پاراستنی دیبلۆماسی چییە؟

2022-04-29

لاژە مەولود


دەوڵەت قەوارەیەکی یاسای و سیاسییە کە پێکدێت لە سێ توخم: خاک و گەل و سەروەری. ئەگەر مافی دەوڵەتە پارێزگاری لە خاکەکەی بکات لە بەرامبەر هەر هێرشێکی دەرەکی، ئەوە مافی پاراستنی هاوڵاتیانی خۆشی هەیە، چ لە ناوخۆی وڵات بێت یان لەدەرەوەی وڵات. مەبەست لە پاراستنی دیبلۆماسی دەستێوەردانی دەوڵەتە بۆ پاراستنی مافی هاوڵاتیەکانی، لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی زیان دەبنەوە، لە چوارچێوەی دەوڵەتانی تردا و ناتوانن مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنەوە، بە گوێرەی ئەو ڕێکارە یاساییانەی لە دەوڵەتانی بەرپرسیاردا کارپێکراون، بەبێ ئەوەی کەسی زیان لێکەوتوو هیچ پێشێلکاریەکی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانەی کردبێت کە زیانیان پێگەیاندووە .لە سەرەتادا پاراستنی دیبلۆماسی بابەتێکی قبوڵکراو نەبوو، چونکە زۆرجار لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە، وەک پاساوێک بۆ دەستێوەردان لە وڵاتانی لاواز بەکاردەهات، بەڵام دواتر بابەتەکە چیتر وەک پاساوێک نەما بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتان، بەتایبەت دوای دانانی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، لەسەر بنەمای دەستێوەرنەدان لەو بابەتانەی کە، دەکەونە ناو دەسەڵاتی ناوخۆی دەوڵەت.

جیگەی ئاماژەدانە کە یاسای نیوددەولەتی کۆمەڵێک مەرجی دیاریکردووە بۆ پیادەکردنی پاراستنی دیبلۆماسی لە لایەن دەوڵەتانەوە:
١/ مەرجی ڕەگەزنامە
٢مەرجی گرتنەبەری ڕێکای دادگەری ناوخۆیی
٣ مەرجی هەڵسوکەوتی تەندروست – نیەت پاکی

١/ مەرجی ڕەگەزنامە : ڕەگەزنامە بریتییە لە پەیوەندیەکی یاسای و سیاسی لە نێوان تاک و دەوڵەت. هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە هەڵگری ڕەگەزنامەی دەوڵەتێک بێت. بۆ ئەوەی دەوڵەت بتوانێت پاراستینی دینلۆماسی ئەنجام بدات پێویستە کەسەکە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو دەوڵەتە بێت و لە ڕێگەی ڕەگەزنامەوە دەوڵەت دەتوانێت دەستێوەردان بکات بۆ پاراستنی. بەواتایەکی تر، بەبێ بوونی ڕەگەزنامە، دەوڵەت ناتوانێ پارێزگاری لە هیچ کەسێک بکات.

٢/مەرجی گرتنەبەری ڕێکاری دادگەری ناوخۆیی: ئەو دەوڵەتەی کە، هاوڵاتیەکەی توشی زیانێک دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی تردا، بەڕودانی زیانەکە، ڕاستەوخۆ ناتوانێت پاراستنی دیبلۆمانسی ئەنجام بدات بۆ هاوڵاتیەکەی، بەڵکو پێویستە لەسەر هاوڵاتیە زیانلێکەوتوەکە هەموو ئەو ڕێکارە یاسای و کارگێڕییانە بگرێتە بەر کە، لە چوارچێوەی یاسای ناوخۆیی دەوڵەتی بەرپرسدا کارپێکراون، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی مافی خۆیی ونەهێشتنی شوێنەواری زیانەکە. بەواتایەکی تر، پێویستە کەسەکە ڕێکاری کارگێڕی و دادوەری گرتبیتە بەر و بەدواداچوونی تەواوەتی کردبێت لەبەردەم لایەنی پسپۆڕدا و چاوەڕێی کردبێت تا دەرچونی بڕیاری کۆتای. دوای ئەوە ئەگەر کەسی زیانلێکەوتوو هەستی بەوەکرد کە، مافی خۆی وەرنەگرتوە و هەستی بە زوڵم و نادادپەروەری کرد بەرامبەری، ئەوا لەم کاتەدا دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی خۆیی و داوای مافی پاراستنی دیبلۆمانسی لێ بکات.

٣/ مەرجی هەڵسوکەوتی تەندروست – نیەت پاکی : بریتیە لە مەرجی ئەوەی کە، کەسی زیانلێکەوتوو بەهۆی هەڵسووکەوتی خۆیەوە نەبووبێتە هۆی ڕوودانی زیانەکە. بە واتایەکی تر، پێویستە هەڵسووکەوتی کەسەکە ئاسایی و تەندروست بێت وسەرپێچی یاسای ناوخۆی ئەو دەوڵەتەی نەکردبێت کە تیایدا دووچاری زیان بووە . ئەگەر لە ئەنجامی هەڵسووکەوتی خۆی تووشی زیان بووبێت، ئەوا ناتوانێت داوای پاراستنی دیبلۆماسی بکات، وەک ئەوەی هاوڵاتیەک بەژداری کاری ئاژەوەگێڕی دەکات.

