بۆچی خەڵک خۆزگە بە دەسەڵاتی سەددام دەخوزان؟

2022-05-10

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

خوالێخۆشبوو دکتۆر جەمال نەبەز تا لە ژیاندابوو کەوتبوویە بەر لەعنەت و تووڕەیی نووسەران و شۆڕشگێڕانی پترۆ دۆلارو جەردەسالارانی کوردایەتی، تەنها لەبەر ئەوەی باوەڕی وابوو ئازادیی لە سەربەخۆیی گرنگترە.
من پێموایە گەر ئەمڕۆ ئەم دیمەنەی کوردستانی عێراقی بدیایە بۆچوونی دەگۆڕا و دەیوت عەدالەت لە ئازادی و سەربەخۆییش گرنگترە.

،،

ڕەنگە ئازادی بتوانێت لەکۆتاییدا دونیایەکی پەمەییمان بۆ دروستبکات، بەڵام بە دڵنیایی تاکە شتێک کە بتوانێت ببێتە پارێزەری کەرامەتی ئینسان لەدەست ئەم هەموو دێو و درنجەی کوردایەتی و نەوت تەنها عەدالەتە. بە بێ بوونی عەدالەت دواجار ئازادیش لەخۆی دڵنیا نابێت.

ئەمڕۆ دیکتاتۆریلەکەی کوردایەتی پێچەوانەی هەموو ئەو سیستمە ئیستبدادی قەمعیانەی بەغدا کە لەڕابردوودا ئازادییان لە گەلانی عێراق بەگشتی زەوت دەکرد ئەم بە دەستبردن بۆ کەرامەتی ئینسانییان وردوخاشیان دەکات، هەڵیانئەپڕوکێنێت، لە قەدەرێکی نادیارەوە دەیانداتە دەست قەدەرێکی نادیاری دیکە.


ئەمان لە قۆناخی شۆڕشدا ئیدیعای ئازادییان دەکرد بۆ کوردستان و گەلەکەی، گوایە ئەمان پێغەمبەرانی ئازادین بۆ کورد! هەڵە تێگەیشتن لە شۆڕش و موقەویماتەکەی و زوڵمی لەڕادەبەدەری سیستمی مەرکەزی لە بەغدا دژ بە خەڵکی سیڤیل وایکرد لە شەنسی ئەواندا گەزۆ ببارێت.


لە سەردەمی شۆرشدا هەرچەندە هەموو پێداویستییەکی سەرەتایی ژیان و پەروەردە و تەندرووستیی مەیسەر بوو، بەڵام مرۆڤی کورد ڕەتی دەکردنەوەو گۆرانی بۆ ئازادیی ئازادبوون دەگوتەوە. کاتێکیش لە شاخ هاتنە خوارەوە بە قسەی خۆیان "ئازادییان" هێنا بەڵام بە خشکەیی و بە بەرنامە دەستیان بۆ کەرامەتی ئینسانی کورد برد. وایان لە مرۆڤی کورد کرد نەک هەر ئازادی بیر بچێتەوە بەڵکو بۆ چۆڕێک نەوت و کولانەیەکی ئارامیی و چوار دینار مەعاشی بندیواریی و ژیانێکی کولەمەرگی خود بە خود ببێتەوە بە کۆیلە، نەک هەر ببێتە کۆیلەو بەس بەڵکو وەک باڵندەیەکی زادەی ناو قەفەس ئازادی و هەڵهاتنیش وەک تاوان تەماشا بکات و جارجار پترۆ قەڵەمە گیرفان گەرمەکانیشی هان بدرێن بە نووسینی زبڵ دژی ئەوانەی کەمێک بیر دەکەنەو و دەیانەوێت هەڵبێن تا پێیان بگوترێت "خۆ نیشتمان ئوتێل نیە کە بەدڵت نەبوو بەجێی بهێڵیت".


ڕاستی گەر ئازادییەکی شەکڵیش هەبووبێ ئازادییەک بووە لە فەزایەکدا کە کەرامەتی ئینسانی کورد تێیدا پایەماڵ کراوەو هەڵپڕوکێندراە، تەرویج بە کۆیلایەتیی خودبەخود دراوە تێیدا و کامەیان چرکەیەک خەباتی کۆیلایەتیی زیاتر بووبێ شەرفمەندانەتر و خۆشبەختتر و شیکپۆشتر و خۆشخۆرتر دەربکەوێت. هەر لەبەر ئەم هۆیەیە عەوام خۆزگە بە سەددام و زوڵم و جەبەروتەکەی دەخوازن و بە هیچ کلۆجێک ئەمڕۆ ئازادیی ناتوانێت ئاوی دڵیان نادات.
لەبەر ئەم هۆکارانە عەدالەت لە ئازادی و ئازادیش لە سەربەخۆیی گرنگترن.