کەی لە ئەشکەوتەکەت دێیتە دەر؟

2022-04-30

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

"ياأيها الذين آمنوا استجيبوا لله وللرسول إذا دعاکم لما یحییکم"

ئەفلاتوون چیرۆکێکی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە سەبارەت بە ڕۆڵی ئەشکەوت سێبەرەکان لە تێگەیشتنی مرۆڤدا. چیرۆکەکە بەم شێوەیە دەست پێدەکات. کۆمەڵێک کەس لە ئەشکەوتێکدا پشت لە دەرگا و ڕووبەڕووی دیواری نێو ئەو ئەشکەوتە بەستراونەتەوە.

ئەو ڕووناکییەی کە لەدەرەوە دەدات لە تەنەکانی دەرەوەی ئەشکەوتەکە کارێک دەکات سێبەرەکانیان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە بەشێوازی جیاواز دەربکەوێتەوە. ساکینانی نێو ئەشکەوتەکەش بەرامبەر ئەم سێبەرانە بەستراونەتەوە و تەنها شتێک لێیانەوە دیار بێت ئەم سێبەرانەن.

بە نیسبەت ئەم ئەشکەوتنشینانەوە بوون و حەقیقەتەکەی شتێکی زیاتر لەم سێبەرانە نین. چونکە جگە لەمانە شتێکی دیکەیان نەبینیوە. هەندێکیان زیاتر دەڕۆن و ئەو سێبەرانە بە حەقیقەتی ڕەها دەبینن و تا ڕادەی پەرەستن و بە پیرۆز تەماشاکردنیان دەڕۆن. وەک نیعمەتێکی زۆر گرنگ لە زنجیرەکانی دەستیان دەڕوانن و پێیان وایە گەر ئەم زنجیرانە نەبوونایە ئەمان ببەستنەوە، ئەوا دەجوڵان و بواریان نەدەبوو ئەم سێبەرانە ببینن.

ڕۆژێک یەکێک لەم ئەشکەوتنشینانە سەرکەوتوو دەبێت لەوەی زنجیرەکانی دەست و پێی بپسێنێت و بڕواتە دەرەوەی ئەشکەوت. کە دەڕواتە دەرەوەی چی ببینێت؟ سەرەتا ڕوناکییە بەتینەکەی هەتاو بەرچاوەکانی ڕەش دەکات و و کاتی دەوێت تا ئەم بەم ڕوناکییە بەهێزە ڕادێت، وردە وردە چاوەکانی تۆلێرانس ڕووناکییەکە دەستدەخەن و ئیدی هەموو شتێک وەک ئەوەی لە خودی خۆیدا هەیە جیاواز لە سێبەری نێو ئەشکەوتەکە دەبینێت.

نەک هەر دەتوانێت بیانبینێت دەستیشیان لێدەدا و دەتوانێت لە تام و بۆنەکانیشیان بەهرە وەرگرێت. شتێک لەناخیدا دروستدەبێت پاڵی پێوە دەنێت بۆ گەڕانەوە بۆ ئەشکەوت، نەک لەبەر ئەوەی بیری سێبەرەکان بکات و پێی وابێت سێبەرەکان لە حەقیقەتی ئۆرجینالی شتەکانی دەرەوە زیاترن، بەڵکو دەیەوێت بڕواتەوە نێو ئەوشکەوت و ئەشکەوتنشینانی هاوڕێی لەوە ئاگادار بکاتەوە کە دونیاکەی دەرەوە چەندە فراوان و ڕوناک و گەورەترە سەبارەت بەم دونیا تاریک و تەنگەبەرەی ئەمان تێیدا بەستراونەتەوە لەم ئەشکەوتەدا. ئامۆژگارییان دەکات بەوەی تەنها ئەوەندە بەسە ئەمان زنجیرەکانی دەست و پێ و ملیان بپسێنن بۆ ئەوەی ئاوڕێک بدەنەوە و بزانن ڕووناکییەکەی دەرگای ئەشکەوت چەندە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ قسەکانی.

هەڤاڵانی نێو ئەشکەوت بە بیانووی جیاواز دەکەونە دژایەتی ئەم مرۆڤە ئەشکەوت بەزێن و زنجیر پسێنە. هەندێکیان لەجاران توندتر باوەش دەکەن بە زنجیرەکانی دەستیاندا و دەیلێسنەوە پێیان وایە ئەم برادەرە هاتووە سوکایەتی بەو زنجیرانە بکات کە ساڵەهای ساڵە ئەمانی وادار کردووە لە سێبەرەکان بێبەش نەبن بە پیرۆزیان داناون، هەندێکی دیکەیان تۆمەتباری دەکەن بە دوژمنی سەرسەختی سێبەرەکان، بەشێکی دیکە بە شاعیر و ساحیر و خەڵەفاو تۆمەتباری دەکەن و پێیان وایە مەحاڵە لەدەرەوەی زنجیر و ئەشکەوت و سێبەر بوونێکی دیکە هەبێت تا ئەمان بتوانن بیبینن، بیچەژن یا لەمسی بکەن!

