یەكێتی نیشتمانی خۆی بۆتە مەترسی بۆ سەر زونی سەوز

2022-05-08

ساڵح ژاژڵەی

بەشی بەكەم
لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتێدا بافێڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆكی یەكێتی هەڵبژێران . لەشكرێك خەڵك بونە ئەندامی سەركردایەتی كە ژمارەیان زۆرترە لە ئەندامانی حیزبی شیوعی چینی . كەسانی وا بونە ئەندامی سەركردایەتی ، نەك هەر شایستەی ئەوەن ببنە ئەندامی سەركردایەتی حیزبی شەهیدان بەڵكو هەر شەرمە ناویشیان بێنی . ئەوەی ناوی لێنرا كۆنگرە لە ڕاستیدا كودەتا بوو ، لەو ڕۆژە شەوە یەكێتی وەكو حیزب كۆتایی هات و بوو بە بنەماڵە . ئەوانەشی وەكو ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێران دەبنە ڕەعیەتی بنەماڵە


زۆری پێ نەچوو بافێڵ تاڵەبانی لاهور شێخ جەنگی لە بەرپرسیاریەتی دوور خستەوە و بەو هۆیەوە ناكۆكی و پشێوی و دوو بەرەكی كەوتە ناو ڕیزەكانی یەكێتییەوەو جەماوەر لە یەكێتی نیگەران و بێ ئومید بون . سەرباری ئەوەش چەند مانگێكە لە زونی سەوز دابەشكردنی موچە دوادەكەوێت و لە كاتی خۆیدا نادرێت و كار گەیشتۆتە ئەوەی خەڵك لە سەرەی وەرگرتنی موچەدا گیان لە دەست بدەن .


خەستەخانەكانیش دەرمانیان تێدا نەماوە . كرێكارەكانی كۆمپانیای پاك كەرەوە مانیان گرتوەو بەو هۆیەوە شار بۆگەنی كردوە . هیچ بڕەپارەیەك بۆ هیچ خزمەت گوزارییەك خەرج ناكرێت و سنورەكە بەرەو كارەسات دەڕوات. هەموو ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بانكەكانی سنووری سەوز پارەیان تێدا نییە . یەكێتیش هۆكاری هەموو ئەمانە دەخاتە ئەستۆی پارتی وای وێنا دەكەن كە پارتی غەزەبی لە زونی سەوز گرتوەو بەو هۆیەوە سزای هەموو دانیشتوانی زونی سەوز دەدات . بافێڵ تاڵەبانیش هەڕەشە دەكات و دەڵێت ئەمە قبوڵ ناكەین . دكتۆر عیزەت سابیر پارتی تۆمەتباردەكات و بە هۆكاری كیشەكانی ئەم سنورەی دادەنێت . بە كورتی یەكێتی پارتی وەكو شەیتان وێنە دەكات و خۆشی وەكو فریشتە .


بەر پرسانی پارتیش وەڵامی دەدەنەوەو دەڵێن یەكێتی لە سنوری خۆی داهاتەكان بۆخۆی دەبات و نایانخاتە بانكەكانەوە . هەر وەها دەڵێن : لە مەرزەكان خەتی تایبەتی هەیە بۆ هێنانی كاڵا بەقاچاخ بەبێ گومرگ لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە كە ئكەوە ناچێتە حساباتەوە . بەهەمان شێوەش كەسانی تریش و هەندێك ئەندام پەڕلەمانیش هەمان بۆچونیان هەیەو دەڵێن بەڵگەمان هەیە كە هەموو پارەی داهاتی ناو خۆی سنوری یەكێتی و گومرگەكان ناچێتە سەر حسابات .


تەنانەت باسی ئەوە دەكەن كە كاڵای ماوە بەسەر چوو داخڵ دەكەن و تا سلێمانی بە گەرێنتی بۆ قاچاخچییەكانی دەردەكەن و كاتێك ئەو كاڵاو خواردنە ماوە بەسەرچوانە دەخرێنە بازاڕەوە ، لیژنەكانی قایمقامیەت دەستیان بەسەردا دەگرن و خاوەنەكانیان سزا دەدەن . دیارە ئەمە هەرقاچاخی نییە لەناو بردنی ژیانی خەڵكەو كارەساتێكی زۆر گەورەیە و ئایندەی هاوڵاتیان كەوتۆتە بەر مەترسی گەورەوە .

