لە کەناری تایمسەوە بۆ گردی زەرگەتە

2022-05-18

چیا عەباس

لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان پێویست ناکات باسی مێژوی ئەو مرۆڤە مەزنە بکەم. باسکردنی هاوکارو دۆست و دوژمن و نەیارەکانی کاک نەوشیروان شتێکی نوێ بە فەرهەنگی سیاسیمان نابەخشێت، قسەکردن لەسەر بازرگانە نزیک و دورەکان بەپێگەو مێژووی ئەو مرۆڤە دوبارەکردنەوەی تەوەرێکە کە هاوڵاتیانی کوردستان گوێبیستی بوون و لێیی بەئاگان.

هاوکاتیش هاوڵاتیان بوێرانە قسەی خۆیان کردووە، گەواهی بۆ ئەمەش سزادانی خەستی هاوکارەکانی و نەیارەکانی بوو لەدوا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق کە بە رێژەی سفر تا بیست و پێنج لە سەد ئیدیعای نوێنەرایەتی سەد لە سەدی هاوڵاتیان دەکەن.

دانیشتنەکەی زڕگوێز

لە رۆژێک نزیکەی ٢٨ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هاورێی ئەزیزو مرۆڤێکی گەورەو تێکۆشەرێکی بێگەردو دۆستی زۆر نزیکی مام جلال و کاک نەوشیروان لە ئەمستردام یەکترمان بینی. کاک شازاد سائیب لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی پێشوو لە بەغدا ناسیومەو ئەویش لەو سەردەمەدا منی بە کاک نەوشیروان ناساند. ئەو مرۆڤە مەزنە لە روداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای سلێمانی- دوکان بۆ کاری فەرمی وەک وەزیرێکی کابینە گیانی لە دەستدا، لە پرسی بە خاک سپاردنی هەردوو مام جلال و کاک نەوشیروان فرمێسکی خەستیان بۆ رژاند.

لەو دیدارەم لەگەڵیدا لە ئەمستردام کاک شازاد ئامۆژگارییەکی کردم کە تا لە ژیاندا مابم بیرم ناچێت. ساڵی ١٩٩٤ لە کۆنفرانسی مەڵبەندی دەرەوەی یەکێتی لە شارۆچکەیەکی نزیک مانهایمی ئەڵمانی بە ئامادەبوونی مام جلال و چەند سەرکردەیەکی تری یەکێتی بە دەنگی یەکەم بۆ دەستەی کارگێری مەڵبەندی دەرەوەی یەكیتی هەڵبژێردرام، ئەم ئاکامە لەو ساتەدا چەند بەرێزێک لە سەرکردە ئامادەبووەکانی یەکێتی سەغڵەت کرد. دواتر زانیم دەنگەکانی زۆربەی پێشمەرگەو کادیرە دێرینەکانی یەکێتی لە کۆنفرانسەکە یەکلاکەرەوە بوون لە دەنگەکانی بەندەو زۆربەی ئەوانەش لە کاک نەوشیروان زۆر نزیک بوون.

بۆ خۆم زۆر بە شانازیەوە ئەم روداوەم باس دەکرد، کاک شازاد لەوە بە ئاگابوو و بۆ ئەوەی هۆشداریم بداتێ و لە خۆم بایی نەبم ئەم روداوەی بۆ گێرامەوە:
بە ماوەیەکی کورت دوای راپەرین رۆژێک لەگەڵ نەوشیروان لە زرگوێز بووم، لەو رۆژانەدا بێسەروبەریەکی زۆر لە شارو دەوروبەری لەلایەن هێزو چەکداری هێزەکانی تر دەڤەری سلێمانییان هەراسان کردبوو، وەک سەرانەوەرگرتن، دانانی بازنە لە سەر رێگاو بانەکانی دەڤەرەکە، ئیبتزازکردنی کاسب و دەوڵەمەندەکانی شارو.. تاد، نەوشیروان لەم دۆخە زۆر بێتاقەت و تورەبوو، تەلەفۆنێکی بۆ ئیدارەی گشتی کردو لەگەڵ خوالێخۆشبو شێخ دارۆی شێخ نوری قسەی کردو پێی گوت: لە گەڵ شازاد لە زرگوێزم، بە مام جلال بڵێ بە پێویستی دەزانم بێت بۆ ئێرە بۆ چەند کارێکی پێویست. دوو سەعاتی پێچو مام جلال لە گەڵ شێخ دارۆ گەیشتنە زرگوێزو بە چوار قۆڵی دانیشتین.

نەوشیروان ڕووی کردە مام جەلال و گوتی: مام جەلال گەر تۆو مسعود بارزانی سەدی بەخمەتان نەفرۆشتایەو ئەو ئاوەتان نەڕژانبایە ئەم چەکدارو تاقمانە لەم دەڤەرە نەیان دەتوانی بە رۆژی نیوەڕۆ ئەم چەتەگەری و کەڵەگایەتییە بکەن (ناوی چەند بەرپرسێکی هێزەکانی برد کە ئەو کارانە دەکەن)، باسکردنەکە بەرەو گرژی دەچوو، مام جلال هەستی پێکردو گوتی: کاکە نەوە ئەو قسانەت راستن بەڵام با بەیەکەوە بچین لەو ژورەی ئەودیو باسێکیان بکەین. کاک شازاد لە گێرانەوەی روداوەکە بەردەوام بوو و گوتی بە جوتە چوونە ژورێکی ترو دوای دە دەقیقە هاتنە دەرەوەو زۆر هێمن و دۆستانە بەرچاو دەکەوتن. کاک شازاد پێی گوتم: قەد نەکەیت بکەویتە بەینی ئەو دو زاتەوە، چونکە ئەوان هەمیشە لە دوا مەتافدا لەسەر هێڵە گشتییەکانی سیاسەت و بەرژەوەندی یەکێتی و کورد رێک دەکەون.


