هۆکارەکانی زۆربوونی خۆڵبارین چییە؟

2022-05-23

لوقمان حەوێز ــ ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی ــ تەکساس

دیاردەی خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتیە لە گەلێک ناوچەی جیهان ساڵانە لە وەرزە جیاجیاکان ڕوودەدات، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی جیهان کە بەشێک یان زۆربەی ناوچەکانی بیابانە یان ئەو ناوچە و هەرێمانەی نزیکن لە بیابانەکان و ڕەشەباکان و بارستە هەواکانی سەر بیابانەکانی بە ئاسانی پێ دەگات...

هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستانی باشوریش بە جۆرێکە ئەو ڕەشەبایانەی کە هەڵدەکەن لەسەر بیابانەکانی ڕۆژئاوا و باشوری عێراق و بیابانەکانی تری سعودیە و ئوردن و سوریا لە هەندێک کات و وەرزەکانی ساڵ بەرەو ئاڕاستەی کوردستان دێن، ساڵەکانی پێشووتریش وابووە ئەگەر ئەو ڕەشەبایانەی سەر بیابانەکان توند بن ئەوا بڕێکی زۆر لەتەپ و تۆزی زۆر وردی سەر ئەو بیابانانە لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن و بەرز دەکەنەوە لە هەوا تا بەرزایی پتر لە 3 کیلۆمەتر لە نێو بەرگە هەوادا و بەئاراستەی بایەکە دەیجوڵێنن، هەموو جارێکیش ئەگەر ئاڕاستەی با و ڕەشەبا بەرەو کوردستان بووبێت ئەوا ئەو تەپ و تۆز و خۆڵبارینەی لەگەڵ ئەو بارستە هەوایە هێناوە بەرەو ناوچەکەمان و دیاردەی خۆڵبارین ڕوویداوە...

،،

کەواتە پێشەکی گرنگە هەموومان بزانین ئەو دیاردەیە دیاردەیەکی سەدا سەد سروشتیە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناوچەکانی ئێمەش بەردەوام ساڵانە ڕوویان داوە و نوێ نیە، دروستکراوی دەستی ووڵاتانیش نیە یان بە گشتی بڵێین دەستکردی مرۆڤ نیە...

بەڵام بۆچی ئەو دیاردەیە چەند ساڵێکە لە کوردستان و عێراقیش لە زۆربوون و لە توند بوونە..؟

بە کورتی سێ هۆکاری سەرەکی هەن بوونەتە هۆی زۆربوون و توند بوونی ئەو دیاردەیە لەم چەند ساڵانەی دواییدا، هەر سێ هۆکاریش بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستن بە دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا کە ئێستا بەڕێویە لەهەموو جیهان و کاریگەریەکانی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان هەستی پێدەکرێت بە تایبەتی و بە زەقیش لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەستیان پێدەکرێت...

یەکەم: کەمبوونەوەی تێکڕای ڕێژەی دابارین بەگشتی لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بەتایبەتیش لەم چەند ساڵانەی دواییدا، ئەمەش بۆتە هۆی ووشکبوونی زیاتری سەر ڕووی زەوی و لە ئەنجامدا فشەڵ بوونی زیاتری خاکی بیابانەکان، ئەمەش وادەکات لەگەڵ هەڵکردنی ڕەشەبا ڕێژەیەکی زیاتر لە جاران لە تەپ و تۆز و وردیلەکانی لم لەو بیابانانە بەرزبێتەوە نێو هەوا...

دووەم: توندتربوونی ڕەشەباکان بە گشتی، واتە زۆربوونی خێرایی با کە لەو ناوچانەوە هەڵدەکەن، ئەمەش لێکەوتەیەکی تری دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوایە، ئەو توندبوونەش لە ئەگەری ڕوودانی دیاردەی خۆڵبارین زۆرتر و توندتریش دەکات بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆرتر لە تەپ و تۆزی بیابانەکان بەرز دەکەنەوە نێو بەرگە هەوا...

سێیەم: ئەو ووشکیەی بە گشتی ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیش کردوە بۆتە هۆی فراوان بوون و گەورەبوونی ڕووبەری بیانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێ گومان عێراقیش، ئەمەش یارمەتیدەر بووە و دەبێت لە زۆربوونی دیاردەی خۆڵبارین لە عێراق و کوردستان...

بە کورتی هەموو ئەو خۆڵبارینانەی بەم دواییە ڕوویان داوە و ڕوودەدەن بەوەی ئێستاشەوە سەدا سەد سروشتین و دەستی ووڵاتان یان مرۆڤیان تێدا نیە و ترسی ناوێت، بەڵام بێ گومان ئەوانەی کێشەی هەناسەدان و تەنگە نەفەسیان هەیە پێویستە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و خۆیان لەدەروە بەدور بگرن یان زۆر کەمتر بچنە دەرەوە...

هیوای خۆشی سەلامەتی بۆ هەموو لایەکتان دەخوازم...