چیرۆکەکە تا ئێرەیە و لە مێژووی دووروودرێژی خۆیدا سەدان بەڵکو هەزاران جۆر لێدانەوەی بۆکراوە.

چیرۆکێکی دیکەمان هەیە لە ڕوکەشدا پێچەوانە و لە مۆراڵدا هەڵگری هەمان محتەواو مانایە. کەسێکی وەک حەزرەتی موحەمەد شارێکی رووناک و قەرەباڵخ و پڕ لەژاوەژاوی وەک مەککە بەجێدەهێڵێت بۆ نێو ئەشکەوتێکی تەنگەبەر و تاریک و بێدەنگی وەک ئەشکەوتی حەڕا. لانی کەم ساڵانە مانگێک یان زیاتر لەو ئەشکەوتەدا بەتەنیا دەمێنێتەوە و تێیدا چلە دەکێشێت، لە خۆی و گەردوون و بوون ورد دەبێتەوە.

،،

ئەوەی ئەم مرۆڤە وادار دەکات بچێتە ئەشکەوت هەمان ئەو هۆکارەیە کە پاڵەوانی چیرۆکەکەی ئەفلاتوونی والێکرد ئەشکەوت بەجێبهێڵێت: ڕەهابوون لە هەژموون و کاریگەریی سێبەرەکان!

ئەوەی وایدەکرد ئەشکەوت ببێتە پەناگەیەکی ئارام و دەروازەیەک بۆ کەشفکردنی حەقیقەت و ماهییەتی بوون ژاوەژاوی سێبەرەکانی نێو شار بوون. هیچ سەرەداوێکمان نییە پێمان بڵێت کە حەزرەتی موحەمەد لەم ئەشکەوتەدا بەچییەوە خۆی خەریک کردووە، خواردن و خەوتنی چۆن بووە، ڕاز و نیازەکانی چی بوون، سەما و جەزبەکانی لەبەرامبەر بینینی حەقیقەتدا چی بووە؟ چۆن نوێژی کردووە چۆن ڕۆژوی گرتووە؟ چۆن لە پشکی جەستەی گرتۆتەوە بۆ ئەوەی بیخاتە سەر پشکی ڕۆحی، چۆن شەوەکانی کورتتر و وەک ڕۆژەکانی ڕووناک کردۆتەوە؟ لەهیچ شتێک لەمانە دڵنیا نین، نازانین ئەو نوێژەی کە دواتر هاتەوە بۆ ئەوەی فێری سێبەرنشینانی بکات هەمان ئەو نوێژە بووە خۆی پێشتر لەو ئەشکەوتەدا خۆنەویستانە ئەنجامی داون، بە ئومێدی ئەوەی ئەمان زووتر بگەن بەوەی خۆی پێیگەیشتووە.

ئاخر نوێژ کردەیەکی تەواو لەخۆ و هەڵقوڵاوی نێو ناخی ئەو بووە پێشتر، کە تەلی سازەکەی لەگەڵ سازی هەموو بوون و هەستی دا کۆک دەکرد و هەموویانی بەو ئەدا موتەوازیعانەیەوە دەدی لەبەرامبەر زاتی حەقدا ئەمیش نەیدەتوانی نەکەوێتە سەما لەگەڵیان. ئەو جوڵە دەرەکیانە خۆنەویستانە وەک وەجد و سەما لەو ئەشکەوتەدا کە تێیدەکەوت وەک جوڵە هەمان ئەوی ئێمەیە کە ئەمڕۆ دەیکەین و لەکۆڵی دەکەینە، بەڵام هی ئەو لەناوەوە بۆ دەررەوە ئاڕاستەی وەردەگرت، ئەوەی ئێمە لەدەرەوە بۆ ناوەوە ئاڕاستەی وەرگرتووە. ئێمە لەهیچی ئەمانە دڵنیا نین بەڵام لە شتێک تەواو دڵنیاین ئەویش ئەوەیە مانەوە و خەڵوەتنشینی چەندین ساڵەی ئەو لەم ئەشکەوتەدا کارێکی کرد دەرگای حەقیقەتی لێبکرێتەوە و بەیەک جار دڕ بە هەژمونی ئەشکەوت و هەیمەنەی سێبەرەکانی نێوی بدات.

