یەكێتی نیشتمانی خۆی گەورەترین مەترسییە لەسەر زونی سەوز

2022-05-15

ساڵح ژاژڵەیی

بەشی دووەم
تكایە تا كۆتایی بە دیقەتەوە بیخوێنەوە بۆ ئەوەی بزانیت چۆن شارەكەت وێرانكراوە .
شاری سلێمانی لە شاری هەڵمەت و قوربانیەوە بۆ شاری قوربانی .
لە بەشی یەكەمی ئەم باسەمدا باسی كێشەو گرفتی ناو خۆی یەكێتی دوای كۆنگرەی چوارەم و بارودۆخی زونی سەوز و پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی و پارتیم كرد . باسی كێشەی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی و تۆمەتباركردنی پارتی لایەن یەكێتییەوە بە هۆكاری نەمانی پارەو وەڵامدانەوەی پارتی بۆ تۆمەتەكانی یەكێتی .


هەرچەندە بە ڕواڵەت هەرێمی كوردستان خاوەنی حكومەت و ئیدارەو دام و دەزگاو هێزی پێشمەرگەو بەڕێوەبردنی خۆیەتی ، بەڵام لە ناوەرۆكدا هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ژێرناوی پارتی و یەكێتیدا بەڕێوەی دەبەن .

،،

بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە بنەماڵەی بارزانی باش خۆیان ڕێك خستوەو خاوەنی مەركەزیەتی خێزانی و لە هەمان كاتیشدا حیزبیشن .


پەیوەندی ناوخۆیی و دەرەكیشیان بەهێزەو ڕاوێژكاری تایبەتیان هەیە كە ڕێنماییان دەكات و بەو هۆیەوە بونە هێزی یەكەمی هەرێمی كوردستان و لە ئێستادا هەموو جومگە ئەساسیەكانی حكومەتیان لە دەستدایە ئەگەر حكومەت هەر بە ناویش بێت . بنەماڵەی بارزانی كە بە ئاشكرا دەڵێن پارتی حیزبی بنەماڵەی ئێمەیەو ئەوەی دەیەوێت پارتی بێت دەبێ ئێمەشی قبوڵ بێت . وەكو تا ئێستا دەریش كەوتوە پارتی لە هەموو حیزب و لایەنەكانی تر زیاتر وەفا دارە بۆ لایەنگرانی خۆی . یەكێتی نیشتمانیش كە لەساڵی 1976 دروست بو و ڕەگی دروستبونەكەشی لە جیابونەوەی بەشێك لە سەركردەكانی ئەو كاتی پارتی سەرچاوە دەگرێت كە لە ساڵە 1964 جیابونەوەو دوایی بە بەرەی جەلالی ناسران .


یەكێتی كە لە چەندین لایەنی سیاسی خاوەن بیرو بۆچونی سیاسی جیاواز پێك هاتبو خۆی بە خاوەنی شۆڕشی نوێی گەلی كورد دەزانی و خاوەنی هەزاران شەهیدە . بەڵام دوای ڕاپەڕێن و نەمانی حیزبی بەعس و بونی مامجەلال بە سەرۆك كۆمار ، یەكێتیش بوو بە حیزبی بنەماڵەو دوای نەمانی مامجەلال كوڕەكانی بونە میراتگری و ئێستا یەكێتی بە حیزبی خۆیان دەزانن.


