پارتی و یەکێتی بە پێوانەی محەمەدی حاجی مەحمود

2022-05-21

محەمەدی حاجی مەحمود، لە بیرەوەریەکانیدا دەڵێت، پارتی بەرگری لە دۆستەکانی دەکات و یەکێتیش لە نیوەی ڕێگەدا دۆستەکانی بەجێدەهێڵێت و پشتیان تێدەکات.

بەرگی چوارەمی " ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک" بیرەوەرییەکانی محەمەدی حاجی مەحمودەو باسلە ڕووداوەکانی ساڵی ۱۹۹۲ تا ساڵی ۱۹۹٦ دەکات.

لە لاپەڕە ۲۳٥ و ۲۳٦ی بەرگی چوارەمی بیرەوەریەکانیداو لە باسی سروشتی سیاسی و حیزبی پارتی و یەکێتیدا، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت:" پارتی لە یەکێتی هێمنترەو لەسەر قسەی خۆشیان نەگۆڕترن، واتە پارتی لەدوای قسەو وەعدی خۆیان زیاتر لە یەکێتی دەچوون، پارتی بەرگری لە دۆستەکانی خۆی دەکات، پارتی لەسەر دۆستەکانی خۆی شەڕ دەکات

،،

بەڵام یەکێتی نە دۆستی هەمیشەیی هەیەو نە دوژمنی هەمیشەیی، یەکێتی دۆستایەتی و دوژمنایەتی ناباتەسەر، هەمیشە دۆستەکانی خۆی لەڕێگادا بەجێدێڵێت و دۆستەکانیشی هەمیشە دەستیان لەسەر دڵیانە کە یەکێتی لەکوێدا بەجێیان دێڵێت".

محەمەدی حاجی مەحمود، ڕەخنە لەیەکێتی دەگرێت بەوەی کە کێشەو ئینشیقاق لەناو حیزبەکانیتردا دروست دەکات، ئەو دەڵێت:" نازانم یەکێتی چۆن ماندوو نەدەبوو ئەو هەموو کێشەو ئینشیقاقانەی لەناو دۆستەکانی یان حیزبەکانیتر دروست دەکرد، یەکێتی ئەگەر کەسیان دەستنەکەوتایە شەڕی لەگەڵدا بکەن یان کێشەی بۆ دروست بکەن، یان ئینشیقاقی پێبکەن، لەناوخۆیاندا دەستپێدەکەن و دەکەونە گیانی یەکتر، تا کەسێکی دیکەیان دەست دەکەوێت کێشەی بۆ دروست بکەن بەخۆیانەوە مەشغوڵ دەبن، یەکێتی لەسەر ئەو ئەساسە دامەزراوە".

محەمەدی حاجی دەشڵێت نابێت پشت بە دۆستایەتی یەکێتی ببەسترێت:" زۆر بە ئاسانی دۆستایەتی یەکێتیت دەست دەکەوێت، بەڵام نابێت پشت بەو دۆستایەتییە ببەستیت، چونکە یەکێتی زۆر بە ئاسانی دۆستایەتییەکەیان دەگۆڕن بە دوژمنایەتی، نموونەش زۆرە حیزبی شیوعی و حزبی زەحمەتکێشان و حیزبی دیموکراتی ئێران و حیزبی سۆسیالست و پەکەکە لەسەرەتاوە نەک دۆستی یەکێتی بوون بەڵکو هاوسەنگەریش بوون، بەڵام دواتر لەخۆیانیان دور خستنەوە، ئەوەش خزمەتی بە یەکێتی نەکردووە".

ئەو دەشڵێت، من کە دۆستی یەکێتی و مام جەلالم ئەوە ڕەئمە لەسەریان:" تا یەکێتی خاوەنی ئەم سیاسەتە بێت و دۆست و ناحەزو دوژمنی خۆی لەیەک جیانەکاتەوەو سیاسەتێکی جێگیری نەبێت، ڕۆژ بەڕۆژ دۆستەکانی لێی دوور دەکەونەوەو سیقەی نامێنێت، یاخوا وانەبێت و هەڵەبم".