چەند سەرنجێك :


یەكەم : هیچ گومانێكی تێدانییە كە بنەماڵەی بارزانی چییان بۆ بكرێت و چۆنیان بۆ بكرێت دژایەتی یەكێتی واتە بنەماڵەی تاڵەبانی دەكەن و ئەوان بە دوژمنی پلە یەكی خۆیان دادەنێن . بۆیە ناكرێت چاوەڕوانی هیچی باشیان لێبكرێت تا مەسعود بارزانی لە ژیاندامابێت ،چونكە ئەو خۆی لە پشتی ئەو دژایەتیكردنەی یەكێتییەو ئەگەر ئەو بیەوێت بەڕۆژێك دەتوانێت ئەو بارودۆخە خراپە بگۆڕێـت بۆ ئاشتی ، بەڵام ئەو نایەوێت ئەوە بكات چونكە تازە دڵی لەیەكێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی ڕەش بووە .
دووەم: لە ئەنجامی ئەو شەڕە قسەو لێدوانە توندانەی نێوان پارتی و یەكێتی چەند ڕۆژی پێشو ئەوەمان بۆ ڕون بۆوە كە پێشتر پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوە ڕێك كەوتون كە لە داهاتی نەوت و ئەو دوو سەد ملیار دینارەی لە بەغداوە دێت بۆ هەرێم لە سەدا 43 بۆ یەكێتی و لە سەدا 57 بۆ پارتی بێت . موچەی پێشمەرگەش لەو 20 ملیۆن دۆلارەی ئەمەریكا دەدرێت . ئەگەر ئەو پارەیە بەشی موچەی نەكرد ئەوە هەر زونە لە داهاتی ناوخۆی نوقسانیەكە تەواو بكات .


كەواتە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوەرۆكدا هەر ناوەو دوو زونی سەر بە دوو بنەماڵەن كەخاوەنی مێلیشیای تایبەتی خۆیانن . كەواتە ئەگەر ڕێكەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی ئاوابێت و یەكێتیش راِزی بوبێت بەو ڕێكەوتنە ، ئێستا یەكێتی داوای چی لە پارتی دەكات ؟.

،،

داهاتی سنووری یەكێتی ناخرێتە بانقەكانەوە ، قاچاخی دەكرێت ، دزی و تالانی دەكرێت خەستەخانە دەرمانی تێدا نییە ، پارەی كۆمپانیای پاك كەرەوە نییە ، خەدەمات نییە، خەڵك دانەمەزرێـت ، شەقام قیرتاو نەكرێـت ، لەو حاڵەتەدا پارتی بەرپرسیار نابێت چونكە پێشتر ڕێكەوتنی لەسەر كراوە .

كەواتە ئەم توڕەبونەی بافێڵ تاڵەبانی و خۆ سوركردنەوەو تۆمەتباركردنی پارتی و قبوڵ نەكردنی ئەو غەدرەی پارتی لە یەكێتی دەكات ، لە پای چی و لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟. یان دەیانەوێت بەم هاش و هوشە ئەو دزیانەی لە داهاتی زونی سەوز دەكرێت ، لە خەڵكی بشارنەوە ؟.


ئەگەر ئەم تۆمەتانەی پارتی دەیداتە پاڵ یەكێتی ڕاست نین ، لە بری ئەوەی دكتۆر عیزەت بیت لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن پارتی تاوانبار بكات ، لەولاشەوە بەرپرسێكی پارتی بێـت و بەدرۆی بخاتەوەو خەڵك چەواشە بكەن ، بۆچی جێگری سەرۆكی حكومەت ناچێتە پەڕلەمان و هەموو ڕاستییەكان باس ناكات و ئەوەی لە ژێر بەڕەیە نایخاتە سەر بەڕەو ڕای گشتی لێ ئاگادار ناكات و كۆتایی بەم شەڕە قسەو چەلەحانێیەی نێوان بەرپرسانی پارتی و یەكێتی ناهێنێت ؟.