گۆڕانكاری و ڕوداوەكان و مەترسیەكانی دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی :
یەكەم : كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بە مەبەستی نوێكردنەوەو بەهێزكردنی یەكێتی بەسترا ، بەڵام ئەم كۆنگرەیە شێوە كودەتایەك بوو لەناو یەكێتیدا ئەنجامدراو ئەوەندەی تر ڕێزەكانی یەكێتی پەرتەوازە كرد . دوو كەس لە بنەماڵەی تاڵەبانی بونە هاوسەرۆكی یەكێتی . زوربەی هەرە زۆری سەركردە كۆنەكانی یەكێتی سەردەمی شاخ لە ناوەندی بڕیار دوورخرانەوە . 124 كەسی بونە ئەندامی سەركردایەتی .
دوای ماوەیەكی كورت نێوانی دوو هاوسەرۆك تێك چوو ، بافێڵا تاڵەبانی لاهوری شێخ جەنگی ئامۆزای لە هاو سەرۆكی یەكێتی دوور خستەوەو ئەوەندەی تر ریزەەكانی ناو یەكێتی لێكترازان و پەرتەوازە بون و كەوتنە دژایەتی یەكتری تا ئاستی دورخستنەوەو لەناوبردنی لایەنگرانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی.
دووەم : بە بۆچونی خۆم گەوروترین مەترسی بۆ سەر زونی سەوز دوای كۆنگرەی چواری یەكێتی و ڕوداوەكانی 8 ی تەموز ئەوەیە كە ژمارەیەكی زۆر بونە ئەندامی سەركردایەتی كە وێنەی نییە . وەكو ژمارە زۆر نەگونجاوەو چۆن كۆبونەوە بەو ژمارە زۆرە دەكرێت ؟. جاری وا هەیە حیزبێك كۆنفڕانسێك یان پلینۆمێك دەبەستێت هەر ئەوەندە ئەندام بەشدار دەبن . كەواتە ئەمانە هەر ناون و هیچی تر . لە لایەكی ترەوە زۆرینەی هەرە زۆریان شایانی ئەوە نین و ناشێت ئەوانە ببنە ئەندامی سەركردایەتی حیزبێكی گەورەی خاوەن مێژو و دەیان هەزار شەهید .
لە لایەكی ترەوە ئەوانە دەبنە بارێكی قورس بەسەر بودجەو قوتی خەڵكەوەو خەرجی مانگانەی ئەمانەو بەنزینی ئوتومبیل و نەسریەو پاساوانەكانیان بەشی دامەزراندنی دەرچوی 1000 خوێندكاری زانكۆ دەكات كە چەندین ساڵە یەك كەس دانەمەزراوە .یەكێتی پێویستی بە 25 ئەندامی سەركردایەتی هەیەو لە ناو ئەوانەدا 7 كەسێك ببنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی .
بەڵام دەبێ كەسانێكی شارەزای بواری سیاسەت و دیبلۆماسیەت و خاوەن كەسایەتی و خوێندەواربن نەك هەر تەنها ناوبن و بەس . لێرەدا مەبەستی من ئەوە نییە كە نابێ كەسی تازە بێتە پێشەوەو تەنها سەركردە كۆنەكانی سەردەمی شاخبن .
گرنگ ئەوەیە كەسانی شایستەبن بۆ ئەو شوێنە و كۆن و تازە شتێك نییە بایەخی هەبێت . بەڵام مەترسیە گەورەكە لیرَەدا ئەوەیە سەرە ڕای بونی ئەو لەشكرەی سەركردایەتی ، كەس خاوەن قسەو بڕیار نییەو هەموو بڕیارێك لەدەستی یەك كەسدایە و دواجار هەر ئەوەشە دەبێتە گەورەترین كارەسات بۆ سەر ئایندەی یەكێتی .
سێیەم : مەترسی سێیەم ئەوەیە كە ئەوانەی ئێستا سەركردایەتی یەكێتی دەكەن بە هاوسەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیشەوە ئاگاداری خەبات وماندوبونی پێشوی خەڵك نین ، بۆیە هەستیش بە ئازارەكانیان ناكەن . ئەوانەی ئێستا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین ئاگایان لە ماندوبون و خەباتی ڕابوردوی خەڵك نییەو تەنها ئەوە دەبینن كە ئێَستا هاتونە سەر حازری و بیتاقەیان بۆ دەرچوەو بەلای ئەوانەوە خەڵك هەیەتی یان نییەتی ماندو بوە یان ماندو نەبوە موچە لە كاتی خۆیدا وەر دەگرێت یان دوادەكەوێت ئەوە كیشەی ئەو نییەو خۆی مسوەگەرەو خواداویەتی و بۆچی لەقەی لێ بداو لە خۆی تێك بداو قسە بكات .
لێرەوە ناڕەزایی و ڕەخنەی خەڵك دەست پی َدەكات ، ئەگەر بارودۆخ هەر بەردەوام بوو ، قۆناغی مانگرتن و خۆپیشاندان دەست پی َدەكات وەكو ئێستا ،خۆ ئەگەر بارودۆخەكە چارەسەر نەكرا ، خەڵك بیر لە ڕاپەڕین دەكاتەوە چونكە ئەم دەسەڵاتە بە دوژمنی خۆی دەزانێت . ئەوەتا خەڵك تەمەنا بۆ سەردەمی بەعس دەخوازێت و داوادەكەن موچەی خەڵك بچێتەوە سەر بەغدا . واتە هەرێمی كوردستان بگەڕێـتەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی و دەست بەسەر نەوتیش دا بگرێتەوە .
چوارەم : دوای لێدوانەكەی مەسرور بارزانی بە تەواوی دەرگای ژوورە تاریكەكان كرایەوەو پەردە لەسەر خاڵێكی گرینگی ڕێكەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەكێتی لادراو ڕاستییەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بوو . مەسرور بارزانی دەڵێت : كاتی خۆی كاك قوباد لەگەڵ نیچیر بارزانی ڕێك كەوتوە و ڕازی بوە بەوەی لە سەدا 43 داهاتی نەوت و 200 ملیارەكەی بەغدا بۆ یەكێتی بێت و لە سەدا 57 بۆ پارتی و ئەگەر كەمی هێنا بۆ موچە دەبێ هەر لایەنەو لە داهاتی سنووری خۆی تەواوی بكات .
دوایی دەڵێت . من دەسەڵاتم داوەتە كاك قوباد كە بچێت داهاتی سنووری یەكێتی بۆخۆیان كۆبكەنەوە . قسەكەی ئەو وەكو ئەوە وایە بڵێ پێم وتوە بچن داهاتی سنوری خۆتان بۆ موچەو پێداویستی سنووری سەوز كۆ بكەنەوە بەڵام بۆخۆیانیان بردوە . واتە بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی . كەواتە ئەم هاش و هوش و هەڕەشانەیان لەچی كە دەڵێن قبوڵی ناكەین پارتی سزای سلێمانی بدات . ئەوە ئێوە خۆتانن لە پێناوی دەسكەوتی خۆتاندا سلێمانیتان سوك كردوە . ئەی پێشتر نەتان دەزانی كە داهاتی ناوخۆی پارتی دوو ئەوەندەی داهاتی ناوخۆی سنوری یەكێتیە ؟.ئەی ئەگەر بەغدا 200 ملیار دینارەكەشی بڕی ئەو كات چی ئەكەن ؟. داهاتی سنووری پارتی ئەوەندە زۆرە ئەگەر پارە لە بەغداشەوە نەیەت دەتوانن موچەی سنووری خۆیان بدەن . ئاخر ئێوە بە چ عەقڵێكەوە قبوڵتان كرد هەرێمی كوردستان بكرێتە دوو ئیدارەی و چۆن ڕازیبون و چۆن حەقتان بەخۆتاندا زونی سەوز توشی كارەسات بكەن تەنها لەبەر ئەوەی ژێر بە ژێر بەرتیل وەرگرن لەسەر حسابی خەڵك.
كاتی خۆی دەگوترا قوباد تاڵەبانی بەشی خۆی لە داهاتی نەوت هەیە و بەو هۆیەوە هەرگیز ناڕەزایی دەرنابڕێـت . سەیركەن ئەم هەموو قسەو باس و هەڕەشەو تۆمەتباركردنی یەكتری لە گۆڕێدایە ،تا ئێستا قوباد تاڵەبانی یەك قسەی نەكردوە ، لە كاتێكدا دەبوو ئەو لە بری هەموو یەكێتیەكان قسەی بكردایە . ئەگەر ئەوەی مەسررور بارزانی دەیڵێت ڕاست نییە ، با قوباد تاڵەبانی وەڵامی بداتەوەو كێ‌ ڕێگای لێگرتوەو دەمی بەستوە . ئەگەر قسەكانیشی ڕاستە ئەم هات و هاوارەتان لە چی و چی قبوڵ ناكەن ؟. ئێوە مامەلەتان بە زونی سەوزەوە كردوەو دواجار توشی ئیفلاسبونتان كردوە .

