پوتینی دیکتاتۆر و زەلکاوی ئۆکرانیا

2022-05-11

لوقمان حەوێز

ئۆکرانیەکان دوو مانگ و نیوە هەموو جیهانیان سەرسام کردوە، ئەوان سەلماندیان کە خاک و ووڵاتەکەی خۆیان زۆر خۆش دەوێت، بەهەموو جیهان دەڵێن ئازادی و دیموکراسیەت ناگۆڕینەوە بە ژیانی ژێر دەستە و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری.

ئێستا بۆ هەموو جیهانیش دەرکەوت کە سوپایەکەی پوتینی دیکتاتۆر و درۆزن ئەو سوپایە نیە بتوانێت تەنانەت شەڕی وڵات و نەتەوەیەکی بچوکی خۆڕاگری وەک ئۆکرانیای پێ بکات. ئینجا چ جای شەڕی هەموو ڕۆژئاوا بەکاری بهێنێت وەک خۆی هەڕەشە دەکات.
دوو مانگ و نیوە پوتین لە ڕێگەی سوپایەکەی هەموو هەوڵێکی داوە تەنیا شارێکی سەرەکی و گەورە لە ئۆکرانیا داگیر بکات، بەڵام لەبەر خۆڕاگری و قارەمانی ئۆکرانیەکان نەیتوانیوە ئەوە بکات، ئەو لە پلانیدا بوو بە دوو هەفتە بگاتە شاری (کیێڤ)ی پایتەخت و داگیری بکات، لە ماوەی تەنیا شەش هەفتەش هەموو ئۆکرانیا داگیر بکات و حکومەتێکی کارتۆنی لەسەریدا دابمەزرێنێت، بەڵام ئەوە دوو مانگ و نیوە تەنانەت نەیتوانیوە شارێکی گەورەی ئۆکرانیا داگیربکات، هەروەها پاشەکشەیەکی گەورەشی کرد لەو شوێنانەی زووتر داگیری کردبوو...



بۆچی پوتین هەڕەشەکانی دژ بە ڕۆژئاوا جێبەجێ ناکات..؟

ئەگەر بیرتان بێت ڤڵادیمێر پوتین کۆمەڵێک هەڕەشەی زۆر گەورەی لە دژی ڕۆژئاوا کرد لە هەفتەی یەکەم و دووەمی جەنگ، بەڵام بۆ هەڕەشەکانی جێبەجێ ناکات..؟

پوتین دەزانێت کۆمەڵێک هەڵەی کرد بە دەست پێکردنی جەنگ، یەکەم هەرگیز چاوەڕوان نەبوو کە ئۆکرانیەکان ئاوا قارەمانانە بەرگری لە ووڵاتەکەیان بکەن، ئەویش وەکو دیکتاتۆرەکانی تری جیهان بە چوار دەوریدا کۆمەڵێک ڕاوێژکاری درۆزن و ماستاوچی هەن کە بەردەوام کۆمەڵێک بەڵێنی درۆ و لێکدانەوەی نادروستی پێدەدەن

،،

دووەم پوتین نەیزانی وڵاتانی ڕۆژئاوا تێکڕا بەم شێوەیە بەیەک دەنگی بڕیار لە پاڵپشتیکردنی ووڵاتی ئۆکرانیا دەدەن بە هەموو شێوەیەک، ئەو وایدەزانی هەروەکو سەردەمی دۆناڵد تڕەمپ ئەوروپیەکان لە ناکۆکیەکانی نێوانیان بەردەوام دەبن...

دوای دەستپێکردنی جەنگیش پوتین بۆی دەرکەوت کە ووڵاتانی ناتۆ چەند هەفتەک پێش دەستپێکردنی جەنگ هەموو ئامادەسازیەکیان کردبوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕووسیا لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ، ئامادەسازیەکانی ناتۆ لە ئاستێکدایە بتوانێت ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی ناوکی ببێتەوە ئەگەر پوتین ئەو بڕیارە بدات، لە چەند هەفتەیەکەوە پێش هەڵگیرسانی جەنگ ئەمەریکا و ناتۆ هەموو ئامادەسازیەکیان هەبووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەنگاوە نەخوازراوەکانی ڕووسیا دژ بەوان، بۆ نمونە کۆمەڵێک فڕۆکەی B-52 بارکراو بە موشەکی ناوکی بەردەوام 24 کاتژمێر لە ووڵاتانی ناتۆ نزیک بە ڕوسیا لە سەر زەوی و لە ئاسماندا لە ئامادە باشیدان، ئەمە جگە لە ئامادەسازی تەواوی کەشتیە سەربازیەکان و فڕۆکە هەڵگرەکانی ئەمەریکا کە بەردەوام لە نێو دەریا و زەریاکانی نزیک بە ئەوڕوپا بوونیان هەیە لەگەڵ هەموو بنکەکانی هەڵدانی موشەک لە ڕۆژئاوا، جگە لەوانە سیستەمی چاودێریکردنی هەموو ئاسمانی دەوری گۆی زەوی ئەمەریکی (پان ستارز) یش کە چاودێری جوڵەی هەموو تەنە ئاسمانیەکانی دەوری گۆی زەوی دەکات بە فڕۆکەکان و موشەکەکان و تەنە ئاسمانیەکانی تر لە هەموو کاتێک زیاتر بە وردی کاری پێدەکرێت، لە ئەگەری بوونی هەر زانیاریەکی متمانە پێکراویش بە دەستپێکردنی ڕووبەڕوو بوونەوەی ناوکی ئەوان دەست پێشخەر دەبن پێش ئەوەی ڕووسیەکان ئەو کارە ئەنجام بدەن، ژێرئاوەکان یان غەواسەکانی ئەمەریکاش کە بارکراون بە تۆرپیدۆی ناوکی لە هەموو دەریا و زەریاکانی نزیک بە ئەوروپا لە ئامادە باشیدان، بۆیە پوتین دەزانێت هەر جوڵەیەک لە دژی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بکات خۆی و ووڵاتەکەی زەرەمەندی یەکەم دەبن...

