بۆچی نەوشیروان مستەفا بەرگەی زەمەنی نەگرت؟

2022-05-19

مرۆڤ دەبێت بە ویژدانە بدوێت و لەکاتی نووسینیشدا باڵانس بپارێزێت، هەروەک چۆن نەکردەیە لەسەر ئەساسی عاتیفە و عیشق بۆی نەوشیروان مستەفا ببرێتە کەشکەشانی فەلەک، بەهەما جۆر نابێت ڕقی شەخسیی بکرێتە دەستکەلا بۆ بەقوڕداکردنی لەکاتێکدا خۆی لە ژیاندا نەماوە وەڵام بداتەوە. بەڵام ڕەخنە لە فیکر شتێکە هەمیشە هەم بەرهەمی دەبێت و هەمیش بلانی کەمی باڵانس تێیدا پارێزراو دەبێت.


قسەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە دەدرێتە پاڵ خانمە سیاسیی ئەمریکیی ئێلانۆر ڕۆزفێڵد کە دەڵێت:

مێشکی گەورە لە فکر دەدوێت، مێشکی مامناوەند لە کەسایەتی و مێشکی بچوکیش لە لە شتەکان دەدوێت. گەر دوقسەی دوور لە کاریزمایی کەسایەتی و دنەدانی عاتیفەی هەژارانە و ڕەجاڵانەی ڕەشۆک بکەین تێدەگەین خەباتی سیاسیی و چەکداری هەشتا ساڵی ڕابردووی ئێمە بەردەوام شتەکان لە ئەوەلیەتی ئامانج و بیرکردنەوەی سەرکردەکانی ئێمەدابووە نەوەک فیکر و بیرکردنەوە، شتەکانیش هەمیشە خۆیان لە پارە و شتی شەخسییدا بینیوەتەوە نەوەک بەرژەوەندی گشتیی. هەر ئەمەیە وایکردووە هیچ یەکێک لەوانە بەرگەی نیو دەیەی پاش مەرگی خۆیا نەگرن و بپوکێنەوە.

ئەمڕۆ لەساحەی سیاسییدا ئەوەی دەسەڵاتی هێشتۆتەوە وڵاتانی هەرێمیی و مشتێ پارەو جۆرێک لە زەبرو زۆری سەربازییە، پێم سەیرە تا ئێستا ئەکادیمیسیان و منەویرەکانی حیزبەکانی دەسەڵات ناتوانن قەناعت بە سەرکردەکانیان بهێنن کە چ داهاتوویەکی خراپ چاوەڕێیان دەکات لەوەی کە بەمجۆرە شت لە سەنتەری بیرکردنەوەیاندا بێت، نەک هەر نامێننەوە و بەرگەی زەمەنش ناگرن زۆر بە خراپیش یادیان دەکرێت و کەس ڕەحمەتێک بۆ گۆڕی بابانیان نانێرێت. خۆ دۆخی ئۆپۆزسیۆنیش زۆر باشتر نییە لەمانەی دەسەڵات.

،،

خوێندنەوە بۆ گۆڕانەکەی نەوشیروان مستەفا و تێکشانی پاش خۆی کتومت بۆ هەموو جوڵەیەکی دژە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش ڕاستە.

گۆڕانەکەی نەوشیروان مستەفا کۆمەڵێک دروشمی بێ تیۆریی بوون خۆیان لە ڕەتکردنەوەی سیستم و بکەرەکانیدا دەبینییەوە. هەموو تێز و دۆکترینەکەیان لە ڕەتکردنەوەی ئەکادیمیی و سیاسیی و بازاڕیی دەسەڵاتدا خۆی دەبینیەوە، خاوەنی جوڵەیەکی لەخۆی سەربەخۆ نەبوون. ڕاستە ئایدۆلۆژیی سەنتەر نەبوون، بەڵام خاوەنی تیۆریایەکی سیاسیی نەگۆڕیش نەبوون.

