فازیل میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی وتی، ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، نەک هەر بەرژەوەندی هاوبەشی مێژووییمان هەیە، بەڵکو خوێنبەخشینی هاوبەشیشمان هەیە.
ئەو خوێنبەخشینە هاوبەشەی پارتی لەگەڵ ئێراندا هەیەتی و فازیل میرانی باسیدەکات، ڕەنگە، ئەو شەڕانەبێت کە پارتی بۆ پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا کردویەتی.
،،
لەگەڵ سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانو كەوتنی ڕژێمی شادا، پارتی بەڵێنی هاریكاریو دڵسۆزی بۆ سەرانی شۆڕشو ئێرانییەكان دەربڕیو هاریكارییەكانی پارتی بۆ شۆڕشی ئیسلامی ئێران تا ئەو ئاستە چوو كە هاوشانی سوپای پاسداران شەڕی حیزبی دیموكراتی ئێرانییان كرد.
لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، مەسعود بارزانی بەڵێنی هاوكاری بۆ شۆڕشی كۆماری ئیسلامی دووپاتكردەوەو لە كۆنگرەكەوە رایگەیاند:" هەر لەرۆژانی پێشو دوای سەركەوتنی گەلی ئێران پەیوەندیمان بەرابەری شۆڕش، ئیمام خومەینییەوە كردو پیشانماندان كە ئامادەین بۆ هەموو هاوكارییەك چونكە بەواجبمان دەزانی ئەوە بكەین".
رۆژ لەدوای رۆژ پارتی هەوڵی بەهێزكردنو فراوانكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەداو ئاستی پەیوەندییو هاریكارییەكەش تا ئاستی هاریكاری سەربازی چوو، هەر زوو پارتی دەستی خستە ناو كاروباری رۆژهەڵاتی كوردستانەوەو كەوتە شەرو دژایەتیكردنی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كە ئەوكاتە بەهێزترین حیزبی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو.
هاریكاری پارتی بۆ كۆماری ئیلامی ئێران بێهۆو بێ مەبەست نەبوو، ڕەنگە یەكێك لەهۆكارەكانی هاریكاریو پاڵپشتی پارتی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەبووبێت كەڕژێمی شا یەكێك لە هۆكارەكانی هەرەسپێهێنانی شۆڕشی ئەیلوول بووبێتو لەلایەكیدیكەشەوە بوونی ئەو هەزاران پەنابەرە كوردە بووبێت كە پاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول لە ئێران نیشتەجێبوون.
كریس كۆچێرا، لە كتێبی " بزووتنەوەی نەوتەوەیی كوردو ویستی سەربەخۆیی"دا باسلەوە دەكات لە بەرانبەر پشتیوانیو هاریكاری ئێراندا بۆ پارتی دەبوو پارتی هاوكاری سوپای ئێران بكات بۆ پاككردنەوەی كوردستان لە هێزە چەپەكانو چالاكی دژی حیزبی دیموكراتی كوردستان ئەنجام بدات، ئەوە بوو شەڕی گەورە لە پاوەو مهابادو شنۆ روویاندا.
كریس كۆچێرا، ئاماژەش بەوە دەكات كە پارتی بەناچاری ئەم دۆخەی هەڵبژاردووەو ئارەزوو مەندانە نەبووە، چونكە ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی پارتی لە ئێران دەژیانو ئێران هەموو یارمەتییەكی لێبڕیبوون بۆ ئەوەی ناچارییان بكات لەبەرانبەر كوردی رۆژهەڵاتدا هەڵووێست وەرگرن.
بەوتەی كریس كۆچێرا، ئێران بەڵێنی بە پارتی داوە كە ژیانی پەنابەرانی كورد لە ئێران باشبكرێتو كۆمەكو یارمەتی پێوویستیان بداتو بەشێك لەو چەكانەش بداتەوە بەپارتی كە رژێمی شای ئێران لە دوای هەرەسی شۆرشی ئەیلوول دەستی بەسەردا گرتبوو، لەبەرانبەریشدا دەبوو پارتی چالاكی سەربازی لە دژی حزبی دیموكرات ئەنجام بداتو ئیدریس بارزانیش ئەم بەڵێنەی بە ئێرانییەكان دابوو.

ڕێگەدان بە گەرانەوەی تەرمی مەلا مستەفای بارزانی بۆ ئێران، زۆترو زیاتر پەیوەندییەكانی نێوان كوماری ئیسلامیی ئێۆانو پارتی بەتینتركردو پارتی بەفراوانتر كەوتە دژایەتیكردنی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.
لەكۆنگرەی نۆدا پارتی بەهەموو جۆرێك دڵسۆزیو بەڵێنی هاوكاری بۆ ئێران دووپاتكردەوە.
