بۆچی پۆتین سەری ئەندامانی ئەم هێزی دەوێت لە ئۆكرانیا؟

2022-05-18

کەتیبەی ئازۆڤ چیە و بۆچی روسیا بە مەترسی دەزانێت بۆسەر خۆی؟ ئایا پەیوەندی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای نازیدا هەیە؟ بۆچی وڵاتانی خۆرئاوایی ڕاهێنان و یارمەتی سەربازی ئەم کەتیبەیە دەکەن؟
لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ دا، سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پۆتین ڕایگەیاند کە روسیا ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی سەربازی لە ئۆکرانیا ئەنجام دەدات، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک ئەم ئۆپەراسیۆنە تایبەتە بووە جەنگێکی بەرفراوان لە ئۆکرانیادا و سوپای روسیا لە کییڤی پایتەختی ئۆکرانیا نزیک بووە و شارە گەورەکانی لە ئۆکرانیادا گەمارۆدا.
جەنگیك پۆتین دەیگوت ناچاربووە بیکات و هۆکاری زۆری هەیە. لەناو هەموو ئەو هۆکارانەشدا و لە سەرو هەموویانەوە ڕێشەکێشکردنی ئەوانە بوون کە پۆتین بە نازییە نوێیەکان وسفی کردن، بەوتەی خۆی دەیوت هەم ئۆکرانیا و هەم روسیا لەمانە ڕزگاربکات.
پاش چەند ڕۆژێک دیسانەوە پۆتین باسی نازیە نوێیەکانی کردەوە و جەختیکردەوە کە شان بە شانی سوپای ئۆکرانیا شەڕ دەکەن و چەندین تۆمەتی تری ئاڕاستەی هێزەکانی ئۆکرانیا کرد، لە هەموو ئەمانەشدا پۆتین مەبەستی جەنگاوەرانی کەتیبەی ئازۆڤ بوو... کەواتە، جەنگاوەرانی ئازۆڤ کێن؟ ئامانجەکانیان چین؟ ئایا بەڕاستی نازیین لە ئۆکرانیادا؟
ئازۆڤ گروپێکی نەتەوەیی توندڕەوی دەمارگیرن و بەتەنها لە ئۆکرانیادا نین. چیرۆکی ئەم گروپە بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە ئەو کاتەی هێزەکانی روسیا یارمەتی جوداخوازەکانی ئۆکرانیایان دەدا و دەستیان بەسەر نیمچە دورگەی کرێمیادا گرت، لەوکاتەدا کۆمەڵێک یاریزانی گەنجی تۆپی پێی توندڕەو کۆبونەوە و بڕیاریاندا بەرەنگاری روسیا و جوداخوازەکان ببنەوە، لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا لە شاری ماریۆپۆل کەتیبەیەکیان لە ناوچەی کەناراوی دەریای ئەزۆڤ دامەزراند و هەر بەو شوێنەشەوە ناونرا.
لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا ئەو شارەی کە کەتیبەکەی تیا دامەزرا کەوتە دەست جەنگاوارە جوداخوازەکانی سەر بەروسیا و لەو کاتەشەوە یەکەمین ئەزموونی بەرەنگاریان دژی روسەکان لە ماریپۆل دوایش لەگەڵ سوپای ئۆکرانیدا سەرکەوتوو بوون لە گێڕانەوەی شارەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئۆکرانی، هەر بۆیە بە فەرمی لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤دا لەگەڵ پاسەوانی نیشتیمانی ئۆکرانیدا تێکەڵ کران. ئەمەش وایکرد نفوزیان زۆر بێت و ببنە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لە هێزە سەربازیەکانی ئۆکرانیادا.

ئازۆڤ: کەتیبەیەکی مەترسیدار و گوماناویی لەجەنگی ئۆکرانیادا...
ئەم هێزە مشتومڕی زۆری لەسەرە، ڕاگەیاندنە خۆرئاواییەکان بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ نازیەکانی ئەڵمانیا تۆمەتباریان دەکەن. تەنانەت دەڵێن ئەو هێمایانەی بەکاریان دەهێنن پەیوەندی بە نازیەکانی ئەڵمانی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا هەیە. بەڵام خۆیان دەڵێن کە گروپێکی نەتەوەیی توندڕەون و تەرکیزیان زیاتر لەسەر جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیایە و دەیانەوێت شکۆ و سەربەستی بۆ ئۆکرانیا بگەڕێننەوە.
هەر لەسەرەتای داگیرکاری روسیا بۆ ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەتالیۆنی ئەزۆڤ سەرنجی زۆری میدیا جیهانیەکانی ڕاکێشا ئەویش بەوەی کە بەرگریەکی توند و بەهێزی هێزەکانی روسیای کردووە، بەتایبەتی لە شاری ماریۆپۆلدا. لەم بارەیەوە لە ١٨ ئازاری ئەم ساڵدا ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی بە "مەکینەی بانگەشەی ڕاگەیاندنی جەنگی" وەسفیکرد و لە هەمان کاتیشدا پێگەی دی دەبلیو (دویچە وێڵ) ی ئەڵمانی لە ڕاپۆرتێکیدا وەک یەکەیەکی سەرەکی لەبەرگریکردن لە شاری ماریۆپۆڵ باسی کردووە. لە 19ی ئازاری 2022دا، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی نازناوی پاڵەوانی ئۆکرانیای بە فەرماندەی بەتالیۆنی ئەزۆڤ لە ماریۆپۆل، موقەدەم دۆنیس پرۆکۆپینکۆ، بەخشی.
بەپێی ڕۆژنامەی دەیلی تێلێگراف، سیاسەتی توندڕەوی بەتالیۆنی ئەزۆڤ لە پەیجەکانی سۆشیال میدیادا سەرنجی جەنگاوەرانی بیانی ڕاکێشاوە. جەنگاوەرەکانی خەڵکی وڵاتانی بەرازیل و ئیتالیا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەمریکا و یۆنانن و نزیکەی 50 ڕووسیش ئەندامی ئەزۆڤن. ئەم گروپە لەڕێی فەیسبووکەوە کەسانی تریشی لەدەرەوەی ئەوروپاوە بۆ خۆی ڕاکێشاوە، هەر بۆیە لەساڵی ٢٠١٩ دا فەیسبوک ڕێگە لە پشتگیریکردنی گروپەکە لە ناو فەیسبوکدا دەگرێت.
ژمارەی جەنگاوەرانی ئەم گروپە لەساڵی ٢٠١٥ دا بە نزیکەی ٩٠٠ سەرباز مەزەندەکراوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو ژمارەیە زۆر لەوە زیاترە و بۆ ٢٥٠٠ و زیاتریش بەرز بوەتەوە.