گەر گۆڕان سەرکەوتووش بوایە لە قڵپکردنەوەی سیستمەکەو گوریسی حوکمڕانیی بگرتایەتە دەست، دۆخی خەڵک ئەمڕۆ لەوەی ئێستا باشتر نەدەبوو، چونکە هەموو جیهانبینیی گۆڕان ئەنەرژیی لە نەفیکردنی بەرامبەرەوە وەردەگرت بە بێ ئەوەی پێشتر خۆی خاوەنی تیۆریایەکی پتەو بووبێت. گۆڕان باوەڕی بە سیستمە ڕزیوەکە هەبوو بەڵام بکەرەکانی ڕەتدەکردەوە. نەفیکردن و ڕەتکردنەوەی زوڵم گرنگە و دەشێت ببێتە خاڵی دەستپێک، بەڵام نەکردەیە بتوانێت ئیدامە بە خۆی بدات و بەرگەی بەرزی و نزمیی ڕۆژگار بگرێت. جیهانبینیی گۆڕان بۆ ئایندەی سیاسیی لێڵ و ناڕون و کەسی یەکەم پەرەستبوو وەک ئەوەی یەکێتی پارتی.

تەنهاوتەنها نەفیکردنەکەی ڕوون بوو. ئەوەی هەیبوو دنەدانێکی هەیەجان و سۆزو عاتیفەی جەماوەر بوو بەهەمان مۆدێلە ستالینییەکە. ئەمەندەش بەس نەبوو بۆ سەرڕێخستنی پارادایمێکی نوێی سیاسیی. هەڵگەڕانەوەی وەزیر و پەرلەمانتار و کاربەدەستانی گۆڕان بۆ مشتێ ماڵی دونیای پارتی هۆکاری سەرەکی پشت کەوتنی گۆڕان نەبوون، ئەوەی گۆڕانی کردە پەندێکی سیاسیی بۆ جوڵانەوە ڕادیکاڵ ئیسڵاحییەکانی دیکە نەبوونی ڕوئیاو تیۆرییایەکی پتەوی سیاسیی بوو بۆ جوڵە سیاسییەکانی، واتە گۆڕان نەیتوانی کەس بۆ سیستم تێپەڕێنێت.


چارەسەر چییە؟

ئەوانەی ئەمڕۆ لەجۆری ئەحزابی وەک نەوەی نوێ و ئیسلامییەکان کە دەیانەوێت پاردایمێکی نوێ سەرڕێبخەن بۆ سیاسەتێکی جیاواز دەبێت پێش سەرەتا لەمسەرەوە تەواوی قسەی خۆیان بکەن، تەسلیم بە واقیع نەبن، هەوڵی تەسلیمکردنی واقیع بدەن بۆ ئەو سیستمەی بانگەشەی بۆدەکەن. گەر واقیع تەسیلم بە بیرکردنەوەکان نەکرێن، دواجار بیرکردنەوەکان خۆیان خودبەخود تەسلیم بە واقیع دەبن. کەسایەتی سەرکردی سیاسیی پێش هەموو شتێک دەبێت خاوەنی پارادایم و دۆکترینێکی تۆکمەی سیاسیی بێت کە لە هەناوی خۆی و کۆمەڵگاکەیەوە سەرچاوەی گرتووە و هاوردەی هیچ شوێنێکی دیکە نییە. هەنگاو بە هەنگاو خۆی ڕەخنەی بکات و خاڵە لاوازەکانی دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی بەڕاستی پێش خەڵک خۆی تێبگات لەوەی کە چی دەوێت و هەنگاو بۆ کوێ دەهاوێت.

بە حوکمی ئەوەی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق موسوڵمانن دەبێت سەرەتا بەڕوونی لەمسەرەوە ئازایانە و بە بێ موجامەلە و خاترگرتن قسە لەوە بکەن ئایا دین و سیاسەت، دین و حکومەت، دین و تاکەکەس، مینبەر و ستەیج چ ڕۆڵێکیان دەبێت لە جوڵە سیاسییەکەی ئەماندا، ئایا دوو شتی لێک جیاوازن یا دوشتی تەواوکارین و پێکەوەبوونیان مەیسەر و گونجاوە، گەر جیاوازن چۆن، گەر کۆک و تەبان چۆن؟ ڕۆڵی دین چی دەبێت لە سیاسەت و ئاڕاستەکردنیدا؟
ئەوان دەبێت لە پرسیاری کێ وە بگوازنەوە بۆ پرسیاری چۆن، لە" کێ چ شوناسێکی هەیە حوکم دەکات" ەوە بگوازنەوە بۆ پرسیاری "چۆن حوکم بکرێت"