،،

كاتی خۆشی بەردەوام بەرپرسانی یەكێتی دەیانگوت ئێمە ئاگامان لە داهات و دۆسیەی نەوت نییە . دوایی پارتی هاتەدەنگ و وتیان ئەوە ڕاست نییەو وەكو ئێمە ئاگادارن . ئەو كات عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەت بوو هاتە دەنگ و وتی بەڵی ئاگام لە هەموو شتێك هەیە . .


ئاشكرایە لای هەمومان كەنێوانی پارتی و یەكێتی خراپە . واتە پارتی هەمیشە دژایەتی یەكێتی دەكات و ئەوەش دەكاتە دژایەتی كردنی زونی سەوز و حەزدەكەن خەڵكەكە لە یەكێتی نیگەرانبن تا ئاستی ڕاپەڕین لێیان . سەرانی یەكێتیش لە بری ئەوەی كارێكی وا بكەن خەڵك لە خۆیان ڕازی بكەن ، ئەوانیش سزای خەڵك دەدەن موچەكانیان دوادەخەن . بە هەموو عەقڵیانەوە وادەزانن خەڵك دژی پارتی ڕاپەڕین دەكات . بەڵام ئەگەر ڕاپەڕین بكەن دژی یەكێتی دەیكەن نەك پارتی .


پێنجەم : دەست بەسەراگرتن و بە تاڵانبردنی موڵك و ماڵی گشتی دیاردەیەكی بەربڵاوە لە هەموو هەرێمی كوردستان و لە هەموو شارو شارۆچكەكان بە سنووری پارتی و یەكێتیشەوە. من لێرەدا تەنها باسی ناو شاری سلێمانی دەكەم چونكە لێرە بەچاوی خۆم زیادەڕەویەكان دەبینم . دەست بەسەراگرتنی موڵكی گشتی بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەو حیزب و نزیكەكانیان هەموو سنوورێكی تێپەڕاندوە .


