کولتوور، ڕێنووس و سیاسەت؛ لەکوێدا نەوشیروان مستەفا بخوێنینەوە؟

2022-05-19

زاموا محەمەد

نەوشیروان مستەفا لە ڕیزی ئەو ناوانەدایە کە بەبێ لەبەرچاوگرنی وردی سیاقەکانی کارکردن و لێکدانەوەی گونجاوی جموجووڵەکانی، زۆر بە ئاسانی دەکرێت بەلاڕێدا ببرێت، تاوانباربکرێت و لەو ڕێیەشەوە داخڵی نێو چەندین وردە ململانێ و مەعمەعەی میدیایی و حیزبی -نەک سیاسی- بکرێت.


یەکەمین خاڵ کە ئەقڵانییەتی سادەی حیزبی و هەروەها حیزبۆفۆبیکیش(ئەوانەی فۆبیای حیزبیان هەیە) لەم چەند ساڵەیی دواییدا، بۆ بەلاڕێدابردنی تەجرەبەی نەوشیروان قۆستوویانەتەوە، پرس و دەنگۆی ئەوەیە گوایە لە سەردەمی پێشوودا "گلەیی" ئەشکەنجەدان و کوشتنی خەڵکی لەسەربووە.


وەڵامێکی سادە و ئاسان هەیە بۆ ئەمە، کە وابزانم ئەوانەی هێشتا دەیانەوێت تێبگەن، تێیدەگەن: تاقە جیاوازییەک لەنێوان نەوشیروان و ئەوانەی دیکەدا، ئەوەبووە کە نەوشیروان بە دزییەوە کارێکی نەکردووە و بە بڕواوە بووە -جا باش بێت یان خراپ-، لە کاتێکدا کە ئاکاری ژێرەوانکێ و ژێربەڕەی چەند ناوێکی دیکەی ناو سیاسەتی کوردی، گەر یەکێک لە کات و تاقەتی خۆی ببوورێت و دەستبداتە هەڵدانەوەیان، بڕواناکەم ئەوسەر و کۆتاییان هەبێت.


بەدەر لەم "گلەیی"ـە لاوەکییەی پێشتر باسکرا، نەوشیروان خاوەنی سێ پڕۆژەی سەرەکییە، کە بەبێ باسکردن و ڕەخنەکردنی ئەو سێ پڕۆژەیە، هەموو قسەکردن و دیسکۆرسێک لەبارەی ئەو کارەکتەرەوە، دادەبەزێتە ئاستی دەمەبۆڵە و ورتەورتی حیزبی، حیزبۆفۆبیک یان میدیاییەوە.


١- پڕۆژەیەک بۆ سیاسەت: لە هەر بوارێکی کولتووریدا، خوڵقاندن بریتییە لەوەی شتێک بهینیتە ئاراوە کە پێشتر نەبووبێت، یان لایەنی کەم ڕووبەڕووی ئەوە ببیتەوە کە هەیە؛ وابزانم هیچ پێناسەیەکی لەمە سادەتر بۆ داهێنان ناکرێت.


ئینکاری ناکرێت لەوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئەزموونی بەشێکی زۆری سیاسی و پەرلەمانتارەکانی گۆڕان تراژیدییانە شکستخواردوو بووە؛ پەرلەمانتارانی گۆرانیبێژ و پارێزگاری سلێمانی دوو نمونەی باشن. ئینکاری لەوەش ناکرێت، لە ٢٠١٣ـەوە حاڵی بزووتنەوەکە، بە گشتی، زۆر لە حاڵی پارتە کۆمۆنیستی و شیوعییەکانی دەڤەرەکە باشتر نەبووە.

،،

بەڵام ناهەقییە گەر گۆڕانی بەر لە ٢٠١٣ـش بە هەمان چاو ببینرێت. چونکە ئەویان، بە کورتی، دەکرێت بگوترێت پڕۆژەیەک و ئەگەرێکی نوێ بوو بۆ سیاسەتکردن.