لە كاتێكدا بارودۆخی نێوان یەكێتی و پارتی گەیشتۆتە ئاستی تەقینەوە ، بەڵام جێگری سەرۆكی حكومەت كە سەر بە یەكێتییەو سنوورەكەی ئەو بەرەو ویرَان بون دەڕوات و خۆی كردۆتە كەڕەی ناو شەربەت و دەڵێی ئەوەی ڕوی داوەو ڕودەدات پەیوەندی بە ئەوەوە نییە . بەڕاستی ئەمە وەكو مەتەڵ وایە و كەس لەم كەین و بەینەی نێوان یەكێتی و پارتی و بافێل و قوبادی جوتە برا سەر دەرناكات . باشە پێمان ناڵێن قوباد تاڵەبانی بۆچی لە هەولێرەو ئیشی چییە ؟.


ئەوەی لەناوخەڵكدا لە بارەی ئەو مەتەڵەوە باس دەكرێـت دوو بۆچونە یەكەمیان : گوایە بافێڵ و قوباد ڕۆڵی خۆیان بەشكردوە . قوباد لە هەولێرەو بەشی خۆی لە پارەی نەوت بە كاش بۆخۆی وەر دەگرێـت بۆیە دنیاش بڕوخێت ئەو دەنگی لێوە نایەت چونكە ئەو لە خەمی خەڵكدا نیەو خۆی مسوەگەرە . بافێڵی براشی لە سلێمانی خۆی حاكمی سەربەخۆیەو چی بوێت و چۆنی بوێت و چۆنی بۆ باش بێت ئاوا دەكات .


دیارە ئەم بارودخەی ئێستای پێ باشەو ئەویش پارەی خۆی مسوەگەرەو خەڵك دەمرێت یان نامرێت كێشەی ئەو نییە . لای ئەوان حیزب و میزب و شەهیدان و پێشمەرگە میللەت شتێك نییە شایانی باس بێت ، چونكە ئەوان ئەگایان لە هیچ نییەو هاتونە سەر سفرەی حازر . ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی تەنها وەكو ناوهەن و لە ناوەرۆكدا ڕەعیەتی بنەماڵەن و فەرمان جێ بە جێ دەكەن . ئەگەر ئەم بۆچونەش ڕاست بێت كەواتە یەكێتی و پارتی ژێر بە ژێر رَێك كەوتون و ئەو تۆمەتانەی بۆ یەكتری دروست دەكەن تەنها بۆ چەواشەكردنی جەماوەرە . لە ڕاستیدا یەكێتی بنەماكانی حیزب بونی تێدا نەماوەو ئەو جەماوەرەی كە بەناو ماویەتی هەر یەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی لەناویدا ماوەتەوە . سەیركەن مەڵەبەندێكی یەكێتی بە قەدەر فەرمانگەی كارەبای سلێمانی ئەندام مەڵبەندو كارگێری مەڵەبەند هەیە . بە سەدان ئەندام كۆمیتە. 124 ئەندامی سەر كردایەتی . لانی كەم 80 ئەندامیان سەیارەی تازەیان بۆ كڕاوە ئەگەر هەر یەكەی بە 5 دەفتەر دۆلاریش بێت ، 3 ملیۆن دۆلار زیاتر دەكات .


موچەو نەسەریەو پارەی بەنزینی سەیارەو چاككردنەوەی سەیارەكان پارەیەكی خەیاڵی دەوێت لە هەمووی سەیرتر ئەمانە هیچیان كاریان نییەو هەموو بڕیاری حیزب لە دەستی یەك كەسدایەو ئەمان هەر سەر دەلەقێنن . هیچ بەرپرسێكی حیزبی نییە كوڕو كچ و خزمەكانیشیان خاوەنی كۆمپانیای خۆیان نەبن یان دانەمەزرابن .