هەمومان دەزانین ئەوەی هەیە هەر بۆ ئێمە نییەو نەوەكانی داهاتوش پێویستیان پێیەتی .دەبێ حساب بۆ گەشەی شار و زۆر بونی ژمارەی دانیشتوان و پێداویستیەكانی داهاتویان بكرێت. دەبێ فەرمانگەكانی حكومەت بە تایبەت فەرمانگەی پلاندانان،لانی كەم ڕەچاوی پێداویستی 5 ساڵی داهاتوی گەشەی شار بكات لە كاتی دانانی پلانەكانی .


بەڵام لە ئێستادا سەرانی بنەماڵە و حیزب وبەرپرسی فەرمانگەكان بەو پێیەی سەر بە حیزبن ، هەر یەكەو بە پێی میزاج و عەقَڵا و بەرژەوەندی خۆی بڕیار دەدات و موڵك ماڵی گشتی تەخشان و پەخشان دەكات . با لێرەدا زۆر بە خێرایی هەندی نمونەتان بۆ بهێنمەوە: چەندین پارچە ئەرزی زۆر بە نرخ لە نێوان خەستەخانەی هەرێم و هۆتێل تایتانێك لەسەر شەقامی 60 مەتری بە خۆڕایی بەخشراون و كراونە پیشانگای ئوتومبێل و بەنزینخانەو دوكان .بایی ملیۆنان دۆلارن و دەكرا ئەو شوێنە بكرێتە شوێنی گەشتیاری .


لەناو خەستەخانەی شاردا ئەرز دراوە بە موساتەحەو كراوە بە گەراجی ئوتومبیل لە كاتێكدا ئەمە وەكو كفر وایە ئەگەر سبەی خەستەخانە پێویستی بە فراوانكردن بوو ، لە كوێ ئەرز دێنن . لە نێوان شوقەكانی گاردن سیتی و بەنزینخانەی هەڵگوردا لەسەر شەقامی 60 مەتری ئەرزێكی بەتاڵ هەبوو تازە پێشی بەلەوح گیراوەو بەخشراوە . لە پردی كۆبانیەوە بەرەو هەواری شار بایی 50 ملیۆن دۆلار ئەرز بەخشراوەو هەموانیش دەزانن بە بڕیاری كێ و بە كێ دراوە . لای دادگای سلێمانی و بەنزیتخانەی ئاشتی بە دوو قۆناغ بایی چەندین ملیۆن دۆلار زەوی بەخشراوە كە لە ڕاستیدا شوێنی بەنزینخانەی چاڵەكەو دەورو بەری دانرابوو بكرێتە باخچە .


شەقامی سەر پردەكە بەرەو كەركوك ئەوەندە فراوان نییە بە ئاسانی سەیارەی پێدا بڕوات و كەس نییە بیریشی لێ بكاتەوە . بەڕێوە بەڕایەتی رۆِششنبیری سلێمانی خاوەنی زەویەك بوو لەسەر شەقامە گشتیەكە و ئەو ئەرزەیان بۆیە پێدابوو كە دوا ڕۆژ بكرێتە هول َوبۆ ئەنجامدانی چالاكی هونەری . بەڵام ئێستا بە موساتەحە دراوە بە سەرمایەدارێك .


شوێنی مەسڵەحەی كۆن كە نرخەكەی بە 20 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت و دانرابوو كە بكرێتە باخچە ، ئێستا دراوەتە سەرمایەدارێك كە بیكاتە تاوەری نیشتەجێبون لە كاتێكدا قەدغەیە لە ناو گەرەِكدا تاوەری بەرز دروست بكرێت . سەرۆكی نوێی شارەوانی سلێمانی و دادگای سلێمانی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیان دەركردوە و ئەوە جێگەی دەست خۆشییەو هیوادارم نمونەیان زۆر بێت و ئاوا لەسەر بەهەدەردانی موڵكی گشتی بێنە دەنگ ، بەڵام دەڵێن ئیشكردن تێیدا بەردەوامە . كەواتە ئەوە دەسەڵاتدارانی باڵای یەكێتیان لە پشتەوەیەو ئەوانە لە یاسا گەورەترن .


كاتی خۆی پارێزگای سلێمانی داوای لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی كردوە بە نوسراوی 6460 لە ڕۆژی 15/6/ 2009 كە بڕی 140 دۆنم زویان بۆ تەرخان بكەن بۆ یاریگای تۆپێ پێی نێودەوڵەتی . بەڵام سەرۆكی پێشوی شارەوانی سلێانی لە كاتێكدا بە فەڕمی لە پۆستەكەشیدا نەماوە ، فەرمانی دەركردوە كە بكرێتە شوێنی نیشتەجێبون .