خەڵکانێک لە سیاق و پانتاییەکدا کە هەیە، کارێک دەکەن، یان شتێک دەخوڵقێنن. خەڵکانێکی تر، سیاقێک و پانتاییەک دێننە ئاراوە، تا ئەوانی دیکە شتێکی تێدا بکەن و شتێکی تێدا بخوڵقێنن. لەسەر ئاستی تەنگی ئەم دەڤەرە، ئەوەی نەوشیروان گونجاوترە لە دووەمیاندا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.


٢- پڕۆژەیەک بۆ کەلتوور: زۆرێک لە سیاسییەکانی ئێمە کتێب و وتاریان نووسیوە و ئەدەبیاتێکی حیزبییان خستووەتەوە کە لەباشترین حاڵەتدا، دەکرێت بە "زۆر و بۆر" وەسفی بکەین. بۆیە چەند کتێبێکی کەمی لێدەربچێت، کەم نووسینی ئەو توێژە هەیە شایەنی خوێندنەوە بێت.


"بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین" یەکێکە لەو کارە دەگمەنانەی ئەو توێژە، کە ئەگەرچی بەرهەمی کارەکتەرێکی سیاسییە، سەرباری چەندین سەرنج لەبارەیەوە، دەکرێت وەک کارێکی جدی بخوێنرێتەوە و سوودی لێوەربگیرێت.


لە ڕاستیدا هەر ئەمەشە وادەکات پێچەوانەی زۆربەی سیاسییەکانی دیکە، نەوشیروان مستەفا بکاتە ناوێک شایەن بەوەی بخزێنرێتە نێو گفتوگۆ و دیسکۆرسە ڕۆشنبیرییەکانەوە؛ سەرەتا وەک نووسەرێک و دواتر، یان لاوەکیتر، وەک سیاسییەک.


بەش بە حاڵی خۆم، بەر لە نەوشیروان مستەفا بەرهەمی سیاسییەکی دیکەم خوێندبێتەوە کە بەو تەرزە جدی و شایەن بە خوێندنەوەیە -لەچاو سادەوساکاریی سیاسییەکانی دیکەماندا- دەستی بۆ کولتوور و فۆلکلۆر بردبێت، قازی محەمەد بووە (قازی، جگە لەوەی سێ شانۆنامەی هەبووە و لە سەردەمی کۆماردا نمایشکراون، وتارێکی سەرنجڕاکێشیشی لەبارەی پەیوەندیی فۆلکلۆر و ئەدەبەوە هەیە، کە ڕۆژگاری خۆی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا چەند بەشێکی بڵاوکردووەتەوە).


٣- بەشدارییەک لە ڕێنووسدا: ئەوەی لە نێوان ئێمەومانانێکدا کە چاوێکی زیادەمان بۆ نووسین و بەزموڕەزم و ڕێوشوێن و نوشتە و جادووەکانی هەیە، بە "ڕێنووسەکەی نەوشیروان" و "یەک واوەکانی نەوشیروان" ناسراوە، زۆرجار لەلایەن خودی خۆمانەوە ڕەدکراوەتەوە، فەرامۆش کراوە، یان بەهەند وەرنەگیراوە؛ بەڵام نادادی دەبێت گەر وەک نەبوو یان هیچ باسی بکەین، یاخود هەر باسی نەکەین.


لۆجیکێک، یان لایەنی کەم نەزمێک لەپشت ڕێکارەکانی ڕیزکردن و پێکەوەلکاندن و جیاکردنەوەی پیتەکان لە نووسینی نەوشیروان مستەفادا هەیە و دەکرێت بەدڵمان نەبێت، پەیڕەوی نەکەین، یان بە هەڵەی بزانین؛ بەڵام ناتوانین وەک جەسارەتێک و بەشدارییەک لە مشتومڕە قورس و ئاڵۆزەکانی جڵەودانی پیت، ماڵیکردنی پیت، هێورکردنەوە و ورووژاندنی پیتدا کە ئەرکێکی سەرەکیی نووسەرانێکە سەنعەتەکەیان بەهەند وەردەگرن، بەهەند وەرنەگرین.