هەرچی كاسبییەك خێری تێدابێت یان بۆ حیزبە یان كەسانی سەر بەحیزب . بۆیە هیچ كاروكاسبییەك بۆ خەڵك نەماوەتەوە .جگە لە هەموو ئەمانەش باجێكی زۆریش خراوەتە سەركاسبكاران . گومانی تێدا نییە ئەو باجەش دەكەوێتە سەرهاوڵاتی فەقیر . بە دڵنیاییەوە دەڵێم كۆمپانیاكانی حیزب و بنەماڵەو سەرانی حیزبیش هیچ باجێك نادەن .


كەواتە حیزب بۆتە كۆمپانیایەكی بازرگانی گەورە بۆ ئەندامانی حیزبەكە . هەموو ئەو خەرجیانەش بۆ حیزب لە بودجەی گشتی خەڵك دەڕوات .كەواتە ئەوانەی ئێستا خۆیان وەكو لایەنگری یەكێتی وینادەكەن ، لەبەر خاتری بەرژەوەندیەكانی خۆیانە نەك خۆشەویستیان بۆحیزب . كەواتە ئەمان لە بنەڕەتدا حیزبی نین .
حیزبیش بۆ بەخێوكردنی ئەم لەشكرە بی َكارە دەبێ پەنا بەرێت بۆ هێنانی دوگو جگەری بەستوی ماوە بەسەر چوو ، جبسی ژەهراوی قاچاخچیەتی و داگیركردنی موڵكی گشتی و لەولاشەوە بەهەزاران دەرچوی زانكۆ و پەیمانگاكان هەن كە كوڕی فەقیرو هەژارن كەسێكیان لی دانامەزرێ‌ .


كەواتە حیزب دەبێـتە هۆكاری دروستكردنی ناتەبایی و نا عەدالەتی ناوكۆمەڵگاو دواجار كۆمەڵگاش دابەش دەبێت بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەك و بەو هۆیەوە كۆمەڵگا بەرەو لێكترازان و هەڵوەشانەوەو دژایەتی و ڕق لێبونەوە لە یەكتری دەڕوات . لە ئەنجامی هەمو ئەمانەدا پارە لە بانكەكاندا نامێنیت بۆ ئەوەی موچەی پێبدرێت . حیزبی كورردی حكومەتێكی ترە لەناو ئەم حكومەتداو بۆتە بارێكی قورس بەسەر بودجەی گشتییەوە . دیارە ئەوەی باسمكرد بۆ پارتیش هەر وەكو یەكێتی وایە .


لە ڕاستیدا پارەكە زۆرە بەشی ئەم دوو حكومەتەش دەكات كە لەناو یەكدان ، ئەگەر سەرانی هەردوو بنەماڵە بەشێكی زۆری بەتاڵان بۆخۆیان نەبەن . كەواتە دەبێ هاوڵاتیان زۆر هوشیاربن و بەوە نەخەڵەتێن كە پارتی و یەكێتی لە میدیاكانەوە یەكتری تۆمەتبار دەكەن . یەكێتی دەڵێت : پارتی زونی سەوز سزا دەدات .


پارتیش دەڵێت : یەكێتی پارەی گومرگەكان و داهاتی ناوخۆ بۆ خۆیان دەبەن . هەردوكیان ڕاست دەكەن , هەردوك لایان دزن و بۆیە ئەمە دەكەن بۆ ئەوەی فێل لە جەماوەر بكەن و هاوڵاتی زونی زەرد وابزانن بنەماڵەی بارزانی بەرگرییان لی َدەكات ، هاولاِتیانی زونی سەوزیش وابزانن بنەماڵەی تاڵەبانی بەرگرییان لێ دەكات . بەڵام ڕاستییەكەی هەردوكیان شینی هەریسەكە بۆ خۆیان دەكەن و درۆ لەگەڵ خەڵك دەكەن .