گومانی تێدا نییە ئەوە بەفەرمانی باڵای حیزب بۆ بەرژەوەندی خەڵكی سەر بەخۆیان كراوە. بەڕاستی زۆرم لاسەیرە پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا لە ئاستی تاوانێكی ئاوا گەورەدا بێدەنگ بن ؟. ئەو تاوانە ئەوە دێنێت پارێزگار و كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە سەرئەوە دەست لە كار بكشَێننەوە . لە ئەوەش سەیرتر ئەوەیە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڕەشە لە پارتی دەكات گوایە غەدری لە سلێمانی كردوە . دەبوو ئەوە بۆ كاك قوباد جێ بێڵێت چونكە ئیشی ئەوە , جەنابیشیان لەسەر داگیر كردنی ئەو زەویە بهاتایە دەنگ كە خۆیان داوایان كردوە بۆ یاریگا . من تێناگەم بۆچی داوای لامەركەزی دەكەن و لامەركەزیتان بۆچییە ، بۆچی ماوتانە كاولی كەن ؟.


باشە پارتی فەرمانی پێكردون شوێنی یاریگا بكەنە شوێنی نیشتەجێبون ؟. بە هەزاران پارچە زەوی بەناوی دژە تیرۆرو هێزەكانی 70 وە بەناوی كەس و كاری شەهیدانەوە تەخشان و پەخشان كراون و ئەگەر بەدواداچونی ورد بكرێت ئەو كات دەزانن ئەو زەویانە چییان لێكراوەو دراون بە كێ .


گەورەترین تاوان و دەست درێژی بۆسەر موڵكی گشتی
ئەو بینا حكومیانەی كە ئێستا پەیمانگای وەرزشی پەروەردەو كۆلیجی سەلاحەدینی تێدایە كە دەكەوێـتە نێوان خەستەخانەی ئەنوەر شێخە لەخوارەوەو مەكتەبەكانی یەكێتی لە لای پشتەوە .ئەو ئەرزەی ئەم بینایەنەی لەسەر دروست كراوە پانتاییەكی زۆر گەورەیە . بە نەخشەی كۆن كراوەو ژووری زۆركەمە .
جگە لەوەش هەر چوار دەوری ئەو بینایانە ئەرزی بەتاڵە . ئەگەر ئەمرۆِش نەبێـت ڕۆژێك دێـت پارە دەبێـت و ئەو كات هەموو ئەو بینایانە تێكدرێن لەگەڵا ئەرزە بەتاڵەكانی دەوری بیناكان ، دەتوانرێـت گەورەترین خەستەخانەی مۆدێرن و كۆلیجی پزیشكی و پەیمانگای پێگەیاندنی پەرستاری لەسەر دوست بكرێـت . یان دەتوانرێت بكرێتە زانكۆیەكی چەند كۆلیجی . زۆر بە دەگمەن شوێنێكی ستراتیجی ئاوا لەناو شاردا دەست دەكەوێت بۆ بنیات نانی پڕۆژەی گەورە .
بەڵام ئێستا ئەرزە بەتاڵەكەی بەشی پشتەوەی بەرامبەر بە مەكتەبەكانی یەكێتی لەسەر شەقامە قیرەكە دراوە بە سەرمایەدارێكی خەڵكی دەربەندیخان وەكو باسیش دەكرێت ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لە هەمان كاتدا بەرپرسیشە لە ئیدارە گشتی شەریكە لەگەڵ ئەو سەرمایە دارە . سەیركەن چۆن خەڵك دەخەڵەتێنن كە ئەم زەویە تاڵان نەكراوە . لەسەری سەرەوەی تابلۆكە نوسراوە .


حكومەتی هەرێمی كوردستان . سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستەی وەبەرهێنان .ئەگەر بە ڕاستی ئەمانەی لەسەر ئەو تابلۆیە نوسراون لە ئەرزی واقیعدا هەبونایە ، كی َدەیتوانی ئەو زەویە لەو شوێنە داگیر بكات . ئەم بەشەی تابلۆكە بۆ خەڵەتاندنە لە ژێر ئەو تابلۆیە تابلۆیەكی تر هەیە كە لەسەری نوسراوە: نەخۆشخانەی ئەهلی باشوور وەبەر هێنەر : كۆمپانیای سەنگی سیا ژمارەی مۆڵەت 1097 .


وەكو باسیشی دەكەن ئەو بەشەی دەكەوێتە سەرشەقامەكە دەكرێتە دوكان و بازاڕ . هەر بە پێدانی زەویەكە لەو شوێنە بە خۆڕایی كابرا بوو بە ملیۆنێر لەسەر حسابی خەڵكی شار . ئەگەر ئەم زونە كەسانێكی خەمخۆری هەبێت و بیر لە ئایندەی نەوەكانی بكاتەوە چۆن دەبێت ئەو زەویە لەو شوێنە بدرێتە سەرمایەدارێك بە خۆڕایی .


