بە گوێی نێچیرڤان بارزانی بکەن

2022-05-23

تەنیا کوردی


تا نەتوانین لە قوڵایی چەمکی "لێکترازان" تێبگەین وەک چەکێکی زۆر کوشندە بۆ سڕینەوەی دەسکەوت و قەوارەی هەرێمی کوردستان، ناتوانین لە روئیاو پەیامی سەرۆکی هەرێمیش بۆ کۆدەنگی هیزە سیاسییەکانی هەرێم تێبگەین، رووسەکان لە دوای ٣٠ ساڵی رابردوو لە توێژینەوەی بەردەوام دان کە ئایا رووسیا بە جیددی لێکترازاوە یان دەتوانێ خۆی کۆبکاتەوە و ببێتەوە بە رووسیای جاران کە رووسیا باجی جەنگی ساردی دا، بۆ دەوڵەتێکی وەک رووس لێکترازان ئەوەندە جێگەی هەڵوەستە بێت کە ئایا کامە پاڵنەری نێوخۆیی وای کرد کە رووسیا لێکترازانی گەورە بەخۆیی ببێنێ، سیاسەت بوو یان ئابووری، شارستانیەت دابەشی کردن یان کەلتوور، ئێستایش رووسەکان لە هەندەسەی سیاسی خۆیاندا بەدوای ئەم وەڵامە دەگەڕێن کە ئایا بە جەنگی ئابووری لەگەڵ رۆژئاوا دەتوانن پێگەی خۆیان بەهێز بکەن یان نفوزی سەربازی و ئابووری لە ئاسیاو رۆژڵاتی ناوین دەیان کەنەوە بە رووسیاکەی جاران؟ رەنگە وەڵامەکە بۆ رووسەکان لە دواجاردا هەر گەڕانەوە بێت بۆ هاوسەنگی هێز.. مەبەستی من قوڵایی سیاسەتی رووسەکان نییە، بەڵکوو تێگەیشتنە لە لێکەوتەی "لێکترازان و هەڵسانەوە بە هاوسەنگی هێز"، کە بۆ ئێمەی قەوارەیەک لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، دەبێ چەندە بچینە قوڵایی تێگەیشتن لە چەمکی لێکترازنەوە و تێبگەین کە نابێ ئێمە لێکترازاو بین، وامان بەسەربێ و پەرتەوازە بین، سەرباری هەر بارودۆخێکی ئابووری و هاتنە ژوورەوەی جەنگێکی ئابووری بۆ نێو رۆژهەڵاتی ناوین دەبێ ئێمە لە کوێی تێگەیشتنی قورسایی سیاسی و پێگەی بەهێزی کۆدنگی خۆمان بین.


لە جیهاندا ئێستا هاوسەنگی هێز لە سیاسەت و دیپلۆماسی و ئابووری نوێترین هۆکاری مانەوەی سیاسەتی ئەمانە وەک هەندەسەی سیاسەتی دەرەوەیان بووە بە پڕەنسیپێکی جێگیر، هەر خۆی عێراق بە پێچەوانەی زۆر لە وڵاتان کە خاوەنی مێژووی کۆن نین، خاوەنی شارستانی گەورە نین لە مێژوو جیوگرافیادا، عێراق ئەو جیوگرافیایە کە خاوەنی گەورەترین شارستانی مێژووە هەرێمی کوردستان لە مێژووی جیوگرافیادا هەمان شت، بۆ تێگەیشتن لە شارستانیت و کەلتوور، سیاسەت و مێژوو، نمونەی بەردەستی زۆری هەن، بەڵام عێراق نەیتوانیوە لەم شارستانیەتە مێژوویە تێبگات، کە بۆچی ناتوانێ لە حوکمڕانی ئێستایدا خۆی بەدوور بگرێ کە دژ بە شارستانیەتی خۆیان دەجەنگن، خۆی پێشکەوتنی مۆدێڵی عێراق هێڵەکانی بە سەرکەوتنی نمونەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت بۆیە زۆرجار سەرۆکی هەرێم دەڵێ، بەغدا قوڵایی ستراتیژی بۆ کورد هەیە، بەڵام ئەگەر لە هەرێمدا لێکترازان هەبێ، هەرچی پێشکەوتن و دەسکەوتە لە ئابووری و پێکەوەژیان و قەوارە دەچێتە بەردەم هەڵوەشانەوە،

،،

چونکە لە دوای لێکترازان قۆناغی هەڵوەشانەوەی تەواو دەست پێدەکات بۆیە گرینگە هێزە سیاسییەکان بە گوێی نێچیرڤان بارزانی بکەن و زیاتر لەوەی ئێستا هەیە تێبگەن کە لێکترازان چ کارەساتێک بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات.


دەرفەتێکی باش لە دەستی هێزە سیاسییەکانەی هەرێمە، ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن یان حوکمڕان! دەتوانن هەمووان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی براوە بن، چونکە ئەو باوەڕی بە دۆڕان نییە! لە کۆدەنگی دۆڕان بایەخی نییە، لە بەیەکەوەبوون ئامانج گرینگە کە هەمووی تێدا براوە دەبن، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و پێشووتریش وەک سەرۆکی حکوومەت گەیشتووە بە قوڵایی پێشهاتەکانی ناوچەکە، ئەو خوێندنەوەی وایە کە دەبێ سیاسەت بە هاوسەنگی بکرێت، لە ئاوێنەی سیاسەتی نێچیرڤان دا پرەنسیپێک دیارە کە بۆ هەمووان روونە کێ؟ دەتوانێ حوکمڕانی بکات و هاوسەنگی هێز لە هاوکێشەی ئیقلیمی و دەولی رابگرێت، ئەم کێیە لە فەڵسەفەی نێچیرڤان بارزانی دا (کێ) یەکی شێرینگە کە دەتوانرێت ئامانجی گەورە هێزی حوکمڕانی هەرێم بێ کە ئەم ئامانجە نیەتی هەمووان بێت و براوەش هەمووان دەبن، بۆیە ئێستاش درەنگ نییە کە سیاسەت و تێگەیشتن بۆ داهاتووی هەرێم لە ناوچەکەدا ببێ بە وێنە گەورەکەی هەمووان لە نیەت و کردار و گوفتاردا ئەم ئامانجە گەورە بکرێت و مەترسییەکانی سەر هەرێم هەر بە کۆدەنگی دوور خرێنەوە.