هەرچەندە وا نیشان دەدرێت كە نا كۆكییەكانیانو هۆكاری چوونە دەرەوەیان لەپارتی لەو كاتەدا، لەسەر شێوازو كاتی بەستنی كۆنگرەی پارتی بێت، بەڵام بەوتەی خۆی سامی عەبدولرەحمان بۆیە لەپارتی جیابووەتەوە چونكە پێشمەرگەكانی مەسعود بارزانیو ئیدریس بارزانی، بەرانبەر بە ڕێپێوانی كوردەكانی شنۆ تەقەیان كردووە، كریس كۆچێرا باسیکردووە كە سامی عەبدولرەحمان وتوویەتی:" من ناتوانم ئەوە پەسەند بكەم كە كورد بەهەر بەڵگەو لەهەر كاتێكدا بێت كوردی تر بكوژێت".
بەڵگەكانی تایبەت بە هاوكارییەكانی پارتی بۆ ئێران ئەوە دەخەنە روو كە مەسعود بارزانی بەڵێنی بە ئێرانییەكان داوە كە بزوتنەوەی نیشتیمانی كوردستانی عێراقیان لە كەسانی چەپرەو بۆ پاك بكاتەوەو هەروەها دژی حیزبی دیموكراتو قاسملۆ بجەنگێت.
،،
دەگوترێت ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و حیزبی دیموكراتی ئێران هی سەردەمی مەلا مستافاو قاسملۆبووەو كاتیخۆیشی ئەوان ناكۆكبوونو مەلا مستەفا خۆی بەدۆستی ئەمەریكاو ئیسرائیل زانیوەو قاسملۆش چەپرەو بووەو خۆی بەدۆستی سۆڤییەت زانیوە.
ئەحمەد بانیخێڵانی سەركردەی كۆچكردوی حیزبی شیوعی لە بیرەوەرییەكانیدا دەنووسێت:" قاسملۆ وتی هەواڵی دڵنیاییمان هەیە كە ئێرانییەكان فشاریان خستووەتە سەر پارتی كە شاری شنۆیان بۆ داگیر بكەن، تۆ كە ئەوان دەبینی تكایان لێبكە ئەمکارە نەكەن، پەیمانی ئەوەشیان پێبدە با شاری شنۆ هەر بەناو بەدەستی ئێمەوە بێت، ئەوان ئازادانە كارو هاتوچۆی خۆیانی تێدا بكەن، بەڵام با ئەم هێرشە نەكەنو دەستمان نەچێتە خوێنی یەكترەوە".
لە مانگی ئابی ساڵی 1979 هێرشی سووپاو سوپای پاسداران بۆ سەر حیزبی دیموكراتو ناوچە كوردییەكان دەستی پێكردو شەڕی سێ مانگە هەڵگیرسا، لەشەرەكانی پاوەو مەهابادو شنۆدا پارتی لەپاڵ هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا رۆڵی سەرەكییان بینی، جیا لەوەش هێزەكانی پارتی تەقەیان لەخۆپیشاندەرانی شاری شنۆ كردو لە 7ی ئەیلوولی 1979دا حەوت كەسیان لە خۆپیشاندەران كوشتو یازدەشیان بریندار كرد.
سالار
سالار مەحموود
لە گفتوگۆی نێوان هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتو كۆماری ئیسلامی ئێراندا كە هێزە كوردییەكانی هەشت مادەیان بۆ داخوازییەكانیان خستبوویە ڕوو، مادەی هەشتی داخوازییەكان تایبەت بوو بەدەركردنی سەركردەكانی پارتی لە ئێران، ئەم ماددەیە ناكۆكییەكانی نێوان پارتیو حیزبی دیموكراتی قوڵتر كردەوە، هەرچەندە حزبی دیموكرات رایانگەیاندبوو كە بڕوایان بەم مادەیە نییە، بەڵام پارتی بوونی ئەم مادەیەی لەناو داخوازییەكاندا خستبوویە ئەستۆی حیزبی دیموكرات.
ناكۆكیو ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتیو حیزبی دیموكرات گەشتە لوتكە كاتێك لە 1-7- 1981دا تەرمی مەلا مستەفا لە گۆرەكەی هێنرایە دەرەوەو پارتیش حزبی دیموكراتی بەم كارە تاوانباركرد.
سەركرەكانی حیزبی دیموكرات باسلەیان لەوە كردووە كە پارتی بەدوای فاكتەرێكدا گەڕاوە تا شەری دژی حزبی دیموكرات پێبكاتو بۆ ئەم مەبەستەش ئەم سیناریۆیەی درووستكردووە.
سەلاحەدینی موهتەدی دەڵێت: تەرمی مەلا مستەفا زۆر بەحورمەتەوە لە گۆرەكەی دەرهێنرابوو، كە بەكاری دوژمنكارانە نەدەچوو، بەوهۆیەشەوە بارزانییەكان دڵبرینداركران، هەرچەندە زۆربەیان وازیان لەكاری چەكداری هێنابوو، بەڵام بەم دڵبرینداركردنەیان دەستیان دایەوە چەكو هاتنەوە نێو هێزەكانیانو شانبەشانی سوپای پاسداران هێرشیان كردە سەر حزبی دیموكرات.