وەكو زانیاریشم دەست كەوتوە ئەم زەویە لە لایەن سەرۆك پێشوی شارەوانی دراوە بەو سەرمایە دارە , هەر ئەویش بڕیاریداوە شوێنی یاریگاكە بكرێتە شوێنی نیشتەجێبون . بەلای منەوە ئەمە تاوانبارێكی گەورەی ئەم شارەیە .هیوادارم ڕۆژێك بێت وبیدەنە دادگاو سزای قورس بدرێت . هەر كەسێكیش پشتیوانی لێ بكات ئەویش وەكو ئەو دوژمنی نەوەكانی ئەم شارەیە . هەر كەس و لایەنێك ئیمزایان لەسەر مۆڵەتەكە كردبێت ، شایانی لێپرسینەوەو سزادانن. سەیركەن لە بازگەی عەربەتەوە تا كەڵەوانان ئەرز ئیفڕاز كراوە . ئیفڕازكردنی زەوی لەسەر ئەو بنەمایەیە كە شار گەشەی كردوەو پێویستی بەئەرز هەیە بۆ شوێنی نیشتەجێبون . بەڵام ئەو زەویانە لەسەر ئەو بنەمایە ئیفڕاز نەكراون ، بەڵكو بەرپرسێكی وەكو ئەوەی ئەم زەویەی بەخشیوە هاتوە لەگەڵ كۆمەڵێك خاوەن ئەرز ڕێك كەوتوەو لە بەرامبەر ئەوەدا پارەی وەرگرتوە . . حكومەت لە سەدا 12 زەویەكە دەداتەوە بە خاوەن موڵك ، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا حكومەت دەبێ خزمەت گوزاری بۆ ئەو ئەرزانە بەرێت وەكو ئاو ئاوەڕۆ ، شەقام ، كارەبا .


ئەگەر ئەوانەی بۆ نەكرێت چۆن خانو لەسەر ئەو زەویانە دروست دەكرێت . بڕواتان هەبێ شوێنی واهەیە 30 ساڵی تریش خزمەت گوزاری ناگاتێ‌ . من خۆم زەویم لە شوێنێك هەیە زۆریش نزیكە 18 ساڵە قەرەبوم وەرگرتۆتەوە تا ئێستا خزمەت گوزاری بۆ نەچوە . ئەگەر ئێستا زەویەكە بفرۆشم بەشی زەریبەی ئەو18ساڵە ناكات .
باشە حوكمڕانی ئاوا دەكرێت ؟. ئەگەر بچیتە لای هەمان كەس كە لە ڕێگاوە بایی 10-15 ملیۆن دۆلاری بە خۆڕایی داوەتە سەرمایەدارێك و داوای لی َبكەی خزمەت گوزاری بۆ ئەم زەویانە بەرن ، حۆی توڕە دەكات و پێت دەڵێ‌ كەی كاتی ئەوەیە و پارەمان لە كوێ بوو ئەوەتا پارە بۆ موچە نییە ؟.


ئەی چۆن و بە چ شێوەیەك و بە چ حەقێك بە پێی چ یاسایەك حەق بەخۆت دەدەی بای 12 ملیۆن دۆلار زەوی بە خۆڕایی دەبەخشی و ئەی بۆچی ئەو زەویە ناخەیتە موزایەدەوەو بە پارەكەی خزمەت گوزاری بۆ ئەو زەویانە بەریت و شۆستەكانی ناو شاری پی َچاك بكەیت كە هەموی بۆتە قاڵدرمە . ئەگەر یاساو لێپرسینەوە هەبێت چۆن كەسانێك دەتوانن دەست بەرن بۆ پیرۆزیەكانی شار . ئەمە سوكایەتی و تەعدا كردنە لە خەڵكی شار . ئەمە نیشانەی نەبونی حكومەتە .
بۆیە لێرەوە ڕوی دەمم دەكەمە بەڕێز پارێزگاری سلێمانی ، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ، ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی ، سەرۆكی فەرمانگەی وەبەرهێنانی سلێمانی و داویان لی َدەكەم هەمویان بەیكەوە لەسەر ئەم سوكایەتیە بەشاری سلێمانی دەكرێت و دەست دەبرێـت بۆ داگیر كردنی شوێنی باخچەو شوێنی یاریگاو زەوی بەردەمی قوتابخانەكان و ڕێگرییان لی َبكەن لە پێناوی بەرژەوەندی خەڵكی شارو نەوەكانی داهاتو . ئەگەر نەشتوانن ڕابوردوو بگەڕێننەوە ئەمەیان تا ئێستا هیچی تێدا نەكراوەو تكام وایە ڕێگری لێ بكەن و دەستی یەكە یەكەتان ماچ دەكەم .