،،

حیزبی كوردی درێژكراوەی خێڵا و بنەماڵەیە بەڵام لە فۆڕمێكی سیاسیدا . سەرۆكی خێلێك یان بنەماڵەیەك تا لە ژیاندا مابێت دەسەڵاتەكانی دانابەزێنیتە خوارەوە بۆ ئەوەی هەر خۆی خاوەن بڕیار بێت و دوای خۆشی جێگرەوەكەی هەمان نەرێت پەیڕەو دەكات .


حیزبە بەناوسیاسیەكانی ئێستای هەرێمی كوردستانیش لە سەر هەمان نەرێت و هەمان ڕێچكە بەردەوامن. ئەوە بنەماڵەی بارزانی بۆنمونە : دەسەڵات لە مەلا مستەفاوە بۆ مەسعودی كوڕی ئەوەتا مەسروریش ئامادە دەكرێت بۆ شوێنی باوكی . یەكێتیش بەهەمان شێوە تا مامجەلال مابوو خۆی هەموو شتێك بوو .
ئێستا بافێل بۆتە جێگرەوەی باوكی و ڕێك وەكو ئەو دەكات و دەسەڵات هەموی لای خۆیەتی. مەترسییە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە كە ئەمانە لەسەر لێوەشایی و شارەزایی و پسپۆری نەبونە سەركردەو هیچ دنیا بینییەكی سیاسی و ئیداری وئابورییان نییە ، بەڵكو سەركردایەتیان وەكو میرات بۆ ماوەتەوەو وڵاتیش لەسەر دەستی كەسانی ئاوا بەرەو وێران بون دەڕوات .


باشترین نمونە ئەوەیە هەمومان دیمان چۆن لە میدیاكانەوە خەبەری ئەوە بڵاو كرایەوە كە بافێڵ تاڵەبانی چەند كەسێكی حیزبەكەی خۆی سزاداوە كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیشی تێدابوە لەسەر ئەوەی لێدوانی خراپیان داوە . ڕاستە دەبێ لەناو حیزبدا لێپرسینەوەو سزادان هەبێت ، بەڵام ئەوە دەبێ بە پێی پەیڕەوەی ناوخۆی حیزب بێـت . بەڵام بافێڵا تاڵەبانی تەنها خۆی بڕیاری سزادانەكەی داوە .


كەواتە ئەم بڕیارە لە بڕیاری سەرۆك خێلێك دەچێت ، نەك سەرۆكی حیزبێكی سیاسی . لەوەش خرابتر ئەوەیە خەبەرێكی ئاوا لە میدیاوە بڵاو بكرێتەوە كە ئەوە جۆرێكە لە سوكایەتی و گاڵتە پێكردن . سەیرەكە لەوەدایە بافێل تاڵەبانی هەرحیزبی نەبوە تا ڕاپەڕینیش هەر لەكوردستان نەبوە . كەواتە هەر لەبەر ئەوە بوە بە سەرۆك كە كۆڕی مامجەلالە . بەڵام ئایا ئەوە بەسە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی حیزبێكی وەكو یەكێتی لەم بارودۆخە سیاسیە ئاڵۆزەی كە ئێستا لە ئارادایە ؟.


بۆچونی دوەمیان ئەوەیە كە پارتی و یەكێتی كێشەی گەورەیان لەگەڵ یەكتری نییەو تەنانەت لەسەر هەناردەكردنی غازیش ڕێك دەكەون وەكوچۆن پێشتر لەسەر هەناردەكردنی نەوتیش ڕێك كەوتن . ئەوان هەرچی بە یەكتری بڵێن ئەوە هەر قسەی ناو میدایەوەو لە ژێر مێزەكەدا شتێكی شارەوە هەیە كە هەموان نایزانن وهەرگیزنابێ خەڵكی تر بیزانێت .


باشە ئەگەر ئەم قسەیە ڕاست نییە ، بۆچی یەكێتی لە حكومەت ناكشێتەوە كە پارتی ئەوەندە غەدر لە زونی سەوز دەكات و سوكایەتی بە یەكێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی دەكات ؟. یەكێتی بۆیە ئەم بارو دۆخ و هاش و هوشەی دروست كردوە بۆ ئەوەی عەتف و سەرنجی خەڵك بۆلای خۆی ڕاكێشێت و گەندەڵیەكانی خۆی لە چاوی خەڵك بشارێتەوەو وا لە خەڵك بگەیەنێت كە بەرگریكاریانە و بەو هۆیەوە دەنگی بۆ بدەن .


