ڕەزوان یاڵانپێی
دەستکراوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی چوار، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی موچەیان وەرگرت و وا بڕیارە ڕۆژانی تر وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی تری حکومەتی هەرێم موچە وەربگرن، بەڵام تا ئێستا موچەی مانگی سێی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان نەدراوە و دیاریش نیە کەی موچەی مانگی ئازار وەردەگرن.
هۆکاری دابەشنەکردنی دەگەڕێتەوە بۆ:
١- بێدەنگی سەرۆک زانکۆکان، چونکە کورسیەکان کورسی حیزبە و هەر حیزبەکەی خۆیانە موچە دابەش ناکات، جەنابی سەرۆک زانکۆش نەک هەر ناوێرێت باسی موچە بکات، فزەی لێوە دەرچێت لە سەر کورسیەکەی فڕێی دەدەن.
٢- خاڵی یەکەم بۆ جێگرانی سەرۆک زانکۆشە، ئەوانیش بە پلە و تەزکیەی حزبی دانراون، وەگەر نا جیاوازی مامۆستایەک و فەرمانبەرێکی خوێندنی باڵا کە داوای مافی خۆی دەکات چیە ئەوان لە سەر شەقامن و سەرۆک و جێگرانیش لە ژورەکانی خۆیانن؟
٣- جارێکیتر خاڵی یەکەم و دوەم بۆ زۆربەی زۆری ڕاگر و بەڕێوەبەران و سەرۆک بەشەکان ڕاستە و ئەوانیش لە ڕێی حزبەوە دانراون و بۆیان نیە بە هیچ شێوەیەک باسی موچە و بایکۆت بکەن.
٤- بەشێکی زۆری مامۆستایانی زانکۆ قەبوڵ خاس و بڕوانامە ساختەن، بەڵام لەبەرئەوەی حزب ئەم گەندەڵیەی بۆ پەردەپۆش کردون، ئەوانیش ناچارن ببنە مێگەل و لە بەرامبەر ماف و حەقی خۆیان مەڕ ئاسا دەرکەون.
٥- بەشێکی دیکەشیان موچەی قەبەیان هەیە، ساڵی دووجار وەریبگرێت کێشەی نابێت، بۆیە زمانی ببڕدرێت بۆ داواکردنی موچە ڕۆژێک نایەتە ناو خۆپیشاندان و بایکۆتی دەوام.
٦- هەندێک مامۆستاش وا دەزانێ شعور و مەعریفە بە جل و بەرگی ئەفەندی و جانتای دیبلۆماسیە، بێ ئاگایە جانتاکەی دەستی خاڵی خاڵیە لە عیلم و مەعریفە، بۆیە هەرگیز ڕێ بە خۆی نادات لە زومی کامێراکانەوە دەرچێت.
٧- فەرمانبەری داماوی خوێندنی باڵاش بۆتە قوربانی ئەو بێ دەنگیەی مامۆستایانی زانکۆ، یەک لە هۆکارەکانی ترە.
٨- گەر لە گەڵ مامۆستایانی پەروەردە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ دەبون، ئەوانیش لە گەڵ پەروەردە موچەیان وەردەگرت، بەڵام بێ باکی مامۆستایانی زانکۆ بو بەم ڕۆژە گەشتن.
٩- بێباکی حکومەت لە خوێندنی باڵا و زانکۆکان، عیلم و خوێندنیان بە بادا و هیچ ئەرزشێک و قیەمێک بۆ زانست نەماوەتەوە، مامۆستای زانکۆ بایکۆت بکات یا نا چی لە مەوزوع دەگۆڕێت.
١٠- کەمینەیەکی بوێر و ڕاستگۆ هەن، ئیرادەیان بەهێزە و هەمیشە داوای مافی ڕاستەقینەی خۆیان کردوە، بەڵام هێندە کەمن بە پەنجەی دەستان دەژمێردرێن، ناتوانن باڵانس بگۆڕن، چونکە زانکۆکان بە تەواوی بە حزبی کراون.
لەبەر ئەمانەیە موچەی کارمەندانی خوێندنی باڵا و مامۆستایانی زانکۆ نادرێت، سەرۆک زانکۆ و جێگر و ڕاگر و بەڕێوەبەرەکان سور سور دەزانن قسەکانی ئێمە ڕاستن، بەڵام لەبەر پلە و پۆستەکەیان گوێیان کەڕ و زمانیان لاڵە.
ڕەزوان یاڵانپێی
خوێندکاری دکتۆرای مێژوو