،،

هاولاِتیانی بەڕێز : ئەگەر پارتی پارە بۆ سلێمانی نەنێرێـت ئاساییە چونكە نەیاری یەكێتییە . ئەگەر پارتی دزبێت بچۆ سەیری شەقام و تونیڵا و پردەكانی سنووری پارتی بكەو بزانە ئەوێ‌ چۆنەو ئێرە چۆنە .

لەوێ‌ شەقامی 60 مەتری و 100 مەتری و 150 مەتری هەیە شەقامەكانی نیوان دهۆك و مەرزی حاجی ئۆمەران و شارۆچكەكانی ترییش ببینەو بەراوردیان بكە بە یەك شەقامی 60 سلێمانی سەردەمی سەدام .
ئەو هەموو موڵكە گشتیانە كە دەستیان بەسەردا گیراوە كە بایی سەدان ملیۆن دلۆلارن ، بەڵام تەنها یەك كێلۆمەتری نێوان بازاڕەكەی كارێز وشك وپاركی ئازادی كە لەسەردەمی سەدامدا قەرەبوی هەموو خاوەن دوكان و ماڵەكان كراونەوە كە بەرشەقامەكە دەكەون و فریا نەكەوتن بیكەن دوو ساید ، لە ماوەی 31 ساڵی حوكمڕانی یەكێتی لەم شارەدا نەیانتوانی بیكەنە دووساید كە زۆر سیمای شار جوادەكات .
ئەمە لە كاتێكدایە كە تەنها لای پردی كۆبانی بایی 50 ملیۆن دۆلار زەوی داگیر كراوە . تا بزوتنەوەی گۆڕانیش دروست نە ببو مانگانە یەكێتی و پارتی هەر یەكەیان 35 ملیۆن دۆلاریان لەبودجەی گشتی بۆ خۆیان دەبرد . بەشی یەكێتی لە ساڵكیدا كردویەتیە 420 ملیۆن دۆلار . تا ئێستا نەیانتوانیوە بینایەكی جوانی سەردەمیانە بۆ مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی خۆیان دروست بكەن وبینای قوتابخانەیەكیان داگییر كردوە . هەرچی شەقامی ئەم شارەیە بۆتە وێرانەو چاڵ و چۆَل و قاَڵدرمە . هەرچی شۆستەكانی ناو شاری سلێمانی هەیە بۆتە قاڵدرمەو بچن بەچاوی خۆتان بیانبینن .
تۆ بێی پارەی گومرگ و داهاتی ناوخۆ بۆ خۆت بەری هەرچی كاسبی هەیە دەستی بەسەردا بگرێت ، هەرچی زەوی بەنرخی ناو شار هەیە بۆخۆت بەتاڵانی بەری ، ببێتە قاچاخچی و هەرچی كاسبی باشیش هەیە دەستی بەسەردا بگرێت . بەردەوام باجیش بخەیتە سەر هاوڵاتیان و پارەی خۆڵ و خاشاك لە خەڵك وەرگرێت و پارەی كۆمپانیاكان نەدەیت و كارمەندەكان مان بگرن و شار بۆگەن بكات ، پارە نەبێت بۆ ئەمبوڵانسەكانی خەستەخانە. بەخۆتان دەڵێن چی ؟.
ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی خۆتان و بۆ مەبەستی تاڵانی نییە ، لە كاتێكدا دەڵێن پارەمان نییە بۆ موچەو ئەنجامدانی خزمەتگوزاری و قیرتاوكردنی شەقامە وێرانەكان ، بۆچی بایی سەدان ملیۆن دۆلار زەوی ئەم شارە بەتاڵان دەبەن و نایفرۆشن و ئەو كەم و كورتیانەی ناو شاری پێ جێ بەجێ‌ ناكەن . هۆكاری هەموو ئەمانە ئەوەیە كە ئەم تاڵانچیانە بۆیە لێرەنین خزمەتی خەڵك بكەن ، بۆیە لێرەن شار تاڵان بكەن . ئەگەر تا ئێستا هۆكاری نەبونی پارەی موچەیان خستبێتە ئەستۆی پارتی ، دەركەوت كە خۆیان بەرپرسیارن .


