فریای پشیلەکانی شار کەون

2022-05-17

بڵێسە جەبار فەرمان

نامەیەکی کراوە بۆ شارەوانی سلێمانی و ئاژەڵدۆستان

ماو تسی تونگ دامەزرێنەری کۆماری چین لە ساڵانی حوکمڕانیدا بەشێوازی جۆراو جۆر ھەوڵیدا برسێتی لە وڵاتەکەی کەمبکاتەوەو خۆراک بۆ ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانی وڵاتەکەی دابین بکات.
بۆ ئەوەی بەرووبوم زیاد بکات، بڕیاریدا ئەو باڵندانەی بە ھۆکاری کەمبوونەوەی دانەوێڵەو گەنمی دەزانی، لەناو ببات.

ساڵی ١٩٥٧ جەنگی دژ بە باڵندەکانی بەرپاکرد، ھەر لادێیەک ژمارەیەکی زۆر باڵندەی کوژراوی ڕادەستی حکومەت بکردایا، خەڵات دەکرا، ڕاوی باڵندەکان بە جۆرێک لە نیشتیمانپەروەری و خزمەتکردنی شۆرش ئەژمار دەکرا،
ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ٦٠٠ ملیۆن ھاوڵاتی ئەو وڵاتە بکەونە ڕاوکردنی باڵندە.
بەچەندەھا شێوە باڵندەکان ڕاو دەکران، بەڵام کاریگەرترینیان ترساندنیان بوو.
بەھۆی دەنگە دەنگێکی زۆر بەرزەوە لێدانی تەنەکە و ھاوت و ھاوارەوە، باڵندەکان لە ئاسماندا سەریا لێ دەشێواو لە ترسا نەدەنیشتنەوە. ئەمەش دەبووە ھۆی ھیلاک و ماندووبوونیان و ئینجا مردنیان بە ئاسمانەوە.
وەکو باران بەلێزمە لە ئاسمانەوە دەکەوتنە خوارەوەو دوو ملیارد باڵندە لەناوچوون بەو ھۆیەوە.
بەڵام بەرووبوومی دانەوێڵە نەک زیادی نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر کەمی کرد.
بەھۆی نەمانی باڵندەکان ڕێژەی کرم و حەشەرو ئەو مێروەی کە پێشتر باڵندەکان دەیان خواردن زیادی کرد.
چین بۆ چەندان ساڵ دوچاری برسێتی و کەمی بەرووبووم بوەوە بەھۆی نەپاراستنی ھاوسەنگی ئاژەڵەکان و سیستەمی سروشت.

با ئەمە بکەم بە دەرفەتێک و باسێکی لای خۆمان بکەم.
دانیشتوانی شاری سلێمانی دەزانن ژمارەی سەگە بەڕەڵاکانی سەر شەقامەکان زۆر زۆر بوون. ئەم دیمەنە بۆ ھەموو کوردستان راستە.

بەڵام با ئێمە لەوە گەڕێین ئەمە دیمەنێکی زۆر ناشارستانیەو بۆتە ھۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای زۆرێک لە مناڵ و ھاوڵاتیان و چەندەھا حاڵەتی پەلاماردان رووی داوە.
جگەلەوە ئەم سەگانە نەخۆشی بڵاو دەکەنەوە و پاشماوەکانیان شار ئەوەندەی تر پیس دەکەن.
بەڵام بەھۆی زۆربوونی ڕێژەی سەگە بەرەڵاکانەوە، پشیلە لە شاردا نەماوە.
کەمبوون و نەمانی پشیلە واتا زۆر بوونی مشک و جرج.
شارەزاکان دەزانن زۆرترین ڤایروس و بەکتریاو نەخۆشی لە ڕێگای مشک و جرجەوە بڵاو دەبێتەوە.
ھەربۆیە ئەم ھاوینە شار پڕ دەبێت لە ئەنواعی مشک و جرج و، ئەوەش دەبێتە کێشەیەکی تر لەپاڵ کێشەکان.

ئەبێت کەس ھەبێت لە حکومەتە خۆجێییەکەی سلێمانی درک بەم مەترسیانە بکات؟ لەوانەیە ھەبێ، بۆیە پەیام دەنێرم بۆ پارێزگارو شارەوانی لەبارەی سەگ و پشیلەو جرج و مشکەوە.
لەنێو ئاژەڵەکان دەبێت ھاوسەنگی بپارێزرێت، سروشت پێویستی بە ھاوسەنگیە، گەرنا کارەساتی تر ڕوو دەدات.

با نمونەی چینی ئەوسا لە کوردستان و سلێمانی دووبارە نەبێتەوە..
ھەرچەنە نە ماوێک ھەبوو لەناو کوردا. نە ماوییەک ماوە بەمانا راستەقینەکەی. بەڵام باش و خراپیەکانی ھی دەرس وەرگرتنن.