ئەو ڕاپۆرتانەی کە نووسینگەی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، بەتالیۆنی ئەزۆڤیان بەستوەتەوە بە تاوانی جەنگەوە وەک تاڵانی بەکۆمەڵ، دەستگیرکردنی نایاسایی و ئەشکەنجەدان.
لە راپۆرتێکی نووسینگەی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئازاری 2016 دا هاتووە کە زانیاری وردیان کۆکردۆتەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی شەڕ و دوژمنایەتی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا و فەوجی ئەزۆڤەوە لە شیرۆکین و دەوروبەری ئایدۆلۆژیای ئازۆڤ
ئەم کەتیبەیە بەوە ناسراون گروپێکی ڕاستڕەوی نەتەوەیین و پەیوەندیان بە نازیە نوێیەکانەوە هەیە. سەربازانی کەتیبەی ئازۆڤ هێما و نیشانەکانی پەیوەندار بە نازیەکان بە جل و بەرەگە سەربازیەکانیانەوە دەلکێنن، لەم بارەیەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا تەلەفیزیۆنی زی دی ئێف ی ئەڵمانی لە ڕیپۆرتاژێکیدا ئەوەی پیشاند اکە سەربازانی ئازۆڤ هێما و ڕەمزەکانی هیتلەریان لەسەر کڵاو و جلەسەربازیەکانیان کێشابوو، بەڵام ئەندامانی ئەم گروپە دەڵێن ئەو هێمایانە ئاماژە نین بە نازی و هیتلەر، بەڵکو دەربڕی بیرۆکەی ئۆکرانیای یەکگرتووە.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا ساڵی ٢٠١٤ سەربازانی ئازۆڤی پیشانداوە کە تاتۆی نازی لەسەرجەستەیان کێشراوە و شانازی بە ئایدیا و بیرۆکە نەتەوەییە نازیەکانیانەوە دەکەن. لەهەمان کاتدا وتەبێژی ئازۆڤ باس لەوە دەکات کە لەسەدا ١٥ بۆ ٢٠ ی ئەندامەکانیان نازیە نوێیەکانن. هەر ئەمانەش وای لە ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوایی کرد لە ساڵی ٢٠١٨ دا یارمەتیە سەربازیەکانیان بۆ ئەم گروپە ڕاگرن، بەڵام لە سەرەتای دەستپێکی داگیرکاریی روسیا بۆ ئۆکرانیا، دیسانەوە وڵاتانی خۆرئاوایی، بەتایبەتی بەریتانیا و ئەمریکا یارمەتی سەبازی ئەم گروپە دەکەن لە دژی روسیا. هەر بۆیە لە سەرەتای هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا ساڵی ٢٠٢٢، رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئەو گومانانە دەسڕێتەوە کە ئەم گروپە دەبەستێتەوە بە نازیە نویێەکانەوە، ئەویش بەوەی کە بەرگری لە خاکی ئۆکرانیا دەکەن و ژمارەیەکی زۆر جەنگاوەری بۆ بەرپەرچدانەوەی روسیا لەناو ڕێزەکانیادا ناونوسکردووە.
پاش داگیرکاری روسیا بۆ ئۆکرانیا، سەدان كەس لە وڵاتانی جیاوازی ئەوروپی پەیوەندیان بەم کەتیبەیەوە کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی سوپای روسیا، ئەمەش وای کردووە بەشێوەیەکی زۆر ژمارەی جەنگاوەرانیان زیاد ببێت. بەڵام پاش ئەوەی ئەکاونتی پاسەوانی نیشتیمانی ئۆکرانی لە ڤیدۆیەکدا یەکێك لە جەنگاوەرانی ئازۆڤی پیشاندا گولەی لە ڕۆنی بەراز دەکرد، وەک ئاماژە و پەیامێک بۆ جەنگاوەرە چیچانیە موسڵمانەکانی کە لەگەڵ سوپای روسیادا لەدژی ئۆکرانیا دەجەنگن، ئەم ڤیدۆیە وەک جوڵاندنی توڕەیی موسڵمانان لێکدرایەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هەرایەکی زۆری نایەوە و دوبارە ئەم کەتیبەیەی خستەوە ناو گومانە توندڕەویەکانیان...
ئایا بەڕاستی پۆتین لەسەر حەقبوو کە دەیگووت نازیە نوێیەکان بنبڕدەکەم؟ یان ئەم کەتیبەیە نوێنەرایەتی هەموو ئۆکرانیا ناکات؟