بەگوێرەی گێڕانەوەکانی سیرەی ئیبن هیشام لە شەوێکی وەک شەوی 24 ی ڕەمەزاندا ڕووداوە گەورەکە ڕوودەدات. لە خەویدا دەرگای بینینی حەقیقەتی لێدەخرێتە سەر پشت. پێی دەڵێن "هەستە و لەژێر هەژموونی سێبەرەکان دەرچۆ، لە سێبەرەوە بگوازەرەوە بۆ حەقیقەت، هەستە بەناوی حەقیقەتی خیلقەتەوە جارێکی دیکە گەردوون و بوون و خودی خۆت سەرلەنوێ لە لێنزی حەقیقەتەوە بخوێنەرەوە. هەستە مرۆڤ بخوێنەرەوە، هەستە بزانە تۆو هەڵگری درەختێکی چەندە مەزنە لە ناخی خۆیدا، تۆش هەروایت، بزانە لە شتێکی کەم و بچوکەوە چ گەردوونێکی فراوانمان لێدروستکردوون، هەستە بەناوی پەروەردەکارەکەتەوە بخوێنە، ئەو پەروەردەکارەی کە تۆی لە سێبەر و وەهمی ئەشکەوتەوە بۆ ڕوناکیی و حەقیقەتی زانین گواستۆتەوە".

چاوەکانی ئەم مرۆڤە مەزن و حەقیقەتبینەش سەرەتا وەک ئەوەی چیرۆکەکەی ئەفلاتوون بەرگەی هەموو ئەو ڕووناکییە ناگرێت، دەترسێت، گومانی بۆ دروستدەبێت، بەڵام وردە وردە بە دیتنی بەردەوامی حەقییقەت چاوەکانی ئەمیش تۆلێرانسیان بۆ دروستدەبێت بۆ ئەم ڕوناکییە بەهێزەی حەقیقەت. نهێنی کەم کەم هاتن و لە کورتی بڕاندنەوەی وەحی و هاتنی ئایەت و سورەتە کورتەکان لەسەرەتای پێغەمبەرایەتییەوە شتێکی زیاتر لەمە نییە.

وردە وردە و دۆز دۆز پێغەمبەر سینەی فراوان و فراوانتر دەبێت بۆ هەڵگرتنی باری قورس و گرانی ڕزگارکردنی خەڵک لە وەهمی سێبەر و بە پیرۆز زانینیان. پێغەمبەر هاوشێوەی ڕزگاربووی ئەشکەوتەکەی ئەفڵاتوون ڕازی نابێت بەوەی ئەم کەشفە وجودییە بەتەنها لای خۆی بمێنێتەوە. ئەمجارە ئەم ئەشکەوت بەجێدەهێڵێت و بەرەو شاری سێبەر و لای سێبەرپەرەستان دەکەوێتە ڕێ. کۆت زنجیرەکانی دەست و پێ و ملیان بەتوندی ڕادەوەشێنێت و پێیان دەڵێت تەنها ئاوڕێک بدەرەوە با هەم لە سێبەر و هەمیش لەم کۆتانە ڕزگارتان ببێت، بەڵام ئەوان زیاتر باوەش بە زنجیرەکانیاندا دەکەن، زیاتر لەجاران دەیانلێسنەوە و هەزاران شانامەش بۆ سێبەرەکان دەهۆننەوە تا ئەوەی "ئەم مرۆڤە لەڕێ لادەر و ساحیرە " و ڕووناکییەکەی نەتوانن لە گەورەیی سێبەرەکانی ئەمان کەم بکاتەوە. گەورەیی سێبەریان دەکردە پێوەر بێئاگا لەوەی چەندە سێبەر گەورە بێت ئەوەندە خۆر زیاتر ڕووی لە ئاوابوونە.

