ئایا کاک نەوشیروان کاروانکوژە بوو؟

2022-05-20

ئەستێرەی کاروانکوژە: ئەستێرەیەکی گەشەبە عەرەبی پێی دەڵێن شەعرای یەمانی، ناوە زانستییەکەی Sirius ە واتە ئەستێرەیەک بدرەوشێتەوە، نزیکترین ئەستێرەیە لە کۆمەڵەی خۆرەوە، هەشت ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە، لە کۆتایی هاوین و سەرەتای پاییزدا دەگاتەوە نزیکترین تەوەری خۆی لەگەڵ زەوی و گالاکسییەکەماندا، بارستەکەی چوارهێندەی بارستەی خۆرە، لە دوای نیوەی مانگی ئابەوە لەئاسمانی کوردستاندا دەبیندرێت.

هەندێک جار زۆر لە پێش بەیاندا هەڵدێ و کاروانچی بە ئەستێرەی بەیانی دەزانێ بارگەو بنە دەپێچێتەوە و بار دەکات "بە گەلاوێژ لێکدەدرێتەوە و سوبحی کازیب دروستدەکات".
ئەستێرەکە کاتی خۆی لە کوردستان لەلایەن کاروانچییەکانەوە بەکار هاتووە، جا ئەو ئەستێرەیە کە دەرکەووتووە کاروانچییەکان وایان زانیوە شەو درنگە و بەرەبەیان نزیکە و دەبێ بڕۆن، کاتی ڕۆیشتوون شەو هێشتا زۆری ماوە و تووشی زریان و بەفر و با، یان ڕەوە گورگ و ڕەوە بەڕاز بوون، دیارە تاریکەشەو دەبێ، بۆیە کاروانەکە تێک دەچێ، لێکیان دادەبڕێت و زۆرێک لە کاروانچییەکان گورگان خوار دەبن و دەمرن.

ناوەکانی دیکەی ئەستێرەی کاروانکوژە:
٭کاروانکوژە "موکریان"
٭کاروانقڕان "شارەزوور و سلێمانی"
٭ستارە سەحەری"خانەقین و کرماشان"
٭قورخ

لەپاییزدا ئەم ئەستێرانە کە زۆر جیاوازن لەیەکدی پێکەوە لە ئاسمانی کوردەوارییدا هەڵدێن: کۆ، تەرازوو، گەلاوێژ، کاروانکوژە.

ئەستێرەی کاروانکوژە سوبحی کازیب یا فەجری کازیب دروستدەکات، سوبحی کازیب واتە بەرەبەیانی درۆینە، شەو هێشتا زۆری ماوەو و دونیا ڕوناک دەبێتەوە. کتومت وەک ئەو دونیا تاریکەی سیاسییەکان بە درۆ و دەلەسە وەعدی ڕوناککردنەوەی دەدەن، ئەم ئەستێرەیەش هەر وادەکات. سوبحی کازیب هەمیشە مەزموم و ناشیرین بووە لای شاعیرانی کلاسیکی ئێمە، چونکە بەهەڵەیدا بردوون و ویساڵێکی درۆینەی وای بۆ دروستکردوون کە لەهەناویدا هەڵگری فیراقێکی تاریکتر بووە دوای ئاوابوونی:

لە ئەشکەنجەی شکەنجی زوڵفی ئەو بێ وەعدە مورغی دڵ
دەناڵێنێ وەکوو بولبول لە سوبحی کازیبی شەودا
"وەفایی"

لە ئەشکەنجەی شکەنجی زوڵفی ئەو بێ وەعدە مورغی دڵ
دەناڵێنێ وەکوو بولبول لە سوبحی کازیبی شەودا
"نالی"

بە ناو ئێمەش ڕیجالین و ڕیجالی هُم رجالٌ هەم
بە فەجری ناو دەبەن، سەد حەیف، ئەگەر سادیق ئەگەر کازیب
"مەحوی"

لەسەر ڕووت کازیبەی زولفت وەلابە
کە سادیق بێ تلووعی ئافتابە
"وەفایی"

هەر فەجری کازیبە و کە ئەشوبهێ بە زوڵفی یار
هەر سوبحی سادیقە و لە بەیازی جەبین ئەکا
"بێخود"