسنوریەکانی هەولێرو دهۆک کە لەگەڵ سێ وڵاتدایە زیاترە لە سلێمانی..
ژمارەی کۆمپانیاکانیش لە هەولێرو دهۆک، سێ هێندەی سلێمانین.. بەهۆی نەمانی متمانەش خەڵک لە سلێمانی ئامادەنیە بەتەواوی پەیوەست بێت بە پێدانی ڕسوماتی ئاو و کارەباوە..

لە سایەی ئەم دۆخەدا ئێستا ئیدارەی سلێمانی، هەمو هەوڵی بۆ دابینکردنی موچە و بەشێک لە نەسریەی فەرمانگەکانە، بۆیە هەرچی پرۆژەی خزمەتگوزاریە وەک ئاو و ڕێگاوبان و نەخۆشانە، لە ئایندەیەکی نزیکدا نەبوونی خزمەتگوزاری و گرفتی دەرمان دەبنە گەورەترین قەیران بۆ خەڵکی و تەنانەت چاڵی شەقامەکانیش پڕ ناکرێتەوە..
هەروەها لە ئێستادا ئیدارەی سلێمانی مانگانە( ٤٨ ملیۆن دۆلار) بۆ موچەی سنوری خۆی دابین دەکات،، لەئەگەری دابەزینی نرخی نەوت،دەبێت سلێمانی لە داهاتی ناوخۆ پارەی زیاتر بۆ موچە دابین بکات، ئەگەر بەم فۆڕمەی ئێستا بەردەوام بن، گرفتی گەورە بۆ بەشێک لە موچەخۆرانی سلێمانی دروستدەبێت.

ئەم دوو ئیدارەیە ڕانەگەیاندراوە زیانێکی گەورەی لە کۆی هەرێمی کوردستان گەیاندوە، دەرگای گەورەشی بۆ گەندەڵی و قاچاخی کردوەتەوەو بەرپرسی ڕاستەقینە لە دۆخەکە وندەکات، بەیەکتر تاوانبارکردن لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە خەڵک دەکرێتە قوربانی..

جگە لە نەبوونی پرۆژە، بەشێکی زۆری نەخۆشخانە حکومیەکانی سلێمانی مەترسی ڕاوەستانی هەیە.. نەخۆشخانەکان بەرەو ئەوە دەچن دەرمانیان تێدا نەمێنێنێت..