لە زەرگەتەوە بۆ دەباشان

رۆژێک پێش نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ گەرامەوە بۆ کوردستان، ساتانێک پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتی گرژو ئاڵۆز بوو. رۆژێک کاک نەوشیروان پێی گوتم ئەمڕۆ کونسۆڵی ئەمریکا لە هەرێم سەردانمان دەکات و حەزدەکەم ئامادە بیت. ماوەی چەند مانگێک بوو مام جەلال بەخەستی باری تەندروستی تێکچوو بوو.
لە دانیشتنەکەدا بەرپرسی ژوری دیپلۆماسی گۆڕان و دوو هەڵسوراوی ترو بەندە ئامادە بووین. لە باس و لێدوانەکاندا دەرکەوت کە خەمی سەرەکی شاندەکەی ئەمریکا ئەوەبوو بزانن نیازی کاک نەوشیروان لە سایەی نەخۆشکەوتنی مام جەلال لە یەكێتی چیە، هەرچەندیان هێناو بردیان کاک نەوشیروان هیچی ئەوتۆی نەدرکاند، لەو بەینەدا بەرپرسی ژوری دیپلۆماسی گۆڕان بە زمانی ئینگلیزی سنوری زمانی دیپلۆماسی بەزاندو کەوتە هێرشکردن، کاک نەوشیروان تێگەیشت و بۆ ئەوەی کۆتایی بە دانیشتنەکە بهێنێت رووی کردە کۆنسۆڵی ئەمریکاو بە زمانی ئینگلیزی بەدەق گوتی: We have only one mam Jalal and will stay like that
بە کوردی: ئێمە تەنها یەک مام جەلال مان هەیەو هەرواش دەمێنێتەوە.
کونسۆڵ لە پەیامەکە تێگەیشت و یەکسەر خواحافیزی کرد.


لە زەرگەتەوە بۆ پیرمام

پەیوەندییەکانی کاک نەوشیروان و مه‌سعود بارزانی سەرەڕای گرژی و ئالۆزییەکانی زۆربەی کات راشکاوانەو راستگۆیانە بوون، کاتێک کاک نەوشیروان بریاریدا بەشداری لە حوکمڕانی هەرێم بکات بۆ ئەو مەبەستە چەندجارێک سەردانی مه‌سعود بارزانی لە پیرمام کرد. وەک سەرکردەو سیاسەتمەدارێکی خاوەن رەوشتی بەرزو متمانەپێکراو لەبەرامبەر فشارو پرسیاری زۆری هاوکارەکانی لەناو گٶڕاندا بۆ زانینی باسکردن و دانوستانەکانی لەگەڵ سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمی ئەو ساتە یەک وەڵامی پوختی هەبوو، ئەویش: چوار ساڵی ئارامی!
چوار ساڵی ئارامی تەمەنی زۆر کورت بوو، گۆڕان بە بڕیاریكی سەرپێیانیەی هەڵەشەو ناڕەوای دەسەڵاتدارانی پارتی لە پەرلەمان و حکومەت دورخرایەوە. سەرانی پارتی پێیان وابوو بەوجۆرە هەنگاوانە چۆک بە گۆڕان و کاک نەوشیروان دادەنێن، دەرکیان بەوە نەکردو ئێستاش نایکەن کە کاری ناڕەوا لەدوا مەتافدا هەمیشە بە زەرەری بکەرەکەی دەشكێتەوە.
ئەم بابەتەم لەگەڵ کاک نەوشیروان لەدوا قۆناغی ژیانیدا وروژاند، سەردەمی یەکلاکردنەوەی شەڕی داعش بوو لە موسڵ، داواشم لێکرد چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی ک.ن.ن. سازبکات پاش بێدەنگییەکی درێژ، لە وەڵامدا گوتی: بۆ چاوپێکەتنی تەلەفزیۆن هیچ شتێکی نوێم پێ نییە تا باسی بکەم، سەبارەت بە مه‌سعود بارزانیش نامەوێت لەم دۆخەی شەڕی داعشداو تەم و لێڵی ئاکامەکانی نە بە چاک و نە بە خراپ باسی بکەم، چونکە کاتی نییە.
ئەمە گەورەیی و بەخشندەیی ئەو سەرکردە مەزنە بوو کورد گوتەنی ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە.


لە کەناری تایمسەوە بۆ گردی زەرگەتە

کاک نەوشیروان دەیزانی رۆژەکانی ژیانی بە پەنجەکانی دەست دەژمێڕێن، هەر وەک خوالێخۆشبوو مام جلال چەند جارێک باسی کردووە " کاکە نەوە پێی گوتم با جیا لە زۆربەی سەرکردەکانی کورد لە سەر خاکی کوردستان ماڵئاوایی لە ژیان بکەین"، کاک نەوشیروان ئەوەی کرد لە کۆشە گەرمەکەی شارەکەی و لە دوا پەناگای سیاسی و خەباتدا ماڵئاوایی کرد.