ئەگەر لەگەڵاَ پارتی ژێر بە ژێر لەسەر هەموو پرسەكان ڕێك نەكەوتون ، با قوباد تاڵەبانی هەولێر جێ بهێلێت . سەیری ئەم گاڵتە جاڕیە بكەن . دوای ئەم هەموو تاوانباركردنەی پارتی تازە بە تازە پۆستی حكومی وەر دەگرن . كەواتە ئەمانە ژێر بە ژێر ڕێكن بۆ بەتاڵانبردنی سامانی گشتی و ئەوەی بە سەرزارەكی دەیڵێن بۆ چەواشەكردنی خەڵكەو هیچی تر . ئەگەر بارودۆخ هەر بەم شێوەیەی كە ئێستا هەیە بەردەوام بێت بێ شك تەقینەوەیەكی گەورەی جەماوەری لە زونی سەوز ڕودەدات .


ئەگەر یەكێتی دەیەوێت هەر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە باشتر وایە داهاتی ئەم سنوورە بخەنە خزمەتی خەڵكەوەو واز لە تاڵانی و قاچاخچیەتی بهێنن . ئەگەر دەشزانن ناتوانن ئیدارەی ئەم ناوچەیە بدەن باشترین ڕێگا ئەوەیە بۆ پارتی بەجێ بهێلن. ئیتر خەڵك لە ڕاستییەكان گەیشتوەو ژیانی دەوێـت و شەر لەسەر هیچ لایەك نەكەن و چیتر نایانەوێت ببنە قوربانی ناكۆكیەكانی دوو بنەماڵەی دوژمن بەیەك .


ئێستا ئەوەندەی یەكێتی مەترسییە بۆ سەر زونی سەوز پارتی ئەوەندە مەترسی نییە . لەشكرێك لە ئەندامانی حیزب كە بیكارن بون بە بارێكی قورس بەسەر بودجەی خەڵكەوە. یەكێتی تا دێت بارودۆخی خرابتر و خرابتر دەبێت . لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە مەركەزیەتی تێدا نەبوە و نەتوانراوە ئەو هەموو داهاتەی لەبەردەستی دابوە بە باشی وەكو پارتی كۆی بكاتەوەو بەكاری بهێنیت ، ئەوەتا بەرەو ئیفلاسبون دەڕوات .


یەكێتی هەر لە سەرەتاوە وەكو لاشەیەكی ئاژەڵێكی گەورەی بێ خاوەن وابوەو كەوتۆتە بەردەستی كۆمەڵێك ئاژەڵی دڕندەی گۆشت خۆر و لاشەكەیان لەت لەت كردوەو گۆشت و ئێسقانیان تێكشكاندوەو خواردویانە . سەركردەكانی ئەم حیزبەش بە ئەوانەی ئێستاشەوە هەمویان خەریكی بەتاڵان بردنی سامانی حیزبەكەن بۆ خۆیان كە لە ناوەرۆكدا ئەوە قوتی خەڵكە . بۆیە چیتر خەڵك پشتیوانیان لێ ناكات چونكە خەڵك گەیشتونە ئەو بڕوایەی كە ئەمانەی ئێستا بەناو خۆیان بە كوێخاو خاوەن و حاكمی ئەم زونە دەزانن ، سامانی هاوڵاتیان بەتاڵان دەبەن و ماڵ و مناڵیان برسی دەكەن .


لەم كاتەدا ئەركی كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەكانە بێنە دەنگ و ببنە پیشەنگ بۆ خۆپیشاندان لە پێناوی مافی خەڵكداو كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەوانەی كە بەردەوام داهات و موڵكی گشتی و قوتی خەڵك بەتاڵان دەبەن . دڵنیابن ئەگەر خۆمان فریای خۆمان نەكەوین ، كەس فریامان ناكەوێـت . دیكتاتۆرەكان لە خۆیانەوە ناڕۆن بەڵكو دەبێ بەزۆر دەرگێڕن .


هیوادارم كە ڕۆژێك بێت هەموو ئەو سەرۆكی فرمانگانە حكومیانەو هەمو ئەو فەرمانبەرانەی بەناو حكومین و بەڵام كۆیلەی حیزبن و بە ویستی خۆیان یان بە فەرمانی بەرپرسانی حیزبی موڵكی گشتیان بەناوی وەبەرهێنان و پاساوی ترەوە بەتاڵان داوە و ئاسان كارییان بۆ كردون ، بدرێنە دادگاو سزای توند بدرێن چونكە ئەوانەش تاوانبارن .
خۆ ئەگەر لە لایەن بەرپرسانی باڵای حیزبەوە بە زۆر و بە فەرمان ئەوەیان پێكراوە ، دەبێ بایی ئەوە شەهامەتیان تێدابێت كاری ئاوا نایاسایی نەكەن و واز لەو پۆستە بهێنن و مێژویەكی پڕسەروەری بۆخۆیان تۆمار بكەن و دنیا هەر ئەم دوو ڕۆژەی ئێستاش نییە . هیوا دارم رۆژی سزادان نزیك بوبێتەوە .