كورت وكرمانجی بێدەنگییەكەی قوباد تاڵەبانی سەلمێنەری ئەوەیە كە قسەكانی پارتی ڕاستن و ئەوان داهاتی ناوخۆی سنووری سەوز ناخەنە بانقەكانەوەو بۆ خۆیانی دەبەن .ئەگەر بڵین ئەوە بوختانە ، دەتوانن داوای لییژنە بكەن بۆ لێكۆڵینەوەو بەدوادا چون و پارتی بە درۆ بخەنەوە .


. ئەگەر یەكێتی هۆكاری دواكەوتنی موچەو نەبونی خزمەت گوزاری بە بەڵگەی تەواوە بۆ خەڵك ڕون نەكاتەوە تەنها بە قسە بیەوێت پارتی تۆمەتبار بكات ، توڕەیی جەماوەر زیاتر دەبێت و گومانی تێدا نابێت لە هەڵبژاردنی داهاتودا باجێكی قورس دەدەن .


هەر بەم بۆنەیەوە لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا كۆمەڵێك لە كور و نەوەو خزم و كەس و كاری شەهیدانی یەكێتی بەیانێكیان دەركردوەو هۆشداریان داوەتە یەكێتی ئەگەر كار وەكو ئێستا بڕوات ، یەكێتی سزای قورس دەدرێـت . بەڵام ئەوانەی ئێستا خۆیان كردۆتەخاوەنی یەكێتی كەس و كاری شەهیدان ناناسن لەەبر ئەوە گوێ‌ بە قسەكانیشیان نادەن .


هاوڵاتیانی خۆشەویست ، خوێنەری ئازیز، كەس و كاری سەربڵندی شەهێدان ،پێشمەرگە قارەمانەكانی ڕۆژە سەختەكانی خەبات و تێكۆشان ، جەماوەری تێكۆشەری خەڵكی كوردستان دەمەوێت بیرتان بهێنمەوە كە هۆكاری هەموو ئەو مەینەتیانەی بەسەر ئەم میللەتە هاتوە كێشەو ناتەبایی نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییە . ڕەگی ئەم دوژمنایەتیە خوێناویەی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1964 كە برایم ئەحمەدو مامجەلال و كۆمەڵێك سەركردەی تری ئەو كاتی پارتی لە مەلا مستەفا هەڵگەڕانەوە و لە پارتی جیابونەوە . لەو كاتەوە بەرەی جەلالی و مەلایی دروست بوو كە ئەم دوو بەرەیە تا ئەم كاتەی ئێستا ئەم دێرانە دەنوسم بونە مۆرانەو كارەسات بۆ ئەم میللەتە .


دەركەوت هەموو ناكۆكیەكان لەسەر دەسەڵات بوو . لە كاتێكدا بەرەی جەلالی مەلا مستەفایان تۆمەت بار دەكرد بەوەی خێلەكییەو سیاسەت نازانێت و بڕوای بە حیزب نییە . بۆمان دەركەوت كاتێك مامجەلالیش دەسەڵاتی بەدەست هێنا ئەویش بەرەو بنەماڵەی ڕۆیشت .كە واتە دەتوانین بڵێن ئەو كات مامجەلال دەسەڵاتی مەلا مستەفای نەبوو بۆیە گلەیی هەبوو.


بەڵام ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەبینین دوای خۆی كوڕەكەی بۆتە جێگرەوەی خۆی و ئێستا خاوەنی هەموو حیزبەكەشە . كەواتە ئەو حیزبانە یان ئەوسەرۆك حیزبانەی كێبڕكی لەگەڵ ئەوانی تر دەكەن كە لە خۆیان بەدەسەڵاترن و زۆر جاریش تۆمەتباریان دەكەن و تۆمەتی خیانەت و كلكایەتی بێگانەشیان دەدەنە پاڵ ، لەبەر ئەوە نییە ئەمان لە ئەوان باشترن ، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە دەسەڵاتی ئەوانیان نییە .