دواتر دەبێت بەڕوونی دیدی خۆیان لەمەڕ چەمکەکانی گۆمەڵگای مەدەنیی، عەدالەت، ئازادیی بێمەرج، مافەکان، پەروەردە، ئەخلاق لە کۆمەڵگایەکی موحافیزکار و مولتەزیم بە ئایین، دۆز و مافەکانی ژنان و پێودانگەکانی لەگەڵ دونیای نوێ و مەبادیئەکانی دیموکراسیی، سیستمی ئابووریی و بانک، سەرچاوە سروشتییەکانی ژێر زەوی و سەرزەوی، هتد دەرببڕن.

بەبێ ئامادەسازییەکی لەم جۆرە هیچ هێزێکی سیاسیی ناتونێت یەک هەنگاو بچێتە پێشەوە. گەر شتێکی کەمتر لەمە سەرڕێ بخرێت هەر لەمناڵدانی دایکیدا لەبار دەچێت وەک چۆن ئەزمونی گۆڕان لەبارچوو.

٭ئایا تاکەکەس دەتوانێت چاکسازیی بکات؟
" شاسوار عەبدولواحید بەنموونە"

چاکسازیی هەمیشە و لە هەمووشوێنێک دەبێت دەلیلیی بن نەوەک عیللەتیی، واتە پشتئەستوور بن بە ئەزموونکردن، ڕەخنەکردن و سەلماندن نەوەک پشتئەستووربن بە کارزیمای کەسی یەکەم یا سەرکردە.

،،

دەلیل سەلماندنی دەوێت لەکاتێکدا عیللەت کەسی خاوەن کاریزما، سەرمایەدار ،دیکتاتۆر، یا کەسێکی هەڵقوڵاوی نێو دامەزراوەی سەربازیی دەوێت.



لە قوتابخانە تەسەوفییەکاندایە شێخ یا سەرکردەی تەریقەت ڕۆڵەکەی ڕۆڵێکی عیللەتییە، بەهۆی کاریزمیی خۆی و کاریگەرییە ڕۆحییەکەیەوە شێخ مورید و دەروێشەکەی دەخاتە نێو داوی خۆیەوە و بە بێ ئەوەی بوارێک بۆ پرسیار و وەهم و گومان بهێڵێتەوە سەراپا ژیان و بیرکردنەوە و جیهانبینیی کەسی سالیک یان مورید دەگۆڕێت. قاڵیان دەکات بە حاڵ، بە پێچەوانەوە لە قوتابخانە فەلسەفیی و سیاسیی و فیکرییەکاندا دەلیل ڕۆڵی سەنتەر دەبینێت. کەسی سەرکردە دەبێت توانایی ئەوەی هەبێت بە دەلیل قەناعەت بە شوێنکەوتووەکانی بکات کە دەیەوێت چ گۆڕانکارییەک لە دید و جیهانبینی و ژیانی ئەواندا دەخوڵقێنێت و بە ئەزموون ئەمەشیان نیشان بدات.

گەرهاتوو چاکسازییەک عیللەتیی بوو ئەوا ناتوانێت پارادایم و تێۆریایەکی پتەو سەرڕێبخات، بەنەمانی کەسی یەکەم هەموو جوڵانەوەکە دەگەڕێتەوە خاڵی سفر و لە باشترین حاڵەتیشدا بەپاساوی مانەوەیەکی لاوازی خۆی دەبێت تەسلیمی "زۆر و زێڕ و تەزویری" ئەو سیستمە ببێتەوە کەسەرەتا دژی دەوەستایەوە.

ئەنجام:
ئەوانەی ئەمڕۆ نیازی جوڵەی نوێیان هەیە نابێت هەڵەی هەشتاساڵی ڕابردوو دوبارە بکەنەوە، نابێت بێ تیۆریا جوڵە بکەن و بیر کردنەوە بکەنە دەرەوەی جوڵانەوەکانیان، جوڵەکانیان دەبێت پشتئەستووربێت بە مەعریفە و دەلیل نەوەک عیلەت و کاریزما و سامان و زەبروزۆر و چاوسوورکروونەوەی کەسی یەکەمی هەڕەمەکە.