پاشەکشەکردنی کلتووری جیاوازی !

2022-05-21

محمد خۆشناو

من ئامادەم ژیانم بکەمە قوربانی بۆ بەرگریکردن لە دیدوڕایەک کە لەگەڵیدا جیاواز بم.
ڤۆلتێر
جیاوازی دیاردەیەکی سرووشتیە لە هەمەڕەنگیی مرۆڤ و شێوازەکانی ئادەمیزادەوە هاتووە ، جیاوازی بریتیە لە جیاوازی ڕا نزیک لە دایەلۆگ ، جیاوازی هەستێکی ئیجابیە و خووی سلبی و ئیرادەی دوژمنکارانەی تێدا نیە ، واتە مرۆڤ بەمانا فرەییەکەی و هەمەڕەنگیەکەی جیاوازن بەڵام لە هەردوو چرکەساتی لەدایکبوون و مردندا وەکو یەکن ، لەنێو کۆمەڵگەی ئێمە و دەسەڵاتدا کلتووری جیاوازی لە پاشەکشەدایە و هەستی ڕقێنەیی کە سەرچاوەکەی گوتاری ڕقلێبوونەوەیە زیادیکردووە و ، دەستەواژەی قبوڵکردنی ئەوەکەی دیکە و بونیاتنانی دایەلۆگ لاوازە و پێویستیمان بە پتەوکردن و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی جیاوازی هەیە.

،،

جیاوازی هەمەڕەنگی لە ڕاوبۆچوون زیندوێتی دەبەخشێتە ژیان بەڵام لەکن ئێمە بەربەست زۆرن و ، هەمیشە هەوڵ بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی وەکیەک نەک پێکەوە گوونجاو دەدەین

کۆمەڵگەی ئێمە هەمووی نوسخەیەکی فیتاوفیتی فتۆکۆپیە نەک هەمەڕەنگی کە بەرەو هاڕمۆنیەتی دەبات ، ئەو فۆتۆکۆپیەی کە بەرەو وەکیەکیمان دەبات وەک ئەوەی ئێمە بە جەستە و مێشکمانەوە بچینە ناو ئامێری وێنەگەتن و بەهەمان ڕوخسار و سیما لێیدەرچین ، بۆ نموونە تووندڕۆیی بەهەموو جۆرەکانیەوە کە لەلایەن تاک یان حزب یان رێکخراو و لایەن بەکار بێت، هۆیەکەی ئەوە نیە کە پەسندی ڕەئیەکی جیاواز بکەیت یان بیر و بۆچوونێک پێچەوانەی بیری من بێت ، توونڕەوی بریتیە لەو خواستەی کە دەتەوێت بیری خۆت بەسەرمدا بسەپێنیت و لەمێشکمدا بەتۆبزی و زۆری بیئاخنیتە ناو مێشکم ، مافی خۆتە بڕوا بەخۆت بهێنیت کە ئەوە بۆچوونەکانە وادەکات بچیتە بەهەشت یان ببێتە فردیادڕەس ، بەڵام مافی ئەوەت نیە بەتۆپزی وا لەمن بکەیت کە لەگەڵ تۆدا سوواری شەمەندەفەری بیروبۆچوونەکانت بم بۆ گەیشتن بەهەمان ویستگە….ئەمانەی باسمانکرد نیشانەیەکە لە نیشانەکانی نەخۆشی «عەقلیەتی تاکلایەنە» ، کە بریتیە لە : ئەگەر لەگەڵ من بیت ڕێگەی ژیانت پێدەدەم ، بەڵام ئەگەر جیاواز بیت لەگەڵمدا تۆ دوژمنی سەرسەختی و دەبێت شوێنت لێرە نەبیتەوە ، بەڵام لەنێوان «لەگەڵمی» یا « دوژمنی» ملیۆنەها بۆچوون هەیە ، ئەگەر من لەگەڵ تۆدا جیاواز بم بۆ دەبێت سەرکوتم کەیت و کپم بکەیت و بێدەنگم کەیت؟! بۆ دەبێت هەر بڕیارێک بدەین باڵادەستی خۆتەوە بەسەریەوە بێت ؟


ئێمە لەبنەچەدا لەناو ژمارەیەکی بێکۆتا لە دوانەی هاودژ «ثنائيات المتناقضة» دا دەژین ، هەر لە «خێر و شەڕ» و « ڕووناکی و تاریکی» تا دەگاتە « گەرم و سارد» و ملیونەها دووانەی دیکەی دێتەسەر ، ئێمە پێویستیەکی زۆمان بە ڕای جیاواز هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانمان و دەرچوون لە تەحەدی و قەیرانەکان ، چونکە بەکۆکردنەوەی ئەو هەموو بیربۆچوونە جیاوازانە دەتوانین ئەو ئامانجەی دەمانەوێت بهێنینەدی بەجوانی و باشی بپێکین و ، پێویستە پانتایەکی فراوان لە ئازادی بۆ فرەیی بۆچوون و گەورەکردنی جیاوازیەکان دابنرێت ، بەمە تۆ دەتوانیت گونجاندن لەنێوانیاندا بکەیت بۆ دەرچوون بە ڕوئیایەکی هەمە لایەن کە ئیجابیەکان گەورە بکات و سلبیاتەکانیش گچکە و کەمبکاتەوە.

،،

هەر کەس و سەرکردە و حزب و لایەنيک ئەگەر بیەوێت بڕیارێکی باش و تۆکمە دەربکات تایبەت بە ژیانی یان کارەکەی یان بەرنامەکەی پێویستی بە گوێگرتن لە دیدوبۆچوونی جیاواز هەیە 

مەرج نیە ڕای ئەوەی دیکە بەووردودرشتیەوە وەربگریت ، بەڵام سوود لەگەڵ ئەوەی جیاوازە لەگەڵتدا وەربگرە تا بڕیارەکەت زۆر وورتر و شمولی تر بێت.


ترسناکترین شت لەو هەڵانەی کە پێی هەڵدەستین ئەوەیە کە گشتاندنی حوکم لەسەر لایەنێک یا کەسێک یا هەر جیاوازیەک دەکەین ، جیاوازی و گشتاندن دوو چەمک و دەستەواژەی دژ بەیەکن ، گشتاندن جیاوازی ڕەتدەکاتەوە بەمەش زەرەرەکانی بێسنوورن.