دوایین راپۆرتی نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق جێنین پلاسخارت لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە پەیامێکی مێژویی بوو هەم بۆ دوو پارتە دەسەڵاتدارەکە و هەم بۆ خەڵکی کوردستانیش، هەم دەردەکەی دیاریکرد و هەم دەرمانەکەشی پێوتین.
بێگومان ئەگەر تێبگەین و کاری پێبکەین.
پلاسخارت یەکەم بەرپرسی باڵای نێودەوڵەتییە کە دوای ٣٠ ساڵ لە حوکمی پارتی و یەکێتی وشەی زۆنی زەرد و سەوز بەکاردەهێنێت. لە کوێش؟ لە باڵاترین و گرنگترین شوێنی نێودەوڵەتی کە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانە.
،،
وەک پلاسخارت وتی، دوای ساڵێک ئەو پەیامەی هیچ کاریگەری نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە دابەشبوون قوڵتر بووەتەوە کە کاریگەری خراپی لەسەر گەلی کوردستان هەیە.
یا ئێرە پلاسخارت نەخۆشییەکەی پێوتین، وەک پزیشکێک دەستنیشانی دەردەکەی کردین و بەڕوونیش وتی پارتی و یەکێتی هۆکاری ئەو نەخۆشییەن.
لەوە گرنگتر، وەک پزیشکێکی دڵسۆز چارەسەرەکەی پێوتین. ئەو وتی بڕیارە هەڵبژاردنی کوردستان لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، بۆیە زۆر گرنگە کە دەرفەتی یەکسانی هەڵبژاردن هەبێت بۆ هەموو حزبەکان – گەورە و بچووک و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.
پلاسخارت تەئکیدی لەو قسەیەش کردەوە کە پێشتر بە بەرپرسانی کوردستانی وت هەرێمەکەتان لەژێر مەترسیدایە و دەبێ ئاگاداربن.
،،
هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە پارتی و یەکێتی کار بە قسەکانی ئەم پزیشکە دڵسۆزە ناکەن. نەخۆشییە شێرپەنجەیە و کاتیش درەنگە بۆیە ئەم دوو حزبە لەگەڵ خۆیاندا هەرێمی کوردستانیش لەناودەبەن و کۆتایی پێدەهێنن.
تەنیا دەرمان بۆ نەخۆشییەکەی کوردستان ئەوەیە خەڵک بەگژ دەسەڵاتدا بچنەوە، چونکە وەک پلاسخارت ناڕاستەوخۆ وتی تەنیا رزگاربوون لەم دوو حزبە ئەوەیە ئەو خەڵکەی پشتیوانیان دەکات، جا بە هەر هۆکارێک بێت، واز لە پشتیوانیەکەیان بهێنن و دەنگیان پێنەدەن.