ئەمڕۆ فازڵ میرانی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتی، پارتی و یهکێتی دهست له داهاتهکانی ههرێم ههڵبگرن من دهتوانم تهئمینی بودجه بكەم بە مووچەی تەواویشەوە".
فازڵ میرانی هیچی نەهێشتەوە بۆ وتن و ئەو ڕاست و ڕەوان وتی، پارتی و یەکێتی داهاتی ئەم هەرێمە بەناڕەوا لوش دەدەن و نەبوونی مووچەو بودجە تاوانی ئەوانەو ئاواتی شێخ جەنابی وەزیری دارایشی دایە بەر نەشتەر کە ناوێرێت ئەم ڕاستییە بڵێت و بێژێت پارتی و یەکێتی مووچەو بودجەو قوت و ژیانی خەڵکیان کردووەتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
،،
واز لەوە بێنن ئەگەر کەسێکی دیکە ئەم قسەیەی فازڵ میرانی بکات، دەربارو مفتەخۆرەکان بەدەیانجۆر بەگژیدا دەچنەوە، هاوکات گەلێکیشن ئەوانەی کە هاو وێنەی دەروێش کڵۆڵ و چیرۆکی فڕینی شێخ، بەرخورد لەگەڵ ئەم قسەیەی فازڵ میرانیدا دەکەن.
دەروێش کڵۆڵ، پێشتر دەیان شتی سەیرو سەمەرەی دەربارەی شێخەكەی وتبوو، رۆژ لەدوای رۆژیش شتی سەیرتری دەوت، پێیوابوو، ئەوەی دەیكاتو دەیڵێت گەورەترین خزمەتە بە شێخو، بەو هۆیەشەوە لە خودا نزیك دەبێتەوە.
چەند رۆژێكبوو لەناو دەستو پێوەندو دەروێشەكانو تەواوی خەڵكی گوندو دەوروبەردا، دەروێش کڵۆڵ ئەوەی باسدەكرد كە " بەچاوی خۆی جەنابی شێخی بینیووە بە ئاسماندا فڕیوە".
نازانرێ، بۆ دەربڕینی سەرسامی كەراماتە گەورەكەی شێخە، یان بۆ ئەوەی بزانن رووداوەكە ڕاستە، چەند كەسێك لە خەڵكی گوندو چەند دانە لە دەستو پێوەندەكان دەچنە كن جەنابی شێخو عەرزی دەكەن: " قوربان، دەروێش كڵۆڵ، چەند رۆژێكە دەچێتە هەر جێیەك دەڵێت، جەنابی شێخم بینیوە بە ئاسماندا فڕیوە، ئایا ئەمە ڕاستە؟".
هەرچەندە قسەكەی لەبەرژەوەندی خۆیشیدا نییە، بەڵام پاش كەمێك بیركردنەوە، شێخ پێ لە جەرگی خۆی دەنێتو پێیاندەڵێت :
،،
بڕۆن بە دەروێش کڵۆڵ بڵێن شتی وانییەو بە ئاسماندا نەفڕیوم و واز لەو قسەو پڕوپاگەندەیە بێنێ
ئەوانیش دەگەڕێنەوەو بە دەروێش كڵۆڵ دەڵێن:" چووینە لای شێخو جەنابیان فەرموویان دەروێش كڵۆڵ راست ناكات، من بە ئاسماندا نەفڕیوم و ئیتر با دیعایەی وا نەکات".
دەرووێش كڵۆڵیش پێیان دەڵێت:" با شێخ هەر بۆخۆی هین بخوات، من بەچاوی خۆم بینیم كە بە ئاسماندا دەفڕی".
ئەمێستا دەروێش كڵۆڵەكان فرەن، سەدانن، هەزارانن، لەپاڵ ئەو ئیشەی دەروێش كڵۆڵدا، بەرگری لە فەزاحەتو دزیو هەموو ناشیرینییەكانی گەورەو ئاغاكانیان دەكەن.
ئاغاو سەردارە دزو مافیاکان، بۆ خۆیان دەڵێن شکستمان هێناوەو نغرۆی فەسادین، بەڵام هێشتا دەروێش کڵۆڵەکان و دەربارو بندیوارو مفتەخۆرەکان، بەردەوامن لە بەرگریکردن لە نانی کۆیلایەتی و دەرباری و، ئاغاکانیان بە ئاسماندا دەفڕێنن.