ئێمە لەکوێی ئەشکەوتداین؟

ئەمڕۆ ئێمە لەدونیایەکی تەواو هاوشێوەدا دەژین. ئەوەی مەستی کردووین سێبەرە، ئەوەشی وادەکات گۆرانی بۆ ئەم سێبەرانە بڵێین ئەو کۆت و بەندانەیە کە لە دەست و قاچ و ملمان ئاڵێندراون. گەڕانی بێ پێشمەرج و بێمەرج لەدووی حەقیقەت و ڕزگار بوون لە هەژمونی سێبەر نەک هەر کاری لەپێشینە نییە، بەڵکو تەقلیدکردنەوەی کوێرانەی ئەو ئەشکەوتنشینە مەزنەی مێژووی تێکشکاندنی زنجیر و سێبەرەکان جارێکی دیکە کراوەتەوە کۆت و بەندێک و لە دەست و مل و پێی ئێمەومانان ئاڵێندراوەتەوە. وا دووبارە بەرامبەر کۆمەڵێک سێبەری دیکە دانیشتووین و خەریکی زیکەزیک و ورتەورتی ژێر لێوین بۆ ئەم سێبەرانە. لەبری بیرکرکردنەوە و ڕاز و نیازەکانی ئەو مرۆڤە گەورەیە، شێوازی خواردن و نووستن و توالێتکردن و ڕیش هێشتنەوە و پۆشینی ئەو حەزرەتە بوونەتە سەنگی مەحەک بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت و دەرچوون لە سێبەر بۆمان. ئەمە لەکاتێکدایە شێوازی خواردن وپۆشین و ڕێکردن و ڕیش هێشتنەوە و ژیانە ئاساییەکەی ئەو مرۆڤە مەزنە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ مرۆڤە سێبەرییەکاندا نەبووە لە کاتەکەی خۆیدا. ئەوەی ئەوی لەوان جیادەکردەوە ڕاستگۆییەکەی بوو لەگەڵ خۆی و ئەخلاقەکەی بوو لەگەڵ خەڵک، نەوەک ڕیش و فێس و جبە و جەمەدانییەکەی. ئەوەی ئەوی کردە پەیامبەری تێکشکاندنی وەهمی سێبەرەکان، سەرەتا تێکشکاندن و پساندنی کۆت و زنجیرەکانی دەست و پێی خۆی بوو دواتر گەڕانەوەی بوو بۆ لای دوونیا بە سێبەر ئالودەکەی ئێمە بۆ ئەوەی دەستمان بگرێت و لەم ڕێگە دووروودرێژەی حەقیقەتدا گۆرانیمان بۆ بڵێت تاوەکو خەوەنوچکە نەمانباتەوە و و بێزار نەبین و نەکەوینەوە ژێر کاریگەری سێبەرە موغری و کاتییەکانی سەر ڕێگاکە.

شوینکەوتوانی ئەو ئەمڕۆ ئەگەرچی ڕیشیان وەک ئەو بەردەدەنەوە، جبە و جامانەی وەک ئەوەی ئەو دەبەستن، سیواک دەکەن بە نێو قەدی پشتێنەکانیانەوە، مینبەر بۆ خۆیان دروستدەکەن، دەڕۆنە ئەشکەوتەکان و بە حیسابی خۆیان بۆ شوێنپێهەڵگرتنی ئەو لە ئەشکەوتەکاندا خەڵوەت دەکەن، چلە دەکێشن و باسی ئەومان بۆ دەکەن

،،

بۆ گواستنەوەی ئەم کارانەشیان دەیان جۆر سکرین و کامێرای کوالییتی بەرز بەکار دەهێنن بەڵام هێشتا دەنگ و پەیامەکەی ئەو هەر ناگات.

ئەمانە بە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن هەمان وانەکانی تەقدیس کردنی سێبەر و گرنگی کۆت و بەندەکانی سەر و دەست و مل و پێمکانمان پێدەڵێنەوە. بەڵام لەبری لات و هوبەل و عوزاکان، هاتوون ژیانی زاهیریی ئەو حەزرەتە و ڕیش و سیواکەکەیان کردۆتە سێبەر، هیچ پرسیارێکیان سەبارەت بە شەوەکانی ئەو و خەڵوەتەکانی نییە، پرسیارکردن بڤەدەکەن، گومان هەر لە ڕێوە تیرۆر و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەش لە وەهمی سێبەر بەدەرچوون و زەندەقە و لادان و کافر بوون تەفسیر دەکەن. لەوەها دۆخێکدا هەمان وەهمی سێبەرەکان و پیرۆزکردنیان زیاتر شتێکی دیکە ناگەیەننە گوێمان.
ئەمڕۆ پێغەمبەر خۆی زیندوو ببێتەوە یەکەمجار هەوڵی شێواندنی ئەو سێبەرە دەدات کە موسوڵمانان و شوێنکەوتوانی لە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆی بۆیان دروستکردووە و ئەیپەرەستن، هەوڵی ئەوە دەدات پێش هەموو کەسێک زنجیری دەستی موسوڵمانان و شوێنکەوتوانی بپسێنێت و جارێکی دیکە بە بانگی "يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا آمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ"داوەتی حەقیقەتیان دەکاتەوە.