لە كۆتاییدا دەپرسم : زۆر ئاساییە كەسانێك بە هەر هۆكارێك بێت دژایەتی خێزانەكەت بكەن و بیانەوێت سزای خۆت و خێزانت بدەن ، بەڵام ئاسایی نییە خۆت ببێتە دوژمنی خێزانی خۆت و سزای منەڵەكانت بدەیت و خواردنیان پێ نەدەی . كەواتە زۆر ئاساییە بنەماڵەی بارزانی دژایەتی سنوری بنەماڵەی تاڵەبانی بكەن و سزای خەڵكەكە بدەن بۆ ئەوەی وایان لێ بكەن دژی بنەماڵەی تاڵەبانی بوەستنەوە . بەڵام ئاسایی نییە بنەماڵەی تاڵەبانی سزای ڕعیەتەكەی خۆی بدات .


خۆ ئەگەر بڵین نەخێر وانییە ، ئەی باشە ئابڕوچون نییە تۆ خۆت بە بەرپرسیار بزانێـت لە ژیانی خەڵك و خۆت بێی جگەرو دوگ و جبسی ماوە بەسەرچوو بهێنیتە ناو شارەكان و دەرخواردی خەڵكی بدەی . چ ئابِرو چۆنێكە خانە نشینان كە ماوەی 40 ساڵە خزمەتی خەڵكیان كردوەو موچەكەیان 250 هەزار دینارەو لەسەرەی وەرگرتنی موچەدا بمرن ؟. ئاخر ئابڕوچون نییە خەستەخانەكان بە تایبەتی خەستەخانەی هیوای شێر پەنجە دەرمانیان تێدا نەبێت .


باشە ئابڕوچون نییە بەنزین نەبێـت بۆ ئەمبوڵانسەكانی فریاكەوتن . ئابڕوچون نییە بایی ملیۆنان زەوی ئەم شارە داگیر بكەن و تا ئێستا لەناو شاردا قوتابی لە كابینەدا دەرس بخوێنیت . ئابڕوچون نییە تۆ پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە خەڵك وەرگریت بەڵام پارەی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك نەدەیت و كرێكارەەكان مان بگرن و بەو هۆیەوە شارەكان بۆگەن بكەن .


دوای ئەمانە وەرن حسابی موچەو نەسریەو خەرجی 124 ئەندامی سەركردایەتیم بۆ بكە و بزانە هەر یەكەیان موچەكەی بەقەدەر چەند موچەی خانەنیشان دەبێـت . بەخوا بیستومە باسی 124 هەزار پێغەمبەر دەكەن ، بەڵام نەبیستراوە حیزبێك خاوەنی 124 ئەندامی سەركردایەتی بی ئیش بن تەنها بۆ موچە نەبێت . كەواتە چۆن پارە لەبانكەكاندا دەمێنیت بۆ فەقیرو هەژار .

،،

كەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی نە بنەماڵەی بارزانی نە بنەماڵەی تاڵەبانی لەخەمی خەڵكدان . هەردوكیان هەر خەمی خۆیانەو بۆخۆیان هەوڵ دەدەن .

كاتی ئەوە هاتوە ئێمە هەمومان بیرلە ئایندەی خۆمان و نەوەكانمان و نیشتمان بكەینەوەو ئەم دوو بنەماڵەیە كە بونە دێوەزمەی ئەم میللەتەو ئەم نیشتمانە بخەینە زبڵدانی مێژووەو چیتر خەڵك پەیوەست نەبێت پێانەوە چونكە دوژمنی گەل و نیشتمانیشن .


لە بەشی دووەمی ئەم باسەدا باسی ئەو زەوی و زار و موڵكە گشتیانە دەكەم كە دەستیان بەسەردا گیراوە ئەو كات تێ دەگەن ئەمانە چ جاناوەرێكن .