دەوڵەت چۆن دەتوانێ پاراستنی دیبلۆماسی بۆ هاوڵاتیەکانی ئەنجام بدات؟
دەوڵەت بە دوو ڕێگا دەتوانێت پاراستنی دیبلۆماسی ئەنجام بدات: لەڕیگای سیاسی و لەڕیگای دادوەری. پاراستنی دیبلۆماسی لە ڕێگای سیاسی، لەلایەن ئەم کەسایەتیانەوە ئەنجام دەدرێت: سەرۆکی دەوڵەت، سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوە کە نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکەن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. هەروەها کونسوڵیش دەتوانێت پاراستنی دیبلۆماسی ئەنجام بدات بە ڕێگای سیاسی، بە گەڕانەوە بۆ پەیماننامەی دیبلۆماسی (١٩٦١) و کۆنگرەی کونسولاری (١٩٦٣)، کە هەردووکیان جەختیان لەسەر وەها مافێک کردۆتەوە. ئەو ڕێگایانەی دەگیرێنە بەر بۆ پاراستنی دیبلۆماسی بریتین لە:( دانوستان، نێوەندگیری، لایەنی سییەم، فەرمانگەی باش، هەماهەنگی دیبلۆماسی ، لێکۆڵینەوە ، ئاشتبوونەوە).

پاراستنی دیبلۆماسی لە ڕێگەی دادوەری: ئەم جۆرەیان بە ڕێگای دادوەری ناسراوە، چونکە لەلایەن لیژنەکانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بە تایبەت لە ڕێگەی دادگای نێودەوڵەتیەکانەوە، وە پێیان دەوترێت ئامرازی یەکلایکرنەوەی یاسای، چونکە بنەمای کارەکانیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی دەقە یاساییە نێودەوڵەتیەکان.

ئەم پاراستنە لە ڕێگەی دوو جۆر دادگاوە ئەنجام دەدرێت کە بریتین لە : ١ دادگای ناوبژیوانی ٢ دادگای دادی نێودەوڵەتی.

١/ دادگای ناوبژیوانی: ناوبژیوانی پرەنسیپێکە کە، لە شارەکانی یۆنانی کۆندا پەیرەو کراوە لە ڕێگەی ئەنجومەنێکی ناوبژیوانی هەمیشەییەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاستیش، بۆ دەوڵەتانی مەسیحی، پاپا ڕۆڵی ناوبژیوانی بینیووە، دواتر بیرۆکەکە گەشەی سەند و لە ساڵی (١٨٩٩) دادگای هەمیشەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دامەزرا. دەوڵەتەکان دەتوانن لە کاتی ناکۆکیدا، ئەم دادگایە هەڵبژێرن بۆ بڕیاردان لەسەر ناکۆکیەکان. شایەنی ئاماژەدانە کە ئەمڕۆ چەندین دامەزراوەی تری ناوبژیوانی هەن و تەنانەت دەوڵەتان خۆیان دەتوانن لیژنە یان دادگایەکی ناوبژیوانی دروست بکەن

٢/ دادگای دادی نیودەوڵەتی: دادگای هەمیشەی دادی نێودەوڵەتی ئۆرگانێکی سەرەکی کۆمەلەی گەلان بوو کە، لە ساڵی (١٩٢٢ ) پێکهێنرا. دادگا چەندین دۆسیەی یاسای نێودەوڵەتی بینی چارەسەری زۆر ناکۆکی نێودەولەتی کرد، بەڵام لەگەڵ هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی گەلان، ئەم دادگایەش هەڵوەشایەوە. لەدوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، بیرۆکەی سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی ڕێکخراوێکی نوێی نێودەوڵەتی بۆ جێگرتنەوەی کۆمەڵەی هەڵوەشاوەی گەلان گەڵاڵە بوو و لەگەڵیشیدا بیرۆکری دروستکردنی دادگایەکی تری نێودەولەتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیە نێودەولەتییەکان بەڕیگای یاسای لەگەڵدا بوو. ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی (١٩٤٥) دا دروست بوو، لەگەڵ دروست بوونیشیدا دادگای دادی نێودەوڵەتی وەک ئۆرگانێکی سەرەکی ئەو ڕیکخراوە هاتە کایەوە. ئەم دادگایە هاوشێوەی دادگاکەی پیش خۆی، دۆسیەی ناکۆکیە نێودەولەتییەکان دەبینیت کە، لە لایەن دەولەتانەوە بۆی بەرزدەکریتەوە و بریارەکانیشی لەلایەن ڕێکخراوەکەوە جیبەجی دەکرێن. دۆسیەی پاراستنی دیبلۆماسی یەکیکە لەو دۆسیانەی کە دادگا پێشتر بینیویەتی و دەشکرێت لە ئێستا و داهاتوودا بۆی بەرز بکرێتەوە.