لە زۆڕ ڕووەوە پرسی ڕێنووس لە کارنامەی نەوشیروان مستەفادا، نزیکە لە هەردوو پڕۆژە کولتووری و سیاسییەکەیەوە. هەرسێکیان بوون بەژێر دەمەبۆڵەی نێوان حیزبەکانەوە، هەرسێکیان بوونەتە قوربانیی شکست، داڕووخان، داڕزین و داهێزرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی ئەمڕۆوە. هەرسێکیان، شەڕی غەدر و ناکامییەکیان پێدەفرۆشرێت، کە دەبوا بە لایەنەکان و سیاسییەکان و بارودۆخەکان و تەنانەت حکومەتەکانیش بفرۆشرابان.
*
لە یادمە، لە سەروبەندی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا بوو، دۆستێک لە وتارێکی "ڕەخنەیی"ـدا و بە وەرگرتنی ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی کۆچکردوو وەک خاڵی دەستپێکردن، لە چواندنێکی ئەنسرۆپۆلیجییدا ڕێوشوێن و تازێبارییەکانی بە لایەکدا تا ئاستی نیکرۆفیلیای ڕەمزی بردبوو، بە لایەکی دیکەشدا وەک جۆرێک لە مردووپەرستی مەسەلەکەی باسکردبوو، لە کۆتاییشدا هەموو سکاڵا و گازندەکانی هەڵواسیبووەوە بە ئەستۆی نەوشیروان خۆیدا.


هەڵبەتە من تێدەگەم لەو خلیسکاندنە تیۆرییانەی کە ئەنسرۆپۆلۆژیای ڕەخنەیی بۆ ئەوەی لەمڕۆدا هەبێت، ناچارە بیانکات؛ جۆرە کاسبییەک کە دەروونشیکارییش لە چەند دەیەی ڕابردوودا چاوبرسییانە خەریکیەتی.

،،

بەڵام تا ئەمڕۆش تێنەگەیشتووم لەوەی هەر هەڵەیەک، هەر نەشاز و لارییەک کە لە بزووتنەوەیەکەوە، لە خێزانێکەوە، لە حکومەتێکەوە و لە جەماوەرێکەوە بێت، چ گلەییەکی لە ئەستۆی مردوویەکدا هەیە کە تازە ناتوانین چاوەڕوانبین شتێکی ئەوتۆمان بۆ بکات، زۆر بە سادەیی، لەبەر ئەوەی تازە مردووە.


نەوشیروان مستەفا، لە ڕیزی چەند ناوێکی دیکەی کولتوور و مێژووی کوردیدا -بۆ نمونە قازی محەمەد، کە پێشتر لەم وتارەدا ناوی هات-، بێفەڕی دەبێت گەر لە سیاقە باو و تەقلیدییەکانی ڕەخنەدا خوێندنەوەیان بۆ بکرێت.


بۆیە ئەگەر چاولەدووی بەرهەمداری و فەڕێک بین لە خوێندنەوە و ڕەخنەی کولتووریدا، ئەوا بەر لە هەر شتێک پێویستمان بە داهێنانی سیاقی نوێ، گوتاری نوێ و دیدگای نوێ هەیە، بۆ زیندووکردنەوە و بەکارهێنانەوەی پێشینانمان، لە جۆرە کارکردنێکی پراکتیکیدا کە شایەنبێت چاوەڕوانیی گۆڕینی شتێک، بۆچوونێک یان دیدگایەکی لێبکرێت، لە ئێستایەکدا کە چەقبستن و خنکان و سادەیی قانگیداوە.