پوتین و زەلکاوی ئۆکرانیا...

داگیرکردنی ووڵاتێک کارێکە و مانەوە لێی بە بەردەوامی کارێکی زۆر قورسترە، داگیرکردنی عێراق و ئەفغانستان بۆ هەموو جیهان ئەو ووتەیەی سەلماند، ئەمەریکا بەو هەموو هێز و توانایە و گەورەییەی خۆیەوە نەیتوانی سوپایەکەی لەو دوو ووڵاتە بچوکە بهێڵێتەوە، کەواتە سوپای پوتین کە چەند مانگێکە نەیتوانیوە شارێکی گەورە داگیر بکات لە ئۆکرانیا چۆن دەتوانێت بمێنێتەوە لەو ووڵاتە دوای داگیرکردنی..؟ هەر لەبەر ئەوەش بوو پوتین دوای چەند هەفتەیەک لە دەستپێکی جەنگ وازی لە ستراتیژیەتی داگیرکردنی هەموو ئۆکرانیا هێنا و ئێستا تەنیا باس لە ڕزگارکردنی چەند هەرێمێک دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بەڵام ڕووداوەکان وا بەردەوام بن و ئۆکرانیەکان بەم شێوەیە بجەنگن ئەو ڕیسەش لە پوتین دەکەنەوە بە خوری، زۆری ژمارەی کوژراوانی سەربازە ڕووسیەکانیش لەلایەک و ئابڵۆقە ئابوریەکانیش هەروەها سنوردارکردنی ئازادیەکان لە ڕووسیا لەوانەیە لە چەند مانگ و ساڵی داهاتوو کێشەی گەورە بۆ دەسەڵاتی پوتین دروست بکەن، من لە ڕۆژی یەکەمی ئەم جەنگە لە نوسینێکمدا بە وردی ووتم: "هەرگیز دیکتاتۆرەکان دوربین نەبوون، هەمیشە خۆیان و گەلەکانیشیان زەرەمەندی یەکەمی بڕیارەکانیان بوون، پوتینیش یەکێک دەبێت لەوان" ئێستاش هەمان ئەم قسەیە دەکەم

،،

دەشڵێم ئەگەر ڤلادیمێر پوتین بیزانیانە ئەو جەنگەی کە بەرپای دەکات ئەنجامەکانی بەم شێوەیە دەبێت و ئەو هەموو زیانانە بە گەل و ووڵاتەکەی دەگەیەنێت هەرگیز بەرپای نەدەکرد، پێم وایە ئەو ئێستا خۆی توشی زەلکاوی ئۆکرانیا کردوە...

تێبینی: باسکردن لە جەنگ و مەینەتیەکانی مرۆڤ شانازی نیە و خۆشیش نیە لەلای من، هەمیشە پێم وابووە مرۆڤ دەتوانێت بە وەگەڕخستنی زیرەکیەکانی و تواناکانی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە زۆر جوانتر بکات، پێم وایە سەرچاوەی نەهامەتیەکانی مرۆڤ لە ئێستادا هەموو مرۆڤەکان نین، زۆربەی مرۆڤەکان دەیانەوێت بە ئاسودەیی و بەبێ کێشە بژین، بەڵام بەپلەی یەکەم سیاسەتمەدارە دوو ڕووەکان و دیکتاتۆرەکان بەرپرسن، هەروەها خاوەنکار و سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان و سەرەگەورەی ئایینەکانیش کە بەیەکەوە پاڵپشتی لەو سیاسەتمەدار ودیکتاتۆرانە دەکەن.


ئێمەی کوردیش کە زۆرتر لە هەموو میللەتێکی سەر ئەم زەمینە ئازارمان پێگەیشتوە بەدەست دیکتاتۆرەکان و بڕی هەرە زۆری خاکیشمان داگیر کراوە هەقە بەردەوام دژی داگیرکردن و دیکتاتۆریەت بین ئینجا لەهەر کوێیەکی جیهان بێت، توشی دڵ ئێشە دەبم کاتێک دەبینم هەندێک کورد بەتایبەتی ئەوانەی لە هەندەرانن کە بەداخەوە زۆربەیان خۆیان بە ڕۆشنبیریش دادەنێن بەهۆکار و پاڵنەری ئایدۆلۆژی پاڵپشتی لە دیکتاتۆرێکی وەک پوتین دەکەن لە داگیرکردنی خاکی ووڵاتێکی تر...